دە باشترین خۆراک بۆ گەشەی قژ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-04-19-22:38:00 - کۆدی بابەت: 12576
دە باشترین خۆراک بۆ گەشەی قژ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دە باشترین خۆراک بۆ گەشەی قژ (بە ئینگلیزی; Ten of best foods for hair growth، بە عەرەبی; عشر أفضل أطعمة لنمو الشعر) ئاسان نییە کە هەمیشە قژت بەو جۆرە بێت کە دەتەوێت، دەکرێت تەنک ببێتەوە یان مخوڕکە لێیبدات تەنانەت دەکرێت بە باشی گەشە نەکات. هاوشێوەی سیفەتە بەرجەستەکانی تری ئێمە قژیشمان بەرهەمی کۆمەڵێک هۆکاری بۆماوەیی، ژینگەیی، تەنانەت دوودڵی و کۆمەڵێک هۆکاری ترە کە دیاریکەری بەهێزی و گەشەی قژمانن. تۆ دەتوانیت کۆنترۆڵی چەند هۆکارێک بکەیت بەڵام نەک هەموویان. 

کۆمەڵێک خۆراکە ماددە هەن کە پەیوەندیدارن بە گەشەی قژ لەوانە پڕۆتین، ڕایبۆفڵاڤین، بایۆتین، ڤیتامین C، ڤیتامین A، ئۆمێگا سێ، ترشە چەورییەکان و ئاسن. تۆ دەتوانیت لە ڕێگەی ژەمە خۆراکێکی ڕێکخراو و تەندروست بە گەشەی قژ بڕی پێویستی هەموو ئەو خۆراکە ماددانە وەربگریت. لەگەڵ ئەو خۆراکە ماددانەی هەڵبژێردراون بۆ گەشەی قژ، ژەمە خۆراکی هاوسەنگ لە میوە و ڤیتامینەکان و ماددە کانزاییەکانی یارمەتیدەرێکی زۆر باش دەبێت.

دە باشترین خۆراکەکان بۆ قژ

سپێناخ

سپێناخ دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکییەکان و پێویستە وەک خۆراکێکی بنچینەیی هەبێت لە زۆرێک له ژەمە تەندروستەکاندا، گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە گەشەی قژ لەبەر ئەوەی بڕێکی باشی ڤیتامین A و ڤیتامین C و بڕێکی گونجاوی ئاسنی تێدایە. ئاسن گرنگە بۆ گەشەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن، کە ئەویش گرنگە بۆ گواستنەوەی ئۆکسجین بە تەواوی جەستەدا. لێکۆڵینەوەکان ئەوەشیان دەرخستووە کە پەیوەندی هەیە لە نێوان کەمی ئاسن و وەرینی قژ. ڤیتامین C یارمەتیدەری جەستەیە لە وەرگرتنی ئاسن دا، هەروەها ڤیتامین A گرنگە بۆ گەشەی خانەکان. بەڵام ناکرێت زیادەڕەویشی تیا بکرێت چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی وەرینی قژ و کێشەی دیکەی تەندروستی. هەر بۆیەش سپێناخ بە سەرچاوەی خۆراکییەکی باش دادەنرێت بۆ وەرگرتنی ئەم دوو ڤیتامینە هاوپەیوەندەی گەشەی قژ.

ماسی

هەندێک لە خۆراکناسان باس لە سوودەکانی ماسی دەکەن وەک سەلەمۆن، ماکریڵ و هێرینگ کە نەک تەنها سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی پڕۆتینە، بەڵکو وەک کلیلی گەشەی قژە لەگەڵ ئەوەش دەوڵەمەندە لە ئۆمێگا سێ و ڤیتامین D. ئۆمێگا سێ گرنگە بۆ گەشەی خانە و فرمانی خانە لەگەڵ کەمکردنەوەی وەرینی قژ. ڤیتامین D یش ڕۆڵی هەیە و هەندێک توێژینەوە پەیوەندی نێوان کەمی ڤیتامین D و تەنکبوونەوەی پێستی سەریان دەرخستووە.

ئاڤۆگادۆ 

ئاڤۆگادۆ جۆرێکی ترە لە خۆراکە تەندروستەکان و یەکێکە لەو خۆراکانەی بۆ بەهێزی قژ سوودی هەیە. نەک تەنها دەوڵەمەندە لە ترشە چەورییە بنچینەییەکانی وەک زەیتی زەیتوون و بندوق، لەگەڵ ئەوەش سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ ڤیتامین E. ڤیتامین E دژە ئۆکسێنە و دەتوانێت خانە لە تێکشکان بپارێزێت هاوشێوەی ڤیتامین C و دژە ئۆکسێنەکانی دیکە. توێژینەوەی زیاتر پێویستن بۆ دەرخستنی کاریگەری ڤیتامین C لەسەر گەشەی قژ، بەڵام یەک لەو توێژینەوانەی ئەنجامدراوە ئەوەی دەرخستووە کە لە سەدا ٣٤.٥ـی زیادبوونی گەشەی قژ لەو کەسانەدا بووە کە پاڵپشتە خۆراکی ڤیتامین Cـیان وەرگرتووە.

