مۆرفین

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-02-08-14:28:00 - کۆدی بابەت: 11943
مۆرفین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مۆرفین (بە عەرەبی: المورفین، بە ئینگلیزی: Morphine) مادەیەکی بێهۆشکەری بەهێزە کە لە سروشتدا لەناو ئەفیوندا دەدۆزرێتەوە، پێکهاتەیەکی ڕەنگ  قاوەیی تۆخە لە ئەنجامی وشکبوونەوەی دەردراوی ڕووەکیی خشخاشەوە (Papaver somniferum) دروست دەبێت. بە شێوەیەکی گشتی وەکوو ئازارشكێن بەکاردێت. چەندین ڕێگا هەیە بۆ بەکارهێنانی مۆرفین: لە ڕێگەی دەم، بە دەرزی دەخرێتە ژێر زمان، هەناسەدان، دەرزی ماسولکە، دەرزی ژێرپێست، یاخوود دەرزی بۆ ناو ناوچەی بڕبڕەی پشت و بە شێوەی شاف لە ڕێگەی کۆمەوە. ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر ناوەندە کۆئەندامی دەمار (CNS) و ئازار کەمدەکاتەوە و وەڵامدانەوەی سۆزەکی بۆ ئازار دەگۆڕێت.

ناوە بازرگانییەکانی بریتین لە:

Statex, MS Contin, MST Continus, Oramorph, Sevredol, Arymo, Avinza, Doloral, Duramorph, Embeda, Infumorph, Kadian, M-ediat, M-eslon, MSIR, Mitigo

مۆرفین

مۆرفین ئازارشکێنێکی بەهێزە. بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی ئازاری زۆر، بۆ وێنە دوای نەشتەرکاری یان برینێکی مەترسیدار، یاخوود بۆ چارەسەرکردنی ئازار بەهۆی شێرپەنجە یان جەڵتەی دڵ. لە هەمان کاتدا مۆرفین دەتوانرێت بۆ ئازاری درێژخایەن بەکاربهێنرێت لە کاتێکدا ئازارشکێنەکانی تر چیتر کاریگەرییان نییە.

مۆرفین تەنها بە رەچەتەی پزیشکی دەتوانرێت بەکاربهێنرێت. بە شێوەی حەپ، گولاج، پێکهاتەی وشکی دەنکۆڵەدار هەن کە دەتوانرێت لە ئاودا بتوێنرێتەوە، هەروەها بە شێوەی شلیش هەیە بۆ ئەوەی قوت بدرێت یاخوود بە دەرزی بکرێتە جەستەی کەسەکەوە. لێدانی مۆرفین بە شێوەی دەرزی تەنها لە نەخۆشخانەکاندا ئەنجام دەدرێت.

لە نێوان ساڵانی ١٨٠٣ بۆ ١٨٠٥دا، دەرمانسازی ئەڵمانی فریدریک سێرتەرنەر بۆ یەکەمجار مۆرفینی لە ڕووەکی خشخاشەوە دەرهێنا. گرووپی مێرک لە ساڵی ١٨٢٧دا دەستی کرد بە ڕیکلامکردنی بازرگانی بۆی. مۆرفین لە دوای داهێنانی سرنج بەکارهێنانی زیادتر بوو لە ساڵانی ١٨٥٣ بۆ ١٨٥٥. سێرتەرنەر لە سەرەتادا ناوی نا مۆرفیەم، بە ناوی خواوەندی خەونی یۆنانییەکانەوە کە ناوی مۆرفیەس بوو و توانای خەواندنی هەبوو.

مۆرفین چۆن کاردەکات؟

مۆرفین ڕاستەوخۆ کار لەسەر وەرگرەکانی ئۆپیۆید دەکات لە ناوەندە کۆئەندامی دەماردا. هەستی هەستکردن بە ئازار کەمدەکاتەوە بە پچڕاندنی ئەو شێوازەی دەمارەکان ئاماژەی ئازاری پێدەکەن لە نێوان مێشک و جەستەدا.

بەکارهێنانەکانی مۆرفین

مۆرفین بۆ چارەسەرکردنی ئازاری تووند بەکاردەهێنرێت، وەکوو:

  • زەبرێکی توند
  • نەشتەرکاری
  • ئازاری ژانی منداڵبوون
  • ئازاری شێرپەنجە

مۆرفین تەنها کاتێک دەبێت بەکاربهێنرێت کە ئازارشکێنەکانی تر سەرکەوتوو نەبوون لە ڕەواندنەوەی ئازارەکەدا یانیش نەتوانیت بەکاریان بهێنیت.

کێ دەتوانێت بەکاری بهێنێت؟

زۆربەی منداڵان و کەسانی پێگەیشتوو دەتوانن بەکاریبهێنن، سەرەڕای ئەوەش منداڵی ساوا، منداڵی بچووک و کەسە بەتەمەنەکان دەکرێت کاریگەری لاوەکیان لەسەر دەربکەوێت.

