کەلیلە و دیمنە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-12-12-21:18:00 - کۆدی بابەت: 11713
کەلیلە و دیمنە

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

کەلیلە و دیمنە (بە عەرەبی: کلیلە و دمنە) کتێبێکی پەندئامێزی فەیلەسوفی هیندی بەیدەبایە. کەلیلە و دمنە یەکێکە لە کتێبە گرنگەکانی جیهانی کۆن بەیدەبای فەیلەسوف توانیویەتی چەندان ئامۆژگاری تیا کۆبکاتەوە. هەر لە کۆنەوە گرنگییەکی تایبەتی پێدراوە ئەوەتا پاشای ئێرانییەکان کیسرا ئەنەوشیروان هەر کە دەبیستێت کتێبێکی لەو جۆرە لە هیندستان هەیە، بەپەلە سەرۆکی پزیشکەکانی (برزۆیە) دەنێرێت بۆ هیندستان و نوسخەیەک لەو کتێبە پەیدادەکات و وەریدەگێڕێت بۆ زمانی فارسی.

کتێبەکە بۆ چەندا زمانی جیاواز وەرگێڕدراوە لەوانە زمانی عەرەبی، کە ئەدیبی بەناوبانگی سەردەمی عەباسییەکان ابن المقفع وەریگێڕاوە. کەلیلە و دمنە بە شاکارێکی ئەدەبی پەند و ئامۆژگاری دادەنرێت کە ڕاشکاوانە لەسەر زمانی گیانلەبەران توانج و پلار دەگرێتە کاربەدەستانی زاڵم و خوێنڕێژ لە هەر پلەوپایەیەک بن.

ناسنامەی کتێب

ناوی کتێب کلیلە و دمنە
بابەت چیرۆک
نووسینی بەیدەبا فەیلەسوفی هیندی
وەرگێڕانی محمد ساڵح گەڵاڵی
شوێنی چاپ چوارچرا
نۆبەتی چاپ چاپێ پێنجەم لە ٢٠١٦

پێشەکی

وەرگێڕ لە پێشەکی کتێبەکەدا نووسیوویەتی: ئێمەش بە نیازی ئەوەی کە خزمەتێکی (با بچووکیش بێت) پێشکەش بە هاوزمانانی کوردی خۆشەویست بکەین، چەند کۆپلەیەکەی زۆر گرنگمان لێ هەڵبژارد و وەرمان گێڕایە سەر زمانی کوردی شیرین. هیوادارین بەم کارەمان کەلێنێکی بچووک پڕبکەینەوە و وردە وردە شاکارە جیهانییەکان بهێنینە ناو کتێبخانەی کوردییەوە.

ناوەڕۆک

کتێبەکە بە زمانێکی سادە ناوەڕۆکێکی ئێجگار قوڵی هەیە هەروەها چێژێکی خوێندنەوەی تایبەتی هەیە. کتێبەکە هەر بە چیرۆک دەستپێدەکات لەسەر بیرۆکەی نووسینی کتێبەکە و پاشان بە پانزە کورتە چیرۆک. کە بریتین لە ئەمانە:

  • چیرۆکی شێر و گاجووت
  • چیرۆکی لێکۆڵینەوە لە دمنە و سزادانی
  • چیرۆکی کۆترە خاڵدارەکە
  • بەسەرهاتی کونەپەپو و قەڵەڕەشەکان
  • چیرۆکی مەیمون و کیسەڵەکە
  • چیرۆکی سمۆرە و خواناسەکە
  • چیرۆکی شێر و چەقەڵ
  • چیرۆکی مشک و پشیلە
  • چیرۆکی کوڕەکەی پاشا و باڵندەکە
  • چیرۆکی ئیلاز و بلاز و ئیراخت
  • چیرۆکی شێر و ڕاوچی و چەقەڵ
  • چیرۆکی خواناسەکە و میوانەکە 
  • چیرۆکی کوڕە پاشا و هاوڕێکانی
  • چیرۆکی کۆتر و ڕێوی و باڵندەکە

بەشێک لە نووسینەکانی نێو ئەم کتێبە

زانایان دەڵێن: سێ شت هەن مەگەر گێل ئەگینا کەس بەلایاندا ناچێت و کەم کەس هەیە بە سەلامەتی لێیان زڕگار بێت ئەوانەش: هاوڕێیەتی پاشایان، نهێنی درکاندن لای ژنان، خواردنەوەی ژەهر بۆ تاقیکردنەوە..

