شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-21-23:34:00 - کۆدی بابەت: 12206
شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی (بە عەرەبی: الٲماكن السياحية في سليمانية یان معالم سليمانية، بە ئینگلیزی: Sights in sulaymaniyah) سلێمانی شارێکی باشووری کوردستانە و دەکەوێتە باکووری عێراقەوە، بە شاری ڕۆشنبیری ناسراوە و ناوچەیەکی جوگرافی شاخاوی هەیە، بۆیە کەشێکی لەبار و گونجاوی هەیە و شوێنەکە بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری گرنگ بۆ کوردستان و عێراق، گەشتیاران لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق و بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی دەکەن، بەتایبەتی لەکاتی پشوو و بۆنە و ئاهەنگ و جەژنەکان.

ڕووبەرە سەوزاییەکانی ناو شاری سلێمانی

پارکی هەواری شار

پارکی هەواری شار بە دووری دە کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای سلێمانییەوە و بە دیاریکراوی لەسەر ڕێگای سلێمانی قەیوانە، لە ڕووی ڕووبەری سەوزاییەوە بە گەورەترین پارکی عێراق دادەنرێت و دووەم گەورەترین پارکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووبەرەکەی نزیکەی ٤٤٠٠ دۆنمە، لە پارکەکە ٣٠٠٠ جۆر نەمام و گوڵی تێدا چێنراوە و لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە کراوەتەوە و هەموو ڕۆژانی هەفتە پارکەکە بەڕووی سەردانیکەرانی کراوەیە، پانتاییەکی فراوانی سەوزایی تێدایە و بۆ وەرزشی پیادەڕەوی و پاسکیلسوای بەکاردەهێنرێت، هەروەها بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و پشوووەرگرتن سەردانی دەکرێت.

سەرچنار

هاوینەهەوار و سەیرانگای سەرچنار بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە ناوەندیی سلێمانییەوە دوورە، شوێنەکە سەرچاوەی ئاوێکی هەیە کە ئاوەکەی هەڵقوڵاو ژێرگرد و بەرزاییەکانی ناوچەکەیە و دەوروبەری دار و سەوزاییە. لە سەرچنار میوانخانە و شوێنی پشوودان و خواردنگە و خزمەتگوزاری هەمەجۆر بۆ گەشتیاران وسەردانیکەران دابینکراوە.

پارکی ئازادی

پارکی ئازادی بە یەکێک لە پارکە کۆن و گەورەکانی سلێمانی دادەنرێت و دەکەوێتە ناوەندی شاری سلێمانییەوە، لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دروستکراوە، شوێنێکی فراوانە و سەردانیکەران بۆ پشوو وەرگرتن سەردانی دەکەن.

باخی گشتی 

باخی گشتی سلێمانی ڕووبەرەکەی ١٢ دۆنمە و لە ساڵی ١٩٣٧ـەوە دامەزراوە و بە کۆنترین باخی سلێمانی دادەنرێت، لەم باخەدا پەیکەری زۆرێک لە شاعیران و ئەدیبانی کورد بوونی هەیە، هاوکات لەم باخە ماڵی کۆترەکانیش بوونی هەیە لەوێ وەک دیمەنێکی جوان دانراون و ماڵی کراون، خەڵکی بۆ وێنەگرتن و بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی دەکەن. چوونەژوورەوە بۆ پارکەکە بێ بەرانبەرە و پارکەکە دەکەوێتە سەر شەقامی سالم.

چاڤی لاند

پارک و شاری یاری چاڤی لاند لە ساڵی ٢٠١٣ لەسەر بەرزاییەکانی گۆیژە دروستکراوە و ڕووبەرەکەی ٣٨٠ دۆنمە و بە یەکێک لە پارکە گەورەکانی سلێمانی و عێراق دادەنرێت. ٥٠ جۆر یاری تێدایە و ئەکواپارک، مۆزەخانەی کەسایەتییەکان، سینەما، خواردنگە، شوێنی پشوودان لەخۆدەگرێت. ئەکواپارکی چاڤی لاند لە شەش مەلەوانگە پێکهاتووە و خلیسکێنە و یاری ئاوییەکەی بەرزییەکەیان ١٥ مەترە و درێژییەکەیشیان دەگاته ٤٠ مەتر و مەلەوانگەی تایبەت بە منداڵانیشی تێدایە. گەشتیارێکی زۆر لە ناوەوە و دەرەوەی سلێمانی بۆ بەسەربەردنی کاتێکی خۆش سەردانی چاڤی لاند دەکەن.

