چاکەکردن بۆ مردوو لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-02-25-21:52:00 - کۆدی بابەت: 12026
چاکەکردن بۆ مردوو لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاکەکردن یان خێرکردن بۆ مردوو یان سەدەقەکردن بۆ مردوو (بە عەرەبی: الصدقات عن الميت، بە ئینگلیزی: Alms for the dead) هەر مرۆڤێک کۆچی دوایی بکات کار و کردەوەی چاکی خودی خۆی کۆتایی پێدێت و دەوەستێت. بۆیە هەموو موسڵمانێک کە دەمرێت پێویستی بە خێر و چاکە هەیە، کەسانی تر کە لەدوای مردووەکە ماون دەتوانن خێر و چاکە و دوعای لێخۆشبوونی بۆ بکەن. چاکەکردن یان سەدەقە یان خێرکردن لە قورئاندا بە  بەخشین بە هەژاران و نەداران لە پێناو خودا پێناسە کراوە.

ئایا چاکە دەگات بە کەسی مردوو؟

بەپێی دەقی فەرموودەی پێغەمبەر چاکەکردن بۆ مردوو دروستە و کارێکی پەسەندە، واتا چاکە و دوعا و کاری خێرکردن بۆ مردوو ئاساییە و پێی دەگات، بە تایبەت (صدقة الجارية) كە بە واتای خێر و چاکەیەک دێت کە لە دوای کۆچی دوایی مردووەکەش چاکەکە بەردەوامە و نەبڕاوەیە و کۆتایی نایەت.

حوکمی چاکەکردن بۆ مردوو لە ئیسلامدا

بە دەق و بەڵگەی فەرموودەی پێغەمبەر لەگەڵ وتەی تەواوی زانایانی ئیسلامی لەسەر پەسەندی و دروستی چاکەکردن بۆ مردوو کۆکن، بەڵکو هەندێک بە واجب و ئەرکی دەزانن کە مردوو لە دوعا و خێر و چاکە لەبیر نەکرێت، چونکە هەر کەسێک کۆچی دوایی کرد تاکە ڕێگایەک کە ئیتر لە ڕێگەیەوە چاکەی بۆ بچێت بریتییە لە چاکەکردن و دوعای لێخۆشبوونکردن بۆی.  هاوکات ئەو کەسەی چاکەیەک یان سەدەقەیەک بۆ مردوویەک دەکات بۆ خودی خۆیشی چاکە و خێر دەنووسرێت و لە پاداشتی خۆی کەم نابێتەوە.

بەڵگەی فەرموودەی پێغەمبەر لەسەر بابەتەکە

پێغەمبەر فەرموویەتی: (إذا مات الإنسان أنقطع عمله إلا من ثلاث، صدقة جارية، أو علم ينتفع به أو ولد صالح يدعو له)، واتا ئەگەر مرۆڤێک کۆچی دوایی کرد هەموو کار و کردەوەکانی دەوەستێت و تەنیا لە ڕێگەی سێ کارەوە چاکەی بۆ دەچێت، کە بریتین لە سەدەقەی جارییه کە خێر و چاکەیەکی نەبڕاوەیە لە دوای مردنی کەسەکه بەردەوامی هەیە و نەبڕاوەیە، زانستێک کە کەسی مردوو لە پاش خۆی بەجێیهێشتووە و سوودی بۆ کەسانی تر هەیە، منداڵێک یان ڕۆڵەیەک یان نەوەیەک کە دوعای خێر و لێخۆشبوونی بۆ دەکات.

روى الإمام أحمد وأصحاب السنن عن سعد بن عبادة رضي الله عنه قال: قلت: يا رسول الله إن أمي ماتت أفأتصدق عنها؟ قال: نعم، قلت: فأي الصدقة أفضل؟ قال: سقي الماء. واتا: ئیمامی ئەحمەد لە سەعدی کوڕی عەبادەوە دەگێڕێتەوە ودەفەرموێت کە سەعد بە پێغەمبەرـی فەرمووە، ئەی پێغەمبەر دایکم کۆچی دوایی کردووە دەتوانم چاکە (خێر یان سەدەقە)ـی بۆ بکەم؟ پێغەمبەر لە وڵامدا فەرموویەتی: بەڵێ، پاشان سەعد وتی چی جۆڕە چاکەیەک باشترینە؟ پێغەمبەر لە وەڵامدا فەرمووی: دانانی ئاو یان دابینکردنی ئاو.

