تایبەتمەندییە سروشتییەکانی جوگرافیای گەرمیان

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-03-26-23:55:00 - کۆدی بابەت: 12324
تایبەتمەندییە سروشتییەکانی جوگرافیای گەرمیان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تایبەتمەندییە سروشتییەکانی جوگرافیای گەرمیان (بە عەرەبی: المعالم الجغرافية الطبيعية لكرميان، بە ئینگلیزی: Natural Geographical Features of Garmianلێکۆڵینەوە لە جوگرافیای تایبەتمەندییە سروشتییەکانی ناوچەی گەرمیان گرنگی زۆری ھەیە لە ناساندن و ئاشنابوون بە چۆنییەتی دابەشبوون و پێکھاتنی دیاردە سروشتییەکان و ڕۆڵ و گرنگیان لە بوژانەوە و پەرەپێدانی کەرتە ئابوورییە جیاوازەکان.

ناوچەی گەرمیان بەھۆی ھەڵکەوتەی شوێنی ئەستڕۆنۆمی و جوگرافی ناوچەیەکی تەواو دەوڵەمەندە لە ڕووی دیاردە سروشتییەکان، بە تایبەتی پێکھاتەی جیۆلۆجی و بەرزی و نزمی و بوونی دەشتی بە پیت و فراوان، دەوڵەمەندی بە سەرچاوەی ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی و ڕووەکی سروشتی جۆراوجۆر، کە دەکرێت ھەموو ئەمانە بە شێوەیەکی سەردەمیانە و زانستییانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت بە مەبەستی پێشخستنی کەرتە جیاوازەکانی بواری ئابوور و پلاندانان و گەشەپێدانیان.

شوێنی جوگرافی ناوچەی گەرمیان

مەبەست لە شوێنی جوگرافی واتە شوێن بە گوێرەی ناوچەکانی دەورووبەر (ڕادەی دراوسێیەتی) کە گرنگی زۆری ھەیە بۆ دەستنیشانکردنی ھەرێمە ئاووھەواییەکان و زۆر بواری تر، سەبارەت بە ناوچەی گەرمیان لە ڕووی سنووری جوگرافی سروشتییەوە دەکەوێتە بەشی باشووری ھەرێمی کوردستانی عێراق کە لە سنووری ناوچەی نیمچە شاخاوی و ناوەڕاستی عێراق لە نێوان دەشتی نیشتەنی لە باشوور و ناوچەی شاخاوی لە باکوور ھەڵکەوتووە کە سنووری ھەریەک لە پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە پێکدێنێت، لە ڕووی سنووری کارگێڕییەوە لە بەشی باکووری ھاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی و لە بەشی باشوور ھاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای ھەڵەبجە بە دووری (٢٢.٧) کیلۆمەتر، لە بەشی ڕۆژھەڵاتەوە ھاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و لەبەشی ڕۆژاوا ھاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای ھەولێر و لە بەشی باشووری ڕۆژاواوە ھاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی عێراق.

ڕووبەری ناوچەی گەرمیان (٣١١,٧٢٧٢) کیلۆمەتر دووجایە کە بە ڕێژەی (٣٧٪) ڕووبەری ھەرێمی کوردستان و ڕێژەی (٧٪) ڕووبەری وڵاتی عێراق پێکدێنێت. ئەمەش گرنگی و بایەخی زۆری ھەیە لە ڕووی ئابوورییەوە بە تایبەتی جۆراوجۆری خاک و بەرھەمی کشتوکاڵی و کانزایی و ڕووەکی سروشتی. لە ڕووی کارگێڕییەوە ئیدارەی گەرمیان پێکدێت لە قەزاکانی (کەلار، کفری، خانەقین، چەمچەماڵ، مەندەڵی، بەدرە، شارەبان، دبز و پارێزگای کەرکووک).

لە ڕووی ڕامیاریشەوە بە خاڵێکی بنەڕەت و ستراتیجی بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت، چونکە کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر ئاسایشی ھەرێم و عێراق، ئەوەی وایکردووە کە پێگەی ناوچەی گەرمیان زیاتر گرنگ بێت کەوتۆتە سەر ڕێگای سەرەکی (سلێمانی و ھەولێر و بەغدا) و ھەروەھا ھەبوونی مەرزی نێودەوڵەتی (پەروێزخان) بایەخی ئابووری و بازرگانی ناوچەکەی زیاتر کردووە.