مۆزەخانەی سلێمانی

مۆزەخانەی سلێمانی شوێنێکی کولتووری و مێژووییە و دەکەوێتە ناوەندی شاری سلێمانییەوە، لەدوای مۆزەخانەی نیشتمانی عێراقی لە بەغداد لەڕووی ژمارەی پێکهاتەکانییەوە بە دووەم گەورەترین مۆزەخانەی عێراق دادەنرێت و لە ساڵی ١٩٦١ـەوە دامەزراوە. ڕووبەری شوێنەکە شەش هەزار مەتری دووجایە و لە یەک نهۆم کە هۆڵێکی فراوانە پێکهاتووە. پێکهاتە شوێنەوارییەکانی مۆزەخانەکە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە جیاوازەکانی مێژوو، نموونەی سەردەمی کۆن و دێرین، لەگەڵ چەند شوێنەوارێکی سەردەمی ئیسلامی و عوسمانی. چوونەژوورەوە بۆ مۆزەخانەکە بە خۆڕاییە و سەردانیکەرانی دەتوانن هەموو ڕۆژانی هەفتە جگە لە ڕۆژی هەینی لە کاتژمێر دەی بەیانیان تاکوو ٥:٣٠ـی ئێوارە سەردانی بکەن.

سەیرانگاکانی دەوروبەری سلێمانی

شاخەکانی گۆیژە و ئەزمەڕ

بەرزاییەکانی گۆیژە و ئەزمەڕ بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە ناوەندی سلێمانییەوە دوورن، شاخی ئەزمەڕ زنجیرە چیایەکی بەرزە و دەکەوێتە ناوچەی گوێژەوە، شوێنەکە کەشێکی مامناوەندی هەیە وبەرزترین پلەی گەرمی تێیدا ٣٤ پلەی سیلیزییە و نزمترین پلەی گەرمیش یەک پلەی سیلیزییە. بە وەرزی زستان بەفرێکی زۆری لێدەبارێت و وەرزی بەهاریش ناوچەکە کەشێکی فێنک و دڵگیری هەیە. لە بەشێکی شاخەکە تەلەفریکێک هەیە شاخەکە بە چاڤی لاندەوە دەبەستێتەوە، خزمەتگوزاری خواردنگەی گەشتیاری و شوێنی پشوودانی تێدایە.

سەیرانگای سیتەک

سەیرانگای سیتەک بە دووریی ٢٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری سلێمانییەوە و سەر بە ناحیەی سیتەکە لە قەزای شارباژێڕ. شوێنێکی دڵگیرە و ڕووبەرێکی فراوانی سەوزایی هەیە، بە باخ و ڤێلاکانی ناودارە و شوێنی پشوودان و چەندان خواردنگەی تایبەتی و ناودار لە شوێنەکە بوونی هەیە، لە وەرزی بەهار و وەرزی هاوین سەردانیکەری زۆری هەیە.

بەنداوی دووکان

بەنداوی دووکان بە دووریی ٦٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای سلێمانی، بەهۆی بوونی دەریاچە و بەنداوی دووکان شوێنەکە بووەتە ناوچەیەکی گرنگی گەشتیاری و لە هەر چوار وەرزی ساڵ سەردانیکەری هەیە، لە ناوچەکە لە نزیک دەریاچەکە شوێنی تایبەتی بۆ پشوودان لەگەڵ خانوو و ڤێلای کرێ و خواردنگە و چەندان خزمەتگوزاری تر بۆ گەشتیاران دابینکراوە.

