بۆبی فیشەر

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-01-18-23:55:00 - کۆدی بابەت: 11864
بۆبی فیشەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆبی فیشەر (بە عەرەبی: بوبي فیشر، بە ئینگلیزی: Bobby fischer) ناوی تەواوی ڕۆبەرت جەیمس فیشەرە، یاریزانێکی بە توانای شەتڕەنجی ئەمریکی بوو و یازدەیەمین پاڵەوانی شەتڕەنجی جیهانیی بوو. بلیمەتێکی شەتڕەنج بوو و لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا یەکەمین ڕیکۆردی تۆمارکرد و پلەی هەشتەمی بەدەستهێنا لە پاڵەوانێتی شەتڕەنجی ئەمریکادا. فیشەر چەندین داهێنانی دیاری کردووە لە شەتڕەنجدا. کتێبێکی نووسیوە بە ناوی (ئەو ٦٠ یارییەم کە لەبیر ناکرێن)، لە ساڵی ١٩٦٩دا بڵاوی کردەوە و لە ئەدەبیاتی شەتڕەنجدا بە یەکێک لە کتێبە پێویستەکان دادەنرێت بۆ خوێندنەوە، داهێنانێکی تری دانانی سیستمی کات بوو بۆ یارییەکە دوای هەر جووڵەیەک. هەروەها شەتڕەنجی هەڕەمەکی فیشەری داهێنا کە بە شەتڕەنج ٩٦٠یش ناسراوە، جۆرێکی شەتڕەنجە یاساکانی هەروەکوو شەتڕەنجی ئاسایییە بەڵام شوێنی پارچەکان بە هەڕەمەکی دادەنرێن. فیشەر لە ڕێکەوتی ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨ لە تەمەنی ٦٤ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

زانیاری گشتی

ناوی تەواو

ڕۆبەرت جەیمس فیشەر

وڵات

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

لەدایکبوون

٩ی ئازاری ١٩٤٣

شیکاگۆ، ئیڵینۆیس، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

مردن

١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨، تەمەنی ٦٤ ساڵی

ڕێکیەڤیک، ئایسلەندا

ناونیشان

گراندماستەر (١٩٥٨)

پاڵەوانی جیهان

١٩٧٢ - ١٩٧٥

ژیاننامە

ڕۆبەرت جەیمس فیشەر لە شیکاگۆ، ئیڵینۆیس، لە ڕێکەوتی ٩ی ئازاری ساڵی ١٩٤٣ لەدایکبووە. کاتێک منداڵ بووە دایک و باوکی لەیەکتر جیابوونەتەوە و لە دوای ئەوەی جۆونی خوشکە گەورەی سێتێکی شەتڕەنجی بۆ هێناوە لە تەمەنی شەش ساڵیدا دەستی کردووە بە فێربوونی شەتڕەنج. لە یانەی شەتڕەنجی مانهاتن و برۆکڵن بەردەوام بوو لە بەرەوپێشبردنی تواناکانی یاریکردنی. فیشەر پەیوەندییەکی پڕ لە گرژی لەگەڵ دایکیدا هەبوو، کە پاڵپشتی دەکرد لە هەوڵەکانی بۆ فێربوونی شەتڕەنج بەڵام وای پێباشتر بوو کە بە دوای بواری دیکەدا بڕوات.

فیشەر یاریزانێکی بلیمەتی کێبڕکێکار بوو کە لەناو یاری شەتڕەنجدا خۆی ون کرد. بە ڕێژەی زیرەکی ١٨١ـەوە، لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا ڕیکۆردێکی تۆمارکرد و توانی ببێتە گەنجترین یاریزان کە بتوانێت پاڵەوانێتی شەتڕەنجی ئەمریکا بباتەوە. پاشان لە ساڵی ١٩٥٨دا و لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا، بوو بە گەنجترین گراندماستەری نێودەوڵەتی لە مێژوودا بە بەدەستهێنانی پلەی شەشەم لە پاڵەوانێتییەک لە پۆرتۆرۆز، یوگۆسلەیڤیا (ئێستا سلۆڤینیایە).