پێکھاتەی جیۆلۆجی گەرمیان

ناوچەی گەرمیان لە ڕووی پێکھاتەی جیۆلۆجییەوە دەکەوێتە ناوچەی لێواری ناجێگیر (الرصیف غیر مستقر) لە زۆنی پێ گردەکان لە نێوان پێچە بەرزەکان لە باکوور و دەشتی نیشتەنی لە باشووری عێراق، جیۆلۆجی ناوچەی گەرمیان ھاوشێوەی جیۆلۆجی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە سەردەمی پێش کامبری کەوتووەتە ژێر (دەریای تیش) بە نزیکەی ٦٥ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا لە ژێر کاریگەری ئەو دەریایە دابووە، دواتر لە سەردەمی (سینۆزۆیک) وردە وردە دەریای تیش کشاوەتەوە لە ئەنجامی جووڵەی پلێتەکانی عەرەبی و فارسی کە بە جووڵەی (ئەڵپی) ناسراوە.

ناوچەی گەرمیان لە ڕووی جیۆلۆجییەوە ناسراوە بە کەمی شکانی و درزی پلێتەکانی بە بەراورد بە ناوچەکانی تری ھەرێمی کوردستان و عێراق، بە شێوەیەکی گشتی پێکھاتەی جیۆلۆجی گەرمیان دەکەوێتە کۆتایی سەردەمی جیۆلۆجی سێیەم کە سەر بە ماوەی ژیانی تازەن لە نێوان زەمەنی (مایۆسینی خواروو و ھۆڵۆسین) کە بەزۆری لە پێکھاتەکانی ماوەی سێیەم و چوارەمە.

جیۆلۆجی کانزاکان

نەوت

مێژووی دۆزینەوە و دەرھێنانی نەوت لە عێراق بۆ یەکەمین جار دەکەوێتە ناوچەی گەرمیان لە ساڵی (١٩٢٧) پاش دامەزراندنی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئەڵوەند لە نزیک شاری (خانەقین)، بەھۆی ئەو پێکھاتە جیۆلۆجییەی کە ناوچەی گەرمیان ھەیەتی بڕێکی یەکجار زۆری نەوت لە پێکھاتەی چینی بەردی نیشتووی کۆبۆتەوە لەو پەڕی باکووری ڕۆژاوا بۆ باشووری ڕۆژھەڵات، گرنگی دەرامەتی نەوت لە ناوچەکەدا لەوەدا دەردەکەوێت کە لە ھەردوو جۆرەکەیەوە (یەدەگ و بەرھەم) بەردەستە. جوگرافیای دابەشبوونی کێڵگە نەوتییەکانی گەرمیان: 

١- ئەو کێڵگانەی کە دۆزراونەتەوە و نەوتیان لێ بەرھەمدێت بریتین لە: 

  • کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر لە ناوچەی قادر کەرەم
  • کێڵگەی نەوتی چەمچەماڵ لە بەشی ڕۆژھەڵاتی قەزای چەمچەماڵ
  • کێڵگەی نەوتی گوندی (حەسیرە) لە ناوچەی شاکەل
  • کێڵگەی نەوتییەکانی بابەگوڕگوڕ و بای حەسەن و چەمەبۆر و نەوت خانە

٢- ئەو کێڵگە نەوتییانەی کە دۆزراونەتەوە، بەڵام نەوتییان لێ بەرھەم نایەت: 

  • کێڵگەی نەوتی پەڵکانە لە قەزای کفری
  • کێڵگەی نەوتی گومار لە ناحیەی (کۆکز) لەسەر چەمی سیروان
  • کێڵگەی نەوتی دارەخورما لە ناوچەی مەیدان
  • کێڵگەی نەوتی حەمرین لە زنجیرە چیای حەمرین 
  • کێڵگەی نەوتی تل الغزال لە خواروو چاڵگەی ناودۆمان
  • کێڵگەی نەوتی ناودۆمان لە باشووری قەزای خانەقین 
  • کێڵگەی نەوتی ئینجانە کە دەکەوێتە سەر شەقامی کەرکووک - بەغدا
  • کێڵگەی نەوتی جبل المنصور لە باکووری ڕۆژاوای شارۆچکەی شارەبان

٣- ئەو ناوچانەی نەوتیان تیایە و بەڵام تاکوو ئێستا نەدۆزراونەتەوە: 

ناحیەی مەیدان کە لە سێ چاڵگەی نەوتی پێکدێت:

  • باکووری شاری خانەقین
  • ناوچەی ئاوەسپی لە قەزای چەمچەماڵ
  • ناوچەی جەسان لە قەزای بەدرە
  • ناحیەی قورەتووە کە سێ چاڵگەی نەوتی تیایە، یەکێک لە چاڵگە نەوتییەکان کەوتۆتە گوندی (قولە سووتاو) دوو چاڵگە نەوتییەکانی تریش کەوتوونەتە ناحیەی قورەتووە.

