باوترین ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی خوێندکار دەبنەوە

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-03-28-20:29:00 - کۆدی بابەت: 12361
باوترین ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی خوێندکار دەبنەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باوترین ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی خوێندکار دەبنەوە (بە ئینگلیزی: Most common problems faced by students، بە عەرەبی: أكثر المشكلات شيوعا التي تواجه الطلاب) لە ماوەی خوێندندا خوێندکاران ڕووبەڕووی چەندین کێشە لەڕووی ڕێکخستنی کات و کێشەی دەروونی دەبنەوە. هەندێک کات خوێندکار خۆی بۆ ئەم کێشانە ئامادەکردووە و دەزانێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، بەڵام هەندێک کاتیش خۆی بۆ ئەم جۆرە کێشانە ئامادە نەکردووە .کاتێک ڕووبەڕوویان دەبێتەوە تووشی بارودۆخێکی سەخت دەبێت و نازانێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

هەندێک لەو کێشانەی ڕووبەڕووی خوێندکار دەبنەوە

بریتین لە:

ڕێکخستنی کات

لەهەر قۆناغێکی خوێندندا ڕێکخستنی کات گرنگە و کاریگەری تەواوی لەسەر خوێندن دەبێت. هەندێک کات ڕەنگە بۆ تەواوکردنی ئەرکی ماڵەوە پێویست بکات تاکوو کاتێکی درەنگ بەخەبەر بمێنیتەوە. یان ڕەنگە لە کاتی خوێندندا هەست بە نیگەرانی و ماندووبوون بکەیت. هەموو ئەمانە واتای ئەوەن کە پێویستت بە ڕێکخستنی کاتە بۆئەوەی لەم بارودۆخانە خۆت ڕزگار بکەیت.

  • لیستی ئەو کارانە کە پێویستە ئەنجامیان بدەیت بنووسە.
  • ئەنجامدانی ئەو کارانە لە پێشدا کە گرنگترن.
  • بەرنامەی تایبەت بە دروستکردنی خشتەی ئەرکەکانت بەکاربهێنە، لەم ڕووەوە دەکرێت ئینتەرنێت سوودت پێ بگەیەنێت.
  • لە ماوەی خوێندندا پشوو وەربگرە.
  • لە کاتی پێویستیدا داوای یارمەتی بکە.

کەمی پشتگیریکردن و هاندان

ئایا بە ئاسانی بێزار دەبیت؟ یەکێک لە باوترین ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی خوێندکار دەبێتەوە بریتییە لە کەمی پشتگیریکردن و هاندان. ڕەنگە ئەو ماندووبوون و هیلاکییەی بۆ بەدەستهێنانی نمرە دڵخوازەکەت دەیبینیت بەتەنها بەس نەبێت، ئەگەر هیچ پاڵنەرێکی ناوەکیت بۆ سەرکەوتن نەبێت. بەبێ بوونی پاڵنەرێک بۆ سەرکەوتن ڕەنگە بە هەر شتێکی بچووک تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ ببیت. ڕەنگە بەباشی نەخەویت و هەمیشە دەربارەی شکستهێنان نیگەران ببیت، یەکەم هەنگاو لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بریتییە لەوەی بزانی چ شتێک بۆ سەرکەوتن هاندەرت دەبێت.

  • خەڵاتکردنی خۆت
  • تێگەیشتن لە شێوازی خوێندنی خۆت
  • دان پێدانان بەوەی کە چ شتێک تۆ دەوەستێنێت
  • ڕووبەڕووی ترسەکانت ببەرەوە
  • قسەکردن دەربارەی کێشەکانت

ژینگەی دەوروبەر

توانای خوێندکاران بۆ سەرنجدان لە ماوەی خوێندندا لەوانەیە بەهۆی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، هاوڕێ، مۆبایل، تەلەفزیۆن، یارییە ڤیدیۆییەکان و چوونەدەرەوە کەم ببێتەوە. ئەمەش یەکێکی ترە لە کێشە باوەکان کە خوێندکاران لە ماوەی خوێندندا ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام ئێستا کاتی گۆڕینی ژینگەکەتە و پێویستە خۆت لە هەموو ئەو شتانە بەدوور بگریت کە سەرنجت لەسەر خوێندنەکەت کەم دەکەنەوە. دەکرێت ڕێگای گۆڕینی ژینگەکەت بریتی بێت لە:

  • دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو
  • پاککردنەوە و ڕێکخستنی شوێنی خوێندنەکەت
  • گوێگرتن لە مۆسیقا
  • مۆبایلەکەت بکوژێنەرەوە
  • کاتی تەواوکردنی خوێندنەکەت دیاری بکە

توانای سەرنجدان

ئایا لەبەردەم لاپەڕەیەکی بەتاڵدا دانیشتوویت و سەیری دەکەیت، ناتوانیت دەست بە خوێندنەکەت بکەیت؟ ئەم کێشانە کە لە ماوەی خوێندندا ڕووبەڕووی خوێندکار دەبێتەوە بەزۆری دەبێتە هۆی دابەزاندنی توانای بەرهەمهێنان و بەرەوپێشچوون لە خوێندکاردا. لاوازی توانای سەرنجدان باوترین نیشانەی دواکەوتنە. هەر بۆیە هەرکات لە ماوەی خوێندندا سەیری سۆشیاڵ میدیاکانت کردو و لە خوێندنەکەت وەستایت و خۆت بە کۆمەڵێ شتی تر سەرقاڵ کرد بزانە کە تۆ پێویستت بە زیادکردنی توانای سەرنجدان هەیە.

مامەڵەکردن لەگەڵ خەمۆکیدا

یەکێکی تر لەو کێشانەی خوێندکاران زۆر ڕووبەڕووی دەبنەوە، بریتییە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ فشار و خەمۆکیدا. ڕەنگە بیرکردنەوە دەربارەی داهاتوو نیگەرانت بکات یان تووشی دڵەڕاوکێت بکات. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هەستانەدا دەکرێت:

  • لەگەڵ هاوڕێیەکت گفتوگۆ بکەیت
  • ڕاهێنانکردن
  • باشترکردنی کاتی خەوتن


سەرچاوەکان



80 بینین