گرنگترین چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی نێو باخچەی منداڵان

له‌لایه‌ن: - شانۆ محمد شانۆ محمد - به‌روار: 2024-03-27-22:09:00 - کۆدی بابەت: 12342
گرنگترین چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی نێو باخچەی منداڵان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گرنگترین چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی نێو باخچەی منداڵان (بە ئینگلیزی: The most important activities and services in children playground, بە عەرەبی: أهم الأنشطة والخدمات الموجودة في الملاعب الأطفال). باخچەی منداڵان ئەو شوێنەیە کە منداڵان بەشێک لە کاتەکانی ڕۆژ یان هەفتەیان لەناویدا بەسەردەبەن بۆ پشوو یان وانە،  گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئاسوودەیی و گەشەی جەستە و بیری ئەوان. بەڵام بێگومان پێویستە لەسەر ئەندازیاران و کاربەڕێکەرانی شوێنەکە کە چەند ڕێگە و پۆڵێنکردنێک هەیە بیگرنە بەر بۆ سەلامەتی منداڵان.

سوودەکانی باخچە و گۆڕەپانی یاری کردن

باخچە و گۆڕەپانەکانی یاریکردنی منداڵان یەکێکە لە ناوەندەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی منداڵان کە وا دەکات منداڵ لە زۆر کێشە دەروونییەکان ڕزگار بکات بۆیە وا پێویستە کە دایک و باوکان لانیکەم هەفتانە جارێک منداڵەکانیان بەو شوێنە ئاشنا بکەن و کاتێکی خۆشی تێدا بەسەر بەرن.  وەکو وەرزشێک بۆ جەستەی منداڵان پێویستە، وا دەکات گەشەیان باشتر بێت. منداڵان لەو شوێنە فێری هەستی لێپرسراوییەتی دەبن بەرامبەر کەلوپەل و شوێنەکە. 

دەستنیشان کردنی شوێنی گونجاو

چەند خاڵێکی گرنگ هەیە لە کاتی دیاری کردنی شوێنەکە لەوانە: 

ئایا ئەو باخچەیە سەر بە کوێیە؟ 

دەکرێت سەر بە یەکەیەکی نیشتەجێبوون بێت یاخود لەناو قوتابخانەیەکدا بێت پەیوەست بێت بە کاتی دەوامی قوتابییەکان، یاخود سەربەخۆ بێت و منداڵەکان خۆیان بۆی بچن. لە هەر دۆخێکدا بێت پێویستە ئاڕاستە و ناوچەی باخچەکە گونجاو بێت و دووربێت لە ژاوەژاو و هاتووچۆی سەیارە. 

ئایا ئەو باخچەیە بۆ منداڵانی ئاساییە یان بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانە؟

بێگوومان هەموو منداڵێک مافی هەیە کە شوێنێکی گونجاوی هەبێت بۆ یاری کردن و لە هەمان کاتدا پارێزراو بێت، بەڵام کاتێک باخچەکە تایبەت دەکرێت بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەبێت ئەندازیاران وردتر بن لە کاتی دیزاین کردن و بنیادنانی باخچەکە. 

منداڵانی ئاسایی یان ئەوانەی کە پێویستییەکی تایبەتییان نییە و دەتوانن کەم تا زۆر ئاگاداری خۆیان بن، زۆربەی کات باخچە و شوێنی یاریکردنیان دوورە لە وردەکاری و پۆڵێنکردن کەمتر گرنگی دەدرێت بە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە سەردانی دەکەن، یاری و کەلوپەلەکانیان بە شێوەیەکی ستاندارد دروست دەکرێت.

