جاکسۆنڤیل

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-04-22-13:32:00 - کۆدی بابەت: 12623
جاکسۆنڤیل

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جاکسۆنڤیل (بە ئینگلیزی: Jacksonville، بە عەرەبی: جاكسونفيل)، شارێکە دەکەوێتە کەناری ئەتڵەسی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی فلۆریدا، ئەم شارە لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە قەرەباڵغترین شاری ویلایەتەکەی و لەڕووی ڕووبەرەوە دووەم گەورەترین شاری ویلایەتە پێکلکاوەکانی ئەمریکایە. هەروەها جاکسۆنڤیل ناوەندی کارگێڕی دوڤاڵ کاونتییە و لە 15ـی حوزەیرانی 1822، واتە 200 ساڵ پێش ئێستا دامەزراوە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی 2020ـدا 949,611 کەس بوو، بەمەش دەبێتە قەرەباڵغترین شار لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا و گەورەترین شار لە باشوور جگە لە ویلایەتی تەکساس. جگە لەوەش، ژمارەی دانیشتووانی گەورەشاری جاکسۆنڤیل بە 1,733,937 دانیشتووەوە بە چوارەم گەورەترین گەورەناوچەی فلۆریدا ڕیزبەندی دەکرێت.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی جاکسۆنڤیل لە ساڵی 1850ـدا بە 1,045 کەس تۆمارکراوە. لە ئێستادا، جاکسۆنڤیل قەرەباڵغترین شاری ویلایەتەکەیەتی و 12ـەیەم قەرەباڵغترین شاری وڵاتەکەیەتی. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی 2010ـدا 821,784 کەس بوو کە لە 366,273 خێزان پێکهاتبوو. شارەکە خاوەنی ژمارەیەکی زۆر دانیشتووی عەرەبە کە لە ڕیزبەندی شارە ئەمریکییەکاندا لە پلەی دەیەمدایە، بەپێی سەرژمێری ساڵی 2000ـی ئەمریکا 5,751 دانیشتووی عەرەب لە شارەکەدا نیشتەجێن. هەروەها جاکسۆنڤیل شوێنی گەورەترین کۆمەڵگەی فلیپینییە لە فلۆریدا و لە سەرژمێری ساڵی 2010ـدا 25,033 کەسی فلیپینی لە شارەکەدا دەژیان، کە زۆربەیان لە هێزی دەریایی ئەمریکادا خرمەتیان دەکرد.

ڕەگەز و نەتەوە

لە ساڵی 2010ـدا 7.7%ـی دانیشتووانی جاکسۆنڤیل بە ڕەچەڵەک هیسپانی یان لاتینی بوون، لەو ڕێژەیەش، 2.6%ـیان بە خەڵکی پۆرتۆ ڕ‌یکۆ، 1.7%ـیان بە مەکسیکی و 0.9%ـیان بە کوبایی دیاریکران. هەروەها ئەو دانیشتووانانەی کە بە ڕەچەڵەک ئەفریقی بوون 30.7%ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێنا، کە ئەمریکییە ئەفریقییەکانیش دەگرێتەوە. لەو 30.7%ـەیەش، 1.8% خەڵکی بەشی باشووری سەحارا، 1.4%ـیان هیندی یان ئەفرۆ-کاریبی (0.5% هایتی، 0.4% جامایکی، 0.1% هیندیە ڕۆژئاواییەکانی تر، 0.1% باهاما، 0.1% باربادۆسی بوون) و 0.6%ـیان ڕەش پێستی هیسپانی بوون. جگە لەوەش، سپی پێستە ناهیسپانییەکان، کە بە ڕەچەڵەک ئەورووپی بوون 55.1%ـی دانیشتووانی جاکسۆنڤیلیان پێکهێنا، لەو ڕێژەیەش 10.4%ـیان وەک ئەڵمانی، 10.2%ـیان وەک ئێرلەندی، 8.8%ـیان وەک ئینگلیزی، 3.9%ـیان وەک ئیتاڵی، 2.2%ـیان وەک فەرەنسی، 2.0%ـیان وەک سکۆتلەندی، 2.0%ـیان وەک سکۆتلەندی-ئیرلەندی، 1.7%ـیان پۆڵەندی، 1.1%ـیان هۆڵەندی، 0.6%ـیان بە ڕووسی، 0.5%ـیان بە نەرویجی، 0.5%ـیان بە سویدی، 0.5%ـیان بە وێڵزی و 0.5% وەک فەرەنسی کەنەدی ناسێنران.

