مێژووی نەخشە و نەخشەسازی لە سەدەکانی ڕابردوو

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-12-26-16:17:00 - کۆدی بابەت: 11771
مێژووی نەخشە و نەخشەسازی لە سەدەکانی ڕابردوو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

مێژووی نەخشە و نەخشەسازی لە سەدەکانی ڕابردوو (بە عەرەبی: تاريخ الخرائط ورسم الخرائط في القرون الماضية، بە ئینگلیزی: History of maps and cartography in past centuriesنەخشە نواندنێکی ئەندازەیی بچوککراوەی دیاردە سروشتی و مرۆییەکانی سەر ڕووی زەوییە لەسەر ڕووی کاغەزێک، بە سوود وەرگرتن لە ڕەنگ و پیت و ھێما و ھێڵ.

مێژووی دروستبوون و سەرھەڵدانی نەخشە پەیوەستە بە مێژووی پەرەسەندی مرۆڤایەتی لەسەر زەوی، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە شوێنەوارناسان ئەنجامیان داوە گەیشتوون بەو ئەنجامەی کە مرۆڤ پێش ئەوەی فێری نووسین ببێت فێری دروستکردنی نەخشە بووە، ھەندێك لە دیاردە سروشتییە جوگرافییەکانی وەكوو چیا و دەشت و ڕووبار و دار و درەخت لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان کێشاوە بە شێوەیەکی سەرەتایی، ھەریەك لە شارستانیەتی میسۆپۆتامیا و شارستانیەتی میسڕییەکۆنەکان ڕۆڵێکی گەورەیان ھەبووە لە گرنگیدان و پێشخستنی نەخشە بە پشت بەستن بە پێوەر و ئاڕاستە.

مێژووی سەرهەڵدان و گەشەکردنی نەخشە و نەخشەسازی

زاراوەی کارتۆگرافی (علم الخرائط - Cartography) بە واتای نەخشەسازی یان نەخشەکێشان دێت زاراوەی کارتۆگرافی لە وشەیەکی لێکدراوی یۆنانی وەرگیراوە (Chart) بە واتای ڕووتەخت یان پەڕ دێت (Graphien) بە واتای کێشان (وێنە کێشان) دێت، بەم شێوەیەش وشەی (Cartographey) ھاتە ئاراوە کە بە واتای (کاری نەخشەکێشان) دێت، کەواتە نەخشە بریتییە لە بچووکردنەوەی بەشێك لە دیاردە سروشتی و مرۆییەکانی سەر ڕووی زەوی و نواندنی بە پێوەرێکی گونجاو لەسەر پارچە کاغەزێك، یان بە واتایەکی تر  هەموو ئەو کردارانە دەگرێتەوە کە ئەنجام دەدرێن بۆ دروستکردنی نەخشە، هەر  لە سەرەتای ڕووپێویکردنی زەوی تاکوو چاپکردنی نەخشە.

ئەگەر  وەکوو (وشە) لە زاراوەی نەخشە و نەخشەسازی بڕوانین نەخشە لە زاراوەی لاتینی بە (Mappa یان Mappa mundi) ناوبراوە کە بە واتای (پارچە قوماشێك بە ئەندازەی دەستە سڕێك) بێت بەڵام، وادیارە ئەم زاراوەیە بەلای ڕۆمانییەکان پەسەند نەبووە ھەربۆیە گەڕاون بۆ دۆزینەوەی زاراوەیەکی تر لە شوێنی زاراوەی (Mappa یان Mappa mundi) زاراوەی (Forma orbis pictus) یان بەکار ھێناوە ناویان ناوە نەخشە، بەڵام دواتر  (ڕاھب میکۆن) لە سانت ڕیکیر لە سەدەکانی ناوەڕاست بە دیاریکراوی لە ساڵی ٨٤٠ پێش زایین زاراوەی (Mappa mundi) تەنھا بۆ  نەخشەی جیھان بەکارهێناوە دوای چەند ساڵێك ئەم وشەیە کورتکرایەوە بوو بە (Map) کە ئێستا لە ھەموو جیھان بەم زاراوەیە باوە.

