کڵێسا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2024-03-23-17:38:00 - کۆدی بابەت: 12263
کڵێسا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بینای کڵێسا، کڵێسە یان کەنیسە (بە ئینگلیزی: Church، بە عەرەبی: كنيسة) پەرستگای ئایینی مەسیحییە، بینایەکە بۆ خزمەتەکانی پەرستنی مەسیحی و چالاکییە ئاینییە مەسیحییەکانی تر بەکاردێت. سەرەتاییترین کڵێسای مەسیحی کە ناسراوە و شوێنەواری مابێتەوە، کڵێسایەکە کە لە نێوان ساڵانی ٢٣٣ بۆ ٢٥٦ دامەزراوە، لە سەدەی ١١ تا ١٤ شەپۆلێکی دروستکردنی کڵێسا لە ئەورووپای ڕۆژئاوا هەبووە.

هەندێک جار، وشەی کڵێسا بە هاوشێوە بۆ بیناکانی ئایینەکانی تر بەکاردەهێنرێت. هەروەها کڵێسا بەکاردێت بۆ باسکردنی کۆمەڵگەی ئایینی مەسیحی بە گشتی، یان دەستەیەک یان کۆبوونەوەی باوەڕدارانی مەسیحی لە سەرانسەری جیهان.

لە تەلارسازی نەریتی مەسیحیدا، دیمەنی پلانی (شتێکی سێ ڕەهەندی) کڵێسایەک زۆرجار خاچێکی مەسیحی پێکدەهێنێت، جێڕەوەکانی ناوەڕاست و شوێنی دانیشتن بە جۆرێکە تیشکی ڕاست لێی دەدات، بەرزەک و مێحراب شێوەیەکی ئاسۆیی پێکدەهێنن.

کڵێسا مۆدێرنەکان شێواز و نەخشەی تەلارسازی جۆراوجۆریان هەیە. هەندێک بینا کە بۆ مەبەستی تر دیزاین کراون و کراونەتە کڵێسا، لە کاتێکدا زۆرێک لە بینا ڕەسەنەکانی کڵێسا خراونەتە بواری بەکارهێنانی ترەوە.

مێژوو

سەردەمی دێرین

سەرەتاییترین کڵێسای مەسیحی کە لە ڕووی شوێنەوارییەوە ناسراوە و شوێنەواری ماوەتەوە، کڵێسای دورا-یۆرۆپۆسە لە سووریا، کە لە نێوان ساڵانی ٢٣٣ بۆ ٢٥٦ دامەزراوە. پاشان چەندین کڵێسای تر دروستکراون و دروست دەکران، هەندێکیان بەتەواوی لەناوچوون هەندێکیان شوێنەواریان ماوە.

سه‌ده‌كانی ناوەڕاست

لە سەدەی ١١ تا ١٤ شەپۆلێکی دروستکردنی سەرکڵێسە و دروستکردنی کڵێسای بچووکتر لە سەرانسەری ئەورووپای ڕۆژئاوا ڕوویدا و دروستکرا.

جگە لەوەی کە سەرکڵێسە یان پەرستگاکە وەک شوێنی پەرستن خزمەتی دەکرد، زۆرجار وەک شوێنی کۆبوونەوەی گشتی لەلایەن ئەو کۆمەڵگایانەی کە تێیدا بوون بەکاردەهێنرا، میوانداری بۆنە و ئاهەنگەکانی وەک کۆبوونەوەکان، ئاهەنگ، شانۆی ئایینی و پێشانگای دەکرد. هەروەها گۆڕەپان و بیناکانی کڵێسا بۆ خەرمان کوتان و هەڵگرتنی دانەوێڵە بەکاردەهێنران.

تەلارسازی

تەلارسازییەکی باو بۆ کڵێساکان شێوەی خاچە. هەروەها ئەم کڵێسایانە زۆرجار قوبەیەک یان شوێنێکی گەورەی تری کۆشکداریان هەیە لە ناوەوە بۆ نوێنەرایەتیکردن یان سەرنج ڕاکێشان بۆ ئاسمانەکان.

شێوە باوەکانی تر بۆ کڵێساکان بریتین لە شێوەی بازنەیی، بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەمیشەیی بوون، یان هەشتگۆشە یان شێوەی ئەستێرەیی، بۆ نوێنەرایەتی هێنانی ڕووناکی کڵێسا بۆ جیهان. تایبەتمەندییەکی تری باو بریتییە لە تاوەرەکە، کە تاوەرێکی بەرزە لە کۆتایی "ڕۆژاوای" کڵێساکە یان بەسەر یەکتربڕینی کڵێساکەدا.

