تووتی

تووتی

له‌لایه‌ن: جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-24-13:48:00 - کۆدی بابەت: 6695
تووتی

ناوه‌ڕۆك

تووتییەکان

تووتی (بە ئینگلیزی: parrot)، باڵندەیەکی ماڵی و خۆشەویستە لەلایەن زۆرینەی خەڵکییەوە، لە هەموو کیشوەرەکاندا هەیە بەڵام ژمارەیان لە ناوچە گەرمەکاندا زۆرترە، واتە لە ناوچەکانی هێڵی کەمەرەیی، چەند دانەیەکی کەمیشی حەز بە ناوچە ساردەکان دەکەن، جۆری زۆری هەیە کە دەگاتە نزیکەی ٣٥٠ دانە، و باوترین جۆرەکانیشی وەک تووتی خۆڵەمێشی ئەفریقی و تووتی ئەمازۆن و تووتی کوکاتو، هەندێک جۆری هەیە هیچ ناسراو نین، نزیکەی ١٠٠ جۆریان هەڕەشی لەناوچونیان هەیە بە هۆی ڕاوکردنی بێمۆڵەتی زۆرینەیانەوە بە مەبەستی بازرگانی، و لە ئێستادا دوو جۆری بەتەواوەتی مەترسی لەناوچوونی لەسەرە کە بریتین لە تووتی کاکپو و تووتی بچووک، لە دوای سەگ و پشیلە و ماسییەوە تووتییەکان پلەی چوارەمی باوترین ئاژەڵە کە ماڵیکراوە لە هەموو جیهاندا، بە ژیرترین باڵندەی سەر ڕووی زەوی دادەنێرێت بە هۆی توانای بۆ لاساییکردنەوەی قسە و پێکەنینی مرۆڤەکان و ژماردنی ژمارەکانیش هەتا نزیکەی ٨، هەروەها ئەم باڵندانە کۆچەری نین و لەگەڵ گۆرانی وەرزەکاندا جێگەکانیان جێناهێڵن و کۆچ ناکەن، لە سروشتدا تەمەنی دەگاتە ٨ ساڵ.

شێوەی دەرەوەی

ئەم باڵندە ناسراوە بە ڕەنگە کراوە و جۆراوجۆرەکانی، درێژییەکەی بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت لە ١٠ سم ەوە دەستپێدەکات و هەندێکیان تەنانەت درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی مەترێک، و کێشی لە نێوان ٥٠ گم بۆ ١.٥ کگم دەبێت، هەندێک جۆری دەکرێت لەوە زیاتر بێت، جەستەی تووتییەکان زۆر بەهێز و ڕەقە، ناوچەی سەر و ملی فراوانن، دەنوکیشی زۆر ڕەق و توندە و کۆتاییەکەی تیژە، پێیەکانی ٤ پەنجەی هەیە، دوو دانەیان بۆ پێشەوە ئاڕاستە کراون و دووانەکەی دیکەش بۆ دواوە، بەم شێوەیە توانای هەڵگرتنی شمەک و جێگیربوونی هەیە بە تەواوی، هەروەها لە کاتژمێرێکدا تووتی دەتوانێت ٢٤ کم ببڕێت.

خۆراک

جۆری خۆراکی تووتییەکان هەمەڕەنگە، بەڵام بە زۆری چەرەسات و گۆشتیان بەلاوە پەسەندە، تۆو و گوێز دەخۆن، بە تایبەتی حەزی زۆریان لە گوڵەبەڕۆژەیە، بەڵام دەکرێت هەندێک جۆری مێرووەکان وکرم و میوەکانیش بخۆن، لە کاتێکدا خۆیان دەبنە خۆراکی ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵە دڕندەکان وەک باڵندە گەورەکان و مار و مەیموونەکان.

یەکگرتن و زۆربوون

تووتییەکان لە ماوەی نێوان وەرزەکانی بەهار بۆ پاییزدا یەکدەگرن، ئەم باڵندە لە هەموو ژیانیدا تەنها یەکگرتن لەگەڵ یەک تووتیدا دەکات واتە لە کۆمەڵەی تووتیەکاندا فرەژنی نییە، و ئەم باڵندەیە زۆر بەوەفایە و هیچ کاتێک نێرینە و مێینەکان لە یەکدی جیانابنەوە، لەهەر جارێکی یەکگرتندا مێینەکە ٢-٨ هێلکە دادەنێت، مێینەکە هێلکەکان دەخاتە هێلانە یاخود کونی دارەکان یان درزی زەوییەوە، و ماوەی مانەوەی بەسەر هێلکەکانەوە لە نێوان ٢ هەفتە بۆ مانگێکە، و بێچووەکانیش دوای هەڵهاتنیان لە هێلکەکە نابینان و تەنها چینێک پەڕی نەرم و تەنک جەستەی داپۆشیون، بەم شێوەیە دەمێنێتەوە هەتا تەمەنی دەگات بە ٢ هەفتە، هەردوو نێرینە و مێنەکە ئەرکی پاراستن و هێنانی خۆراکیان بۆ بێچووەکانیان هەیە.

تایبەتمەندییەکانی

تووتییەکان ئاژەڵی کۆمەڵایەتین و ژیانکردنیان بە کۆمەڵە بە لاوە پەسەندە، ژمارەی ئەندامەکانی کۆمەڵەیەک دەکرێت بگاتە ٢٠-٣٠ تووتی، و لەبەر ئەوەی توانای بەرگە گرتنی پلەی گەرمی جیاوازی هەیە بە ئاسانی ماڵی دەکرێت، و خێرا لەگەڵ کۆمەڵگە تێکەڵ دەبێت و دەبێتە بەشێکی، و گرنگی زۆریش بە پاکوخاوێنی دەدات و خۆی دەشوات، بەڵام پێویستە جێگەی پاککردنەوە و شۆردنەکەی تەڕ و شێدار بکرێت، هەروەها ئاژەڵێکی ژیر و بەتوانایە حەزی زۆری لە خۆشی و یاریکردنە و دەتوانێت گۆرانیش بڵێت، بە بەردەوامی پێویستی بە گرنگیپێدان و خزمەتکردنە، هەندێک جۆر چالاکییەکانی بە شەودا ئەنجام دەدات و ئەوانی دیکە بەڕۆژدا، و هەروەها بۆ پەیوەندی کردن بە یەکترییەوە کۆمەڵیک دەنگی تایبەت و زمانی جەستەش بەکاردەهێنن.


سەرچاوەکان

30 بینین