شەش خۆراک کە زیان بە ددانەکان دەگەیەنن

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-21-16:58:00 - کۆدی بابەت: 10331
شەش خۆراک کە زیان بە ددانەکان دەگەیەنن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

شەش خۆراک کە زیان بە ددانەکان دەگەیەنن (بە ئینگلیزی: 6Foods That May Damage Your Teeth، بە عەرەبی: ٦ أطعمة تضر بصحة أسنان). ڕۆژانە ئەو خۆراکانەی دەیخۆیت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پووک و ددانەکان هەیە. لە کاتێکدا هەندێک خورادن و خواردنەوە بۆ پووک و ددانەکان بەسوودن و بە تەندروستی دەیانهێڵنەوە، بەڵام هەندێکی تریان دەبنە هۆی پووکانەوە و کلۆربوونی ددانەکان و دروستبوونی نەخۆشییەکانی دەم. کەواتە پێویستە بزانرێت ئەو خۆراکانە کامانەن کە زیان بە ددانەکان دەگەیەنن، بۆ ئەوەی خۆت بەدوور بگریت و دووچاری هیچ کێشەیەک نەبیتەوە. 

ئەو خۆراکانەی زیان بە ددانەکان دەگەیەنن

١. خواردنەوە گازی و شیرینکراوەکان 

خواردنەوە شیرینکراوەکانی وەک خواردنەوە گازییەکان، خواردنەوە وزەبەخشەکان و قاوەی شیرینکراو واتە شەکری تێدابێت کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی لەش دروست دەکەن. ئەمانە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی چەندین کێشەی وەک نەخۆشییەکانی دڵ و زیادبوونی کێش و هەروەها بەرگریی ئەنسۆلین (insulin resistance)، حاڵەتێکە خانەکانی ماسولکە و چەوری و جگەر هیچ وەڵامێکیان بۆ ئەنسۆلین نابێت، بەمەش گلوکۆز بەئاسانی لە خوێندا دەربازی نابێت، لە ئەنجامدا پەنکریاس هەڵدەستێت بە دەردانی بڕێکی زۆرتر لە هۆڕمۆنی ئەنسۆلین، بۆ ئەوەی یارمەتی گلوکۆز بدات بچێتە ناو خانەکانەوە. بێگومان خواردنەوە شیرینکراوەکان زیان بە پووک و ددانەکانیش دەگەیەنن. ئەم خواردنەوانە بە دوو ڕێگا کار لە ددانەکان دەکەن، یەکەم بەهۆی ترشێتیان و دووەمیش خۆراک بۆ ئەو بەکتریا زیانبەخشانەی دەبنە هۆی کلۆربوونی ددان دابین دەکەن. بەکتریا زیانبەخشەکانی وەک ستریپتۆکاکەس میوتەنس (Streptococcus mutans)، دەتوانێت بەهۆی شەکرەوە گەشە بکات و  جۆرە ترشێک بەرهەم بهێنێت کە دەبێتە هۆی تێکشکاندنی مینای ددان. کەواتە ئەم جۆرە خواردنەوانە سەرەڕای ئەوەی بە شێوەیەکی سروشتی ترشێتییەکیان تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانن ترشی زیاتر بەرهەم بهێنن. توێژینەوەکان دەریانخستووە خواردنەوە شەكرییەکان بەسەختی دەبنە هۆی داخورانی ددانەکان، لە ڕاستیدا زۆر خواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکاری تووشبوون بە داخوران یان پووکانەوەی ددان. لەوانەیە هەندێک کەس بیربکەنەوە کڕینی ئەو خواردنەوانەی بۆ پارێز گونجاون هەڵبژاردەیەکی باشترە و زیان بە تەندروستی جەستە و ددانەکان ناگەیەنن، بەڵام لەڕاستیدا وانییە. لەڕاستیدا خواردنەوەی ئەو کۆکاکۆلایەنەی بۆ پارێز گونجاون زیاتر زیان بە مینای ددان دەگەیەنن بە بەراورد بە کۆکاکۆلای ئاسایی. لە لێکۆڵینەوەکانەوە ئەوە ئاشکرابووە، کۆکاکۆلای پارێز بەهۆی بوونی ترشی ستریک (citric acid) لە پێکهاتەیدا زیاتر دەبێتە هۆی پووکانەوەی ددان، چونکە ئەم ترشە بە پێکهاتەی کالسیۆمی ناو ددانەکان دەلکێت و بەرە بەرە کەمی دەکاتەوە. پسپۆڕانی ئەم بوارە دەڵێن پێویستە لەدوای خواردنەوە گازییەکان لە شۆردنی ددانەکان دووربکەویتەوە، لەبەرئەوەی مینای ددان ئاسانتر زیانی پێ دەگات. لەبەر ئەم هۆکارانە پێویستە لە خواردنەوە شیرینکراوەکان دووربکەویتەوە یان بەشێوەیەکی سنووردار بەکاریان بهێنیت. 