مرۆڤ لەم سەردەمەدا وەک ئەو کەسەیە کە لە بەردەم فیلێکی هاردا ڕادەکات و لە ترسا خۆی فڕێ دەداتە ناو بیرێکەوە و خۆی بە دوو لقەدارەوە هەڵدەواسێت تا بەرنەبێتەوە ناوی، لە دیواری بیرەکە دەبینێ چوار مار سەریان لە کونەکانیان دەرهێناوە، لە تەختی بیرەکەش ئەژدیهایەک دەمی کردۆتەوە تا هەرچی بکەوێتە خوارەوە قوتی بدا، لەو لاشەوە دەبینێ وا دوو جرج خەریکن دوو لقە دارەکە دەقرتێنن و لە لایەکی ترەوە گۆزەیەک پڕ لە هەنگوین هەڵواسراوە، بەهۆی خواردنی هەنگوینەکە ئاگای لە خۆی نامێنێت و بەهیچ شێوەیەک هەوڵی ڕزگاربوونی نادات...

دار کە بڕدرا هەڵدەداتەوە و برینی خەنجەر چاکدەبێتەوە بەڵام ئەو برینەی کە زمان هۆکاری بێت هەرگیز چاک نابێتەوە. ئیتر دەچێتە ناو گۆش و دێتەوە دەر بەڵام تیری قسە دەگاتە ناو دڵ ئیتر هاتنەوەی نییە، هەموو ئاگرێک کوژانەوەی هەیە بەڵام ئاگری ڕق و کینە بە هیچ شتێک ناکوژێتەوە..

ئاگر بەو هەموو هێز و توانایەوە کە هەیەتی ناتوانێ ڕەگی درەخت بسووتێنێ کەچی ئاو بەو هەموو نەرمییەوە درەخت لەڕەگەوە هەڵدەکەنێت. زانایان دەڵێن: چوار شت هەن کەم و زۆریان وەکو یەکن (ئاگر، نەخۆشی، دووژمن، بیروباوەڕ).

هەر شتێک بڕیار درابێ تووشت بێت ئەوا چار نییە هەر تووشت دەبێت، قەزاو قەدەر گەڕانەوەی بۆ نییە، منیش هەر بەوە تووشبووم تەنانەت ئەوانەی کە زۆر لە من بە دەسەڵاتترن باتوانن قەزاوقەدەر لە خۆیان دوور بخەنەوە، ئەی نابینی خۆر و مانگیش تووشی گیران دەبن، قەزاو قەدەر وایان لێدەکات...


پێش هەموو شتێک پێویستە لە خوا بترسن و هەمیشە بەدوای ڕاستیدا بگەڕێن، هەمیشە ڕاستگۆ سەردەکەوێت درۆزن و فێڵباز سەرکەوتوونابن، سەروەت و سامان بۆ کەس نامێنێت، ئەوەی کە نافەوتێ هەر کردەوەی باشەیە، هۆشمەند هەمیشە هەوڵی شتێ دەدات کە قابیلی مانەوەبێت و لە پاشەڕۆژدا سودی لێوەربگرێت. سەروەت و سامان ئەوەندەی نرخ نییە کە پیاو دڵی کەس ئازار بدات، لەسەرت پێویستە چیت بۆ خۆت پێخۆشە بۆ خەڵکانی تریش پێت خۆش بێت.


سەرچاوەکان



410 بینین