مێژووی سەرھەڵدانی نەخشە بەندە بە دروستبوون و جێگیر بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی ھەربۆیە مرۆڤ لە سەرەتای دروست بوونیەوە لەسەر زەوی ھێماکانی بەکارهێناوە بۆ ناسینەوەی دیاردەکانی دەورووبەری، لە پاشان بە تێپەڕبوونی کات و بەرەوپێشچوونی توانیویەتی نەخشە دروست بکات بە شێوەیەکی زۆر سادەوساکار بۆ نموونە نەخشەی کاستڕۆ لە سەردەمی شارستانیەتی عێراقی کۆن (بلاد مابین النهرین) نەخشەی کانزاکان لە سەردەمی شارستانیەتی میسڕییەکان دۆزراونەتەوە، سەرھەڵدانی ئەم زانستە وەکوو (لقێکی زانستی) سەربەخۆ بۆ چەند سەدەیەك بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە  بە تایبەتیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەیوەندی لەگەڵ لقە زانستییەکانی تر لە فراوانبووندابوو، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئاسۆیی نوێی کارتۆگرافی دەگەڕێتەوە بۆ چارەگی کۆتایی سەدەی بیستەم کە لەم ماوەیەدا وێنە ئاسمانییەکان (Image Satellite) و بەکارهێنانی کۆمپیوتەر بەرنامەکانی تایبەت بە ئامادەکردن و چاپکردنی نەخشە بە تاییبەتی نەخشە ژمارەییەکان.

بەرەوپێشچوونی کارتۆگرافی بەندە بە دووھۆکارەوە 

ھۆکارە بنەڕەتییەکان

کە پاڵنەرێکی گرنگ بوونە بۆ ئەوەی زانستی کارتۆگرافیا بەرەوپێش بچێت، لە پێناو گونجانی لەگەڵ ئەو گۆڕانە جیھانگیرییە کە لە ئارادایە لە ڕووی بە کارهێنانی نەخشە و پڕکردنەوەی پێداویستییە جۆراوجۆرەکان، ئەمەش سەرەرایی ئەوەی کە نەخشەی نوێ و  ورد پێویستییەکی سەرەکین لە بوارە سروشتی و مرۆییەکان و پێداویستی توێژینەوە زانستیەکان.

ھۆکارە هونەرییەکان

بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی یەکەم لە گرنگترین ئەو ھۆکارانەش بریتین لە: 

  • بەرەوپێشچوونی ڕێگاکانی چاپکردن و  بڵاوکردنەوەی نەخشەکان.
  • ڕووپێوی فۆتۆگرامەتری (Photogrammetry) پێوانەکردن لەسەر  وێنە ئاسمانیەکان.
  • بەرەو پێشچوونی ئامێرەکانی ڕوو پێوی زەوی. 
  • بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و  سیستەمی زانیاری جوگرافی و تەکنیکی ھەستکردن لە دوورەوە Geography information systems(GIS) Remote Sensing(RS) بۆ شیکردنەوەی وێنە ئاسمانییەکان و بەدەست خستنی داتا و زانیاری لەسەر دیاردە سروشتی و مرۆییەکانی زەوی بە تێچوو ماندووبوون و کاتێکی کەمتر.

مێژووی نەخشە و نەخشەسازی لە جیهاندا

١- مێژووی نەخشە و نەخشەسازی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست
وەکوو ئاشکرایە شارستانییەتە کۆنەکان بەکارهێنانی نەخشە پێداویستیەکی سەرەکیان بووە لە بواری (پلاندانانی سەربازی، ڕێگاکانی ھاتووچۆ و گواستنەوە و بازرگانی) پێویستیشیان بەو نەخشانە ھەبووە کە بە (Cadastral) ناسراون، واتە ئەو نەخشانەی کە ڕووبەریان لەسەر دەست نیشان دەکرێت بۆ  کۆکردنەوەی باج و خەراج سوودیان لێ وەرگیراوە.

