گرنگی هاوڕێیەتی لای منداڵ چییە؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-12-14-19:06:00 - کۆدی بابەت: 11719
گرنگی هاوڕێیەتی لای منداڵ چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گرنگی هاوڕێیەتی لای منداڵ چییە؟ (بە عەرەبی: ما هي أهمية الصداقة للأطفال؟، بە ئینگلیزی: ?What is the importance of friendship for children)، هاوڕێیەتی بە شتێکی گرنگ و تەندروست دادەنرێت لە منداڵاندا، بەهۆی هاوڕێیەتییەوە نەک تەنها چێژ لە یارییەکان دەبینن، بەڵکو یارمەتیان دەدات لە ڕووی سۆزداری، دەروونی و ڕەفتارەوە گەشە بکەن، لەکاتی تێکەڵبوون لەگەڵ منداڵی تر فێری چەندین کارامەیی کۆمەڵایەتی دەبن وەک چۆنیەتی تێکەڵبوون و گفتوگۆکردن، هاوکاریکردن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە نێوان خۆیاندا، بوونی هاوڕێ لە قوتابخانە کاریگەری لەسەر توانای فێربوونیان دەبێ.

زانیاری گرنگ دەربارەی هاوڕێیەتی

لێکۆڵینەوەکان گرنگی هاوڕێیەتی و کاریگەریەکانیان لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی دەردەخەن، هاوڕێیەتی یارمەتی پەرەپێدانی توانا کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکان دەدات، هەستکردن بە سەربەخۆیی زیاد دەکات و فشاری دەروونی کەمدەکاتەوە، ئەو کەسانەی هەست بە تەنیایی یان گۆشەگیریی دەکەن زیاتر تووشی خەمۆکی دەبن هەروەها کێشەی تەندروستی زیاتریان هەیە، هەبوونی هاوڕێی باش یارمەتیدەرە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کێشانەی کە دەکرێت ڕووبەڕووی منداڵان ببێتەوە.

بۆچوونی دەروونناسەکان

هاوڕێیەتی یارمەتی منداڵ دەدات لە ڕووی دەروونی، جوڵەیی و کۆمەڵایەتییەوە گەشە بکات، هەروەها یارمەتی پەرەپێدانی کەسایەتیی دەدات و دووری دەخاتەوە لە گۆشەگیری. گۆشەگیری مەترسیدارە چونکە کەسایەتی منداڵ دەگۆڕێت بۆ کەسایەتییەکی لاواز کە دەکرێت تووشی شیزۆفرینیای بکات، ئەمەش دەرئەنجامی ترس و نەبوونی متمانە بەخۆبوونە، هەروەها زاڵ دەبێت بەسەر شەرم و ترسنۆکی و ترسی کۆمەڵایەتی. هاوڕێیەتی یارمەتی منداڵ دەدات بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکانی گفتوگۆکردن. بە پێی هەموو پێوەرەکان منداڵ لە چەندین کێشە و نەخۆشی و گرێی دەروونی ڕزگار دەکات بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ منداڵدا گەشە بکات تا دەبێتە ئاڵۆزیەک کە پێویستی بە چەندین ساڵ هەیە بۆ چارەسەرکردن.

بۆچوونی شارەزایانی پەروەردە

لەبەر ئەوە پەیوەندی هاوڕێیەتی هەڵبژاردەییە، لەسەر بنەمای متمانە، لێبوردەیی، هاوبەشکردنی نهێنییەکان و گرنگیدانە بە یەکتر، بەهۆی هاوڕێیەتییەوە منداڵ فێری هەرەوەزی و کاری بە کۆمەڵ دەبێت، لە هەمان کاتدا پەرە بە کێبڕکێی ئەرێنی دەدات و هاندەری پێشکەوتن و باشتربوونە. جگە لەمانەش ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە پەرەپێدانی کەسایەتی و بەها ئەخلاقییەکان، وەک تێگەشتن لە یەکسانی، دادپەروەری، هاوکاری و بەشداریکردن.

گرنگی هاوڕێیەتی بۆ منداڵان

  • دروستکردنی پەیوەندی هاوڕێیەتی پەرە بە تواناکانیان دەدات، ئەمەش دانایی، باوەڕبەخۆبوون و ڕێزگرتن لە خۆی و کەسانی دیکە زیاتر دەکات.
  • دەرفەتی پەرەپێدانی توانای سەرکردایەتیان زیاد دەکات لەگەڵ فێربوونی چۆنیەتی مامەڵەکردن و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، بە دڵنیاییەوە ناکۆکی لە نێوان هاوڕێکاندا ڕوودەدات، ئەرکی دایک و باوک ئەوەیە فێری منداڵەکەی بکات کە چۆن بە شێوەیەکی ڕاست و دروست بەسەر ئەم ناکۆکییانەدا زاڵ بێت.
  • دەرفەتیان دەبێت بۆ دەربڕینی ترس و خەونەکانیان بۆ هاوتەمەنەکانیان، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی پەیوەندیکردنیان و کەمکردنەوەی هەستی تەنیایی.
  • یادەوەری خۆشیان دەبێت کە لە ساتە خۆش و ناخۆشەکاندا بیری لێدەکەنەوە.
  • کاتە بەتاڵەکانیان پڕ دەبێت لە چالاکییە هەرەوەزییە چێژبەخشەکان، دوور لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تر.
  • توانای بڕیاردانیان بەهێز دەبێت.
  • دەرفەتی یاریکردن بە ئازادی لەگەڵ هاوڕێکانیان یارمەتیان دەدات پەرە بە خەیاڵەکانیان بدەن کە گرنگە بۆ گەشەکردنیان.
  • دروستکردنی هاوڕێی زۆر ڕێگەیان پێدەدات فێری داب و نەریتی خێزانەکانی تر ببن، بۆیە شۆک نابن کاتێک ڕووبەڕووی دۆخێکی خێزانی نوێ و جیاواز دەبنەوە.
  • پەرەپێدانی توانا کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان، لەگەڵ فێربوونی منداڵان چۆن مامەڵە لەگەڵ دایک و باوک یان کەسانی دیکەدا بکەن، چۆن مرۆڤەکان بناسن، قسەیان لەگەڵ بکەن، چیرۆک و نوکتەیان بۆ بگێڕنەوە،  هاوکاریان بکەن، فێری ئەوە دەبن کە چۆن بە باشی سەربکەون و چۆن ڕووبەڕووی دۆڕان ببنەوە، چۆن داوای لێبوردن بکەن یان داوای لێبووردن قبوڵ بکەن، چۆن وەڵامی دەستخۆشی بدەنەوە یان سەرسامی و پێزانین نیشان بدەن، هەروەها پێویستە فێر بکرێت کە چۆن ببێتە کەسێکی ئارامگر، بەڕێز و دڵی کەسانی دیکە ڕابگرن و ببنە کەسێکی میهرەبان و خۆشەویست.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هاوڕێیەتی پەیوەندی بە ژمارەیەکی دیاریکراوەوە نییە، ڕەنگە منداڵەکەت ڕەفتاری کۆمەڵایەتی تەواو جیاواز بێت لە منداڵانی تر، بۆ نموونە منداڵەکەت پێی باشترە لەگەڵ یەک یان دوو هاوڕێی نزیکی کات بەسەر ببات لەبری هاورێی زۆر، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە منداڵەکەت هەست بە ئاسوودەیی و دڵخۆشی بکات لەگەڵ هاوڕێکانی.


سەرچاوەکان



237 بینین