گازی سروشتی

گازی سروشتی ھاوکاتە لەگەڵ دەرھێنانی نەوت لە ئێستادا بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی وزە دادەنرێت لەسەر ئاستی جیھان خواستی زۆری لەسەرە، بەجۆرێک بوونی گازی سروشتی لە ناوچەی گەرمیان بە بڕێکی زۆر بە ھەردوو شێوە (تێکھەڵ لەگەڵ نەوت و سەربەخۆ) بەدیاردەکەوێت، گازی سروشتی تێکھەڵ لەگەڵ نەوت لە ناوچەکانی (کەرکووک و بای حەسەن و  چەمەبۆر) بوونی ھەیە، گازی سروشتی سەربەخۆ لە ناوچەکانی (کۆرمۆر و چەمچەماڵ) بوونی ھەیە، لە ئێستادا کۆمپانیای (دانا غازی ئیماڕاتی) لە کێڵگەی چەمچەماڵ گازی سروشتی بەرھەمدێنێت بۆ بەرھەمھێنانی ووزەی کارەبا، ئەگەر چی پێشتر نەتوانراوە بە شێوەیەکی ئابووری سوود لە گازی سروشتی وەربگیردرێت، لە کاتێکدا گازی سروشتی بە بەراورد بە سەرچاوەکانی تر ووزە وەکوو (نەوت و خەڵووز) لە کاتی سووتاندنی نابێتە ھۆی پیسبوونی ژینگە و گواستنەوەشی ئاسانترە و تێچووی گواستنەوەشی کەمترە.

گۆگرد

نیشتوویەکی سروشتی گرنگە لە ناوچەکانی (حەمرین و مەکحول) بوونی ھەیە بە تایبەتی لە ناوچەی (سلێمان بەگ) بە دووری ٦ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژاوای قەزای کفری، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی گۆگرد لە ناوچەی گەرمیان ئەوەیە کە نزیکە لە چیینەکانی سەرەوەی زەوی و لە جۆری باشی گۆگردە. جگە لەمەش گرنگی زۆری ھەیە لە بواری چالاکی کشتوکاڵی و پیشەسازی بە شێوەیەکی گشتی زۆربەی بەکارھێنانەکانی لە شێوەی ترشی گۆگردیکە وەکوو گۆگردی ئاسایی بەکاردێت لە پیشەسازی دروستکردنی (کاغەز، لاستیک و خواردەمەنی و چیمەنتۆ)، بە شێوەی ترشی گۆگردیک بەکاردێت لە پیشەسازییەکانی (پاڵاوتنی نەوت، بۆیاغ کردن و کانزاکاری و تەقەمەنی).

فیزیۆگرافیای گەرمیان

تایبەتمەندییەکانی فیزۆگرافی ناوچەی گەرمیان گرنگی زۆری ھەیە بەتایبەتی لە ناوچە دەشتاییەکان کە بوونەتە مەڵبەندێکی گرنگ بۆ بنیات نان و نیشتەجێبوونی دانیشتوان و ئەنجامدانی چالاکییە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکان، جگە لە بەپیتی خاک و شیاوی بۆ ٣بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان. گەرمیان لە چەندین یەکەی تۆپۆگرافی جیاواز پێکھاتووە کە گرنگترینیان بریتین لە: 

١- ھەرێمی شاخاوی پێچ سادە: ئەم ھەرێمە بە ھێڵی جیاکەرەوەری نێوان ناوچە شاخاوییەکان لەگەڵ ناوچە نیمچە شاخاوییەکان دادەنرێت کە زیاتر لە (١.١٧٪) ڕووبەری گەرمیان پێکدێنێت، شاخەکان ئاڕاستەکانیان بەگشتی لە باکووری ڕۆژاوا بۆ باشووری ڕۆژھەڵات دەکشێن جگە لە شاخی (چوارباغ و دارەوشکە) کە بە ئاڕاستەی باکووری دەکشێن.

