چۆن قاوە بە شێوازێکی تەندروست بخورێتەوە؟

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2023-10-22-22:02:00 - کۆدی بابەت: 11510
چۆن قاوە بە شێوازێکی تەندروست بخورێتەوە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن قاوە بە شێوازێکی تەندروست بخورێتەوە؟ (بە ئینگلیزی: How to drink coffee in a healthy way، بە عەرەبی: كيف تشرب القهوة بطريقة صحية؟قاوە خواردنەوەیەکە کە لە دەنکەکانی قاوەی برژاو ئامادە دەکرێت. بۆ زۆرێک لە ئێمە، قاوە بەشێکە لە ڕۆتینی ڕۆژانەمان. قاوە یەکێکە لە خۆشەویستترین و بەناوبانگترین خواردنەوەکانی جیهان. کاریگەری هاندەری وزەی هەیە لەسەر مرۆڤ، بەتایبەتی بەهۆی پێکهاتەی کافایین. زۆرێک لە پسپۆڕانی تەندروستی پێیان وایە کە یەکێکە لە تەندروستترین خواردنەوەکان. زۆرترین فرۆشی هەیە لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ خواردنەوە گەرمەکان.

بەکارهێنانی قاوە لە ساڵی ٢٠١٥ـــەوە بە ڕێژەی ٥٪ زیادی کردووە و ٦٢٪ی ئەمریکییەکان ڕۆژانە قاوە دەخۆنەوە. ئەگەر بەشێوازێکی تەندروست قاوە بخورێتەوە چەندین سوودی تەندروستی هەیە، لەوانەش: خواردنەوەیەکی وزەبەخشە، ئەگەری نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو، نەخۆشی دڵ، شێرپەنجەی جگەر، نەخۆشی پارکینسۆن و خەمۆکی کەمدەکاتەوە، کەمکەرەوەی ئازار و یارمەتیدەری کێش دابەزاندن.

بەڵام تەندروستیی و سوودی قاوەکەت بە مانای ئەوە دێت کە بە وریاییەوە ئەو شتانە هەڵبژێریت کە دەیخەیتە ناویەوە و لە کاتی گونجاو و بڕی گونجاو بخۆیتەوە. قاوە کاتێک شەکر و کرێمی بۆ زیاد دەکەیت، لەجیاتی سوود زیانی دەبێت. لەبەر ئەوەی ئەو خواردنەوانەی شەکریان تێدایە زۆر جار کالۆرییەکی زۆریان تێدایە و ڕێژەیەکی کەمی ماددەی خۆراکیان هەیە، لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە کێشە تەندروستییەکانی وەک قەڵەوی و شەکرە و شێرپەنجە دروست بکات و هەندێ لە زیانەکانی تری قاوە وەک: خەو زڕان، زیادبوونی لێدانی دڵ، کەمبوونەوەی ئاسن، ئاڵوودەبوون، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و قەلەقی.

خواردنەوەی قاوە بە شێوازێکی تەندروست 

کاتی خواردنەوەی قاوە: لە کاتژمێرێک دوای لەخەو هەستانەوە تا پێش نانی نیوەڕۆ بە باشترین کات بۆ خواردنەوەی قاوە دادەنرێت، کاتێک ئاستی کۆرتیزۆل لە لوتکەی پێشوو دابەزیوە. زۆر کەس ڕاستەوخۆ لەدوای لەخەو هەستان کوپێک قاوە دەخۆنەوە بەڵام وا باشترە لەدوای کاتژمێرێکەوە قاوە بخورێتەوە. بەهۆی ئەوەی دوای لەخەو هەستان هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ دەردەدەیت کە وزەی ڕۆژەکەت پێ دەبەخشێت و لە ٤٥ خولەک دوای هەستان دەگاتە بەرزترین ڕێژەی و لەدوای ئەوەوە بە هێواشی کەم دەبنەوە بە درێژایی ڕۆژ.

