شیلان دارا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-29-15:12:00 - کۆدی بابەت: 12368
شیلان دارا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و ژیاننامەی

شیلان دارا (بە عەرەبی: شيلان دارا، بە ئینگلیزی: Shelan Dara) خانمە چالاکوان و دەرمانسازێکی کوردی دانیشتووی شاری بەغدادی پایتەختی عێراق بوو، بە ڕەچەڵەک لە نەتەوەی کورد بووە و خەڵکی سلێمانی بووە، لە ساڵی ٢٠١٦ پزیشکی دەرمانسازی خوێندووە لە زانکۆی بەغداد بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە دەرمانسازی بەدەست هێناوە و لە بەغداد لە شاری پزیشکان وەک دەرمانساز کاری کردووە.

شیلان لەگەڵ دایک و باوکی دانیشتووی گەڕەکی مەنسووڕ بوونە نزیک باڵوێزخانەی ڕووسیا لە بەغداد کە گەڕەکێکی پێشکەوتووی شارەکەیە و بە گەڕەکی دەوڵەمەندەکان ناسراوە، شیلان کچە تاقانەی دایک و باوکی بووە. خێزانەکە لە ساڵی ١٩٦٨ـەوە دانیشتووی شاری بەغداد بوونە و ڕەچەڵکیان دەگەڕێتەوە بۆ شاری کۆیە و سلێمانی. چەند جارێک بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ کوردستان دابوو بەڵام باوکی شیلان تووشی شێرپەنجە ببوو، بۆیە خێزانەکە هەر لە بەغدا مابوونەوە.

لە ڕووداوەکان و خۆپیشاندانەکانی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ لە عێراق، شیلان وەکوو چارەسەرخوازی خۆبەخش چەجد جارێک لەگەڵ خۆپیشاندەرەکان بەشداری کردووە و چارەسەری خۆپیشاندانە بریندارەکانی کردووە. لە ساڵی ٢٠٢٠ شیلان لەگەڵ دایک و باوکی بە دڕندانەترین شێوە لە ڕووداوێکی نامۆ و تەمومژاویدا کوژران و ڕووداوەکە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

زانیاری گشتی

ناو  شیلان دارا ڕەئووف
پیشە   پزیشکی دەرمانساز، چالاکوان
نەتەوە  کورد
شوێنی نیشتەجێبوون گەڕەکی مەنسوڕ، بەغداد، عێراق
کۆچی دوایی  ١٥ـی ئەیلوولی ساڵی ١٢٠٢٠
هۆکاری مردن  کوشتن

ڕووداوی کوشتنی شیلان و خێزانەکەی

ڕووداوی کوشتنی شیلان دارا و بنەماڵەکەی لە ئێوارەی ١٥ـی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٠ ڕوویدا، لە میدیاکان بڵاوکرایەوە کە دەرمانسازێکی کوردی عێراقی بە ناوی شیلان دارا ڕەئوف لەگەڵ دایک و باوکی لە ماڵەکەی خۆیان لە گەڕەکی مەنسووڕ لە ڕۆژاوای بەغدادی پایتەخت بە دڕندانەترین شێوە کوژراون و درانەتە بەرچەقۆ و سەربڕاون.

کاردانەوەی سەر ڕووداوەکە و دەستگیرکردنی تاوانبار

له ١٩ـی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٠، هێزە ئەمنییەکانی ئاساییش لە شاری هەولێر دەستگیرکردنی تاوانبارێکیان بە ناوی "مەهدی حسێن ناسڕ" ڕاگەیاند کە ویستبووی لە سنووری هەولێرەوە بچێتە وڵاتی تورکیا و لە ئوتێلێک خۆی حەشاردابوو، تاوانبارەکە ڕادەستی شاری بەغداد کرایەوە.

تاوانبار وەک ئەفسەری پاراستن لە وەزارەتی ناوخۆ لە باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە بەغدا کاری کردووە، دوای دەستگیرکردنی دانی بە تاوانەکەی ناوە و ڕایگەیاند کە ئەو خێزانی شیلانی ناسیوە چاودێری کردوون و بە مەبەستی داواکردنی قەرز چووەتە ماڵیان، بەڵام باوکی شیلان داواکەی ڕەتکردووەتەوە بۆیە ئەویش تووڕە بووە و سەرەتا باوکەکەی کووشتووە دواتر کە دایکەکە هاتووەتەوە ئەویشی کووشتووە و پاشان شیلان، ڕووداوەکەی بە دڕندانەترین شێوە ئەنجام داوە و قوربانییەکانی سەری بڕی بوو، پاشان بڕی ١٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی لە ماڵەکە دزی بوو و بەرەو شاری هەولێر هەڵهاتووە.

دانپێدانانی تاوانبارەکە بڵاوکرایەوە و ڕاستەوخۆ دانی بە تاوانەکەی نا، دادگای کەرخ لە بەغداد سێ جار بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تاوانبارەکە دەرکرد. بەشێک لە چاودێران و چالاکوانان بۆچوونێکی تریان هەبوو لەسەر ڕووداوەکە، پێیان وابوو کە ئەم ڕووداوە دروست کراوە و لایەنی باڵای دەستڕۆیشتوو لەپشت ڕووداوی کووشتنەکە هەبووە، چونکە شیلان چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی تشرین بووە و لەو ماوەیە لە عێراق زۆرێک لە چالاکوان و بەشداربووانی ئەو خۆپیشاندانە یان دەکوژران یان دەڕفێندران، بۆیە واگریمانە کرا کە ئەم ڕووداوە تەنها وەکوو تۆڵەسەندنەوە بووە لە شیلان چونکە خۆبەخش و چالاکوانی نێو خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ـی بەغداد و عێراق بووە.

بەڵام کەسوکاری نزیکی شیلان ئەو دەنگۆیانەیان ڕەت کردەوە و بڵاویان کردەوە کە شیلان تەنها چەند جارێک وەکوو کارێکی مرۆڤایەتی بۆ چارەسەری بریندارەکان چووەتە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد، کەسە نزیکەکانی دەیانزانی کە تاوانبار لە نزیک ماڵەکەیان ئەفسەری پشکنین بووە و کەسێکی ئالوودەی مەی بووە و چاودێری ماڵەکەی کردوون و چەند جارێک داوای قەرزی لە دارای باوکی شیلان کردووە بەڵام ڕەتیکردووەتەوە.


سەرچاوەکان



84 بینین