٢. شەکر و شیرینی و ئەو خۆراکانەی شەکریان بۆ زیادکراوە

وەک دەزانرێت شەکر بۆ بەکتریا زیانبەخشەکانی ناو دەم وەک خۆراک وایە، لە ئەنجامی ئەمەدا ترشێک بەرهەم دەهێنن و مینای ددان تێك دەشکێنن. لەبەر ئەم هۆکارە ئەو خۆراکانەی شەکریان بۆ زیادکراوە یەکێکن لە گرنگترین هۆکارەکانی ئەگەری تووشبوون بە کلۆربوونی ددان. بەڵام ئەو شەکرە سروشتییەی لە خۆراکەکانی وەک میوە و بەرهەمە شیرەمەنییەکاندا هەیە نابنە هۆی دروستبوونی ئەم کێشەیە. لەبەرئەوەی سەرچاوەی شەکرە سروشتییەکان پێکهاتەی پارێزەری وەک ڕیشاڵ و کانزاکانی تێدایە، هەروەها یارمەتی زیاتر دەردانی لیک دەدەن، کە ناو دەم دەشواتەوە و پووک و ددانەکان دەپارێزێت. بە پێچەوانەوە شەکری سپی یان خواردنی ئەو خۆراکانەی شەکریان بۆ زیادکراوە دەبێتە هۆی کلۆربوونی ددان و لاوازبوونی تەندروستی دەم. چەند توێژینەوەیەک دەریانخستووە، ئەو منداڵانەی بڕێکی زۆر شەکر لەڕێگەی خواردن دەخۆن ئەگەری تووشبوونیان بە کلۆربوونی ددان و نەخۆشییەکانی پووک زۆر زیاترە. کەواتە خواردنی شەکر لە هەمان کاتدا زیان بە پووکیش دەگەیەنێت، لەبەرئەوەی دەبنە هۆی تووشبوون بە هەوکردن و زیادبوونی تەنۆلکەی سەربەست، لە ئەنجامدا زیان بە پووک دەگەیەنن. لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٤ لەسەر ٢٫٤٣٧ کەس ئەو زانیارییەی پشراستکردووەتەوە کە شەکر بۆ تەندروستی پووک خراپە.

٣. نانی سپی و کاربۆهیدراتە ئاڵۆزەکان  

کاربۆهیدراتە ئاڵۆزەکانی وەکوو نان و برنجی سپی و هەندێک خۆراکی تری وەک چپسی پەتاتە ئەگەری هەیە کار لەسەر تەندروستی دەم بکات. بەکتریاکانی ناو دەم هەڵدەستن بە تێکشاندنی ئەو شەکرەی لەناو کاربۆهیدراتەکەدا هەیە و لەئەنجامدا ئەو ترشە دروست دەبێت، کە زیان بە مینای ددان دەگەیەنێت و تێکی دەشکێنێت. خواردنی بڕێکی زۆر لەم خۆراکانە ئەگەری کلۆربوونی ددان زیاد دەکەن، ئەم زانیارییە لە ساڵی ٢٠١١ لەسەر ١٩٨ منداڵ پشتڕاستکراوەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٠ دوای پێداچوونەوە بە پێنج لێکۆڵینەوە کە لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامدرابوو، دەرکەوت خواردنی ئەم جۆرە کاربۆهیدراتانە لە نێوان ژەمەکاندا ئەگەری کلۆربوونی ددانەکانیان زیادکردووە. ئەو خۆراکانەی نیشاستەیان تێدایە، هەروەها کاربۆهیدراتە ئاڵۆزەکان بەگشتی ئەگەری تووشبوون بە کلۆربوونی ددان زیاد دەکەن. لەبەرئەوەی نیشاستە بۆ ماوەیەکی زۆرتر لە دەمدا دەمێنێتەوە، بەمەش کاریگەری شەکر لەسەر ددانەکان زیاد دەکات و ژینگەیەکی ترش بۆ ددانەکان دابین دەکات. جێگرتنەوەی خۆراکەکانی وەک نانی سپی و چپسی پەتاتە بە خۆراکەکانی تری وەک میوە و پەتاتەی شیرین باشترە و یارمەتی بەرەوپێشچوونی تەندروستی دەم دەدات. 

