بەرزترین چیاکان لە جیهاندا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2024-04-05-23:52:00 - کۆدی بابەت: 12444
بەرزترین چیاکان لە جیهاندا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرزترین شاخەکان لە جیهاندا یان بەرزترین لوتکەکان لە جیهاندا (بە ئینگلیزی: Tallest Mountains in the World، بە عەرەبی: أعلى جبال في العالم) گۆی زەوی پڕە لە بەرزی و نزمی، هەر وەک بەرزترین چیای جیهان ئێڤێرێستە بە بەرزی ٨٨٤٨ مەتر بەڵام کەمتر باوە کە چیا بەرزەکانی تری جیهان چین و ناویان چییە؟

١٠ بەرزترین چیاکان لە جیهاندا چین؟

چیای ئێڤێرێست (٨٨٤٨ مەتر)

چیای ئێڤێرێست بەرزترین چیای جیهانە لە زنجیرە چیاکانی هیمالایا، لە نێوان نیپاڵ و ناوچەی تبتە لە چین، بەرزی ٨٨٤٨ مەترە لە ئاستی ڕووی دەریا، تا ساڵی ١٨٥٢ بە بەرزترین لوتکەی جیهان نەژمێردرا تا ئەو کاتەی حکوومەتی هیندستان ڕووپێوی کرد و ئەو ڕاستییەی چەسپاند. یەکێکە لەو چیایانەی جیهان کە زۆرترین شاخەوان بەخۆی ڕادەکێشێت بەتایبەتی شاخەوانانی بەئەزموون، چەندین کەس لە چیاکەدا لە ڕێگای ڕۆشتن و گەڕانەوە مردوون و زۆربەیان تەرمەکانیان لەسەر چیاکە بەجێماوە.

چیای کەی توو (٨٦١١ مەتر)

کەی توو یان کەی دوو دووەم بەرزترین چیای جیهانە، دەکەوێتە سەرسنووری چین و پاکستان، ٨٦١١ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، هەروەها دەکەوێتە دووەم بەرزترین زنجیرە چیای جیهان. زنجیرە چیای کەرەکۆرەم هاوسنوورە لەگەڵ هیندستان و پاکستان و چین، چوار لوتکەی تری ٨٠٠٠ مەتر وەک نانگا پاربات لەخۆدەگرێت. کەی توو لە بنەڕەتدا ناوی گادوین ئۆستنە، بە سەختترین و مەترسیدارترین چیا دادەنرێت بۆ سەرکەوتن، یەکێکە لەو چیایانەی زۆرترین ڕێژەی مردنی بۆ هەر هەوڵێکی گەیشتن بە لوتکە هەیە لە نێوان چیا ٨٠٠٠ مەترییەکاندا.

چیای کانچێنجونگا (٨٥٨٦ مەتر)

کانچێنجونگا سێیەم بەرزترین چیای جیهانە لە زنجیرە چیاکانی هیمالایا، هەروەها بەرزترین لوتکەی هیندستانە، چیاکە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی نیپاڵ و سنووری هیندستان دەگرێتەوە، بەرزییەکەی ٨٥٨٦ مەترە لە ئاستی ڕووی دەریاوە، تا ساڵی ١٨٥٢ گریمانەدەکرا بەرزترین لوتکەی جیهان بێت، دواتر لە ساڵی ١٨٥٦ بەفەرمی پشتڕاستکرایەوە کە سێیەم بەرزترین لوتکەی جیهانە.

چیای لۆتسێ (٨٥١٦ مەتر)

چیای لۆتسێ چوارەم بەرزترین چیای جیهانە لە زنجیرە چیاکانی هیمالایا، لۆتسێ بەهۆی نزیکی لە چیای ئێڤێرێست بە E1 یان ئێڤێرێست یەک ناسراوە، زۆرجار وەک بەشێک لە گەشت بۆ چیای ئێڤێرێست شاخەوانان سەردەکەون، یەکەم سەرکەوتن بۆ لۆتسێ لە ساڵی ١٩٥٦ ئەنجامدرا و ئێستا لوتکەیەکی بەناوبانگە بۆ شاخەوانانی بە ئەزموون.

چیای ماکالو (٨٤٨١ مەتر)

چیای ماکالو پێنجەم بەرزترین چیای جیهانە لە زنجیرە چیاکانی هیمالایا، دەکەوێتە ڕۆژاوای چیای ئێڤێرێست، ٨٤٨١ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، بە شێوە هەڕەمییەکەی ناسراوە، هەروەها بە یەکێک لەو چیایانە دادەنرێت کە سەرکەوتن پیایدا سەختە.

چیای چۆ ئۆیو (٨١٨٨ مەتر)

چیای چۆ ئۆیۆ شەشەم بەرزترین چیای جیهانە لە زنجیرە چیاکانی هیمالایا، ٢٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای چیای ئێڤێرێستەوە دوورە، لەسەر سنووری تبت و نیپاڵە. سەرکەوتن بەسەر چۆ ئۆیۆدا لە شاخە ٨٠٠٠ مەترییەکانی تر ئاسانترە.

چیای داولاگیری (٨١٦٧ مەتر)

چیای داولاگیری حەوتەم بەرزترین چیای جیهانە لە نیپاڵ، بەرزترین چیایە کە بەتەواوی لە ناوچەی نیپاڵ هەڵکەوتووە، سەرکەوتن پیایدا سەخت و تەکنیکییە، ٣٤ کیلۆمەتر لە چیای ئاناپورناوە دوورە.

چیای مەناسلو (٨١٦٣ مەتر)

چیای مەناسلو هەشتەم بەرزترین چیای جیهانە لە نیپاڵ، مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، یەکەم سەرکەوتن لە ساڵی ١٩٥٦ ئەنجامدرا و شاخەکە بەردەوامە وەکوو شوێنێکی بەناوبانگی شاخەوانانی بە ئەزموون.

چیای نانگا پاربات (٨١٢٦ مەتر)

چیای نانگا پاربات نۆیەم بەرزترین چیایە لە جیهاندا، دەکەوێتە ڕۆژاوای هیمالایا لە ناوچەی کشمیر کە لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوە دەبرێت، ٨١٢٦ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، چیاکە بە سەرکەوتنە سەختەکەی ناسراوە بەهۆی زۆری بەفربارین و سەهۆڵبەندان و زریانی ناجێگیر، هەروەها کەشوهەوای پێشبینی نەکراوی هەیە، ژمارەیەکی زۆر مردنی شاخەوانانی تێدا تۆمارکراوە بە “شاخی بکووژ” ناسراوە.

چیای ئاناپورنا (٨٠٩١ مەتر)

چیای ئاناپورنا دەیەم بەرزترین چیای جیهانە لە نیپاڵ، ئاناپورنا ١٣ لوتکەی گەورەی هەیە کە سەرو ٧٠٠٠ مەترن، ٨٠٩١ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، بە سەختی و مەترسیدارییەکەی ناسراوە، خاوەنی یەکێکە لە زۆرترین ڕێژەی مردن لە کاتی سەرکەوتن لە چیاکەدا، بە یەکێک لە سەختترین سەرکەوتنەکان لە جیهاندا بەناوبانگە، مەترسییەکی گەورەی لەسەر شاخەوانان دروستکردووە، لەڕێگەی مەترسی بەفربارین و کەشوهەوای پێشبینی نەکراو و سەختی چیاکە.


سەرچاوەکان



76 بینین