ئەگەر قاوە بخۆیتەوە لە کاتێکدا ئاستی کۆرتیزۆلەکەت هێشتا بەرز دەبێتەوە (واتە کاتێک لە خەو هەڵدەستیت) تۆ کافایین دەخەیتە ناو سیستەمەکەتەوە کاتێک پێویستی پێ نییە و دەتوانێت لێشاوی سروشتی کۆرتیزۆل تێکبدات بەڵام ئەگەر کاتژمێرێک یان دوو کاتژمێر چاوەڕێ بکەیت، کافاینەکە دەبێتەوە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستەکە کاتێک ئاستی کۆرتیزۆل دەست دەکات بە دابەزین. هەروەها وا باشترە لەدوای کاتژمێرەکانی دوو و سێی نیوەڕۆوە یان شەش کاتژمێر پێش خەوتن قاوە نەخورێتەوە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر کوالێتی خەوتن نەبێت و خەو نەزڕێنێت.

ڕێژەی خواردنەوەی: لە کاتێکدا خواردنەوەی قاوە تەندروستە، بەڵام خواردنەوەی زۆر لەوانەیە سوودەکانی کەم بکاتەوە. زۆر خواردنەوەی کافایین لەوانەیە کاریگەری لاوەکی جۆراوجۆری هەبێت، هەرچەندە لە کەسێک بۆ کەسێک و هەستیاری خەڵک ڕێژەکە دەگۆڕێت. بە شێوەیەکی گشتی، پێشنیاری ئەوە دەکرێت کە لە ۱.۱ میلیگرام زیاتر نەبێت بۆ هەر پاوەندێک (۲.٥ میلیگرام بۆ هەر کیلۆگرامێک) لە کێشی لەش لە ڕۆژێکدا. بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە تێکڕای کوپێک قاوە لەوانەیە نزیکەی ٩٥ میلیگرام کافایینی تێدابێت، ئەمە گونجاوە بۆ نزیکەی دوو کوپ قاوە لە ڕۆژێکدا بۆ کەسێک کە کێشی ١٧٦ پاوەند (٨٠ کیلۆگرام) بێت. هەندێ کەس هەتا چوار بۆ پێنج کوپ قاوەش زیانیان پێ ناگەیەنێت، ئەمەش بەپێی توانای کاردانەوەی جەستەیان بۆ کافایین و هەرسکردنیان.

بەکارنەهێنانی شەکر: هەرچەندە قاوە لە خۆیدا تەندروستە، بەڵام بە ئاسانی دەتوانیت بیگۆڕیت بۆ شتێکی زیانبەخش، ئەمەش بەوەی کە شەکر بکەیتە قاوەکەتەوە، بەکارهێنانی شەکر یەکێکە لە خراپترین پێکهاتەکانی خۆراکی مۆدێرن و بە ژەهری سپی ناودەبرێت. شەکر بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی ڕێژەیەکی زۆری فرۆکتۆزەوە، پەیوەندی هەیە بە زۆر جۆرە نەخۆشیی، وەک قەڵەوی و شەکرە. بۆیە باشترە وا خۆت ڕابهێنیت شەکری تێ نەکەیت، چونکە شەکر و تامی شیرینی قاوەکە ئەبێتە هۆی ئاڵودەبوون پێوەی، ئەگەر ناتوانیت قاوەی تاڵ بخۆیتەوە ئەوا لەجیاتی شەکر جێگرەوەکانی بەکاربهێنە، لەو شیرینکەرە سروشتیانەش وەک: ستیڤیا، میوەی مۆنک، شەکری خاو، تامی هەنگوین و ڤانێلا.