بەنداو و دەریاچەی دەربەندیخان

دەریاچەی دەربەندیخان بە دووریی ٦٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی سلێمانی، ناوچەکە بە زنجیرە چیای بەرانان دەوردراوە، توانای گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکە نزیکەی سێ ملیار مەتر سێجایە. ناوچەکە بەهۆی شوێنی جوگرافی و کەشوهەوای لەباری بووەتە شوێنێکی گەشتیاری، ئاوەکەی مەلەوانی تێدا دەکرێت و بە بەلەمی بچووک گەشتی تێدا دەکرێت، بەگشتی لە وەرزی بەهار و هاوین گەشتیاران سەردانی دەکەن.

سەیرانگای کونەماسی

سەیرانگای کونەماسی بە دووریی ٥٦ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی سلێمانی و بە دووریی ٣٠ کیلۆمەتر لە ناوچەی ماوەتەوە دوورە، شوێنەکە ڕووبار و ئاوی لێیە و شوێنی پشوودان بۆ گەشتیاران دروستکراوە و ناوچەکە لە وەرزی هاوینان سەردانیکەرێکی زۆری هەیە.

سەرگەڵوو و بەرگەڵوو

سەیرانگای سەرگەڵوو و بەرگەڵوو کە دوو گوندن بە دووریی ٦٥ کیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دوورن و دەکەونە سەر ڕێگای نێوان سەیرانگای کونەماسی و بەنداوی دووکان. شوێنێکی شاخاوییە و دوو گوندی فراوانن و زنجیرە چیای دابان و هەلاج دەوریداون، ناوچەکە شوێنێکی گرنگی گەشتیارییە و کەشێکی زۆر لەبار و فێنکی هەیە، سەوزی و بێستانی زۆرە و لە وەرزی هاوین و کۆتایی وەرزی بەهار سەردانیکەری زۆری هەیە. سەرباری گرنگی شوێنەکە وەکوو ناوچەیەکی گەشتیاری سەرگەڵوو و بەرگەڵوو لە ڕابردوودا مۆڵگەی سەرهەڵدانی شۆڕشە کوردییەکان بوونە و بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە و لەگەڵ بوونی ئەشکەوت پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ لە ناوچەکە بوونیان هەبووە.

سەیرانگای زێوێ

زێوی گوندێکە دەکەوێتە سەر چیای پیرەمەگروون و لەڕووی کارگێڕییەوە هەر سەر بە ناحیەی پیرەمەگروونە و بە دووریی ٣٤ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژاوای سلێمانییەوە. بەشێکی بەرچاوی شوێنەکە شوێنی شاخاوییە و لە وەرزی بەهاران و هاوینان گەشتیاران ڕووی تێدەکەن، کانی سازگار و ڕووبەرێکی سەوزایی فراوانی هەیە و بە دار گوێز ناودارە. هاوکات لەسەر چیای پیرەمەگروون گۆڕی تۆفیق وەهبی لێیە کە زۆر کەس سەردانی دەکەن.

سەیرانگا و تاڤگەی ئەحمەدئاوا

سەیرانگای ئەحمەد ئاوا بە دووریی ٨٤ کیلۆمەتر لە ناوەندی سلێمانییەوە دوورە و لە نزیک ناحیەی خورماڵە و دەکەوێتە خۆرهەڵاتی سلێمانی، بەرزییەکەی لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە نزیکەی دوو هەزار مەترە، ناوچەکە بە داری هەرمێ، داری هەنجیر، داری ترێ، داری بەڕوو و داری هەنار ناودارە، سەرچاوەی ئاوی تاڤگەکەی لە سەرچاوەی زەڵمەوە هەڵدەقووڵێت و لە بناری چیاکە دەڕژێتە دۆڵێکەوە، لە شوێنی نزیک تاڤگەکەی چەندان شوێنی پشوودان و خواردنگەی تایبەتی و بازاڕی کولتووری بۆ گەشتیاران دابین کراوە، بۆیە لە وەرزی هاوین گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکەن چونکە پلەی گەرمی ناوچەکە نزمە و کەشێکی فێنکی هەیە.

ئەشکەوتی هەزارمێرد

ئەشکەوتی هەزارمێرد بە دووریی ١٣ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی سلێمانییەوە و لە دوای ئەشکەوتی شانەدەر بە دووەم کۆنترین ئەشکەوتی عێراق دادەنرێت، شوێنەوارێکی مێژوویی و دێرینی گرنگە و سەردانیکەری هەیە.


سەرچاوەکان



127 بینین