یاریی سەدە

لە ماوەی سەرەتاکانی ساڵانی ١٩٦٠ـەکاندا، فیشەر بەردەوام بوو لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکانی ئەمریکا و جیهاندا بەڵام بەهۆی لێدوانە نامۆ و پارانۆیییەکانییەوە ناوبانگی بۆ خۆی پەیداکردبوو. دوای ئەوەی ٢٠ یاری لەسەر یەک لە سەرەتاکانی ساڵانی ١٩٧٠ـاکاندا بردەوە، و لە ساڵی ١٩٧٢دا بە بەزاندنی بۆریس سپاسکیی یاریزانی یەکێتی سۆڤیەت لە ڕێکیەڤیک لە پاڵەوانێتی جیهانیی ئاسلەندادا، فیشەر دووبارە مێژووی بۆ خۆی تۆمارکرد و ئەمەش کردی بە یەکەمین یاریزانی شەتڕەنجی ئەمریکی کە ئەو نازناوە بباتەوە. بەزاندنی یەکێتی سۆڤیەت لە لایەن فیشەرەوە کە نازناوی "یاریی سەدە"ی لێنرا، لە ناوجەرگەی جەنگی سارددا کاریگەرییەکی دیاری هەبوو و بە هێمای سەرکەوتنی دیموکراسیەت بەسەر کۆمیونیزمدا لێی دەڕوانرا. بردنەوە مێژوویییەکەی فیشەر واشی کرد کە شەتڕەنج ببێتە یارییەکی بەناوبانگ لە ئەمریکا.

سەرەڕای ناوبانگە جیهانیییەکەی، ڕەفتارە سەیر و جێ مشتومڕەکانی فیشەر بەردەوام بوو لەوەی ببێتە سەرهەواڵ. لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٧٠ـاکاندا ڕەتی کردەوە بەرانبەر ئاناتۆلی کارپۆڤ یاری بکات، کە ڕکابەری نازناوەکەی بوو، بەو هۆیەوە نازناوی پاڵەوانێتییەکەی لە لایەن فیدراسیۆنی شەتڕەنجی نێودەوڵەتییەوە لێسەنرایەوە. فیشەر ماوەیەک لە لۆس ئانجڵس بێماڵ بوو و سەرەڕای ئەوەی دایکی جوولەکە بوو، خۆی بەوە ناسرابوو قسەی زۆری بە جوولەکەکان دەوت و لە دژیان بوو.

لە یادی ٢٠ ساڵەی یارییە بەناوبانگەکەی فیشەر/سپاسکیدا، هەردووکیان لە ساڵی ١٩٩٢دا دووبارە لە یوگۆسلەیڤیا کۆبوونەوە تا یارییەک لەسەر پێنج ملیۆن دۆلار بکەن. هەرچەندە ئەو کاتە گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە بۆ هاوڵاتییە ئەمریکییەکان قەدەغە بوو، بەڵام فیشەر چوو بۆ ئەوێ و یارییەکەشی بردەوە، بە شێوەیەکی نافەڕمی بووەوە بە پاڵەوانی جیهان. ئەم کارەی بوو بە هۆی ئەوەی گرژی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکادا دروست بکات کە ئاگاداریان کردەوە لەوەی بەشداریکردنی لەو یارییەدا پێشێلکردنی یاسای جێبەجێکردنە کە بۆ ئابڵوقە خستنە سەر یوگۆسلەیڤیا دەرکرابوو. لە دەرئەنجامدا حکومەتی ئەمریکا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ فیشەر دەکرد. فیشەر بەردەوام بوو لە ژیانکردنی لە دەرەوەی وڵات بۆ چەندین ساڵ تا خۆی بە دووربگرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی تۆمەتە تاوانکارییەکانی لە ئەمریکا، کە لەو ماوەیەشدا بەردەوام بوو لە لێدوانە دژە جوولەکەیییەکانی، و لە پەخشێکی ڕادیۆییدا لە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠٠١ پاڵپشتی لە هێرشەکانی ١١ی ئەیلوول کرد بۆ سەر تاوەری بازرگانی جیهانیی.

