باشترین ڤیتامین و تەواوکەرەکان بۆ گەشەی قژ

له‌لایه‌ن: - شنە شەماڵ شنە شەماڵ - به‌روار: 2023-09-24-15:46:00 - کۆدی بابەت: 11360
باشترین ڤیتامین و تەواوکەرەکان بۆ گەشەی قژ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باشترین ڤیتامین و تەواوکەرەکان بۆ گەشەی قژ (بە ئینگلیزی: The Best Vitamins and Supplements for Hair ،Growth بە عەرەبی: أفضل الفيتامينات والمكملات الغذائية لنمو الشعر)، پزیشکی پێست ئامۆژگاری خەڵک دەکەن کە بە یارمەتی هەندێک ڤیتامین بۆ گەشەی قژ وەک ڤیتامین A و بایۆتین و ترشە چەوری ئۆمیگا ٣ بەکاربهێنن تا بە شێوەیەکی خێرا گەشەیان زیاتر بکات. ڕەنگکردن و تێکچوونی پەلەکانی گەرما و  پیربوون و کێشەی تەندروستی، کۆمەڵێک هۆکارن زیان بە قژ دەگەیەنن.

هۆکاری تێکچوونی قژ

  • خۆراکی ناتەواو: قژ وەک هەر شتێک کە گەشە دەکات پێویستی بە ماددە خۆراکییەکان و بارودۆخی گونجاو هەیە بۆ ئەوەی گەشە بکات و بەو شتە دەست پێدەکات کە دەیخۆیت.
  • کێشەی تەندروستی: هەندێک حاڵەتی پزیشکی وەک کێشەی غودەی دەرەقی و کەمخوێنی دەتوانن کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی و گەشەی قژ هەبێت.
  • جینات: لە نێوان ٦۰٪ بۆ ٧٠٪ـی دانیشتووان هەڵگری جینی هەڵوەرینی قژی نەخشی نێر و مێن.
  • تەمەن: لە هەر کاتێکدا موومان گەشە دەکات و پشوو دەدات و هەڵدەوەرێت. بەڵام لەگەڵ چوونە ناو تەمەنی ٣٠ ساڵیمانەوە، ڕێژەی گەشەکردنی چالاکانەی مووەکان دادەبەزێت.
  • ڕووداوە سەرەکییەکانی ژیان: هەموو قژێک تەندروست بێت یان نا سووڕی تەمەنی تاڕادەیەک کورتی هەیە، کە ئاساییە لە نێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ تاڵ لە ڕۆژێکدا هەڵبوەرێت. بەڵام هەندێک ڕووداوی ژیان دەبێتە هۆی ماوەکانی زیادبوونی هەڵوەرین، لەوانە نەشتەرگەری گەورە و منداڵبوون. 

ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکیەکان کە یارمەتی گەشەی قژ دەدەن

ڕێجیمێکی هاوسەنگ یەکەم کلیلی قژێکی درەوشاوەیە. بەڵام ڕەنگە هێشتا پێویستت بە یارمەتی زیاتر بێت بۆ دەستپێکردنی تازەبوونەوەی قژت. پزیشکی چاودێری سەرەتایی یان پزیشکی پێست دەتوانێت یارمەتیت بدات بە سەلامەتی بۆ دیاریکردنی ئەوەی کام شامپۆ و تەواوکەری گەشەکردنی قژ گونجاوترینە. لێرەدا شەش ئامراز دەخەینەڕوو کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن بۆ بوون بە خاوەنی قژێکی درەوشاوە:

فرەڤیتامینەکان

ڤیتامینێکی زۆر دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی خۆراکیت، پێویستە فرەڤیتامینەکان ڤیتامینەکانی B و ماددەی زینگ و لانیکەم ٢٠٠٠ یەکەی ڤیتامین D تێدابێت. هەردوو ڤیتامین B و زینگ ڕۆڵیان هەیە لە تەندروستی تاڵەکانی قژدا، ڤیتامینەکانی B یارمەتیدەرن لە دروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن. هاوکات ڤیتامین D یارمەتیدەرە لە نوێبوونەوەی تاڵەکان. دەتوانیت ڤیتامینەکانی B لە خۆراکەکانی وەک خواردنە دەریاییەکان و دانەوێڵەی تەواو و گەڵا سەوزەکان بەدەست بهێنیت، سەبارەت بە زینگ ئەو کانزایە لە خۆراکەکانی وەک گۆشتی مانگا، نیسک، گوێچکەماسی و سپێناخدا هەیە. ئەگەر ماسی چەور و قارچک  و شیر و دانەوێڵە بخۆیت، ئەوا ژەمێکی سروشتی ڤیتامین D بەدەست دەهێنیت.

