تابلۆی مەرگ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-16-16:45:00 - کۆدی بابەت: 12535
تابلۆی مەرگ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تابلۆی مەرگ (بە عەرەبی؛ لوحة الموت، بە ئینگلیزی؛ painting of Death) تابلۆی مەرگ چوار تابلۆی هونەرمەندی سویسری "ئارنۆڵد بۆکلین" کە بە تابلۆی ڕۆحە شەڕەنگێزەکان ناسراون. لە نێوان ١٨٨٠-١٨٨٦ تابلۆکان کاریان تێداکراوە. 

ناوەرۆک

تابلۆی مەرگ یان دوورگەی مەرگ چوار تابلۆن کە یەکتر تەواو دەکەن، هونەرمەند دژی بۆچوونی ناچراڵیستەکان کێشاونی واتا ئەوانەی هەموو کارەکانیان بە سروشتەوە دەبەستنەوە و پێیان وایە سروشت ئارامی بە دڵ و دەروون دەدات یاخود دەڵێن کاتێک مرۆڤ دڵتەنگ دەبێت سروشت ئارامبەخشە و هێمنی پێ دەدات و هۆکارە بۆ ئارامبوونەوەی. خودا سروشتی بۆ مرۆڤ دروستکردووە تاوەکو هەر کاتێک ویستی بگەڕێتەوە بۆ ناوی. 

بەڵام ئارنۆڵد بۆکلین دەڵێت: سروشت هەندێک جار دڵڕەقە، کاتێک بە ئۆقیانوسەکاندا گەشت دەکەیت وەک ونبوویەک وایت نازانی بەرەو کوێ دەچیت، هەندێ جار گەردەلوول و زریان کەشتییەک تێک دەشکێنێت و دەبیتە خۆراکی قرشەکان. یان کاتێک لەنێو دارستانێکدا دەژیت سووتانی دارستانەکە دەبێتە هۆی مردنت. یان کاتێک دەچیتە ناوچەیەکی دەشتایی و چۆڵەوانی، هەورە بروسکەیەک ڕەنگە کۆتاییت پێ بێنێت. بۆیە سروشت هەرگیز باوەشی بۆ مرۆڤ نەکردووەتەوە، بەڵکو سروشت ڕۆحە شەڕەنگێزەکان و ئەهریمەنەکانن. 

لەم چوار تابلۆیەدا ئارنۆڵد بۆکلین هەستاوە بە نیشاندانی سروشت وەک دیوی تاریکی ژیان و لایەنە ناخۆشەکانی ژیانی هەر مرۆڤێک. 

نموونەی تابلۆکان

تابلۆی یەکەم: دارستان 

لەم تابلۆیەدا باس لە سووتانی دارستانێک دەکات کە شوێنی ژیانی خێزانێکە، کە ئاژەڵیان ماڵی کردووە و کشتوکاڵ دەکەن، بەڵام ئاگرێک لە وەرزی هاویندا دەبێتە هۆی لەناوچوونی خۆیان و ئاژەڵ و زەوییەکەیان.
 
تابلۆی دووەم: هەورە بروسکە 

نیشاندانی شوانێک و ڕانە مەڕەکانیەتی لە یەکێک لە وڵاتە ئەورووپییەکان، ئەم شوانە لە کاتی هەورە بروسکەدا خۆی و مەڕەکانی لەناودەچن بەهۆی هەورە بروسکەوە. دیمەنێکی تراژیدی نیشان دەدات لە چەند فرەیمێکدا کە گیان لە دەستدانی شوانەکە دەبێتە هۆی سووتانی جەرگی دایک و باوکە بە ساڵداچووەکەی. 

تابلۆی سێیەم: شاخەوانی 

شاخەوانی ئارەزوو و خولیای زۆر کەسە کە وەک وەرزشێک دەکرێت سوودی لێ ببینین بەڵام ئارنۆڵد بۆ ئەمەش دەڵێت دەبێتە هۆی مردن و نەهامەتی بە دوادا دێت، تابلۆیەکی بۆ ئەمەش کێشاوە کە چەند مێردمنداڵێک نیشان دەدات لە چەند فرەیمێکدا دەچن بۆ شاخەوانی بەڵام بەهۆی داڕمانی بەشێک لە شاخەکە هەموویان گیان لە دەست دەدەن. 

تابلۆی چوارەم: دەریا و ئۆقیانوسەکان 

دەریا و ئۆقیانوس و دوورگەکان هەڵگری چیرۆکی جوان و سەرنجڕاکێشن، کەشتییەکان کاتێک بە دەریادا گەشت دەکەن و سەرکێشی ئەنجام دەدەن هەر لە کۆنەوە وەک چیرۆکی فۆلکلۆری و داستان لە نێو نەتەوە جیاوازەکان باس کراون، بەڵام هونەرمەند ئارنۆڵد بۆکلین لەم بارەیەوە بە تابلۆیەک دیوە مەترسیدارەکەی دەریا و ئۆقیانوسەکان کە مەرگە خستووەتە ڕوو بە تابلۆیەک. 

لەم تابلۆیەدا کە پەیامەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەورووپیانەی کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا بە مەبەستی دەستپێکی ژیانێکی خۆش و پڕ لە کامەرانی بەڵام بەهۆی باهۆز و گەردەلوول و زریانی بەهێزەوە کەشتییەکان نقوم بوون و سەرنشینەکان خنکاون یان لەلایەن قرشەکانەوە خوراون. گەر سەنج بدەینە تابلۆکەی تەنها گەنجەکانن کە کۆچیان کردووە و دیمەنێکی تراژیدیمان پێ دەدات.

بەم جۆرە ئارنۆڵد بۆکلین بە چوار تابلۆ دیمەنی مەرگ بەهۆی سروشت نیشانی بینەر دەدات، کە دەڵێت سروشت ڕۆحە شەڕەنگێزەکانن، هەر بۆیە کاتێک مرۆڤ دەچێتە سروشتەوە تووشی نەهامەتی و مەرگ دەبێت. جگە لەم چوار تابلۆیە ئارنۆڵد بۆکلین زنجیرەیەک تابلۆی تری هەیە کە دیمەنی گۆڕستان و دیمەنی مەرگ نیشان دەدەن.


سەرچاوەکان



58 بینین