ساردبوونەوە لە عیبادەت

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-18-12:07:00 - کۆدی بابەت: 12145
ساردبوونەوە لە عیبادەت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ساردبوونەوە لە عیبادەت یان فتوور، تەمەڵی لە ئەنجامدانی پەرستشەکان یان کاڵبوونەوەی ئایین لای تاکەکان یاخود بێزاربوون لە ئەنجامدانی عیبادەتەکان (بە عەرەبی:  الفتور في العبادة، بە ئینگلیزی: Apathy or tepidness in worship) بریتییە تەمەڵی و سستی لە ئەنجامدانی پەرستشەکان. (الفتور) وشەیەکی عەرەبییە واتای تەمەڵی و هێواشبوونەوە یان لاوازی و سستییە لە ئەنجامدانی کارێک کە پێشتر تێیدا بەتوانا و بەهێز بوویت، یان بریتییە لە وازهێنان لە ئەنجامدانی کارێک کە پێشتر بە تامەزرۆییەوە کردووتە و ئەنجامت داوە.

زۆرێک لە باوەڕداران بەم حاڵەتە تێدەپەڕن، چونکە لەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆدا هۆکارگەلێکی زۆر هەن کە ئایین و بنەماکانی ئایین لەلای تاک و باوەڕدار کاڵ دەکەنەوە، گرنگترین شت ئەوەیە کە هۆکاری ساردبوونەوە و بێزارییەکەت لە عیبادەتەکان بزانیت، پاشان هەوڵ بدەیت چارەسەر دەستەبەر بکەیت تاکوو حاڵەتەکە بەردەوام نەبێت و درێژەنەکێشێت.

فتوور لە ڕوانگەی قورئانەوە

لە قورئانی پیرۆز ساردبوونەوە و بێزاربوون لە عیبادەت نەهی لێکراوە و لە چەند ئایەتێک باس کراوە. لە سوورەتی (الأنبياء) ئایەتی ۲۰ خوای گەورە دەفەرموێت (يُسَبِّحُونَ اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ لَا يَفْتُرُونَ)، واتا به‌ شه‌و و به‌ ڕۆژ به‌ به‌رده‌وامی عیباده‌تی خوای گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، بێزار و ماندوو نابن له‌ عیباده‌تكردنی خوای گه‌وره‌، بەو واتایەی سارد نابنەوە.

خوای گەورە لە سوورەتی (طه) لە ئایەتی ٤٢ لە ناردنی پێغەمبەر مووسا و هاروونی برای بۆ لای فیرعەون بە پێغەمبەر مووسای فەرمووە (اذْهَبْ أَنْتَ وَأَخُوكَ بِآيَاتِي وَلَا تَنِيَا فِي ذِكْرِي)، واتا تۆ و هاروونی برات به‌و موعجیزانه‌ی كه‌ پێم به‌خشیوون بیبه‌ن بۆ لای فیرعه‌ون، لاواز و بێزار مه‌بن له‌ یادکردنەوەی من.

لە سوورەتی (التوبة) ئایەتی ٣٨ خوای گەورە فەرموویەتی (يَـٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ مَا لَكُمْ إِذَا قِيلَ لَكُمُ ٱنفِرُوا۟ فِى سَبِيلِ ٱللَّهِ ٱثَّاقَلْتُمْ إِلَى ٱلْأَرْضِ ۚ أَرَضِيتُم بِٱلْحَيَوٰةِ ٱلدُّنْيَا مِنَ ٱلْـَٔاخِرَةِ ۚ فَمَا مَتَـٰعُ ٱلْحَيَوٰةِ ٱلدُّنْيَا فِى ٱلْـَٔاخِرَةِ إِلَّا قَلِيلٌ)، واتا ئه‌ی باوه‌ڕداران ئایا ئێوه‌ چیتانه‌ كاتێك كه‌ پێتان ده‌وترێت ده‌رچن بۆ جیهادكردن له‌ پێناو خوای گه‌وره‌دا، ئێوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی زه‌وییه‌كه‌ بتانگرێته‌ خۆیه‌وه‌ دوائه‌كه‌ون و ته‌مبه‌ڵى ده‌كه‌ن و كه‌مته‌رخه‌می ده‌كه‌ن، ئایا ڕازی بوونه‌ به‌ ژیانی دونیا و دونیاتان هه‌ڵبژاردووه‌ به‌سه‌ر قیامه‌تدا، بێگومان ژیانی دونیا به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ژیانی پڕ له‌ شادیی قیامه‌تدا زۆر که‌م ته‌مه‌ن و که‌م خۆشییه‌.