٢- ھەرێمی گرد و بان: ئەم زاراوەیە بۆ ناوچەیەک بەکاردێت کە ڕووی زەویەکەی پێکھاتبێت لە تەپۆڵکەی باریک و بەرز کە بەرزییەکەیان لە (١٠٠٠) مەتر کەمترە، ڕێژەی (٢٢.٧٥٪) ڕووبەری گەرمیان دەگرێتەخۆ، لە گرنگترین گردەکانیش گردی دری خلە (٧٥٠) مەتر بەرزە لە باشووری ناحیەی تەوێڵە و گرد و بانەکانی باتێوە (٨٥٠) مەتر بەرزە.

٣- ھەرێمی دەشتەکان: لە گەرمیان چەندین دەشتی گەورە و فراوان دەبینرێن کە بەڕێژەی (٧٥.٨٧٪) کۆی گشتی ڕووبەری گەرمیان لەخۆدەگرێت، گرنگترین دەشتەکانیش بریتین لە: 

  • دەشتی حەمرین: کە بەرزی ئەم دەشتە لە نێوان (٢٢٥) مەترە لە باکوور و (١٨٠) مەتر لە باشوور و پانتایی بەشەکانی ناوەڕاستی دەگاتە (٣٢) کیلۆمەتر لە باشوور و (٦٤ بۆ ٨٠) کیلۆمەتر لە باکوور و درێژیەکەی (٣٠٠) کیلۆمەترە و بە گەورەترین و فراوانترین دەشت دادەنرێت لە گەرمیان.
  • دەشتی شاکەل (کەلار - شێروانە): ئەم دەشتە دەکەوێتە نزیک ڕووباری سیروان لە بەشی ڕۆژھەڵاتی گەرمیان، بە دەشتێکی لافاوکردی بەپیت ناسراوە کە تاڕادەیەک ڕووەکەی تەختە و بەھۆی دیاردەی لافاوی ڕووباری سیروان دروستبووە و بە دەشتی (شێروانە) ناسراوە کە بە دیاریکراوی دەکەوێتە ناوچەی کەلار و ژمارەیەک دۆڵ و ڕێڕەوی ئاوی ئەم دەشتە دەبڕن و بەرزیەکەی (٢١٧) مەترە و ئەستووری خاکەکەی لە نێوان (١ بۆ ٢) مەتر دایە کە خاکێکی بەپیت و گونجاوە بایەخێکی ئابووری گرنگی ھەیە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە بەتایبەتی بۆ بەرووبوومی کشتوکاڵی ھاوینە.

٤- دەشتی نیشتەنی کەنارەکانی ڕۆژھەڵات: دەکەوێتە ئەوپەڕی باشووری گەرمیان لە بەشی ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا درێژبۆتەوە لە سنووری نێوان ئێران و قەزای بەدرە و جەسان بە درێژی (٩٥) کیلۆمەتر. جگە لەم دەشتانەش چەندین دەشتی تر بوونیان ھەیە لە گەرمیان وەکوو دەشتی (باتێوە و جولاک و گۆپتەپە).

٥- ھەرێمە ئاووھەواییەکانی گەرمیان: ناوچەی گەرمیان بەھۆی ھەڵکەوتەی شوێنی ئەستڕۆنۆمی و جوگرافی و بوونی جیاوازی زۆر لە بەشەکانی لە ڕووی ڕەگەزەکانی ئاووھەوا بەگشتی و بەتایبەتی (پلەی گەرمی و دابارین) بۆیە دەکرێت بەگوێرەی ھاوکێشەی (دیمارتۆن) ھەرێمە ئاووھەواییەکانی ناوچەی گەرمیان دابەشبکرێن بۆ:

