هاوسەنگی هێز

له‌لایه‌ن: - ژیوار صلاح ژیوار صلاح - به‌روار: 2024-02-25-14:33:00 - کۆدی بابەت: 12022
هاوسەنگی هێز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هاوسەنگی هێز (بە عەرەبی: توازن القوی، بە ئینگلیزی: Balance of power)، بریتیە لە سیستەم یان ڕوانگەیەکی سیاسی لەنێوان کۆمەڵێک وڵاتدا، کە وڵاتێک یان کۆمەڵە وڵاتێکی هاوپەیمان ڕێگەیان پێنادرێت بە تەنها بەسەر جیهاندا زاڵ بن و توانا سەربازی و ئابوورییەکان بقۆزنەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتانی دیکە، سەپاندنی ئیرادەی خۆیان بەسەریاندا و هەڕەشە و دەستوەردان لە دژی بەرژەوەندییەکانیان.

مەرجە هاوبەشەکانی سیستەمی  هاوسەنگی هێز

١-کۆمەڵێک دەوڵەتی سەربەخۆی خاوەن سەروەری کە لەلایەن هیچ دەسەڵاتێکی ناوەندی شەرعییەوە سنووردار نەکراون.
٢-کێبڕکێی هەمیشەی لەکاتی چاودێریکردنی هەر سەرچاوە یان بەهایەکی ناکۆک.
٣- حاڵەتی یەک جەمسەری، دۆخێکە کە زلهێزێکی گەورە دەسەڵاتی خۆی بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتیدا دەسەپێنێت.
٤-دوو جەمسەری، کە تیایدا دوو وڵات نزیک و یەکسانن لە ڕووی دەسەڵات، ئابووری، هێزی سەربازی.
٥-فرە جەمسەری، کە تێیدا لانیکەم سێ زلهێز لە سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ناوەندن.
٦-نایەکسانی لە دابەشکردنی پێگە و سامان و توانای دەسەڵات لە نێوان وڵاتاندا.

جۆرەکانی هاوسەنگی هێز

هاوسەنگی  هێزی فرە جەمسەری

هاوسەنگییەکە کە لە چەندین هێز پێکدێت کە کار بۆ هاوسەنگی یەکتر دەکەن، هیچ سنوورێک بۆ ژمارەی هێزەکان لەم جۆرەدا نیە. هاوسەنگی هێزی فرە جەمسەری چەندین تایبەتمەندی هەیە وەک:

  • ژمارەی لایەنەکانی لە سێ لایەن کەمتر نیە.
  • سروشتی ڕکابەری، ئەم تایبەتمەندییە جەوهەرییە کە دەبێتە هۆی سەقامگیری و ئارامی.
  • پێشکەشکردن و قبوڵکردنی بنەماکانی کێبڕکێ و ڕێسا یاسایی پەسەندکراو لەلایەن هەموو لایەنەکانی هاوسەنگییەکەوە.
  • گەیشتن بە سەقامگیری و ئاشتی.

هاوسەنگی سادە (هاوسەنگی دووانە)

ڕوونترین وێنەی ئەم هاوسەنگییە کاتێک ڕوودەدات کە دوو وڵات یان دوو بلۆکی دژ بەیەک لە دۆخێکی یەکسانی ڕێژەییدان لە هێزدا، بەڵام دەکرێت لە نێوان دوڵاتیشدا بە شێوەی هاوسەنگی ناوچەیی بێتە ئاراوە. تایبەتمەندییەکانی هاوسەنگی سادە بریتین لە:

  • زۆر جار وە دەرئەنجامێکی حەتمی هاوسەنگییەکی ئاڵۆزی هێز سەرهەڵدەدات.
  • هاوسەنگی سادەی هێز قۆناغی نزیکبوونەوە بەرەو شەڕ پێکدەهێنێت.
  • ئەم جۆرە هاوسەنگییە تەنها مەوەیەکی کورتخایەنی سەقامگیری دروست دەکات، کە ماوەی پێویستە بۆ ئامادەکاری بۆ شەڕ، ئەم شێوازەی سەقامگیری بە گێژاو و دڵەڕاوکی تایبەتمەندە بەبێ ڕەچاوکردنی ماوەکەی بەو پێیەی هاوپەیمانەکان پێش پێکهێنانی کۆتایی هاوسەنگییەکە شەڕ دەست پێناکات تا هێزی ئەو هاوپەیمانیانە پشتڕاست نەکرێتەوە.
  • ئەم شێوازە زیاتر لە سەردەمی کۆندا بوونی هەبوو بۆیە زۆرجار هاوسەنگی هێز لە فەزایەکی بەرتەسکی ناوچەیدا لەنێوان چەند وڵاتێکی دراوسێدا دروست دەبوو.

هاوسەنگی نەرم

ئەم هاوسەنگییە لە نێوان وڵاتانی سەر بە بیرێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی یەکگرتوو یان یەکساندا هەیە، هەندێک جار پێشی دەوترێت هاوسەنگی ڕژێمە یەکسانەکان یان هاوسەنگی ڕژێمە میانڕەوەکان.

هاوسەنگی ڕەق

بە پێچەوانەی هاوسەنگی نەرم لەنێوان وڵاتانی جیاواز لە ڕووی فیکری، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی یان شارستانی دژبەیەک دامەزراوە، هەندێک جار پێی دەوترێت هاوسەنگی ڕژێمە ناتەباکان.

ئەرکی هاوسەنگی هێز

١- بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
٢- ڕێگریکردن لە باڵادەستی و هەژموونی  یەک دەسەڵات لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.
٣- پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی ئەندام لەکاتی هەبوونی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی وڵاتان.
٤- پاراستنی سەربەخۆیی ئەندامان.
٥- دابینکردنی کەشوهەوای گونجاو بۆ ڕێکخراوەکان و  دەوڵەتانی تر بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان لە بەدیهێنان و پاراستنی ئاسایشدا بگێڕن.
٦- ڕێگریکردن لە هەر وڵاتێک کە یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتی پێشێل بکات، یاخود هەوڵی زاڵبوون و کۆنتڕۆڵکردنی سیستەمی نێودەوڵەتی بدات. 


سەرچاوەکان



95 بینین