پلاسیبۆ

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-10-08-22:19:00 - کۆدی بابەت: 11415
پلاسیبۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پلاسیبۆ (بە ئینگلیزی: placebo، بە عەرەبی: دواء وهمي) بریتییە لە هەر شتێک کە وەک چارەسەرێکی پزیشکی ڕاستەقینە دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا بەو جۆرە نییە. ئەو شتەی کە لەنێوان هەموو چارەسەرەکانی پلاسیبۆدا هاوبەشە ئەوەیە کە هیچ ماددەیەکی چالاکیان تێدا نییە کاریگەری لەسەر تەندروستی هەبێت. چەندین تاقیکردنەوە هەیە دەربارەی ئەو کەسانەی لە جیاتی بەکارهێنانی چارەسەری چالاک پلاسیبۆیان بەکارهێناوە و نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان بەرەو باشی چووە. باوەڕبوون بە چارەسەرێک ڕەنگە لە گۆڕینی ڕێڕەوی نەخۆشییەک بەرەو باشتربوون بەتەواوی یارمەتیدەر بێت. دەکرێت پلاسیبۆ بەکارهێنانی ئاو یان خوێ بێت لە شێوەی دەرزی یان ئەنجامدانی نەشتەرکارییەک بێت کە ڕاستەقینە نییە. کاریگەری ئەو دەرمان و چارەسەرانەی پێیان دەوترێت پلاسیبۆ پەیوەندی بە باوەڕی نەخۆشەکەوە هەیە بەجۆرێک چەنێک نەخۆشەکە باوەڕی بەوە هەیە کە بەکارهێنانی ئەو دەرمانە یان چارەسەرە لە باشبوونی نیشانەکانی نەخۆشییەکەیدا یارمەتیدەری دەبێت.

پلاسیبۆ چۆن کار دەکات؟

چۆنییەتی کارکردنی چارەسەری پلاسیبۆ بەتەواوی ڕوون نییە، بەڵام چەند بیردۆزێک لەو بارەیەوە هەیە کە دەڵێن:

  • هەندێک نەخۆشیی پێیان دەوترێت (self-limiting disorders) واتە ئەو نەخۆشییانەی بەبێ بەکارهێنانی دەرمان چارەسەر دەبن و نیشانەکانی نامێنێت، لەو نەخۆشییانەش وەک هەڵامەت کە لە دوای ماوەیەک و بەبێ بەکارهێنانی دەرمان خۆیان چارەسەر دەبن. بەکارهێنانی پلاسیبۆ لەم جۆرە نەخۆشییانەدا چارەسەرەکەی چارەسەرێکی سروشتییە و خۆی نامێنێت، پەیوەندی بەبەکارهێنان یان بەکارنەهێنانی چارەسەری پلاسیبۆوە نییە.
  • ماوەیەک کە تیایدا نیشانەکان بەرەو نەمان دەچن (Remission) لە هەندێک نەخۆشیدا وەک نەخۆشیی گورگە سوورە (lupus) ماوەیەک هەیە کە نیشانەکان نامێنن و دواتر دووبارە سەر هەڵدەدەنەوە بەو ماوەیەش دەوترێت Remission، دەکرێت ئەم ماوەیەی نەمانی نیشانەکان بەڕێکەوت لەگەڵ ماوەی بەکارهێنانی چارەسەری پلاسیبۆدا بێت.
  • دەگونجێت بەکارهێنانی ئەم چارەسەرانە لە ڕووی دەروونییەوە هانی نەخۆشەکان بدات بەم جۆرە دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر خواردن بخۆن و ڕاهێنان ئەنجام بدەن.
  • دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بێتاقەتی، بەکارهێنانی چارەسەری پلاسیبۆ و باوەڕبوون بەوەی کە تەندروستیت بەرەو باشی دەچێت، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەردانی ماددە کیمییایەکانی لەش دروستییان دەکات وەک ئەدریناڵین.
  • ماددە کیمییایەکانی مێشک دەکرێت ببێتە هۆی دەردانی ئازارشکێنە سروشتییەکانی لەش، کە بە ئیندۆرفین ناسراون.

چارەسەری پلاسیبۆ بەشێکی گرنگی توێژینەوەکانیش پێک دەهێنێت، لە کاتی تاقیکردنەوە و توێژینەوە لەسەر کاریگەری دەرمانێکی نوێ ئەم ڕێگایە بەکاردەهێنن. دوو گرووپ بەشداری دەکەن گرووپی یەکەم دەرمانە نوێیەکە کە تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێت بەکاردەهێنن، بەڵام گرووپی دووەم دەرمانی پلاسیبۆیان پێ دەدرێت دواتر ئەنجامەکان بە یەکتر بەراورد دەکرێن و بەم جۆرە کاریگەرییەکانی دەرمانەکە دیاری دەکرێت. ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشییەک لە کەسێکدا بەبەکارهێنانی دەرمانی پلاسیبۆ یان نەشتەرکارییەکی ساختە کەم ببێتەوە، لەوانەیە لۆژیکی بێت گریمانەی ئەوە بکرێت کە دەکرێت نەخۆشییەکە خەیاڵی یان دەروونی بووبێت و بەڕاستی پێویست بە چارەسەری پزیشکی نەکات. دۆخی مێشک ڕۆڵێکی گرنگی لە گەشەکردنی نەخۆشییەکاندا هەیە، بۆ نموونە فشاری دەروونی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. ئەمەش هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ. کەواتە کاتێک مێشک دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی کێشەی تەندروستی، بەهەمان شێوەش دەتوانێت ببێتە هۆی چارەسەر.

هەندێک مشتومڕ دەربارەی ئەم چارەسەرە هەیە کە دەڵێت:

فێڵکردن لە نەخۆشەکان هەڵەیە تەنانەت ئەگەر ئەمە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان و چارەسەرییەکانیشیان بێت.


سەرچاوەکان



384 بینین