  • ھەرێمی ئاووھەوای وشک: ئەم ھەرێمە بەوەناسراوە کە ئاووھەوایەکی وشکی ھەیە و تێکڕای بارانی ساڵانەی کەمە و لە نێوان (١٥٠ بۆ ٢٠٠) ملیم تێپەڕناکات و تێکڕایی پلەی گەرمی ساڵانەی لە (٢٤)°سیلیزی زیاترە، دەکەوێتە بەشی باشووری ڕۆژھەڵاتی گارمیان کە دەشتەکانی کەناری ڕۆژھەڵاتی باشووری مەندەڵی و تەواوی ناوچەی بەدرە دەگرێتەوە.
  • ھەرێمی ئاووھەوای نیمچە وشک: ئەم ھەێمە دەکەوێتە بەشی باکووری ھەرێمی ئاووھەوای وشک لە شێوەی پشتێنەیەک لە باشووری ڕۆژھەڵاتەوە بۆ باکووری ڕۆژئاوا درێژبۆتەوە لە نێوان ناوچەکانی مەندەڵی و شارەبان و باشووری قەزای کەلار و کفری و بەدرە، تایبەتمەندی ئاووھەوای ئەم ھەرێمە بەوە ناسراوە کە ئاووھەوایەکی گواستراوەی ھەیە لە نێوان ھەرێمی ئاووھەوای وشک و ھەرێمی ئاووھەوای شێدار (دەریای ناوەڕاست) و تێکڕایی بارانی ساڵانەی لە نێوان (٢٠٠ بۆ ٤٠٠) ملیم دایە و تێکڕایی پلەی گەرمی ساڵانەی لە نێوان (٢٢ بۆ ٢٣)°سیلیزی دایە.
  • ھەرێمی ئاووھەوای شێدار (دەریای ناوەڕاست): ئەم ھەرێمە دەکەوێتە بەشی باکووری ھەرێمی ئاووھەوای نیمچە وشک لە شێوەی پشتێنەیەک لە باشووری ڕۆژھەڵات بۆ باکووری ڕۆژاوا درێژبۆتەوە لەوپەڕی باکووری قەزاکانی کەلار و چەمچەماڵ و خانەقین و کەرکووک، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم ھەرێمە لە وەرزی ھاوین پلەی گەرمی مامناوەند و کەشەکەی وشکە و لە وەرزی زستان سارد و باراناوییە و تێکڕایی باران بارینی ساڵانەی لە نێوان (٢٠٠ بۆ ٤٠٠) ملیمە و تێکڕایی پلەی گەرمی ساڵانەی لە (٢٠)°سیلیزی کەمترە.

٦- گرنگترین جۆرەکانی خاک لە گەرمیان: خاک بریتییە لەو چینە تەنک و ھەڵوەشاوەی کە ڕووی زەوی داپۆشیووە و ئەستووریەکەی لە نێوان چەند سانتیمەترێک بۆ چەند مەترێکە، خاکی گەرمیان جیاوازە بەپێی بەرزی و نزمی ئاستی لێژی ڕووی زەوی و کاریگەری ڕاماڵین و ئاووھەوا، بە گوێرەی پۆلێنکاری (بیورینگ ١٩٦٠) خاکی ناوچەی گەرمیان دابەشدەکرێت بۆ: 

  • خاکی بەقووڕ داپۆشراوی گونجاو بۆ  لەوەڕاندن: ئەم جۆرە خاکە ناوچەیەکی زۆر بچووک دەگرێتەوە و دەکەوێتە بەشی ڕۆژاوای گەرمیان لە خواروو دەریاچەی حەمرین لە ناوچەی شارەبان کە بە ڕووبەری (٩٧.١٢) کیلۆمەتر دووجا و بەڕێژەی (٠.١٣٪) کۆی ڕووبەری خاکی گەرمیان دەگرێتەوە و ڕووبارەکان ھۆکاری دروستبوونی بوونە ھەربۆیە بە خاکی دەشتی لافاوکرد دادەنرێت و زۆر لەبار و گونجاوە بۆ چالاکی کشتوکاڵی.
  • خاکی بەقووڕ داپۆشراوی نەگونجاو بۆ لەوەڕاندن: ئەم جۆرە خاکە دەکەوێتە بەشی باشووری گەرمیان لە دەشتە کەناریە ڕۆژھەڵاتییەکانی ناوچەی مەندەڵی و بەدرە، بە خاکێکی نیشتوو دادەنرێت لە ئەنجامی دروستبوونی کردارەکانی ڕاماڵین و نیشاندنی جۆگە و لقە ئاوییەکانی باراناو، ئەم جۆرە خاکە ڕووبەری (٥٣.٧٣٥) کیلۆمەتر دووجا بە ڕێژەی (١٧.٢٣٪) کۆی ڕووبەری گەرمیان پێکدێنێت.
  • خاکی نزمایی ئاوەزێڵەکان: ئەم جۆرە خاکە بە دوو پشتێنەی باریک درێژ دەبێتەوە لە بەشەکانی باکوورەوە بۆ بەشەکانی باشوور و لە بەشەکانی باکووری ڕۆژھەڵات، ڕووبەری ئەم خاکە (١٥٩.٦) کیلۆمەتر دووجایە کە بە ڕێژەی (٠.٥١٪) کۆی ڕووبەری گەرمیان پێکدێنێت، وە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە خاکە ڕێژەی خوێی بەرزە بۆیە بەھیچ شێوەیەک گونجاو نییە بۆ ئەنجامدانی چالاکی کشتوکاڵی جگە لەم سێ جۆرەی خاک چەندین جۆری تری خاک لە ناوچەی گەرمیان بوونیان ھەیە وەکوو: 