٢- نەخشە و نەخشە سازی لە سەردەمی بابلیەکان
لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست شوێنەوارناسان کۆمەڵێك نەخشەی (بابلیەکانیان) دۆزیوەتەوە کە پەیوەست بوونە بە مەسەلەی موڵکایەتی و شوێن و سنووری شاری بابلی کۆن، گرنگترینیشان نەخشەی تابلۆی (جاسوورە) کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (٣٥٠٠) ساڵ پێش زایین، ئەم نەخشەیە بە کۆنترین نەخشەی کارتۆگرافی دادەنرێت کە لە تاتەقوڕێکی سوورەوەکراو پێکھاتووە ئاماژە بە شاری جاسوور دەکات لە باکووری شاری بابل کە لە ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوای چەند کەوانەیەک دەبینرێن کە ئاماژەیەکن بۆ زنجیرە چیاکان لە ڕۆژھەڵاتەوە بەرەو  ڕۆژاوا، ھەرچوار ئاڕاستەکان باکوور، باشوور ڕۆژھەڵات ڕۆژاوای لەسەر نەخشێنراوە، جگە لە بوونی زنجیرە چیا ڕووباریشی تیادا وەسفکراوە جگە لەمانەش ئەم تابلۆیە ھەندێ ناوی جوگرافی تیادا وەسفکراوە وەکوو (أرفا) کە ناوی پارێزگای کەرکووکی ئێستایە، ئەم نەخشەیە لە شاری (نوزی) باشووری کەرکووک دۆزراوەتەوە، شاری نوزی شارێکی سەردەمی (گوتییەکانە) کە دواتر بووە پایتەختی (خوورییەکان) لە نەخشەکەدا ڕێگای نێوان شارەکان و چەند ڕووبارێکی لەسەر دیاریکراوە کە پێ دەچێت یەکێک لە ڕووبارەکان زێی بچووکی (خاسە) بێت.

جگە لەم تابلۆ قوڕینییە چەندین نەخشەی تریان کێشاوە وەکوو نەخشەی ئاسمانی و (ئەستێرەناسی) دانیشتوانی میسۆپۆتامیا لە باوەڕە بوونە کە سەنتەری جیھان سەرچاوەی ڕووباری فوڕاتە، لە شاخی تۆڕۆس لە باکووری کوردستان و زەوی لە دەریا و زەریاکان جیاوازە، لەو ئاسمانەی کە دەوری زەوی داوە شێوەکەی (گومەزییە) ھەربۆیە نەخشەیەکیان بۆ جیھان بە خەتی (مێخی) کێشا تیایدا بابل و سووریا و ناوچەکانی تر لە ناوبازنەیەکدا کێشرابوون بە دەوری کەنداوی فارسی عەرەبی بابلیش کەوتبووە چەقی بازنەکە، مێژووی ئەم نەخشەیەش دەگەڕێتەوە (٤٠٠٠) پێش ئێستا. 

٣- نەخشە و نەخشە سازی لە سەردەمی میسڕییە کۆنەکان
لە کۆندا زەوییە کشتوکاڵیەکان لە میسڕ سەر بە (میری) دەوڵەت بوونە، ئەو زەویانەش دابەش کراون بەسەر چەند پارچە زەوییەکی بچووک کە لە لایەن جوتیارانەوە بەپێی ڕێژەی ئەوکات دەکێڵدران و بەرھەم دەھێنران پاشان (میری) بەشەکەی خۆی لێ ھەڵدەگرت و بەشەکەی تریش بۆ جووتیارەکان دەمایەوە، ھەربۆیە لەبەر ئەم ھۆیەو چەندین ھۆی تریش وەکو گەڕان بەدووای کانزاکان و ڕێگاکانی گەیشتن بە چاوگە کانزاییەکان لەبەر ئەم ھۆکارانە میسڕییەکان پێویستیان بەم جۆرە نەخشانە ھەبووە.

یەکەمین نەخشەش کە لە سەردەمی میسڕییەکۆنەکان دۆزرابێتەوە بریتیە لە نەخشەی سەرچاوەیەکی زێڕ لە وڵاتی (نۆبە) کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٣٢٠ پێش زاین کە تاکو ئێستاش ئەم نەخشەیە لە مۆزەخانەی تۆریۆ لە ئیتاڵیا پارێزراوە، بەڵام شوێنەوار ناسان پێیان وایە کە ئەو نەخشانەی کە لە سەردەمی بابلیەکان دۆزراونەتەوە زۆر کۆنترن بە بەراورد بەو نەخشانەی لە سەردەمی شارستانیەتی میسڕییە کۆنەکان دۆزراونەتەوە.

ئەم ھۆکارەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نەخشانەی لە سەردەمی بابلیەکان دۆزراونەتەوە لەسەر (تاتە قوڕی سوورەوەکراو) کێشراون ھەربۆیە ساڵانێکی زۆرتر بەرگەی مانەوە و شکست و لە ناوچوونیان گرتووە، بەڵام ئەو نەخشانەی کە میسڕییە کۆنەکان کێشاویانە لەسەر گەڵای ڕووەکەکان بووە وەکوو (گەڵای قامیشی) و (گەڵای زەڵ) ھەر بۆیە زۆربەیان لە ناوچوون و بەشێکی تریان بە نیوە چنی ماونەتەوە چونکە ئەم گەڵایانەی نەخشەکانیان لەسەر کێشراوە بەرگەی زۆر مانەوە ناگرێن و زووتر لە ناودەچن.