جۆرەکانی فتوور

فتووری گشتی

ئەم جۆرە واتا سستی و تەمەڵی کردن لە ئەنجامدانی هەموو پەرستشەکان لەگەڵ نەبوونی حەز و ئارەزوو بوونی ڕق بۆ ئەنجامدانی پەرستشەکان بە بەردەوامی، ئەم تایبەتمەندییە و ئەم جۆرەیان تایبەتمەندی دووڕووەکانە و لە قورئانی پیرۆز ئاماژەی پێکراوە، لە سوورەتی (النساء) خوای گەورە دەفەرموێت: (إِنَّ الْمُنَافِقِينَ يُخَادِعُونَ اللّهَ وَهُوَ خَادِعُهُمْ وَإِذَا قَامُواْ إِلَى الصَّلاَةِ قَامُواْ كُسَالَى يُرَآؤُونَ النَّاسَ وَلاَ يَذْكُرُونَ اللّهَ إِلاَّ قَلِيلاً)، واتا به‌ڕاستی دووڕووه‌کان ده‌یانه‌وێت خوا فریوبدەن که‌چی خوا فریودەری ئه‌وانه‌، هه‌ر کاتێکیش هه‌ستن بۆ نوێژ به‌ ته‌مه‌ڵی و سستی هه‌ڵده‌ستن ڕوپامایی بۆ خه‌ڵکی ئه‌که‌ن و زۆر بە کەمی یادی خوا دەکەن.

تەمەڵیکردن و فتوور لە چەند پەرستشێکی دیاریکراو

لەم جۆرەیان کەسەکە سەرباری ئەوەی حەز و توانای بۆ پەرستشەکان هەیە، بەڵام سستی لە ئەنجامدانی پەرستشێکی دیاریکراو دەکات بێ ئەوەی ڕقی لێ بێت یان حەزی لێ نەبێت، زۆرێک لە باوەڕداران تووشی ئەم جۆرە دەبن.

تەمەڵی و سستی کاتی

ئەم جۆرە کاتەکەی کورتە و بەردەوام نابێت، هەندێک لە باوەڕداران تووشی دەبن بەڵام حاڵەتەکە درێژەناکێشی و بەدوای هۆکارەکەی دەگەڕێن و زوو چارەسەری دەکەن.

زیان و لێکەوتەکانی تەمەڵی و سستی لە عیبادەت 

دڵڕەقی و نەبوونی سۆز و میهرەبانی

زۆرێک لە عیبادەتەکان لە ئیسلامدا مرۆڤ دەکەنە خاوەنی سۆز و میهرەبانی و ئارامی دەروونی پێدەبەخشن، دوورکەوتنەوە لێیان و پشتگوێخستنیان بە تێپەڕبوونی کات مرۆڤ تووشی دڵ ڕەقی دەکات و هەست و سۆزی بۆ دەوروبەری نامێنێت، هاوکات دەروونی نائارام دەبێت و تووشی شڵەژانی و خەمۆکی و سەرلێشێواوی دەبێت.

تەمەڵی و وازهێنان لە ئەنجامدانی پەرستشە فەرزەکان

ئەگەر بە بەردەوامی سست و لاواز بووی و تەمەڵیت کرد لە ئەنجامدانی پەرستشەکان نموونەی نوێژکردن یان نوێژکردنی بە کۆمەڵ یان ئەنجامدانی سوننەتەکان، حاڵەتەکە بەردەوام بوو و درێژەی کێشا و چارەسەرت نەکرد، ئەوە بە تێپەڕبوونی کات لات ئاسایی دەبێت کە نەیکەیت و وازدەهێنیت لە پەرستشەکە و چیتر ئەنجامی نادەیت.