١- خاکی ناوبەناوی ژێرئاوکەوتوو
٢- خاکی زەلکاوەکان
٣- خاکی قاوەیی سوورباوی نیمچە ئەستووری تەنک
٤- خاکی قاوەیی سوورباوی ئەستوور و قوڵ
٥- خاکی شەقاربووی خراپ
٦- خاکی بەردەڵان

٧- دابەشبوونی ڕووەکی سروشتی لە گەرمیان: دەستنیشانکردن و پۆلێنکردنی ھەرێمەکانی ڕووەکی سروشتی پەیوەندییەکی بەھێزی بە ھەریەک لە ھەرێمەکانی ئاووھەوا و خاکەوە ھەیە، بە شێوەیەکی گشتی لە بەشەکانی باشوور و باشووری ڕۆژھەڵاتەوە بەرەو بەشەکانی باکوور و باکووری ڕۆژھەڵات چڕی ڕووەکی سروشتی ڕووی لە زیادبوونە لە ڕووی جۆریشەوە جۆراوجۆرن، گرنگترین ھەرێمەکانیش بریتین لە: 

  • ھەرێمی گژووگیای گەرمەسێر (السھوب): تایبەتمەندی ئەم ھەرێمە بریتییە لەوەی کە ڕووەکی سروشتی ئەم ھەێمە لە کۆتایی وەرزی زستان و سەرەتای وەرزی بەھار دەردەکەون، لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی ڕووەکەکان وشک دەبن و نامێنن، گرنگترین ڕووەکەکانیش بریتین لە (کەنگر، تۆڵەکە، قونجرکە، ئەنتیمۆنی، کێویلە، گوڵدار، پەڕەسپی) دەکرێن بە دووجۆر: 

أ- گژووگیای گەرمەسێر (ئەستێپسی وشک): ڕووبەرێکی فراوان لە ناوچەی گەرمیان داگیر دەکات بە نزیکەی (١٦.٠٦٪) کۆی ڕووبەری ناوچەی گەرمیان پێکدێنێت لە شێوەی پشتێنەیەکی گەورە و فراوان لە باشوور و باشووری ڕۆژھەڵاتەوە بەرەو باکوور و باکووری ڕۆژاوا درێژبۆتەو، دەکەوێتە نێوان ھێڵی بارانی (٢٠٠ بۆ ٣٠٠) ملیم، ھەرچەند بەرەو بەشەکانی باشووری ناوچەکە بڕۆین گژووگیاکان بەھۆی کەم بارانی و بەری پلەی گەرمی تەنکتر و کوورتر دەبن.

ب- گژووگیای گەرمەسێری شێدار (ئەستێپسی شێدار): ڕووبەرێکی زۆر بەرفراوان ل گەرمیان دەگرێتەوە کە بە نزیکەی (٧٠.٦٧٪) وە دەکەوێتە نێوان ھێڵی باران بارینی (٣٠٠ بۆ ٥٠٠) ملیم لە باکووری گەرمیان کە لە شێوەی پشتێنەیەک لە باشووری ڕۆژھەڵاتەوە بەرەو باکووری ڕۆژھەڵات درێژدەبێتەوە، گرنگترین جۆرەکانی  گژوگیالەم ناوچەیە بریتین لە (کەنگر، گوڵدار، تۆڵەکە، ئەنتیمۆنی).

  • ھەرێمی ڕووەکی دارستانی بەڕوو: ئەم جۆرە لە دارستان لە بەشەکانی سنووری گژووگیای گەرمە سێری شێدار لە بەرزاییەکانی شاخ و گردەکان دەڕوێت، گژوگیای گەرمە سێری شێداریش لە دامێنی چیاکان دەڕووێت، ڕووبەرەکەی بە نزیکەی (١٤٧.٢٧) کیلۆمەتر دووجایە کە دەکاتە نزیکەی (٠.٤٧٪) کۆی ڕووبەری گەرمیان.
  • ھەرێمی ڕووەکی دارستانی کەنار ڕوبار: ئەم جۆرە دارستانانە لە لێواری ڕووبار و سەرچاوە ئاوییەکانی گەرمیان دەبینرێن، ڕووبەرەکەی بە نزیکەی (٨٦٧.٦٢) کیلۆمەتر دووجایە کە دەکاتە نزیکەی (٢.٧٪) کۆی ڕووبەری گەرمیان.

