بوڵی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-02-26-15:36:00 - کۆدی بابەت: 12029
بوڵی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بوڵی (بە عەرەبی: بولي، بە ئینگلیزی: Bully) یارییەکی ڤیدیۆیی بینایی کەسی سێیەمی کۆمپانیای ڕۆکستار گەیمسە. ساڵی ٢٠٠٦ بۆ پلاتفۆرمی پلەیستێشن دوو بڵاو کراوەتەوە دوای دوو ساڵ واتا ٢٠٠٨ بۆ پلاتفۆرمەکانی xbox360 و پلەیستێشن سێ و کۆمپیوتەر بڵاوکراوەتەوە. ساڵی ٢٠١٦ش دووبارە بۆ نەوەی پلەیستێشن چوار و ئێکس بۆکس وەن بڵاوکراوەتەوە. جگە  لەوەش وەشانێکی بۆ مۆبایلە زیرەکەکان بەردەستە و ساڵی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە. 

زانیارییە گشتییەکان

ناوی یاری Bully
گەشەپێدەر Rockstar Vancouver
بڵاوکەرەوە Rockstar games
بەرهەمهێنەران جیرۆنیمۆ بارێرا،ستیڤ مارتن
دیزاینەران مایک سکوپا،سێرگی کوپریجانۆڤ
پڕۆگرامەران مایک سلێت،پیتەر گرانت
نیگارساز ستیڤ ئۆڵدس
نووسەران دان هاوسەر، جەیکۆب کراروپ
ئاوازدانەر شاون لیی
بزوێنەرەکان RenderWare و Gamebryo
پلەتفۆرمەکان ps2 و wii و ps3 و ps4 و xbox 360 و xbox one و pc و android و ios.
بەرواری بڵاوکردنەوە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦
ژانەر ئەکشن-سەرکێشی، جیهان کراوە
مۆدی یاری کردن یاریکەری تاک و یاریکەری کۆ.

چیرۆکی یارییەکە

بوڵی، یاخود بە کوردی ئاژاوەچی، لە بارەی هەرزەکارێک دەدوێت بەناوی (جیمی هۆپکینز) کە تەمەنی ١٥ ساڵە. جیمی بە هۆی بەکارهێنانی زمانی زبر و دروستکردنی ئاژاوە لە حەوت قوتابخانە دەرکراوە و نازناوی دەروون نەخۆشیان لێناوە. لە کاتێکدا دایکی جیمی هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی بەتەمەندا کردووە دۆخی جیمی خراپتر بووە، بۆیە دایکی بڕیار دەدات جیمی بخاتە خراپترین قوتابخانەی وڵات ئەویش Bullworth academy تاوەکو هەست بە بەرپرسیاریەتی بکات. جیمی لە سەرەتاوە دەستپێکێکی باشی نابێت لەم قوتابخانەیەدا و لە یەکەم ڕۆژدا تووشی شەڕ کردن دەبێت لەگەڵ دەستەیەک لە خوێندکارەکان. پاشان لە بەشە ناوخۆیی کوڕان دوو کەس دەناسێت (گاری سمیز) و (پێت کوالسکی) گاری دەیەوێت جیمی بۆ مەرامەکانی خۆی بەکاربهێنێت تا ببێتە سەرۆکی هەموو گرووپەکانی قوتابخانەکە و هەموو خوێندکارەکان بکاتە کۆیلەی خۆی. لە سەرەتادا جیمی بەمە نازانێت و بەقسەی گاری دەکات تاوەکو ئەو ساتەی گاری لە ڕێگەی بوختانێکەوە جیمی ڕووبەڕووی بەهێزترین خوێندکاری قوتابخانەکە دەکاتەوە بەناوی (ڕۆسڵ) ئیتر لێرەوە جیمی بۆی دەردەکەوێت کە گاری ئەمی بەکارهێناوە. 

جیمی دوای ئەم ڕووداوە بڕیار دەدات قوتابخانەکە ڕێکبخاتەوە ئەویش بە پوچەڵ کردنەوەی پلانەکانی گاری و خۆی ببێتە سەرکردەی هەموو گرووپەکان تاوەکو چیتر گێچەڵ بە خوێندکارە لاوازەکان نەکرێت و هەموو شتێک لە ژێر کۆنتڕۆڵدابێت. بۆ ئەوەش شەڕ لەگەڵ سەرکردەی یەکە بە یەکەی گرووپەکاندا دەکات تاوەکو هەمووان ناچار بکات واز لە شەڕکردن بهێنن و لە ئاشتیدا بژین. بەڵام بێ ئاگایە لەوەی ئەم شەڕ کردنەش کە جیمی بڕیاری لێدەدات پێشتر لەلایەن گاری پێشبینی کراو بووە بۆیە وەکو نواندن هەموویان ملکەچی جیمی دەبن. کاتێک شەڕەکان کۆتایی دێن و جیمی دەبێتە سەرکردە یەکێک لە خوێندکارەکان بە جیمی دەڵێت تۆ بەهێزترین و گەورەترین کەسی لەم شارۆچکەیە بۆچی ناوی خۆت لەبەرزترین شوێنی شارەکە تۆمارناکەیت؟ جیمیش ڕازی دەبێت لە تاوەری شارەوانی شارەکەدا بە سپڕا دەنووسێت Bullworthers کە ئاماژەیە بۆ ناوی قوتابخانەکە لەم کارەدا خەڵکێکی زۆر جیمیان بینی و سکاڵاشی لەسەر تۆمار دەکرێت، کە ئەمەش پیلانێک بوو دژی جیمی ئەنجامدرا و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە جیمی بانگ دەکات و پێی دەڵێت دەرکراویت بەڵام تا دایکت لە گەشتەکەی دەگەڕێتەوە دەتوانیت بمێنیتەوە بەڵام بە جلوبەرگی ئاسایی و چیتر ناتوانی پۆشاکی قوتابخانە بپۆشیت. 