دوورکەوتنەوە لە کەس و کۆبوونەوە باشەکان

کاتێک هەستی تەمەڵیت بۆ دروست دەبێت و  ئارەزووت بۆ ئەنجامدانی کردەوە باشەکان نامێنێت، بۆیە ئارەزوو و حەزت بۆ ئەو کەسانەش نامێنێت کە پێچەوانەی تۆن و ئەنجامی دەدەن، ڕقت لێیان دەبێت و لە کۆبوونەوەیان بەشداری ناکەیت و هاوڕێیتییان ناکەیت.

شپرزەیی و ناڕێکی لە ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانە و بەفیڕۆدانی کات

کاتێک بە پەرستش و ئەرکە ئایینییەکانت پابەند نەبیت و تەمەڵی و سستی تێدا بکەیت، ئەستەمە کارەکانی ژیانت بە ڕێک و پێکی بەڕێوە بچێت چونکە تەمەڵی و خاوەخاوکردن دەبێتە خوویەکی هەمیشەیی لە ژیانتدا و ناتوانی بە ئاسانی پەیوەست بیت بە کارەکانتەوە و بەرەکەت نامێنێت لە کاتەکانت.

هۆکارەکانی فتوور

توندڕەوی لە عیبادەتکردن

توندڕەوی و زۆرلێکردن لە عیبادەت یان ئەنجامدانی عیبادەت بە ترسەوە هۆکارێکی سەرەکین بۆ ئەوەی زوو بێزار بیت، پێغەمبەر فەرموویەتی (إياكم والغلو في الدين، فإنما هلك من كان قبلكم بالغلو في الدين)، واتا  زیادەڕۆیی نەکەن لە ئاییندا، هەر گەلێکی پێش ئێوە ئەگەر زیادەڕۆیی و توندڕەوییان کردبێت لە ئاییندا تیاچوون. مەبەست لەوەیە کە زیادەڕۆییکردن یان زۆرلێکردن و توندبوون لە ئەنجامدانی پەرستشەکان و پشوو وەرنەگرتن کاریگەری لەسەر کەسەکە دروست دەکەن و بە تێپەڕبوونی کات تووشی ترس و تەمەڵی و بێزاری دەکەن.

غافڵبوون و بێئاگایی

خۆبەدوورگرتن لە ژینگەی ئایینی، تێکەڵنەبوونی کەسانێک کە هاوکارت دەبن لە وەبیرهێنانەوەی ئایین، زۆر گرنگیدان بە ژیانی دونیا، هەموو ئەمانە مرۆڤ تووشی بێئاگایی دەکات و ژیانی ئەو دونیای بیردەباتەوە، بۆیە بە ئاسانی تووشی بێزاری و سستی دەبێت لە ئەنجامدانی کردەوە باشەکان.

پەیوەستبوون و هاوڕێتیکردنی کەسی هەڵە 

هاوڕێ و خێزان و کەسی نزیک و ژینگەی دەوروبەر بە گشتی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەسەکان هەیە، پێغەمبەر دەفەرموێت (المرء على دين خليله، فلينظر أحدكم من يخالل)، واتا مرۆڤ لەسەر ئایینی هاوڕێکەیەتی، بۆیە ئاگادار بن و بزانن هاوڕێیەتی کێ دەکەن.

خووگرتنی زۆر بە دونیاوە

زۆر خووگرتن و گرنگیدان بە ژیانی دونیا و لەبیرکردنی مردن و ڕۆژی دوایی و پەیوەستبوونی تەواو بە دونیاوە هۆکارێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشتگوێخستن و بێزاربوون و تەمەڵیکردن لە عیبادەت، چونکە ئامانجی سەرەکی بوونی باوەڕدار لە دونیا بریتییە لە هەوڵدان بۆ ڕۆژی دوایی و قیامەتی، زیادەڕۆییکردن لە خۆشویستنی جوانی و ژیانی دونیای فانی و کاتی مرۆڤ تووشی سەرلێشێواوی دەکات.