٨- دابەشبوونی ئاوی سەر ڕووی زەوی لە ناوچەی گەرمیان: لە ئەنجامی گۆڕانکارییە ئاووھەواییەکان بە تایبەتی پەنگخواردنەوەی گەرمی و گەرمبوونی زەوی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان ساڵ لە دوای ساڵ، لە ئەنجامدا گرنگی و بایەخی سامانە سروشتییەکان لە زیادبوون بووە بە تایبەتی دەرامەتی ئاوی سەر زەوی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئەم سەرچاوەیە بە بەردەوامی پیسبووە. ئاوی سەر ڕووی زەوی بە گرنگترین سەرچاوەی ئاوی ناوچەی گەرمیان دادەنرێت شان بەشانی ئاوی بەفر و باران و ئاوی ژێر زەوی، بە شێوەیەکی گشتی بڕی ئاوی سەر ڕووی زەوی لەسەر بڕی بەفر و بارانی ساڵانە وەستاوە، بە جۆرێک لەگەڵ زۆر بوون و کەمبوونی بڕی بەفر و باران ئاوی سەر زەویش کەم دەکات، بە جۆرێک سەرچاوە ئاوییەکانی گەرمیان لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی پایز لە مانگی تشرینی یەکەم تاکوو دەگاتە مانگی ئادار و سەرەتایی مانگی مایس بڕی ئاوی سەر زەوی لە گەرمیان ڕووی لە زیادبوون و بوژانەوە دایە، لە سەرەتایی مانگی حوزەیران تاکوو کۆتایی مانگی ئەیلوول بڕی ئاوی سەر ڕووی زەوی بەتایبەتیش (ڕووبار و چەم و کانیاوەکان) کەمدەکات. ئاوی سەر ڕووی زەوی لە ناوچەی گەرمیان دابەشدەکرێت بۆ: 

أ- ڕووبارە ھەمیشەییەکان: ھەموو ئەو ڕووبارانە دەگرێتەوە کە بە درێژایی ساڵ بڕی ئاویان کەمدەکات، بەڵام وشک نابێت لە گرنگترین ئەو ڕووبارانەش بریتین لە: 

  • ڕووباری سیروان: لە بەرزاییەکانی ڕۆژاوای ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە لە بەرزایی (٢,٣٦٠) مەترە، ڕووبەری حەوزەکەی (٣١,٨٩٦) کیلۆمەتر دووجایە و درێژییەکەی (٣٨٦) کیلۆمەترە تێکڕایی داھاتی ئاوی ساڵانەی (٥,٣٦ ملیار) مەتر سێجایە و گرنگی و بایەخی بەکارھێنانی لە بواری چالاکی کشتوکاڵی لە زێی بچووک زیاترە.
  • ڕووباری زێی بچووک: یەکێکە لە ڕووبارە گەورەکانی ناوچەی گەرمیان کە سنووری کارگێڕی و سروشتی ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ پارێزگای ھەولێر پێکدێنێت بە درێژایی (١,٤٠٥) کیلۆمەتر، کە بە ڕێژەی (٣٥,١٪) درێژییەکەی لە ھەرێمی کوردستان دایە، سەرچاوەی ئاوی ئەم ڕووبارە لە دەرەوەی سنووری ناوچەی گەرمیان و ھەرێمی کوردستانەوە دێت، بە جۆرێک کە لە ناوچەی (لاھیجان) لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان سەرچاوە دەگرێت و دواتر دێتە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان لە نزیک گوندی شامان کە لە دوو لق پێکدێت: (چەمی تیت) لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ھەرێم و عێراق پەیدا دەبێت، (چەمی ماوەت) پێکدێت لە (گۆکە سوور و سیوەل) لە نزیک گوندی (بەردەسین)، ئاوی ئەم ڕووبارە لە بواری ئاودێر کشتوکاڵی بەکاردێت، بەتایبەتی کشتوکاڵی ھاوینە.
  • ڕووباری ئاوەسپی (روخانە - عوزێم): لە زنجیرە چیاکانی قەرەداغ و شوان و سەگرمە و بازیان سەرچاوەی سەرەکی خۆراک پێدەری لقەکانی ئەم ڕووبارەن. ڕووباری ئاوەسپی لە ئەنجامی یەکگرتنی سێ لقە ڕووبار پێکدێت کە بریتین لە: 