٤- نەخشە و نەخشەسازی لە سەردەمی چینییەکان
مێژوونووسی چینی (ساماشین) مێژووی کۆنترین نەخشە بۆ ساڵی (٢٢٧) پێش زاین دەگەڕێنێتەوە، ھەروەھا لە کتێبە مێژوویەکاندا واھاتووە کە یەکەمین نەخشەکێش لەو  وڵاتە (پای ھیسو) بووە یەکەم کەسیش بووە کە ھێڵی ئاسۆیی و ھێڵی ستوونی لەسەر نەخشە داناوە بۆ دیاریکردنی شوێنی دیاردە جوگرافییەکان و ماوە و دووری نێوانیان. دوای ئەمەش گەڵێک نەخشەکێش پەیدابوونە لەوانەش (سیە شوانج ٤٢١ بۆ ٤٦٦) کە نەخشەیەکی لەسەر تەختە دارێک کێشا کە ڕووبەرەکەی ١٠ پێ دووجا بوو ھەموو ھەرێمە چینیەکانی لەخۆ گرتبوو. 

٥- نەخشە و نەخشەسازی لە سەردەمی گریکییەکان (یۆنانییەکان)

نەخشە و نەخشەسازی لە سەردەمی یۆنانییەکان بە ماوەیەکی گەش و پێشکەوتوو دادەنرێت، چونکە نەخشە شێوازێکی زانستی وەرگرتووە و بە جۆرێک کە (ھێڵەکانی درێژی و بازنەکانی پانی (تۆڕی نەخشە) لەسەر نەخشەکان چەسپێنراوە، بێگومان ئەمەش بۆ دیاریکردنی شوێنگەی فەلەکی دیاردەکان بووە جگە لەمانەش چەندین نەخشە کێشراوە بۆ نموونە ئەو نەخشەیەی کە (ھۆمیرۆس) بۆ جیھان کێشاویەتی، ئەو نەخشەیەی کە (بەتلیمۆس) بۆ جیھان کێشاویەتی، ئەو نەخشەیەی کە (ھکاتایوس) بۆ جیھان کێشاویەتی کە ئەورووپا و ئاسیا لە یەکتر جیادەکاتەوە لە ڕێگای گەرووی دەرەنیل و دەریای ڕەش و شاخی قەوقاز و دەریای قەزوین جیادەکاتەوە نەخشەکە بە شێوەیەکی بازنەیە کە ناوەندی نەخشەکە (دلفی)یە کە دەکەوێتە ناوەڕاستی یۆنانەوە بە پێی ئەم نەخشەیە بێت دەریای قەزوین نوساوە بە زەریاکانی دەوروبەری.

٦- نەخشە و نەخشەسازی لە سەردەمی عەرەبەکان
نەخشە لە سەردەمی عەربەکانیش تاکوو ڕادەیەکی زۆر پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، زۆر لایەنی نەخشە چاککاری و جێ پەنجەی عەرەبەکانی پێوەدیارە بە تایبەتی لە دوای دەرکەوتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و فراوانکردنی وڵاتی ئیسلامی و سەردەمی (الفتوحات) عەرەبەکان سوودی زۆریان لە پاشماوەی ئەغریقی و  یۆنانییەکان بینیوە، زانستی نەخشەش یەکێک لەو دەستکەوتانەیە. یەکەمین نەخشەش کە لای عەرەبەکان ناوبانگی دەرکرد ئەو نەخشەیەبوو کەوا (حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی لە ساڵی ٨٩ ك - ٧٠٨) فەرمانی دا بەسەرکردە (قوتبیەیی کوڕی موسلیمی باھی) کاتێک کە وڵاتی ئەودیو ڕووباری (بلاە ماوراء النھر) ی فەتح کرد کەوا (صورة)یەکی ئەو ناوچەیەی بۆ بنێرێت لە دوای ئەمەش زانایان و نەخشەکێشان بەردەوام بوونە لە پەرەپێدانی ئەم زانستە تاوەکوو وردەوردە ڕێڕەوی خۆی گرتەبەر و زیاتر پێشکەوت.