قاوەی ڕەش: باشترین ڕێگا بۆ خواردنەوەی قاوە بە سادەییە واتا هیچ شتێکی وەک شیر و شەکر و پێکهاتەکانی تری تێ نەکەیت - هەروەها ناسراوە بە قاوەی ڕەش. بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن، چونکە قاوەی ڕەش ڕێژەی میتابۆلیزم بە ڕێژەی ٥٠٪ زیاد دەکات و یارمەتی سوتاندنی چەوری زیادەی لەش دەدات. مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە وەک جەڵتەی مێشک. قاوەی ڕەش خۆراکی سەرەکی وەک ڤیتامین B2، B3، B5، Manganese و Potassium دابین دەکات. قاوەی ڕەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی میرانە (ئازار و هەوکردنی جومگەکان) بەڕێژەی ٦٠٪ کەم دەکاتەوە.

هەڵبژاردنی کوالێتی براند: چەندین جۆری جیاوازی براندی قاوە هەیە، کە هەریەکیان کوالێتی جیایان هەیە، جۆری قاوە دەتوانێت زۆر جیاواز بێت بەپێی شێوازی پرۆسەکردن و چۆنیەتی گەشەکردنی دەنکی قاوەکە. دەنکی قاوەی ئاسایی لەکاتی گەشەکردنیدا بە دەرمانی دەستکرد و ماددە کیمیاییەکانی تر دەپرژێنرێت، بۆ لەناوبردنی مێرووەکان یان زیندەوەرە زیانبەخشەکانی تر. کە ئەمەش دەکرێت زیان بە ژینگە و تەندروستی مرۆڤ بگەیەنێت، کە هەندێکیان دەبنە هۆکاری توشبوون بە شێرپەنجە. بەهۆی ئەو ماددانەی کە لەسەریان بەکاردەهێنرێن، لە ئەنجامدا دەنکی قاوەکان تامییان تاڵ و ترش دەبن. بۆیە وا باشترە گرنگی بە جۆری براندی قاوەکەت بدەیت لەکاتی کڕیندا. قاوە ئەندامییەکان بڕێکی زۆر کەمتر لە دژە مێرووی دەستکردیان تێدایە و بە هەڵبژاردنێکی باش دادەنرێن.

هەڵبژاردنی شیری کەم چەوری: وا باشترە قاوە بەبێ شیر بخورێتەوە، بەڵام ئەگەر بتەوێت شیری تێکەڵ بکەیت ئەوا شیری کەم چەوری بەکاربهێنە. هەروەها هەڵبژاردنی شیری ڕووەکیی دەتوانێت هەمان تام بە کالۆری و شەکرێکی کەمتر پێشکەش بکات. بۆ نموونە شیری بادەم یان شیری سۆیا، کە هەمان هاوسەنگی شیریان هەیە، بەڵام کالۆری کەمتر و پڕۆتین و ڕیشاڵی زیاتر. گۆڕینی شیری ئاسایی بە شیری ڕووەکی خوییەکی تەندروستە کە دەتوانێت چەوریی کۆکراوە کەم بکاتەوە کە دەکرێت ببێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە.

زیادکردنی پێکهاتەی تر: دووربکەوەرەوە لە تێکەڵکردنی کرێم و تامی ئامادەکراوی قاوە، چونکە ڕێژەیەکی زۆر شەکریان تێدایە. هەرچەندە پێکهاتەکانیان دەتوانن بە پێی مارکەکە جیاواز بن، بەڵام زۆربەی کرێمەکانی قاوە لە تێکەڵەیەک لە ئاو و شەکر و ڕۆنی سەوزە دروست دەکرێن. کرێمی قاوە بە شێوەیەکی گشتی بە شێوەیەکی زۆر پرۆسە دەکرێت و پڕکراوە لە شەکر. لەجیاتی ئەوانە پێکهاتەی سرووشتی زیاد بکە، وەک دارچینی، کاکاو و زەنجەفیل کە تام و شیرینیەکی سروشتییان هەیە و سوودی قاوەکەت زیاتر دەکەن.


سەرچاوەکان



595 بینین