ئەنجامدانی گوناهە بچووکەکان

کەسی باوەڕدار لە ژیانیدا ڕۆژانە تووشی گوناهکردن دەبێت، ئەنجامدانی گوناهی بچووک یان ئەو کارانەی کە مەکروهن یان موباحن بە بەردەوامی هۆکارێکن بۆ ساردبوونەوە لە عیبادەت و بەڵکو ڕێگەخۆشکەرن بۆ ئەنجامدانی گوناهە گەورەکان. هەندێک کار و کردەوەی هەڵە و گوناهـ هەن کە مرۆڤی باوەڕدار بە گرنگی دانانێت و بە بەردەوامی ئەنجامی دەدات و لەسەری کەڵەکەدەبێت و کاریگەری لەسەر دەروونی دروست دەکات.

زیادەڕۆیی کردن لە کردەوەی موباح

کار و کردەوەی موباح واتا ئەو کارەی کە ئەنجامدانی تاوانی لەسەر نییە بەڵام نەکردنی باشترە، ڕاهاتن و زۆر ئەنجامدانی ئەو کردەوانە مرۆڤ ڕادێنێت لەسەر تەمەڵی و دواخستن و نەکردنی پەرستشەکان.

چارەسەری ئەم دۆخە

هیچ موسڵمانێک نییە کە هەمیشە لەسەر یەک ڕیتم و دۆخ بمێنێتەوە، لە سەردەمی ئەمڕۆدا زۆر کەس تووشی ساردبوونەوە و تەمەڵی دەبن لە ئەنجامدانی پەرستشەکان، پێویستە هەوڵی تەواو بدرێت کە حاڵەتەکە درێژە نەکێشێت و زوو بنبڕ بکرێت، چارەسەری فتوور و بێزاربوونیش لە دیاریکردن و بنبڕکردنی هۆکارەکانیەوە دەست پێدەکات.

چەند هەنگاوێک بۆ ڕزگاربوون لە تەمەڵی و فتوور لە عیبادەت: 

  • نییەت هێنان لە دڵەوە کە دەتەوێت باش بیت و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆ نموونە ئەگەر دەزانیت لە ئەنجامدانی نوێژەکانت ساردی، لە بارەی گرنگی نوێژکردن بخوێنەوە و بیری خۆتی بهێنەرەوە کە نوێژکردن چەند گرنگە، بینووسەوە و بەدوای بگەڕێ، پاشان نییەت بهێنە و ڕۆژانە بە هەنگاوی بچووک دەست پێبکە وەکوو ئەنجامدانی نوێژەکان لەکاتی خۆیدا یان پابەندبوون بە ئەنجامدانی نوێژی بەیانی یان ئەنجامدانی چەند نوێژێکی دیاریکراوی ڕۆژەکە لە مزگەوت بە کۆمەڵ هەموو ئەمانە یان ئەنجامدانی نوێژە سوننەتەکان یارمەتیدەر دەبێت کە حەز و ئارەزووت بۆ کردەوەکە زیاتر بێت و پابەندیت پێوەی زیاتر بێت.
  • پێداچوونەوەی خۆت بکە و هەوڵبدە لە خۆت بپرسە کە هۆکاری نەکردن یان هۆکاری بێزاربوونەکەت چییە، پاشان بیر لە ئامانجی ئەنجامدانی کردەوە و پەرستشەکان بکەرەوە.
  • خوێندنەوە و گوێگرتن لە قورئان، گوێگرتن لە کەسی باش یان ئەو بانگخوازەی کە دڵت پێی ئاسوودەیە، خوێندنەوەی کتێبی ئایینی، هاوڕێیەتیکرنی کەسی باش، هەموو ئەمانە ژینگەیەکی یارمەتیدەر دەڕەخسێنێت کە هاوکارت دەبن و لە تەمەڵی و بێزاری ڕزگارت دەکەن.
  • زیکرخوێندن و زۆر یادکردنەوەی خوا بە دڵ و دوعاکردن کاریگەری زۆریان هەیە لەوەی کە ئاسوودەییت پێبەخشن و هاوکارت بن لە ڕزگاربوون لە تەمەڵی.


سەرچاوەکان



743 بینین