٤. شەربەتی میوە و ساردەمەنییەکان 

تەنانەت زیادەڕەویکردن لە خواردنەوەی ئەو شەربەتانەی لە ١٠٠% سروشتین و بە پێکهاتەی خۆراکی دەوڵەمەندن بۆ تەندروستی ددانەکان باش نییە. بەگشتی شەربەتی میوە ترشە و دەکرێت ببێتە هۆی داخورانی مینای ددان بە تایبەتی شەربەتی ترێ، پرتەقاڵ و لیمۆ و سێو. لە ئەنجامی پێداچوونەوە بە ١٣ لێکۆڵینەوەدا، لەسەر نزیکەی ١٦٫٦٦١ منداڵی تەمەن هەشت بۆ ١٩ ساڵ ئەنجامدراوە دەرکەوتووە، حاڵەتی کلۆربوونی ددان زیاتر لەو منداڵانەی شەربەتی میوە ترشەکانیان خواردۆتەوە تۆمارکراوە. هەروەها ئەو ساردەمەنییانەی لە میوە ترشەکان دروستکراوە و لەگەڵ ئەوەشدا شەکری بۆ زیادکراوە بەهەمان شێوە زیان بە ددانەکان دەگەیەنن. لە ساڵی ٢٠١٦ لێکۆڵینەوەیەکی ئەڵمانی دەریخستووە، شەربەتی پرتەقاڵ و سێو نزیکەی پێنج جار بە بەراورد بە کۆکاکۆلا کاریگەری زیاترە، واتە ئەگەری تووشبوون بە داخورانی ددانەکان زیاترە. هەروەها توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٩ دەریخستووە، لە ئەنجامی خواردنی ئەو ساردەمەنییانەی لە ترێ و ئەنەناس و پرتەقاڵ دروستکراون بە بڕێکی زۆرتر ترشێتیی (pH) ناو دەم کەمبووەتەوە بە بەراورد بە شەربەتەکەی. کەواتە ساردەمەنییەکان بە بەراورد بە شەربەت کاریگەری نەرێنیان زیاترە. هێشتنەوەی شەربەت یان ساردەمەنی لەناو دەمدا بۆ ماوەیەکی درێژ، ئەگەری زیانگەیاندن بە ددان زیاد دەکات. خواردنی ساردەمەنییە بەستووەکان تەندروستی ددانەکان تێک دەدات، لەبەر تەندروستی ددانەکان پێویستە خۆت لە خواردنیان بەدوور بگریت.

٥. خواردنەوە کحولییەکان 

خواردنەوە کحولییەکان بەتایبەتی ئەو جۆرانەی شەکرییان بۆ زیادکراوە و ڕێژەی ترشێتیان زۆرە بۆ تەندروستی ددانەکان باش نین. ئەم خواردنەوانە یەکێکن لە گرنگترین هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەی دەم، لەبەرئەوەی کار دەکاتە سەر لێواری دەم. توێژینەوەکان دەریانخستووە، بێجگە لە دەم ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی گەروو و قورگیش زیاد دەکەن. خواردنەوە کحولییەکان دەبنە هۆی وشکبوونی دەم، زیادبوونی ترشێتی ناو دەم، زیادبوونی ئارەزووی خواردنە بەچێژ و هاتووەبارەکان و هەروەها هاوسەنگی بەکتریاکانی دەم تێک دەدەن، لە ئەنجامدا ددانەکان زیانیان پێ دەگات. توێژینەوەکان دەریانخستووە، ئەو کەسانەی کۆنیشانەی ئالوودەبوونی خواردنەوە کحولییەکانیان هەیە، ئەگەری تووشبوونیان بە کلۆربوونی ددان و نەخۆشییەکانی پووک و برینی پووک زیاترە. 

٦. ئەو خواردنانەی ڕەقن یان بە دداندا دەلکێن

هەندێک خۆراک ئەگەری کەوتنی ددان زیاد دەکەن. وردکردن و خرماندنی هەندێک خۆراک وەک نوقڵی ڕەق ئەگەری کەوتن و دەرهاتنی ددان زیاد دەکەن. هەروەها داخرماندنی سەهۆڵ دەکرێت ببێتە هۆی شکاندنی ددان. ئەگەر پڕکردنەوەی ددانت بۆ ئەنجامدرابێت، ئەوا ئەگەری هەیە لە کاتی خواردنی ئەو خۆراکانەی بە دداندا دەلکێن، ددانەکە تێکبچێت و شوێنی پڕکردنەوەکەی بێتە دەرەوە، هەروەها لە هەمان کاتدا ئەگەری کلۆربوونی ددان زیاد دەکەن. 

گرنگیدان بە تەندروستی دەم و ددانەکان بە واتای دوورکەوتنەوە یان سنوردارکردنی هەندێک خواردن و خواردنەوە دێت، وەک:

  • خواردنەوە گازییەکان.
  • خواردنە کحولییەکان. 
  • شەربەت و ساردەمەنییەکان.
  • شیرینی.
  • ئەو خۆراکانەی ڕێژەیەکی زۆر شەکریان تێدایە. 

ئەم خواردن و خواردنەوانە ئەگەری کلۆربوونی ددان، نەخۆشییەکانی پووک، شکاندن و دەرهاتنی ددان و هەروەها نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجەی دەم زیاد دەکەن. بۆ هێشتنەوەی دەم و ددانەکان بە تەندروستی، هەوڵبدە لەم خۆراکانە دووربکەویتەوە یان زۆر بە کەمی بەکاریان بهێنیت، لەجیاتی ئەوە گرنگی بەو خۆراکانە بدە کە بە پێکهاتەی خۆراکی دەوڵەمەندن.


سەرچاوەکان

184 بینین