چۆن چاکە بۆ کەسێکی مردوو بکەم؟

بیرۆکەی چاکەکردن و خێرکردن بۆ کەسی مردوو هەمەچەشن و زۆرن، باشترین و لەپێشینەترینی چاکەکان بریتییە لە دوعاکردن و داوای لێخۆشبوونکردن بۆ کەسی مردووەکە بە بەردەوامی دوای نوێژەکان و لە ڕۆژانی هەینی و لەو کاتانەی کە دوعا تێیدا قبووڵە، پێویستە پێش چاکەکردنیش لەدڵەوە نییەت بهێنرێت که مەبەستی ئەنجامدانی ئەم چاکەیە بۆ کەسە مردووەکەیە. هاوکات بەپێی فەرموودەی پێغەمبەر دابینکرنی ئاو و دانانی ئاو لە شوێنەکان باشترین کاری خێرە کە بۆ مردوو ئەنجام بدرێت.
نموونەی چەند کارێکی پەسەند کە دروستە بۆ کەسی مردوو ئەنجام بدرێت:

  • هەڵکەندنی بیر و دابینکردنی ئاو بۆ ئەو شوێنانەی کە کێشەی نەبوونی ئاویان هەیە.
  • دانانی بەڕادی ئاو یان ساردکەرەوەی ئاو بۆ مزگەوت و شوێنە گشتییەکان و ئەو شوێنانەی کە دوورەدەستن.
  • بەشداری کردن لە بنیاتنانی مزگەوت یان شوێنی سوودبەخش، بە دابینکردنی کەرەستەی بیناسازی یان بە بەخشینی بڕێک پارە.
  • دوعاکردن و پاڕانەوە لە خودا بۆ لێخۆشبوون لە کەسی مردوو.
  • دانەوەی قەرزی دونیایی مردووەکە.
  • دانانی قورئان لە خوێندنگە ئایینی و مزگەوتەکان بە مەبەستی خوێندن و سوودوەرگرتن لێی.
  • هاوکاریکردنی هەژاران و کەفالەتکردنی منداڵی بێ‌ باوک.
  • ئەگەر مردووەکە هەقی دوونیایی لەلای کەسێک بوو پێویستە ئەگەر بکرێت هەوڵ بدرێت گەردن ئازادی کەسەکە بۆ مردووەکە دەستەبەر بکرێت.
  • دابەشکردنی خواردن بۆ هەژاران.

سوود و فەزڵی چاکەکردن لە ئیسلامدا

  • بەپێی دەقی فەرموودەی پێغەمبەر ﷺ سەدەقە و چاکە بەڵا و موسیبەت لەسەر بەندەکان لادەبات، کە دەفەرموێت: (الصدقة تدفع البلاء)، واتا چاکەکردن هۆکارێکە بۆ ڕزگاربوون لە بەڵاکانی دونیا.
  • خودا ڕازی دەکات و پاداشت و چاکەت زۆر دەبێت و تووڕەیی خودا ناهێڵێت.
  • دەروونت ئارام و ئاسوودە دەبێت.
  • ڕزق و ڕۆزیت بەرەکەتدار دەبێت و بە چاکەکردن ڕزقت کەم ناکات.

ئەو چاکانەی پاداشتەکەی زیاترە

  • چاکەکردن بە نهێنی و بڵاونەکردنەوە و باس نەکردنی پاداشتێکی زۆری هەیە.
  • چاکەکردن و سەدەقەکردن بە یەکێک یان کەسێک کە زۆر پێویستی پێ بێت و بەو چاکەیە کێشەکەی چارەسەر بێت.
  • خێراکردن و پەلەکردن لە دابینکردنی پێداویستی یان پارە بۆ کەسێک کە پێویستی بێت، واتا خێراکردن لە گەیاندنی چاکەکە بۆ کەسێک کە پێویستێتی.
  • چاکەکردن و گەیاندنی سەدەقە و خێر بۆ کەسێک پێش مردنی.
  • چاکەکردن بۆ کەسی نزیک و خزم یا ئەو کەسەی کە نەدار و بێ‌کەسە پاداشتی زۆری هەیە.
  • چاکەکردن بۆ منداڵی بێ‌ باوک و کەفالەت‌کردنی پاداشتێکی زۆری هەیە.


سەرچاوەکان



164 بینین