ناخۆشییەکانی کارکردن وەک ئەندازیار

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-22-22:31:00 - کۆدی بابەت: 12654
ناخۆشییەکانی کارکردن وەک ئەندازیار

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ناخۆشییەکانی کارکردن وەک ئەندازیار (بە عەرەبی: سلبيات العمل كمهندس، بە ئینگلیزی: Difficulties of working as an engineer) هەموو کار و پیشەیەک لایەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەیە، ئەندازیاری و بوون بە ئەندازیار کارێکی ئاسان نییە و قورسی و دژواری زۆری هەیە.

لایەنە نەرێنییەکانی کارکردن وەکوو ئەندازیار

تێچوو و کاتی خوێندنی پسپۆڕییەکە زۆرە

کاتی خوێندنی پسپۆڕی و بەشەکانی ئەندازیاری بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە نێوان چوار بۆ پێنج ساڵە و بەشە ئەندازیارییەکان بە گشتی پێویستییان بە کۆنمرەی بەرز هەیە، هەروەها تێچووی خوێندن لە بەشێک بۆ بەشێکی تری ئەندازیاری جیاوازە و بە گشتی تێچووی خوێندنی ئەندازیاری بەرز و زۆرە. هاوکات بابەتەکانی پسپۆڕییەکە بە گشتی زۆربەیان زانستین و پەیوەستن بە بابەتەکانی بیرکاری و فیزیا و بوارە زانستییە پڕاکتیکییەکان کە زۆر کەس ئەو بوارانەیان بەلاوە قورسە.

سەرقاڵی و نەبوونی کاتی تایبەتی

کارکردن وەکوو کەسێکی ئەندازیار واتا سەرقاڵی هەمیشەیی و نەبوونی کاتی تایبەتی بۆ خودی کەسەکە، چونکە بەرپرسیارێتی و کارەکان ورد و ئاڵۆز و قورسن پێویستە ئەندازیار هەمیشە ئاگاداری بەڕێوەچوونی کارەکان بێت، تەنانەت لە هەندێک بارودۆخدا لە ڕۆژی پشووەکان و بۆنەکانیش ئەندازیار کار دەکات و کاتی تایبەتی نییە بۆ خودی خۆی و خێزانەکەی.

قورسی و ئاڵۆزی کاروبارە ئەندازیارییەکان

قورسی و ئاڵۆزی کار و پڕۆژەکانی ئەندازیاری بەندن بە بەش و جۆری پسپۆڕی ئەندازیارییەوە، هەندێک بەشی ئەندازیاری نموونەی تەلارسازی پێویستی بە کاری دیزاین و کارکردنی ئۆفیس هەیە، بەشێکی تر نموونەی ئەندازیاری شارستانی و ئەندازیاری جێبەجێکاری پڕۆژەکان پێویستی بەوە هەیە کە هەمیشە ڕاستەوخۆ بە بەردەوامی چاودێری بەڕێوەچوونی کارەکانی پڕۆژەکان بکات، هەندێک پسپۆڕی ئەندازیاری تر نموونەی ئەندازیاری کارەبا و ئەندازیاری میکانیک و ئەندازیاری بوارە ئەلیکترۆنییەکان کارەکانیان پەیوەستە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئامێری زۆر وردەوە و پێویستە هەمیشە وردکار و پشوودرێژ بن. بۆیە بە گشتی هەموو بوارەکانی ئەندازیاری قورس و ئاڵۆزن بەڕێوەچوونی کارەکان پێویستیان پشوودرێژی و کات هەیە و پێویستە کەسی ئەندازیار کەسێکی وردکار و بایەخپێدەر بێت و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی فشاری کارکردن و فرەکاری هەبێت.

پەیوەستبوون بە کاتی دیاریکراو

هەموو پڕۆژە و کار و ئەرکێکی ئەندازیاری کاتی تەواوبوونی دیاریکراوی خۆی هەیە، بۆیە ئەندازیار تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە کاتەوە و زۆرجار ناچارە لە ماوەیەکی کەمدا چەند کارێک بەیەکەوە ئەنجام بدات، ئەمەش تووشی فشار و دڵەڕاوکێی دەکات و هەمیشە سەرقاڵی دەکات.

ئەندازیاری هەمیشە بەرپرسیارە

کاری ئەندازیاری ورد و ئاڵۆزە و کەسی ئەندازیاری سەرپەرشتکار بەرپرسی بەڕێوەچوونی هەموو قۆناغی کارەکانە، دەکرێت تەنیا یەک هەڵەیەکی بچووک کۆتایی بە هەموو پڕۆژەکە بهێنێت یان کاتەکەی دوابخات و لە کاتی خۆی کۆتایی پێنەیەت، زۆرجار هەر ڕووداوێکی نەخوازراو لە بەڕێوەچوونی پڕۆژەکان ڕووبدات بە پلەی یەکەم ئەندازیاری جێبەجێکار و ئەندازیاری چاودێری پڕۆژەکان بەرپرسن لە ڕوودانی هەڵەکان.

کەمی و نەبوونی دەرفەتی کار

بوونی کێبڕکێیەکی زۆر لەناو بازاڕی کارکردن و پێدانی کار تەنیا بە ئەندازیارە خاوەن ئەزموونەکان، هاوکات بە کەم سەیرکردنی توانای ئەندازیاری تازەدەرچوو و ئەندازیاری گەنج و بێ بایەخ سێرکردنی ئەندازیارانی ڕەگەزی مێ، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ کەمی و سنوورداربوونی دەرفەتی کارکردن وەکوو ئەندازیار. بە گشتی لە وڵاتانی دواکەوتوو و هەژار هەلی کار بۆ ئەندازیاران زۆر کەمە.


سەرچاوەکان



366 بینین