تایبەتمەندییەکی تری باوی زۆرێک لە کڵێسا مەسیحییەکان، ئاراستەکردنی مێحرابی پێشەوەیە بەرەو ڕۆژهەڵات. زۆرجاریش، مێحرابەکە ئاراستەی ڕۆژهەڵات نابێت، بەڵکوو بە ئاراستەی خۆرهەڵاتن دەبێت. ئەم نەریتە لە سەدەی چوارەم لە بایزەنتاین سەرچاوەی گرتووە، لە سەدەی هەشت تا نۆ لە ڕۆژاوا باو بووە.

جۆرەکانی کڵێسا

چەندین جۆری کڵێسا بۆ چەندین مەبەست هەن، دیارترینیان بریتین لە:

گەورە کڵێسا (Basilica)

وشەی باسیلیکا لە سەرەتادا بۆ باسکردنی بینایەکی گشتی ڕۆمانی بەکارهاتووە کە بەزۆری دەکەوێتە مەکۆی (شوێنی ڕاگۆڕینەوە) شارۆچکەیەکی ڕۆمانی. دوای ئەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بە فەرمی بوو بە مەسیحی، ئەم زاراوەیە بە درێژکردنەوە هاتە ئاراوە بۆ ئاماژەکردن بە کڵێسای گەورە و گرنگ کە لەلایەن پاپاوە مافی ڕێوڕەسمی تایبەتی پێدراوە. بەم شێوەیە وشەکە دوو واتای لەمڕۆدا هەیە، یەکێکیان تەلارسازییە و ئەوی تریان پەرستگایە.

سەرکڵێسا (Cathedral)

کەتیدرەڵ کڵێسایەکە، بەزۆری سەر بە کاسۆلیکی، ئەنگلیکان، ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵاتی یان ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵاتە، کورسی سەرقەشەی تێدایە. وشەی کەتیدرەڵ ناوەکەی لە کەتیدرە، یان تەختی قەشە وەرگرتووە. ئەم زاراوەیە هەندێک جار بۆ ئاماژەکردن بە هەر کڵێسایەک کە قەبارەیەکی گەورەی هەبێت بەکارهێنراوە.

کڵێسایەک کە ئەرکی سەرکڵێسای هەبێت مەرج نییە بینایەکی گەورە بێت. لەوانەیە بەقەد کڵێسای سەرکڵێسای کریست لە ئۆکسفۆرد لە ئینگلتەرا، سەرکڵێسای پۆرڤۆ لە پۆرڤۆی فینلەندا، سەرکڵێسای دڵی پیرۆز لە ڕالی لە ئەمریکا، یان سەرکڵێسای چور لە سویسرا بچووک بێت. بەڵام زۆرجار، کەتیدرەڵ لەگەڵ هەندێک لە کڵێساکانی ئابی (جۆرێکە لە خانەقا)، گەورەترین بینا بوون لە هەر ناوچەیەکدا.

کڵێسای زیارەت (Pilgrimage)

کڵێسای زیارەت کڵێسایەکە کە بە بەردەوامی زیارەتەکانی بۆ دەکرێت، یان کڵێسایەک بە درێژایی ڕێگای زیارەت، زۆرجار دەکەوێتە گۆڕی پیرۆزێک، یان وێنەیەکی پیرۆز یان شوێنەوارەکانی هەڵگرتووە کە موعجیزەئامێز و پیرۆز بوون.

کڵێسای ڕەبەنگە (Conventual)

کڵێسای خانەقایی، کڵێسای سەرەکییە لە خانەقا یان ئابیی مەسیحیدا.

کڵێسای بچووک (Chapel)

کڵێسایەکی بچووکە بۆ نوێژ و پەرستن.

کڵێسای خاوەندارێتی (Proprietary church)

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، کڵێسای خاوەندارێتی کڵێسای ئابی یان ڕەبەنخانە بوو کە لەسەر زەوییەکی تایبەت لەلایەن دەرەبەگێکەوە دروستکرابوو.

کڵێسای کۆلێژی (Collegiate church)

کڵێسای کۆلێژی کڵێسایەکە کە شوێنی ڕۆژانەی پەرستنە لەلایەن کۆلێژێکی قانوونی کڵێساوە بەڕێوەدەبرێت، کە ڕەنگە ڕاگر یان سەرۆکی زانکۆ سەرۆکایەتی بکات.


سەرچاوەکان



56 بینین