پەڵەی شینی مەنگۆلی

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-03-23-23:03:00 - کۆدی بابەت: 12278
پەڵەی شینی مەنگۆلی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەڵەی شینی مەنگۆلی (بە ئینگلیزی: Monogolian blue spot) جۆرێکی نیشانەی زگماکییە، بریتین لە پەڵەی شین یان ڕەساسی تەختن کە شێوەیەکی  ناڕێک و پێکیان هەیە. ئەم نیشانەیە لە سەرەتای لەدایکبوون یان ماوەیەک لەدوای لەدایکبوون  دەردەکەوێت. ڕەنگە دایک و باوکان لە سەرەتای بینینی حاڵەتەکە وا هەستبکەن ئەم نیشانەیە نیشانەی شینبوونەوە و ئازارگەیشتن بە منداڵەکەیانن، بەڵام ئەمە نیشانەیەکی زگماکییە و پەیوەندی بە ئازارگەیشتن بە منداڵەوە نییە. لە شینبوونەوەی پێستدا دوای ماوەیەک قەبارە و شێوەی شینبوونەوەکە دەگۆڕێت، بەڵام لەم حاڵەتەدا پەڵەکە لە قەبارە و شێوەدا ناگۆڕێت. نیشانەکان بەزۆری لە بەشی خوارەوەی بڕبڕەی پشت، پشت و شانەکاندا دەردەکەون. بەڵام، هەندێک کات ڕەنگە بەشێکی گەورەی پشت دابپۆشن. بەزۆری لەنێوان منداڵانی ئاسیا و ئەفریقادا حاڵەتێکی  باوە. هەر بۆیەش پێی دەگوترێت پەڵەی شینی مەنگۆلی، چونکە زیاتر لەنێوان منداڵانی مەنگۆلیا و ناوچەکانی ئاسیادا دەبینرێت. ڕەنگە منداڵ یەک نیشانە یان چەند نیشانەیەکی لە چەند بەشێکی جەستەیدا هەبێت، بەڵام لەزۆربەی حاڵەتەکاندا ٪٥ ی لەش زیاتر ناگرێتەوە. دەکرێت پەڵەکە لەنێوان چەند میلیمەترێک بۆ زیاتر لە ١٠سانتیمەتر ببێت.

نیشانەکان

پەڵەی شینی مەنگۆلی پەڵەی شین یان ڕەساسی تەختن، لەو پەڵەیە دەچن کە لە کاتی شینبوونەوەی پێست لەسەر پێست دروست دەبێت. لە کاتی دەست لێداندا، ئەو شوێنەی پەڵەکەی لێ دروستبووە بەهەمان شێوەی پێستێکی ئاساییە. دەکرێت لە زۆربەی بەشەکانی لەشدا دروست ببێت، بەڵام لە شانەکاندا کەمتر دروست دەبن. 

هۆکار

ئەم حاڵەتە کاتێک دروست دەبێت کە ئەو خانانەی بەرپرسیارن لە ڕەنگی پێست، میلانین لەژێر پێستدا دروست دەکەن. هۆکاری ئەوەی ئەو پەڵانە بە شین دەردەکەون بەهۆی کاریگەری تیندڵ (Tyndall effect) دەبێت. خانەکانی میلانین کە لە دروستبوونی میلانین بەرپرسن، ڕەنگ و قەبارەی پەڵەکە دیاری دەکەن. تاکوو ڕێژەی میلانین لەم خانانەدا زۆرتر بێت، نیشانەکە تۆختر دەبێت. خانەکانی میلانین لەژێر پێستدا میلانین دروست دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵەی شینی مەنگۆلی.

جۆرەکانی

  • پەڵەی سوور, ئەم جۆرەیان بەهۆی زۆری کۆبوونەوەی لوولەکانی خوێن لەژێر پێستدا دروست دەبن و مەترسی دروستبوونی خوێنبەربوونیان هەیە.
  • پەڵەی شین یان ڕەساسی

ئایا پەڵەی شینی مەنگۆلی مەترسیدارە؟

دروستبوونی ئەم حاڵەتە لە منداڵدا جێی مەترسی نییە و نیشانە نییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی، هەروەها پەڵەی بێ ئازارن لە کاتی دەست لێدانیدا منداڵ هەست بە ئازار ناکات. بەڵام کاتێک نیشانەکە بەتایبەتی لە نزیکی دەمدا گەورەتر بوو، پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت. هەندێک لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن لە هەندێک لە حاڵەتەکاندا ڕەنگە دروستبوونی ئەم پەڵانە پەیوەندییان بە نەخۆشیی کۆبوونەوەی لایسۆسۆمەوە هەبێت، کە بریتییە لە کۆبوونەوەی ماددەی وەک ژەهر لەنێوان خانەکانی لەش بەهۆی کەمی ئەنزیم.

ئایا ئەم پەڵانە لادەچن؟

لە هەندێک منداڵدا ئەم پەڵانە تاکوو تەمەنی ٣-٥ ساڵی خۆیان لادەچن، بەڵام لە هەندێک کەسیشدا ڕەنگە تاکوو تەمەنی ٢٠-٢١ ساڵی بەردەوام بن. ئەگەر لە تەمەنی گەورەیدا پەڵەکان کاڵ نەبوونەوە یان لانەچوون دەکرێت بە بەکارهێنانی لەیزەر لاببرێن.


سەرچاوەکان



52 بینین