ڕیمۆند

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-03-30-23:03:00 - کۆدی بابەت: 12409
ڕیمۆند

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕیمۆند (بە ئینگلیزی: Raymond، بە عەرەبی: ريموند)، شارێکە لە هیندس کاونتین لە ویلایەتی میسیسیپیی ئەمریکا. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە سەرژمێری ساڵی 2010ـدا 1,933 کەس بوو و لە ساڵی 2020ـدا گەشتە 1960 دانیشتوو. هەروەها شارەکە لەگەڵ شاری جاکسەندا ناوەندی بەڕێوبەرایەتی هیندس کاونتین، ڕیمۆند بەشێکە لە ناوچەی ئاماری گەورەشاری جاکسەن.

مێژووی شارەکه

ڕیمۆند وەک یەکێک لە کۆنترین شارۆچکەکانی میسیسیپی دەناسرێت و لە 15ـی کانوونی یەکەمی 1830ـدا چارتەری پێ بەخشراوە، پێش ئەو کاتە وەکوو گوندێک سوود لە کێڵگەکانی وەردەگیرا. زۆرجار نووسەران و مێژوونووسان بە جۆرێک باس لە شارۆچکەکە دەکەن وەک ئەوەی لە ململانێی شەڕی ناوخۆ دامەزرابێت. بەڵام، ڕیمۆند نیو سەدە پێش جەنگ دامەزرا و بە شێوەیەک دیزاینکرا کە ببێتە ناوەندی کارگێڕیی هیندس کاونتی. دوای ئەوەی ڕیمۆند وەک ناوەندێکی کارگێڕی دامەزرا خانووی گەورە و جوان لە ناو و دەوروبەری شارۆچکەکەدا دروستکرا، سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لەو خانووانە ئێستا نەماون بەڵام چەند پێکهاتەیەکیان ماوەتەوە تا دیمەنی پێش جەنگی ڕیمۆندمان بیر بخەنەوە.

گرنگترین ڕووداوی مێژوویی لە شارەکەدا شەڕی ناوخۆ بوو کە لە 12ـی ئایاری 1863ـدا دەستی پێ کرد و لە شەڕێکی شەش کاتژمێریدا هەزار قووربانی لێکەوتەوە، دادگا، کڵێساکان، قوتابخانەکان و چەندین خانووی شارۆچکەکە کران بە نەخۆشخانە و بریندارەکانیان تێدا چارەسەر دەکرا و خانمان ڕۆڵی پەرستاریان لە چارەسەرکردنی سەربازە بریندارەکاندا دەبینی. پاش کۆتایهاتنی شەڕ ڕیمۆند بە کاتێکی سەختدا تێپەڕی و تووشی داڕمانی ئابووری بوو، دواتر لە ساڵی 1880ـدا ئابووری شارۆچکەکە بووژایەوە و خانووی گەورە و جوان لە شارۆچکەکەدا دراوستکران. لە ساڵی 1922 بۆ 1923 کۆلێجی هیندس جونیۆر لە شاری ڕیمۆند دامەزرا و لەو کاتەوە کۆلێجەکە گەشەی کردووە و بووەتە یەکێک لە گەورەترین کۆلێژە دووساڵەی وڵاتەکە. ئەمڕۆ گەشتیاران چێژ لە سەردانی ڕیمۆند و بینینی ئەو شوێنانە دەبینن کە پەیوەنیدارە بە ڕابردووی پێش شەڕی ناوخۆییەوە.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ڕیمۆند 7.46 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 7.46 کیلۆمەتری وشکانی و 0.0 کیلۆمەتری ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 262.69 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

لە سەرژمێری ساڵی 2020ـی ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی شاری ڕیمۆند 1,960 کەس بوو و 361 خێزان و 202 خانەوادە لە شارەکەدا نیشتەجێ بوون.

ڕەگەز

پێکهاتە ڕەگەزییەکانی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی 2020ـدا بەم شێوەیە بوو:

  • سپی پێستی ناهیسپانی: 38.98%
  • ڕەش پێست یان ئەمریکی ئەفریقی (ناهیسپانی): 57.35%
  • ئەمریکی ڕەسەن: 0.1%
  • ئاسیایی: 0.2%
  • دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: 0.1%
  • ڕەگەزەکانی تر و ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە: 1.79%
  • هیسپانی یان لاتینی لە هەر ڕەگەزێک: 1.48%

ئایین

بە هەمان شێوەی شاری جاکسەن 66.8%ـی دانیشتووانی ڕیمۆند ئایینیان هەیە، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی شارەکە و ڕێژەیان بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەم شێوەیەیە:

  • باپتیست: 28.2%
  • ئەسقەف: 2.1%
  • کاسۆلیک: 3.2%
  • لۆسەری: 0.4%
  • میتۆدیست: 12.6%
  • پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی‌یەکان): 2.3%
  • ئەندامانی کڵێسای پریسبەتێری ( لقێکە لە کڵێسای پرۆتستانتی): 2.6%
  • ئەندامانی کڵسای عیسا مەسیح: 0.4%
  • ئایینە مەسیحییەکانی تر: 13.7%
  • ئایینی جوولەکه: 0.2%
  • ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی: 0.8%
  • ئایینی ئیسلام: 0.3%

کەشوهەوا

مانگەکانی وەرزی هاوین لە شاری ڕیمۆند درێژ، گەرم و زۆر گەرم و ناخۆشە، بەڵام مانگەکانی وەرزی زستان کورت، سارد و باراناوییە، لەگەڵ ئەوەشدا بەدرێژایی ساڵ ئاسمانی شارەکە تاڕادەیەک هەوراوییە و هەروەها بە شێوەیەکی ئاسایی پلەی گەرمی لە 2.2 بۆ 32.8 پلەی سیلیزی دەگۆڕێت، بەدەگمەن دادەبەزێت بۆ خوار 5.5- پلەی سەدی و سەرووی 35.5 پلەی سەدی.

تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە

وەرزی گەرما ماوەی 4.1 مانگ دەخایەنێت، لە 21ـی ئایار بۆ 24ـی ئەیلوول، تێکڕای پلەی گەرمی رۆژانە لەسەرووی 28.9 پلەی سەدییەوەیە. گەرمترین مانگی ساڵ مانگی تەممووزە و تێکڕای پلەی گەرمی بەرز 32.8 پلەی سەدی و نزم 21.7 پلەی سەدییە. هەروەها وەرزی سەرما 2.8 مانگ دەخایەنێت، لە 30ـی تشرینی دووەم بۆ 22ـی شوبات، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای پلەی گەرمیی بەرزی ڕۆژانە لە خوار 17.2 پلەی سەدییەوەیە. ساردترین مانگی ساڵ مانگی کانوونی دووەمە و تێکڕای پلەی گەرمی نزم 2.8 پلەی سەدی و تێکڕای پلەی گەرمی بەرز 13.9 پلەی سەدییەوەیە.

باشترین کات

بەپێی نمرەی گەشتیاران باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە و ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی کە لە کەشی گەرمدا ئەنجام دەدرێن، لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە تا سەرەتای مانگی حوزەیران و لە کۆتایی مانگی ئاب تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمە.


سەرچاوەکان



68 بینین