بەڵام کاتێک باخچەیەک تایبەت دەکرێت بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت پێویستە ڕەچاوی چەند خاڵێک بکرێت و بە پێی جۆری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پۆڵێنبکرێت. دەکرێت ئەو منداڵانەی سەردانی باخچەکە دەکەن نابینا بن، کە ئەمەش کێشەیان بۆ دروست دەکات لە کاتی قەرەباڵغی و یارییە مەترسیدارەکان، ئەندازیاران کۆمەڵە خاڵێک هەیە دەیگرنە بەر بۆ سەلامەتی ئەو منداڵانە لەوانەش: 

  • دیاری کردنی باشترین شوێنی گونجاو بۆ دروست کردنی باخچەکە، دەبێت ئەو باخچەیە بە هەموو شێوەیەک دوور بێت لە قەرەباڵغی و هاتووچۆی سەیارە، گونجاوتر دەبێت ئەگەر ئەو ناوچەیەی دابینکراوە بۆیان سەیارە نەتوانێت لێی نزیک بێتەوە و دەورووبەری شوێنەکە تەنیا پیادەیی بێت.
  • ئەو یارییانەی کە دابیندەکرێن پێویستە شیکردنەوەیان بۆ بکرێت و سەلامەتترینیان هەڵبژێردرێن، زۆربەی کات دەبێت ماددەی کەلوپەلەکان پلاستیک یان ئیسفنج بێت و ساڵانە چەند جارێک سەیر بکرێنەوە لە ئەگەری خراپبوون و تێکچوونیان. 
  • لە سەردەمی هاوچەرخدا زۆربەی وڵاتان کۆکن لەسەر ئەوەی کە باشترین شوێنی باخچەی نابینایان پێویستە لەناو بیناکانی قوتابخانە یان care Center بێت واتە ئەو شوێنەی کە ڕۆژانە گرنگی بە منداڵان دەدەن وەک دایەنگە، واتا گونجاوترە کە لە indoor space دا شوێنیان هەبێت نەک لە ناوچەی کراوە و دەرەوە.
  • ئەو کەلوپەلانەی کە ئەو منداڵانە پێویستییان پێیە زیاتر پێویستە هەستی منداڵەکان بجووڵێنن گرنگ نییە کە باخچەکە یاخود شوێنی یارییەکانیان پڕ بێت لە سەوزایی یان وێنەی سەر دیوار ئەوان پێویستییان بە کەلوپەلە بچووکەکانە بۆ ئەوەی هەستیان پێ بکەن و لێیان تێبگەن. چەند شوێنێک هەیە لە جیهان کە ناوبانگیان پەیداکردووە بەهۆی ئەو گرنگییەی نیشانی منداڵانی نابینایان داوە لەوانە: سەنتەری گرنگیپێدانی تایبەتی منداڵان لە ڤیلێتا-پاراگوای، سەنتەری فلێتچەر لە ئەمریکا، سەنتەری نابینایان لە مەکسیکۆ ئەمانە کۆمەڵە نموونەیەک بوون کە خاوەنی باخچە و گۆڕەپانی زۆر پێشکەوتوون کە حکوومەت بۆ نابینایان دیزاینی کردوون.
  • جیا لە شوێن و شێوازی کەلوپەلەکان دیزاین کردنی شوێنی پیادەیی منداڵەکانیش زۆر گرنگە بۆ ناسینەوەی هەموو بەشەکانی یاریگاکە لە سەردەمی هاوچەرخدا ستانداردی جیهانیی هەیە کە بەکاردەهێنرێن بۆ کاتی دیزانکردن کە منداڵەکان دەتوانن بە بەکارهێنانی دەستیان یاخود پێیان ڕێگاکان بناسنەوە کە ئەمەش زۆر ئاسانکاری دەکات بۆیان کە کەمتر پێویستییان بە کەسێک هەبێت بۆ ڕێنوێنی کردنیان.

جۆرێکی تری خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە ئەویش بریتین لە (نابیستان)، ئەوان لە ڕووی بینین و شێوازی دیزاینی گۆڕەپانەکە هیچ کێشەیەکیان نییە بەڵام زۆربەیان بەکارهێنەری ئامێری دەنگ گەورەکەرن بۆیە وا باشترە لە کاتی هەڵبژاردنی شوێنەکە ئەو خاڵە لەبەر چاو بگیرێت، چونکە ئەو ئامێری دەنگ گەورەکەرە هەموو شەپۆلەکانی دەورووبەر دەگوازێتەوە بۆ ناو گوێی ئەوان و ژاوەژاوێکی زۆر خراپ درووست دەکات، بۆیە تا ناوچەکە دوور بێت لە قەرەباڵغی باشترە وە باشترینیش ئەوەیە کە یاریکردنیان لە شوێنێکی داخراو بێت.