لە مانگی حەوتی ساڵی ٢٠٠٤، فیشەر لە فرۆکەخانەی ژاپۆن دەستبەسەرکرا بەهۆی ئەوەی دەیویست بە پاسپۆرتێکی ناکاراوە گەشت بکات کە لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە لە کار خرابوو و چەندین مانگ زیندانی کرا. لە کۆتاییدا مافی هاوڵاتیبوونی لە لایەن ئایسلەنداوە پێبەخشرا و لە ساڵی ٢٠٠٥ ڕۆشت لەوێ نیشتەجێبوو.

ژیانی تایبەت

حەزی فیشەر بۆ شەتڕەنج زۆر گرنگتر بوو بەلایەوە وەک لە قوتابخانە، ئەمە گەیشتە خاڵێک کە ئەو کاتەی گەیشتە پۆلی چوار، شەش قوتابخانەی گۆڕیبوو. فیشەر لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا وازی لە خوێندنی ئامادەیی هێنا و دواتر ئاماژەی بەوەدا کە "لە قوتابخانە فێری هیچ نابیت".

میۆکۆ واتای، خانمێکی پاڵەوانی شەتڕەنجی ژاپۆنی و سکرتێری گشتیی فیدراسیۆنی شەتڕەنجی ژاپۆنی، بانگەشەی ئەوەی دەکرد لە ساڵی ٢٠٠٤دا لەگەڵ فیشەردا هاوسەرگیریان کردووە. لە ساڵی ٢٠١١دا دادگای ئایسلەندا ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە واتای بێهاوژینی فیشەرە و تاکە میراتگری سامانەکەی فیشەرە.

مردن

فیشەر لە ١٧ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٨، بەهۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکانی لە ڕێکیەڤیک لە ئایسلەندا کۆچی دوایی کرد.

کتێب و فیلمەکان دەربارەی ژیانی فیشەر

چەندین کتێب و فیلم لە بارەی ژیان و پیشەی فیشەرەوە هەن. فیشەر خۆی بە چەند کتێبێک ناسراوە کە بریتین لە: (Bobby fischer teaches chess 1966، My 60 memorable games 1969). هەروەها کتێبە ژیاننامەیییەکان لە بارەی ئەم کەسایەتییە ناودارەوە بریتین لە: (Endgame: Bobby fischer’s remarkable rise and fall لە لایەن فرانک برادی ٢٠١١، کە هاوڕێی منداڵی فیشەر بوو. لەم کتێبەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بۆبی فیشەر بە هیچ شێوەیەک شیزۆفرینیای نەبووە و هەرگیز بە تەواوی بەو حاڵەتە دەستنیشان نەکراوە، بەڵكوو تەنها کێشە و زەبری دەروونیی منداڵی هەبووە. کەسێک بووە تێگەیشتن لێی زەحمەت بووە و لە ناخەوە کەسێکی خەمخۆر و هەستیار بووە.

 فیلـمێکی بەڵگەنامەیی بە ناوی (Bobby fischer against the world)، کاری دەرهێنانی لە لایەن لیز گاربەسەوە بۆ کراوە و ساڵی ٢٠١١ بڵاوکراوەتەوە. فیلمی (Pawn sacrifice) فیلمێکە سەرنجی لەسەر یارییە شەتڕەنجەکانی فیشەر و سایکۆلۆجیای ئەم کەسە بلیمەتە سەر بەکێشەیەیە، لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٤ لە فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی لە تۆرۆنتۆ بۆ یەکەم جار نمایشکرا.


سەرچاوەکان



216 بینین