١- خاسە لە بەرزاییەکانی باکووری شاری چەمچەماڵ و چیای خاڵخاڵان سەرچاوە دەگرێت و دواتر بەرەو ئاڕاستەی باشوور دێت و بەناو پارێزگای کەرکووک تێدەپەڕێت.
٢- چەمی باسەڕە کە ئەمەش لە دوو لقی سەرەکی پێکھاتووە، یەکەمیان ڕووباری باسەرەیە لە بەرزاییەکانی ھەنجیرە و چیای قەرەداغ و بازیان ھەڵدەقوڵێت، دووەمیان ھەنجیرە لە باکووری ڕۆژھەڵاتی شاری چەمچەماڵ ھەڵدەقوڵێت و ڕێڕەو دەکات بەرەو ئاڕاستەی باشوور و لە بەشی باشووری گەرمیان لە نزیک مەملەحە لەگەڵ لقی سەرەکی (باسەڕە) یەک دەگرن.
٣- لقی سێیەمی ڕووباری ئاوەسپی لە بەرزاییەکانی قەرەداغ و سەگرمە و ئاژاداخ ھەڵدەقوڵێت لە بەرزی (١٤٠٠ بۆ ١٦٠٠) مەتر لە ئاست ڕووی دەریاوە. دوای یەکگرتنی ئەم سێ لقە ڕووبارە لە ئەنجامدا ڕووباری ئاوەسپی (ڕووخانە - عوزێم) پێکدێت لە باشووری شاری بەلەد بە دووری (١٥) کیلۆمەتر دەرژێتە ڕووباری دیجلە، ڕووبەری حەوزەکەی (١١٠٠٠) کیلۆمەتر دووجایە و درێژیەکەیشی (٢٣٠) کیلۆمەتر دووجایە و تێکڕایی داھاتی ئاوی ساڵانەی دەگاتە نزیکەی (٠,٧ ملیار) مەتر سێجایە.

٩- بەست و بەنداوەکان: 

  • بەنداوی حەمرین: ئەم بەنداوە لە ساڵی (١٩٨٠) لە ناوچەی مەنسوریە جەبەل لەسەر ڕووباری سیروان دروستکراوە بە دووری ١٢٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژھەڵاتی شاری بەغدا لە لێواری بەرزاییەکانی چیای حەمرین، بەرزی بەنداوەکە ٢٢ مەترە و پانییەکەی ١٣ کیلۆمەترە توانای گڵدانەوەی (٢,٥ ملیار مەتر سێجا) ئاوی ھەیە، سوود لە ئاوی بەنداوەکە وەردەگیردرێت بۆ ئاودێری کشتوکاڵی و بەرھەمھێنانی (٥٠ مێگاوات) ووزەی کارەبا.
  • بەنداوی عوزێم: ئەم بەنداوە لەسەر ڕووباری ئاوەسپی بە دووری ٤٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی عوزێم دروستکراوە، درێژی بەنداوەکە ٣,٨ کیلۆمەترە و توانای گڵدانەوەی (١,٢٧ ملیار مەتر سێجا) ئاوی ھەیە، لە بواری ئاودێری کشتوکاڵی سوودی لێ وەردەگیردرێت.
  • بەنداوی باوە شاسوار: ئەم بەنداوە دەکەوێتە دامێنی بەرزاییەکانی باوە شاسوار بە دووری ٢ کیلۆمەتر لەسەر چەمی ئاوەسپی لە باکووری شاری کفری بنیات نراوە، درێژی بەنداوەکە ٢٦٥ مەترە و بەرزییەکەی ٢٣ مەترە توانای گڵدانەوەی (٦ ملیۆن مەتر دووجا) ئاوی ھەیە، مەبەست لە دروستکردنی بەنداوەکە سوود وەرگرتنە لێی لە بواری ئاودێری کشتوکاڵی و گەشت و گوزار و بەخێوکردنی سامانی ماسی.
  • بەنداوی ئەڵوەند: ئەم بەنداوە دەکەوێتە سەر ڕووباری ئەڵوەند لە بەشی باشووری ڕۆژھەڵاتی قەزای خانەقین بە دووری ٦ کیلۆمەتر لە سنووری نێوان (عێراق و ئێران)، درێژی بەنداوەکە ١,٣٣٠ مەترە و بەرزییەکەی ٢٤ مەترە و توانای گڵدانەوەی (٣٧,٨٨ مەتر سێجا) ئاوی ھەیە، ئەم بەنداوە دروستکراوە بە مەبەستی گڵدانەوەی ئاوی باراناو و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو لە ناوچەکە و پاشەکەوتکردنی ئاو بە مەبەستی زیادکردنی ئاستی ئاوی ژێر زەوی.


سەرچاوەکان



97 بینین