ڤیتامین A

ڤیتامین A پێویستە بۆ گەشەکردنی خانەکانت، ئەمەش لە بەرانبەردا یارمەتی گەشەکردنی قژت دەدات. هەروەها ڕژێنەکانی پێستت سوود لە ڤیتامین A وەردەگرن، بەکاریدەهێنن بۆ بەرهەمهێنانی چەوری. چەوری پێستی سەرت بە شێداری دەهێڵێتەوە و قژت بە تەندروستی دەهێڵێتەوە، بەڵام زیادەڕەوی لە ڤیتامین A مەکە، چونکە زیادەڕەوی دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ. ڕێژەی خۆراکی پێشنیارکراوی ڤیتامین A نزیکەی ٧٠٠ مایکرۆگرامە بۆ ئافرەتان و ٩٠٠ مایکرۆگرام بۆ پیاوان. هەروەها دەتوانیت ڤیتامین A بە شێوەیەکی سروشتی لە خۆراکەکانی وەک شیر و هێلکە و ماست و پەتاتەی شیرین و گێزەر و سپێناخ و کوولەکە و کەلەرمدا بدۆزیتەوە.

ڤیتامین C

لەوانەیە پێشتر بزانیت کە ڤیتامین سی هێزێکی بەهێزە کاتێک باس لە پێستت دەکرێت. بەڵام کاتێک دێتە سەر قژت، یارمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڕادیکاڵە ئازادەکان دەدات، کە دەتوانێت قژت پیر بکات و ڕێگری لە گەشەکردن بکات. ڕادیکاڵە ئازادەکان ناهاوسەنگییە دەبێتە هۆی تێکچوونی بەرەوپێشچوونی پێکهاتە خانەییەکان، لەوانە ئەوانەی پەیوەندییان بە قژ و پێستی سەرەوە هەیە. ڤیتامین C زۆر گرنگە بۆ دروستکردنی کۆلاجین کە پرۆتینەکە بۆ دروستکردنی کیراتین بەکاردێت. ئەگەر ترێ و بیبەر یان میوەی ترش بخۆیت، ژەمێکی سروشتی ڤیتامین C وەردەگریت.

ئاسن

ماددەی ئاسن لەلایەن خڕۆکە سوورەکانی خوێنەوە بەکاردێت بۆ گواستنەوەی ئۆکسجین بەڵام ئاسن بۆ گەشەی قژ و تەندروستیش گرنگە. هەروەها کەمی ئاسن دەبێتە هۆی کەمخوێنی کە دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ.  ئەگەر هەفتەی کەمتر لە دوو یان سێ جار گۆشتی سوور دەخۆیت، بیر لە تەواوکەری ئاسن بکەرەوە. ئەو خۆراکانەی ئاسنیان تێدایە بریتین لە گۆشتی سوور و گەڵا سەوزەکان و نیسک و فاسۆلیا.

ترشە چەوریەکانی ئۆمیگا ٣

ئۆمیگا ٣ بە شێوەیەکی سروشتی لە خۆراکەکانی وەک ماسی و تۆوی کەتاندا هەیە، بەڵام دەتوانیت لە تەواوکەرە خۆراکیەکانی وەک زەیتی ماسیشدا بیدۆزیتەوە. گرنگە بۆ تەندروستی خانەکان و پێستی سەر و قژت تەندروستتر دەکات.

بایۆتین

چەندین توێژینەوە دەریانخستووە کە تەواوکەری بایۆتین دەتوانێت یارمەتی گەشەی قژ بدات. لەو کەسانەی کە کەمی بایۆتینیان هەیە یان ئەوانەی کە نەخۆشییەکانی پێستی سەریان هەیە و ئەمماددەیە یارمەتی ڕاگرتنی هەڵوەرینی تاڵەکانی قژ دەدات. پزیشک پێشنیاری ئەوە دەکات کە ڕۆژانە ٣ بۆ ٥ میلیگرام لەم ماددەیە بخورێت. هەروەها دەتوانیت بایۆتین لە خۆراکەکانتەوە بەدەست بهێنیت بە خواردنی خۆراکی وەکو زەردێنەی هێلکە، دانەوێڵەی تەواو، ماسی، گوێز، پەتاتەی شیرین.

چارەسەرێکی تری گەشەی قژ

مینۆکسیدیل (Rogaine®) کەفێکە یان گیراوەیەک کە ڕاستەوخۆ دەیدەیت لە پێستی سەرت، لە کاتێکدا دەتوانێت ڕێگەیەکی کاریگەر بێت بۆ دووبارە گەشەکردنەوەی قژ، بەڵام ڕەنگە کەمێک بە خێرایی کاری خۆی بکات. کاریگەرییەکی زۆری هەیە گەر بەر ناوچەیەکی جەستەت بکەوێت، لەوانەیە هەست بە گەشەکردنی موو لە دەموچاوتدا بکەیت. هەروەها نابێت لەلایەن ئەو ژنانەی دووگیانن یان شیری خۆیان دەدەنە بە منداڵەکانیان بەکاریبهێنرێت.


سەرچاوەکان



1108 بینین