تایبەتمەندییەکانی خزمەتگوزاری

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-03-11-13:17:00 - کۆدی بابەت: 12087
تایبەتمەندییەکانی خزمەتگوزاری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تایبەتمەندییەکانی خزمەتگوزاری (بە عەرەبی: خصائص الخدمة، بە ئینگلیزی: service characteristics)، خزمەتگوزارییەکان بریتین لەو چالاکییە ھەستپێکراوەکان و ئاڵوگۆڕکراوەکان کە لەلایەن کۆمپانیا و ڕێکخراوە تایبەتەکانەوە پێشکەش دەکرێن کە تایبەتن بەو خزمەتگوزارییانە. بە شێوەیەکی گشتی خزمەتگوزارییەکان کۆمەڵێک تایبەتمەندی جۆراوجۆر لە خۆدەگرن کە لە کۆتاییدا ئامانجی ھەموو ئەو تایبەتمەندییانە بریتییە لە پڕکردنەوەی خواست و پێداویستییەکانی مرۆڤ.

خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و ژێرخانییەکان چەندین تایبەتمەندییان ھەیە کە ئامانجی سەرەکیان

١- بەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بێ کەم و کوڕی: 
لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان مرۆڤ ناتوانێت بە تەواوەتی ھەموو خزمەتگوزارییەکان بە دەست بھێنێت بۆ گشت دانیشتووان، بۆیە دەبێت ئەو پلانەی بۆ خزمەتگوزارییەکان دادەنرێت بگونجێت لەگەڵ واقعی دابەشبوونی دانشتووان و چڕی دانیشتووان و دەبێت پشت بە پێوەری گونجاو ببەسترێت لە ھەرجۆرێک لە جۆرەکانی خزمەتگوزاری.

٢- توانستی خزمەتگوزاری: 
پشت دەبەستێت بە جۆری ئامێر و تەکنەلۆجیا بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بە باشترین شێوە، ئەم کردارەش پێویستی بە نوێ بوونەوەی بەردەوام ھەیە. مەشق و ڕاھێنان بە کرێکاران لەسەر چۆنییەتی بەکارھێنانی ئامێر و ئامرازە نوێیەکان.

٣- گونجاوی خزمەتگوزاری: 
لە چەند ئاستێک پێکدێت کە بریتین لە: 

  • ئەو خزمەتگوزارییانەی دابین دەکرێن دەبێت بگونجێن لەگەڵ زیادبوونی سروشتی دانیشتووان لە ھەر کاتێک کە کاریگەری نەبێت لەسەر بەرکەوتنی ئاسایی تاک.
  • پێشکەوتنی خزمەتگوزارییەکان بەجۆرێک بێت کە بتوانرێت بەرجەستە بکرێت و پێشبخرێت، بەبێ ئەوەی بوەستێنرێت.

٤- سەلامەتی خزمەتگوزاری:
ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش دەکرێن دەبێت بە شێوەیەکی ڕاست و دروست ئاڕاستە بکرێن لەسەر بنەمای چەند پێوەرێکی دیاریکراو، بۆ نموونە لە کاتی ھەڵبژاردنی شوێنێک بۆ دروستکردنی قوتابخانە پێویستە ڕەچاوی ئەو شوێنە بکرێت و ئەو شوێنەی قوتابخانەکەی لێ بنیات دەنرێت شوێنێکی مەترسیدار نەبێت کە ببێتە مایەی مەترسی بۆسەر گیانی قوتابییەکان یان چارەسەرکردنی ئاوی ئاوەڕۆکان دەبێت بە ڕێگاییەکی تەندروست و دەرئەنجام و شوێنەواری خراپی نەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ بە تایبەتی و ژینگە بەگشتی.

٥- ڕێککەوتن: 
ئەو خزمەتگوزارییانەی کە ئاڕاستەی ژینگە شارنشینییەکان و لادێ نشینییەکان دەرێن دەبێت لەگەڵ لەگەڵ بارودۆخی ئەو ژینگەییە بگونجێن بە لەبەر چاوگرتنی تایبەتمەندی شوێنەکە لە ڕووی بەرزی و نزمی (تۆپۆگرافی)، ئاو و ھەوا و خاک و دەرامەتی ئاو و سروشتی دابەشبوون و بەکارھێنانی زەوی یان دابەشبوونی تەواوی خزمەتگوزارییەکانی تر.