٧- نەخشە و نەخشەسازی لە سەدەکانی ناوەڕاست لای ئەورووپیەکان
دوای کۆتایی ھاتنی یۆنانییەکان (گریکییەکان) ئیمپڕاتۆریەتی (ڕۆما) پەیدابوو، بەڵام لەگەڵ ئەو ھەموو دەست ھەڵات و بەرفراوانییەی ئیمڕاتۆریەتی ڕۆمەکان کەچی زانستی نەخشە ھیچ پێشکەوتنێکی بە خۆیەوە نەبینیوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ھەروەکوو سەردەمی بابلی و میسڕییەکۆنەکان نەخشەی ئاسایی بوونە و بازنەیەکیان دەکێشا تەنانەت تۆڕی نەخشە (ھێڵەکانی درێژی و بازنەکانی پانی)شیان پشت گوێ خستبوو کە لە لایەن ئەغریقیەکانەوە سەری ھەڵدابوو، ئەم دواکەوتنەش لە سەدەکانی ناوەڕاستدا تا ماوەیەک بەردەوام بوو، مێژوو نووسان ھۆکاری ئەم دواکەوتنەی زانستی نەخشە لە سەردەمی ڕۆمانییەکان دەگێڕنەوە بۆ  لایەنی ئایینی، چونکە ئەوکات ئایینی مەسیحی باڵا دەست بووە نەخشەکانیش زۆر سادە بوونە زیاتر شێوەیان بە لە (خاچ) دانی حەزرەتی مەسیح دەچوو لەگەڵ ئەوەشدا لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست لە  ئەورووپا ھەندێك نەخشەی دەریای ڕەش و دەریای ناوەڕاست و کەناراوەکانی ئەورووپای ڕۆژاوا و ئەفریقا کەوتنە بەردەست، لە دوایشدا نەخشەی کەناراوەکانی هەردوو ئەمریکای باکوور و باشوور دۆزراونەتەوە. 

ھەندێك لە سەرچاوە مێژوویەکان پێیان وایە کە ئەو نەخشە کەناراوی و دەریاییانە لە ھەردوو بەندەری (جنوە و البندقیە)ی ئیتاڵیا سەریان ھەڵداوە لە ژێر ناوی (وێنەکانی پۆڕتۆلانۆی دەریای) کە بەناوبانگ بووە بە کاروباری بازرگانی و دەریای، لە بەناوبانگترین ئەو عەرەبە موسڵمانانەی لە بواری نەخشە و نەخشەسازی کاریان کردووە بریتین لە:

  • ئبن حوقل کە نەخشەی ھەموو جیھانی کێشاوە.
  • ئبن حوقل کە نەخشەی کوردستانی کێشاوە. 
  • ئیدریسی کە نەخشەی ھەمووی جیھانی کێشاوە.
  • الاصطغری ھەرێمەکانی سنووری دەوڵەتی ئیسلامی دیاریکردووە.

٨- مێژووی نەخشە و نەخشەسازی لە کوردستان
کوردستانیش بێ بەش نەبووە لە کارکردن لە بواری زانستی کارتۆگرافی، ھەرچەندە ئەگەر بە شێوەیەکی سەرەتاییش بێت، بۆ نموونە یەکەمین کاری ئەتڵەسی لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ بووە کە پیشانگای یەکەمی (ئەتڵەسی کوردستانی باشوور) لە قەزای شەقڵاوە کرایەوە کە لە ١٨ نەخشە پێکھاتبوو، ھەروەھا لە ساڵی ١٩٩٢ پیشانگای دووەمی (ئەتڵەسی کوردستانی باشوور) لە ھەولێر کرایەوە کە ٣٢ نەخشەی جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو لە لایەن (سەردار محمد) ئەوەبوو کە ئەتڵەسی (ھەرێمی کوردستانی عێراق - عێراق و جیھان) بڵاوکرایەوە، پێش ئەم ئەتڵەسەش ئەتڵەسی کەرکووك بە ھەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لە لایەن لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بە عەرەبکردنی کوردستان بڵاوکرایەوە. 

٩- ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی نەخشە
ھەموو نەخشەیەك لە ڕووی کارتۆگرافییەوە پێویستە ئەم ڕەگەزە بنەڕەتیانەی بە شێوەیەکی زانستی لەسەر  دیاریکرابێت کە بریتین لە:

  • ناونیشانی نەخشە 
  • کلیلی نەخشە 
  • پێوەری نەخشە 
  • ئاڕاستەی نەخشە 
  • چوارچێوەی نەخشە 
  • تۆڕی نەخشە (بازنەکانی پانی و ھێڵەکانی درێژی)


سەرچاوەکان



916 بینین