ئەو کەسانەی ئەم کێشانە (حاڵەتانەیان) هەیە ناتوانن مۆرفین بەکاربهێنن:

  • کێشەی سییەکان و قورسی هەناسەدان
  • ئالوودەبوون بە خواردنەوە کحولییەکان
  • ئەو حاڵەتانەی دەبنە هۆی نۆرەفێ
  • برینی مەترسیداری سەر
  • غودەی تەمەڵ
  • کێشەی ڕژێنی ئەدریناڵ
  • کێشەی گورچیلە و جگەر
  • گەورەبوونی پرۆستات
  • نزمی فشاری خوێن
  • نەخۆشیی Myasthenia gravis (حاڵەتێکی دەگمەنە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ماسولکەکان)
  • هەوڵدان بۆ دووگیانبوون، یاخوود دووگیانی و شیرپێدان

ژەمەکان و بەهێزییان

  • حەپی ستاندارد: بڕی ١٠، ٢٠ یان ٥٠ میلیگرام مۆرفین لەخۆدەگرن.
  • ئەو حەپانەی بە هێواشی کاردەکەن: بڕی ٥، ١٠، ١٥، ٣٠، ٦٠، ١٠٠ یان ٢٠٠ میلیگرام مۆرفین لەخۆدەگرن.
  • ئەو گولاجانەی بە هێواشی کاردەکەن: بڕی ١٠، ٣٠، ٦٠، ٩٠، ١٠٠، ١٢٠، ١٥٠ یان ٢٠٠ میلیگرام مۆرفین لەخۆدەگرن.
  • شێوەی وشکی دەنکۆڵەدار (کە دەخرێتە ئاوەوە و دواتر دەخورێتەوە): بڕی ٢٠، ٣٠، ٦٠، ١٠٠ یان ٢٠٠ میلیگرام مۆرفین لەخۆدەگرن.
  • بە شێوەی شل بۆ قوتدان: بڕی ١٠میلیگرام مۆرفین لە کەوچکێکی پێنج میلیلتر یان ٢٠ میلیگرام لە یەک میلیلتر شلەدایە.
  • دەرزی (عادەتەن لە نەخۆشخانەکان لە کەسەکە دەدرێت).

زۆر گرنگە ئەو حەپ و گولاجانەی کە بە هێواشی کاردەکەن یەکسەر قوت بدرێن لەگەڵ پەرداخێک ئاودا و بە هیچ شێوەیەک نەشکێنرێن، چونکە کە شکێنرا بە هێواشی بە جەستەدا بڵاونابێتەوە و هەموو ژەمەکە بە خێرایی دەچێتە جەستەوە و دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی کوشندە.

لە هەر کاتێکی ڕۆژەکەدا بێت دەتوانیت مۆرفین بەکاربهێنیت، بەڵام وا باشترە کە هەموو ڕۆژێک لە هەمان کاتدا بیانخۆیت. بۆ نموونە ئەگەر لە ڕۆژێکدا دوو جار مۆرفین وەردەگریت، با یەکەم ژەم لە کاتژمێر هەشتی بەیانی بێت و دووەم دانە کاتژمێر هەشتی ئێوارە بێت.

  • حەپی ئاسایی چوار بۆ شەش جار لە ڕۆژێکدا دەخورێت.
  • پێکهاتەی دەنکۆڵەدار، حەپ و گولاج کە بەهێواشی بڵاودەبنەوە جارێک یان دوو جار لە ڕۆژێکدا دەخورێت.
  • مۆرفین بە شێوەی شل، چوار بۆ شەش جار لە ڕۆژێکدا بەکاردەهێنرێت.

ماوەی بەکار‌هێنانی مۆرفین بە گوێرەی هۆکارەکەی دەگۆڕێت، لەوانەیە وا پێویست بکات تەنها بۆ ماوەیەکی کەم بەکاربهێنرێت. بۆ نموونە، کاتێک ئازارت هەیە دوای برینێکی سەخت یان نەشتەرکارییەک، لەوانەیە تەنها بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک یان چەند هەفتەیەک پێویستت بە وەرگرتنی مۆرفین هەبێت.

لە کاتی لەبیرچوونی ژەمێکدا، کاریگەرییەکەی بە پێی جۆری مۆرفینەکە دەگۆڕێت، ئایا دەرزییە، حەپە یان هتد. ئەگەر ژەمێکت لەبیرکرد، سەیری نامیلکەی ناو پاکەتەکە بکە یان پرسیار لە دەرمانساز یاخوود دکتۆرەکە بکە بۆ ڕاوێژ. هەرگیز لە هەمان کاتدا دوو ژەم مەخۆ بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ژەمەی لەدەستتچووە.

وەرگرتنی مۆرفین بە ڕێژەی زیاد لە پێویست دەکرێت مەترسیدار بێت. ئەگەر ژەمی زیاد لە پێویستت وەرگرت هەست بە خەواڵوویی یان سەرگێژخواردن دەکەیت. لەوانەیە نەتوانیت بە باشیش هەناسە بدەیت. لە حاڵەتە مەترسیدارەکاندا دەکرێت بێهۆشیش ببیت.

کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر مۆرفین بەکاردەهێنیت جەستەت بە هەبوونی ڕادێت، ئەمە خۆی لە خۆیدا کێشەی نییە بەڵام کە لەناکاو لە بەکارهێنانی دەوەستیت ئەو کاتە هەست بە ناڕەحەتی دەکەیت. لە کاتی وازهێنان لە بەکارهێنانی مۆرفیندا، سەرەتا ڕاوێژ بە دکتۆرەکەت بکە. ژەمی بەکارهێنانەکەی دەکرێت پلەپلە کەم بکرێتەوە و بەم شێوەیە نیشانەکانی وازهێنان زۆر ناڕەحەتت ناکات.

نیشانەکانی وازهێنان بریتین لە:

کاریگەرییە لاوەکییەکان

وەکوو هەموو دەرمانێکی تر، مۆرفین لە هەندێک کەسدا کاریگەری لاوەکی دروست دەکات، بەڵام لە هەندێک کەسیشدا کاریگەری دروست ناکات یاخوود زۆر کەمە کاریگەرییەکان.

کاریگەرییە لاوەکییە باوەکان بریتین لە:

کاریگەرییە لاوەکییە مەترسیدارەکان:

  • ڕەقبوونی ماسولکە
  • هەستکردن بە گێژبوون ، ماندوێتی و بێ وزەیی، ئەمانە دەکرێت نیشانەی نزمبوونەوەی فشاری خوێن بن.

لە حاڵەتی دەگمەنیشدا لەوانەیە کاردانەوەی هەستیاریی مەترسیدار بۆ مۆرفین دروست ببێت.

کاریگەرییە لاوەکییە درێژخایەنەکان:

ئەو کەسانەی کە حاڵەتێکیان هەیە و پێویستی بە بەکارهێنانی ئازارشکێن هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر، پێویستیان بەوەیە بۆ ماوەیەکی زۆر مۆرفین بەکاربهێنن. ئەگەر پێویست بوو بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاری بهێنیت، ئەوا جەستەت پێی ڕادێت. ئەمەش واتا بە پێی تێپەڕبوونی کات پێویستت بە ژەمی زیادترە بۆ ئەوەی ئازارەکە بڕەوێتەوە. ئالوودەبوون بە مۆرفین یەکێکە لە کاریگەرییە لاوەکییە درێژخایەنەکان، لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت ئەو ژەمەی کە بۆت نووسراوە چاودێری بکرێت تا ئەوە دڵنیابکرێتەوە کە تەنها ئەو بڕە بەکاردەهێنیت کە پێویستتە. مۆرفین مادەیەکی زۆر ئالوودەکەرە. چەندین توێژینەوە هەن لەو بارەیەوە و لە توێژینەوەیەکی The Lancetدا، مۆرفین/هیرۆیین بە یەکەم مادەی ئالوودەکەر دانراوە، بە دوایدا کۆکایین، نیکۆتین، باربیتورەیت و ئیثانۆل بە دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنجەم مادەی ئالودەکەر دانراون، یەک بە دوای یەک.

دووگیانی، شیردان و توانای منداڵخستنەوە لە کاتی بەکارهێنانی مۆرفیندا

لە کاتی دووگیانی و ئازاری زۆردا دەکرێت لە نەخۆشخانە، دکتۆر خۆی مۆرفین بدات بە نەخۆشەکە. لە هەمان کاتدا بەکارهێنانی مۆرفین بۆ ماوەیەکی درێژ لە کاتی دووگیانیدا پەسەند نییە. بەکارهێنانی مۆرفین لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا کاردەکاتە سەر گەشەی کۆرپەلە و لە کۆتایی دووگیانیشدا مەترسی هەیە کە منداڵە ساواکە نیشانەکانی وازهێنان لە مۆرفینی لەسەر دەربکەوێت.

زۆرکات مۆرفین لە کاتی ژاندا دەدرێت بە خانمە دووگیانەکە و کێشە بۆ منداڵە ساواکە دروست ناکات. کاتێک منداڵە ساواکە تەندروست بێت، دایکەکە دەتوانێت لە کاتی شیرپێداندا مۆرفین بەکاربهێنێت بەڵام وا باشترە بە ڕێژەیەکی کەم بێت و بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت. هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی مۆرفین کاربکاتە سەر توانای منداڵخستنەوە لە پیاواندا، بەڵام لە ژناندا دەکرێت کاربکاتە سەر سوڕی مانگانە.

پوختە

  • مۆرفین ئاماژەکانی ئازار دەوەستێنێت کە لە دەمارەکانەوە بەرەو مێشك دەڕوات.
  • باوترین کاریگەرییە لاوەکییەکانی مۆرفین، قەبزی، هێڵنجدان و ڕشانەوە و خەواڵوویییە.
  • مۆرفین دەکرێت ئالوودەکەر بێت، بەڵام دکتۆرەکەت دەبێت چۆنیەتی کەمکردنەوەی مەترسییەکانت بۆ ڕوون بکاتەوە.
  • وا باشترە لەگەڵ بەکارهێنانی مۆرفیندا خواردنەوە کحولییەکان نەخورێنەوە.


سەرچاوەکان



470 بینین