هێلکە 

ئەوە زانراوە کە هێلکە سەرچاوەیەکی بەهێزی پڕۆتینە، هەروەها پڕۆتینیش سەرچاوەیەکی گرنگی خۆراکە ماددەیە بۆ مانەوەی بەهێزی قژ. بەتایبەتی هێلکە بایۆتینی تێدایە، ڤیتامینێکە کە یارمەتی جەستە دەدات لە دروستکردنی کیراتین، کە ئەویش پرۆتینێکی گرنگە و یارمەتی بەهێز مانەوەی قژ دەدات. وەرگرتنی بایۆتین لە ژەمە خۆراکەوە گرنگییەکی زیاتری هەیە لە چاو وەرگرتنی لەڕێی پاڵپشتە خۆراکییەکانەوە، چونکە پاڵپشتە خۆراکییەکان بەگشتی لەگەڵ ڤیتامینەکەیا ماددەی تریشیان تێدایە.

ماستی یۆنانی

ماست یەکێکە لەو خۆراکانە و دەتوانیت بۆ سوودی قژ بەکاری بهێنیت. بەشێوەیەکی گشتی ماست سەرچاوەیەکی باشی پڕۆتینە، بەڵام ماستی یۆنانی بە بڕێکی زیاتر، هەروەها بڕێکی باشی زینکی تێدایە. زینک ماددەیەکی کانزاییە و ڕۆڵی هەیە لە گەشەی باشتری قژ و هەروەها ڕایبۆفڵاڤی تێدایە کە ئەویش ڤیتامینێکی تری گرنگە و ڕۆڵی هەیە لە گەشەی خانەکان.

پەتاتەی شیرین

وەک سەرچاوەیەکی بەهێزی دژە ئۆکسێن، ڤیتامین و ماددە کانزاییەکان، پەتاتەی شیرین بە بڕێکی باش پێویستە لە ژەمە خۆراکییەکاندا هەبێت. هەروەها بڕێکی زۆری بێتا کۆراتینی تێدایە کە خۆراکی باشە بۆ گەشەی قژ، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە جەستە بێتا کۆراتین دەگۆڕێت بۆ ڤیتانین A کە یەکێکە لە ماددە گرنگەکانی تەندروستی و گەشەی قژ.

گوێچکە ماسی

لەوانەیە بە ئاسانی گوێچکە ماسی باشت دەست نەکەوێت لەو شوێنەی لێی دەژیت. بەڵام ئەگەر تۆ نزیکیت لەو سەرچاوانەی بتوانیت خواردنی دەریایی لێوە دەستبخەیت، گوێچکە ماسی هەڵبژاردەیەکی بەهێزە و یەکێکە لە باشترین خۆراکەکانی هاندەر بۆ گەشەیەکی باشتری قژ. گوێچکە ماسی دەوڵەمەندە لە زینک، ماددەیەکی کانزایی گرنگە و پاڵپشتی کۆمەڵێک فرمانی جەستە دەکات.

کەمی زینگ تەنها بە بەشێک لە کێشەکانی پێستەوە نەبەستراوە بەڵکو پەیوەستیشە بە وەرینی قژەیشەوە. توێژینەوەکان ئەوەیان نیشانداوە جۆرێکی دیاریکراوی وەرینی قژ ناسراو بە telogen effluvium بەهۆی کەمی زینگ و ڤیتامین Dـیەوە ڕوودەدات.

تۆو و بندوق

کۆمەڵێک جۆری جیاوازیان هەیە و دەتوانیت بەپێی ئارەزووی خواردنی خۆت هەڵیان بژێرە، هەروەها لە ڕێی ئەو بندوق و تۆوە جیاوازانەوە دەتوانیت بڕی پێویستی خۆراکە ماددەکان وەربگریت. بەشێک لە تۆوەکان دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا سێ هەروەها تۆوی گوڵە بەڕۆژە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین E و ئاسن. هەموو بندوق و تۆوەکانیش بەشێوەیەکی گشتی دەوڵەمەندن لە پڕۆتین کە یارمەتیدەری گەشەی قژە.

لۆبیا و پاقلەمەنییەکان

پاقلەمەنییەکانی وەک لۆبیا، نیسک و بستە (پاقلەی سودانی) کاریگەرییەکی باشیان لەسەر گەشەی قژ هەیە. لەگەڵ ئەوەی بەرهەمی پڕ پڕۆتینی ڕووەکین سەرچاوەیەکی باشی کۆمەڵێک خۆراکە ماددەی وەک زینگ و ئاسن و بایۆتین. بۆ نموونە کوپێک لە لۆبیا نزیکەی دوو میلیگرام لە زینکی تێدایە لە کاتێکدا ٢٨ میلیگرام پاقلەی سودانی پێنج میلیگرام لە بایۆتینی تێدایە، کە دەکاتە نزیکەی لە سەدا دە بۆ پێویستی بڕی پێشنیارکراوی ڕۆژانە.

پرتەقاڵ

چونکە میوە بەشێکی گرنگە لەو خۆراکانەی بۆ گەشەی قژ پێشنیار دەکرێت. پرتەقاڵ کە بە سەرچاوەی سەرەکی دادەنرێت بۆ ڤیتامین C، و ئەم ڤیتامینەش وەک ئاماژەی پێدراوە ڕۆڵێکی بنچینەیی هەیە لە هەڵمژین و وەرگرتنی ئاسن لەلایەن جەستەوە، هەر بۆیەش گرنگە لە ژەمی تەندروستی خۆراک بۆ گەشەی قژ هەبێت. هەواڵە باشەکە ئەوەیە کە یەک پرتەقاڵی قەبارە گونجاو دەتوانێت بڕی تەواوی ڤیتامین C ی ڕۆژانە بۆ کەسێکی پێگەشتوو دابین بکات.


سەرچاوەکان



740 بینین