جۆرێکی تری خاوەن پێداویستی تایبەت بریتین لەوانەی کە نەخۆشی داون-سێندرۆمیان هەیە ئەوان زۆربەی کات جیا لەوەی کە پێویستییان بە شوێنێکی زۆر گونجاو و داخراو هەیە دەبێت بە بەردەوامی کەسی شارەزایان لەگەڵدا بێت و چاودێری بکرێن چونکە زۆر بە ئاسانی دەتوانن لەناو باخچەکان بڕۆنە دەرەوە و ونبن.

 لە کاتی درووست کردن و دیزاینی باخچەکان پێویستە گرنگی بدرێت بە ژمارەی بەکارهێنەر، دەبێت سەرژمێرییەک بکرێت بۆ دەورووبەری ناوچەکە کە ئایا چەند منداڵی لێیە و مانگانە یاخود ساڵانە چەند بەکارهێنەری دەبێت بەپێی ئەوە گەورەیی و بچووکی باخچەکە دیاری دەکرێت، ئەگەر وا نەبێت دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی شوێنێک بە ڕووبەری ١٠٠٠ مەتر دووجا درووست بکرێت بەڵام ڕۆژانە ١٠ منداڵ سەردانی نەکات یاخود بە پێچەوانەوە دەورووبەری ناوچەکە سەدان منداڵ هەبێت بەڵام ڕووبەری باخچەکە ٥٠٠ مەتر دووجا بێت. 

دیاری کردنی کەلوپەلی گونجاو

دوای ئەوەی کە باخچەکە شوێنی گونجاوی بۆ دۆزرایەوە و بنیادنرا، ئیتر دەست دەکرێت بە پڕکردنەوەی گۆڕەپان و باخچەکە بە کەلوپەل بۆ دیاری کردنی کەلوپەلی گونجاو دوو ڕێگا دەگرینە بەر:

یەکەم/ ئەگەر باخچەو شوێنی یاریکردنی منداڵەکان لە ناوچەیەکی کراوەدا بوو.

دەبێت دەوروبەری شوێنەکە بە پەرژینی گونجاو دەوربدرێت بۆ مەبەستی سەلامەتی دەکرێت دیوار بێت یاخود سەوزایی، دەرگاو هاتنە ژوورەوەی فەرمی هەبێت و ناکرێت لە هەموو لایەکەوە خەڵک بتوانێت بێتە ژوورەوە، پێویستە چاودێریکەری تایبەت هەبێت یاخود کامێرای چاودێری بیست و چوار کاتژمێر کار بکات.
کەلوپەلی یارییەکان پێویستە تۆکمە بن و خۆڕاگر بن دژی باران و خۆر، ماددەکەیان دژە گەرمی بێت بۆ ئەوەی منداڵان لە هاویندا بە ئاسانی بتوانن بەکاریان بێنن. 

دووەم/ ئەگەر گۆڕەپانی یاریکردنەکە لەناو بینا بوو و لە شێوەی هۆڵێکی گەورە بوو پێویستە دیوار و پەنجەرەکانی دژە دەنگ و دژە شێ بن چونکە دەنگدانەوەی زۆر دەبێت،

پێویستە دیوارەکان لە ڕووی ناوەوە بە ماددەیەکی نەرم دابپۆشرێن کە لە سەردەمی هاوچەرخدا جۆرە کاشییەک هەیە پێی دەڵێن کاشی ئیسفنجی کە ٧سم ئەستوورە و بۆ ڕووی ناوەوە بەکار دەهێنرێت کە ئەمەش وا دەکات منداڵان دوور بن لە ئازار و بریندابوون. پێویستە گرنگی بدرێت بە ڕووناککەرەوەی دەستکرد و جۆرە زۆر سەلامەتەکان هەڵبژێردرێن تاوەکو زۆرتر سوود لە ڕووناکی سرووشتی خۆر وەربگیرێت باشترە بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانرێت پەنجەرەی گەورە بەکاربهێنرێت.


سەرچاوەکان



59 بینین