بنەماکانی پلانڕێژی بۆ خزمەتگوزارییەکان 

پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لەسەر بنەمای پێوەر و ڕووبەر و شوێنی خزمەتگوزارییەکان دەبێت، بە ئامانجی دروستبوونی دادپەروەری لە دابەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ سەرجەم دانیشتوانی ھەرێم یان وڵات بە گوێرەی ئەم بنەمایانە: 
١- گەیشتن بە دادپەروەری لە دابەشبوونی خزمەتگوزارییەکان کە دەبێت بە جۆرێک بێت بگونجێت لەگەڵ ژمارەی دانیشتوان چڕی دانیشتوان لەسەر بنەمای پێوەرە پێوانەکراوەکان لە جیھاندا.

٢- بەشکردنی خزمەتگوزارییەکان کە بەجۆرێک بێت کە بەشی ھەموو دانیشتوان بکات لەسەر ئاستی شارەکان کە دەبێت لە پلەییەکی بەرزدابێت لەلایەنی جۆر و کاراییەوە.

٣- بەکارھێنانی تەکنیکی نوێ (تازە) لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان وەکوو سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان (GIS) و تەکنیکی ھەستکردن لە دوورەوە (RS) و سیستمی دەستنیشانکردنی شوێنەکان (GPS).

٤- لەبەر چاوگرتنی شوێنی خزمەتگوزارییەکان بە تایبەتی لە کاتی دانانی ماستەر پلانی شارەکان، زۆر جار کەسانی پلاندانەر لە کاتی دانانی نەخشەی ماستەر پلان بۆ شارێک شوێنی ھەندێک لە خزمەتگوزارییەکان لەسەر نەخشەی ماستەر پلان دیارناخەن وەکوو ناوچەی تایبەت بە کۆکردنەوەی پاشماوە قوڕسەکان و ئاو و ئاوەڕۆ و شوێنی لەناوبردنیان.

٥- ھاوبەشی پێکردنی دانیشتوان لە پڕۆسەی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، چونکە ھاوبەشی پێکردنی دانیشتوان دەبێتە مایەی تێپەڕاندنی زۆرێک لە ھەڵە و کەم و کورتییەکان لە کاتی ئاڕاستەکردنی خزمەتگوزارییەکان.

٦- پڕۆسەی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام بێت و گونجاو بێت لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و زانستەکان و ئەو گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی کە وڵات بەخۆیانەوە دەبینێت.

٧- دابینکردنی سەرمایەی پێویست بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە ھەموو جۆرەکانیانەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت پیداویستییەکانی کۆمەڵگا پر بکرێنەوە بۆ ئەوەی کەموکوڕی خزمەتگوزارییەکان بەدیارنەکەوێت.

٨- ھەماھەنگی کردنی لایەنە بەرپرسەکان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەوەی بەریەک کەوتن و دژیەک ڕوونەدات لە کاتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە تایبەتی خزمەتگوزارییە ژێرخانییەکان.

٩- پێویستە دیزانکردنی کردنی خزمەتگوزارییەکان بەجۆرێک بێت کە لەگەڵ ژینگە سروشتی و مرۆییەکان بگونجێت و نەبێتە ھۆکاری پیسبوونی ژینگە و مرۆڤ ھەست بە نائارامی نەکات.

١٠- ھەڵسەنگاندن و چاودێریکردنی خزمەتگوزارییەکان لەلایەن حکوومەتەوە بۆ ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی جێبەجێکاری پلانە خزمەتگوزارییەکانن بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش دەکرێن گەیشتوون بە چ قۆناغێک.

١١- لەبەرچاوگرتنی کواڵتی خزمەتگوزارییەکان کە بەجۆرێک بن بۆ زۆرترین ماوە بمێنەوە و زیاتر دانشیتوان بتوانن سوودیان لێ وەربگرن.

١٢- گونجاندن و بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەکان کە بەجۆرێ بن لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و گۆڕانی چڕی دانیشتوان داب و نەریتە باوەکانی کۆمەڵگا بگونجێنرێن.


سەرچاوەکان



89 بینین