لەگەڵ ئەوانەشدا، دانیشتووە بە ڕەچەڵەک ئاسیاییەکان 4.3%ـی دانیشتووانی جاکسۆنڤیلیان پێکهێنا، لە کۆی ئەو 4.3%ـەش، 1.8%ـیان فلیپینی، 0.9%ـیان هیندی، 0.6%ـیان ئاسیای دیکە، 0.5%ـیان ڤێتنامییەکان، 0.3%ـیان چینی، 0.2%ـیان کۆری و 0.1%ـیان ژاپۆنی بوون. 6.7%ـی دانیشتووانی شارەکە بە ڕەچەڵەک ئەمریکی و 0.5%ـی دانیشتووان بە ڕەچەڵەک عەرەب بوون. لە ساڵی 2010ـدا 366,273 خێزان لە شارەکەدا نیشتەجێبوون، لەو ژمارەیەش 11.8%ـیان منداڵیان نەبوو، 23.9%ـیان منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵییان هەبوو، 43.8%ـیان هاوسەر بوون و پێکەوە دەژیان، 15.2%ـیان ژن خاوەن ماڵ بوو و هاوسەریان نەبوو و 36.4%ـیان لە هەمان خانەوادە نەبوون. تێکڕای قەبارەی خێزانەکان 2.55 کەس و تێکڕای قەبارەی خانەوادەکان 3.21 بوو.

تەمەن

تەمەنی 23.9%ـی دانیشتووانی جاکسۆنڤیل لە خوار 18 ساڵی، تەمە‌نی 10.5%ـی دانیشتووان لە 18 بۆ 24 ساڵی، تەمەنی 28.5%ـی دانیشتووان لە 25 بۆ 44 ساڵی، تەمەنی 26.2%ـی دانیشتووان لە 45 بۆ 64 ساڵی و تەمەنی 10.9%ـی دانیشتووانی شارەکە 65 ساڵ یان لە سەرووی 65 ساڵییەوە بوون. هەروەها تەمەنی مامناوەندی دانیشتوونی شارەکە 35.5 ساڵ بوو و لە بەرامبەر هەر 100 مێیەکدا 94.1 نێر هەبوو.

شوێنی لەدایکبوون

لە ساڵی 2010ـدا 9.2%ـی دانیشتووانی جاکسۆنڤیل لەدایکبووی بیانی بوون و 49.6%ـی دانیشتووان هاوڵاتی ئەمریکی بوون. لەنێو لەدایکبووە بیانییەکانی شارەکە، 38.0%ـیان لە ئەمریکای لاتین، 35.7%ـیان لە ئاسیا، 17.9%ـیان لە ئەورووپا، 5.9%ـیان لە ئەفریقا، 1.9%ـیان لە ئەمریکای باکوور و 0.5%ـیان لە ئۆقیانوسیا لەدایکبوون.

ئایین

ئایینی دانیشتووانی جاکسۆنڤیل هەمەچەشن و گەورەترین گرووپی ئایینی پرۆتستانتە. 56.2%ـی دانیشتووانی جاکسۆنڤیل ئایینیان هەیە، ئایینە جۆراوجۆرە پەیڕەوکراوەکانی نێو دانیشتووانی ئەم شار بریتین لە:

  • باپتیست: 19.2%
  • ئەندامی كڵێسای ئێپیسکۆپال: 1.2%
  • کاسۆلیک: 9.5%
  • لۆسەری: 0.7%
  • میتۆدیست: 5.8%
  • (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی‌یەکان): 2.4%
  • تایبەت بە کڵێسای پریسبەتێری ( لقێکە لە کڵێسای پرۆتستانتی): 1.7%
  • ئەندامانی کڵێسای عیسا مەسیح: 1.1%
  • ئایینێکی تری مەسیحی: 12.6%
  • ئایینی جوولەکه: 0.6%
  • ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی: 0.7%
  • ئایینی ئیسلام: 0.7%

زمان

لە ساڵی 2010ـدا 87.1%ـی دانیشتووانی پێنج ساڵ و سەرووتری جاکسۆنڤیل لە ماڵەوە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسەیان دەکرد، لە کاتێکدا 5.8%ـی دانیشتووانی شارەکە بە زمانی دەدوان. نزیکەی 3.3%ـی دانیشتووان بە زمانە هیندۆ ئەورووپییەکانی تر دەدوان. لەگەڵ ئەوەشدا، ‌‌نزیکەی 2.9%ـی دانیشتووان لە ماڵەوە بە زمانە ئاسیاییەکان یان زمانی دوورگە نشینەکانی زەریای هێمن/زمانی ئۆقیانوسی قسەیان دەکرد. ئەو 0.9%ـی دانیشتووان کە دەمێنێتەوە لە ماڵەوە بە زمانەکانی دیکە قسەیان کرد، بە گشتی 12.9%ـی دانیشتووان بە زمانێکی تری نائینگلیزی دوان.

داهات

لە ساڵی 2010ـدا، داهاتی مامناوەندی هەر خێزانێک لە جاکسۆنڤیل 48,829 دۆلار و داهاتی مامناوەندی هەر خانەوادەیەک 59,272 دۆلار بوو. هەروەها داهاتی ناوەندی نێرەکان 42,485 دۆلار بوو لە بەرامبەردا داهاتی ناوەندی مێیەکان 34,209 دۆلار بوو و داهاتی تاکەکانی شارەکە 25,227 دۆلار بوو. نزیکەی 10.5%ـی خانەوادەکان و 14.3%ـی دانیشتووانی شارەکە لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون، لەنێویاندا 20.4%ـیان لەخوار 18 ساڵ و 9.9%ـیان 65 ساڵ یان سەرووتر بوون.

ئابووری

شوێنی جوگرافی جاکسۆنڤیل لەسەر ڕووباری سەینت جۆنز و زەریای ئەتڵەسی هۆکاری گەشەکردنی شارەکە و پیشەسازییەکەیەتی. شارەکه خاوەنی بەندەرێکی گەورەیە لە ئەمریکا کە بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنرێت و هەروەها ناوەندێکی پێشەنگی گواستنەوە و دابەشکردنە لە ویلایەتەکەدا. بەهێزی ئابووری شارەکە لە هەمەچەشنەکەیدا، هەروەها گەشتیاری ڕۆڵێکی گرنگی لە ئابووری شارەکەدا هەیە و نزیکەی 43,000 هەلی کاری بۆ دانیشتووانی ناوچەکە ڕەخساندووە، لە ساڵی 2008ـدا 2.8 سەردانکەری هەبووە، کە بە شەودا ماونەتەوە و نزیکەی یەک ملیار دۆلاریان خەرج کردووە. سەرەڕای ئەوانەش، چوار بارەگای کۆمپانیای فۆڕچن 500 و چەندین کۆمپانیای گەورە لە شارەکەدان. کەرتە سەرەکییەکانی ئابووری جاکسۆنڤیل بریتین لە، خزمەتگوزارییەکانی بانک و دارایی، لۆجستی، میدیا و تەکنەلۆجیا، سەربازی و بەرگری.

لەڕووی جوگرافییەوە

جاکسۆنڤیل دەکەوێتە سەر ڕووباری سەینت جۆنز لە باکووری ڕۆژهەڵاتی فلۆریدا و بە ناوچەکانی دەوروبەریدا پەل دەهاوێژێت، شارەکه نزیکەی 19 کیلۆمەتر لە باشووری هێڵی ویلایەتی جۆرجیا 560 کیلۆمەتر لە باکووری میامییەوە دوورە.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری جاکسۆنڤیل 2,264.84 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 1,935.49 کیلۆمەتری وشکانی و 329.35 کیلۆمەتری ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 490.63 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، جاکسۆنڤیل کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی هاوینی گەرم و شێدارە و مانگەکانی وەرزی زستانی گەرم تا مامناوەند و وشکە. جگە لەوەش، وەرزی بارانبارین دەکەوێتە گەرمترین مانگەکانی ساڵەوە، واتە لە مانگی ئایارەوە تا ئەیلوول، لە کاتێکدا مانگی تشرینی دووەم تا نیسان وشکترین مانگی ساڵن. ساڵانە بە تێکڕایی 1.3 مەتر باران دەبارێت و 2,880 کاتژمێری تیشکی خۆر بە ئاسمانی شارەوە دەدرەوشێتەوە. بارینی بەفر لە جاکسۆنڤیل زۆر دەگمەنە. ناوبەناو کەمێک بەفر دەبارێت، بەڵام چەند دەیەیەک جارێ شار بەتەواوی سپی دەپۆشێت.

پلەی گەرمی

پلەی گەرمی مامناوەندی مانگانەی جاکسۆنڤیل لە 12.3 پلەی سەدی لە مانگی کانوونی دووەم بۆ 28.1 پلەی سەدی لە مانگی تەممووز دەگۆڕێت. تێکڕای پلەی گەرمی بەرز بەدرێژایی ساڵ لە نێوان 18.6 بۆ 33.3 پلەی سەدیدایە. پلەی گەرمی لەم شارەدا بەزۆری تەنها 10 بۆ 15 شەو لە ساڵێکدا بۆ سفر پلەی سەدی یان خوار پلەی بەستن دادەبەزێت، بەگشتی کەشی سارد کورتخایەنە و نزمترین پلەی گەرمی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جاکسۆنڤیل و لە 21ـی کانوونی دووەمی 1985 تۆمارکرا کە 14- پلەی سەدی بوو.

دەریا

پلەی گەرمی دەریا لە نێوان 20 بۆ 28.5 پلەی سەدیدا دەگۆڕێت. ئاوی دەریاکە ئەوەندە گەرمە کە لە مانگی ئایار تا تشرینی دووەمدا دەتوانرێت مەلەی تێدا بکرێت. بەڵام لە زستاندا ئاوی دەریا سارد دەبێت بەجۆرێک مەلەکردن تێیدا ئەستەمە.

گەردەلوولەکان

جاروبار گەردەلوولەکان لە جاکسۆنڤیل دەدەن، بەڵام زۆری و کەمییەکەیان لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی تر جیاوازە، بۆ نموونە لە بەهاردا زیاترن و لە پاییزدا تا ڕادەیەک کەمترن.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی جاکسۆنڤیل ناوەڕاستی مانگی ئازار تا ناوەڕاستی مانگی نیسانە. کەشی کەنار دەریاش لە مانگی ئایاردا بەگشتی خۆشە، چونکە ڕەشەبای بروسکاوی کەم دەبێتەوە بە بەراورد بە وەرزی هاوین، بەڵام هەندێک جار کەشی شارەکە بە شەودا کەمێک سارد دەکات.


سەرچاوەکان



23 بینین