لێرەدا جیمی بڕیار دەدات هەڵەکەی چاک بکاتەوە، بۆ ئەمەش (پێت) پێی دەڵێت تەنها کەسێک هەیە یارمەتیت بدات ئەویش (ڕەسڵ) جیمیش دەچێتە لای، هەردووک پێکەوە بەڕێ دەکەون بۆ بەشی پیشەسازی شارەکە تاوەکو  لەگەڵ دەستەی شارۆچکەکە شەڕ بکەن و سەرکردەکەیان ناچار بکەن یارمەتی جیمی بدات لە دەستگیرکردنی گاری. جیمی متمانەی ئەم گرووپە بەدەست دەهێنێت و پێکەوە دەگەڕێنەوە Bullworth لەوێ بارودۆخ تەواو شێواوە و هەموو خوێندکارەکان شەڕ دەکەن. جیمی و ڕەسڵ کۆتایی بە شەڕەکە دەهێنن، پاشان جیمی بەتەنها دەچێتە باڵەخانەی سەرەکی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گاری. پاش شەڕەکەی نێوان جیمی و گاری، کە لە تاوەری قوتابخانەکەوە جیمی و گاری دەکەونە ژووری بەڕێوەبەر. بەڕێوبەرەکە لەسەر کورسی بەستراوەتەوە، جیمی دەستەکانی دەکاتەوە و ئەویش زۆر ستایشی جیمی دەکات کە ڕۆڵی بینیوە لە کۆتایی هاتنی کێشەکان و پێی دەڵێت هەڵەبووم تۆم دەرکرد، لە ئێستاوە تۆ دەگەڕێیتەو بۆ قوتابخانە. جیمیش داوای لێدەکات پێت کوالسکی ببێتە سەرکردەی خوێندکارەکان. بەمەش ناکۆکییەکان تەواو دەبن. و کۆتا ڕستەش کە جیمی دەیڵێت (دەتوانی نامەیەک بۆ دایکم بنێریت؟) بەڕێوبەرەکەش دەست دەخاتە سەر شانی جیمی و دەڵێت چ نامەیەک؟ لێرەدا چیرۆکی یارییەکە تەواو دەبێت.

شێوازی یاریکردن

یارییەکە دابەش بووە بەسەر شەش یەکەدا. یەکەی یەکەم لە ناوقوتابخانەکەدایت و ناتوانیت بچیتە دەرەوە. لە یەکەی دووەمەوە تا شەشەم وردە وردە بەشەکانی نەخشەکەت بۆ دەکرێتەوە. جیمی دەتوانێت وانە بخوێنێت کە وانەکانیش بریتیین لە (کیمیا، زیندەزانی، بیرکاری، جوگرافیا، میکانیک، وەرزش، ئینگلیزی، میوزیک، وێنەکێشان، فۆتۆگرافی) هەر یەک لەم وانانە توانایەک بە جیمی دەدەن کە لە شەڕ کردندا پێویستی پێی دەبێت، بۆ نموونە وانەی وەرزش، هێزی زیاتر دەداتە جیمی، وانەی ئینگلیزی، کاتێک لەلایەن خوێندکارێکەوە گێچەڵت پێ بکرێت داوای لێخۆشبوونت زیاد دەکات کە دەتوانی خۆت ڕزگار بکەیت.

جیمی دەتوانێت قسە لەگەڵ خوێندکارەکان بکات یاخود هەڕەشەیان لێ بکات، هەندێک خوێندکار ئامادەن شەڕت بۆ بکەن ئەگەر پارەیان پێ بدەیت. هەروەها لە یارییەکەدا چەند کۆلێکشنێک هەیە کە تەواویان بکەیت توانای زیاترت دەبێت لە شەڕکردندا بۆ نموونە ٦ ڕادیۆ کە پێی دەڵێن ترانزستەر کۆیان بکەیتەوە هێمای H ێک لە نەخشەکە دوای کاتژمێر ٤ی ئێوارە دەردەکەوێت کە لەناو گەراجی قوتابخانەکەدایە. پیاوێکی بەتەمەن کە شارەزای هونەرەکانی بەرگری و شەڕکردنە، جیمی فێری جوڵەی جیاواز دەکات تا لەکاتی شەڕ سوودی لێ وەرگرێت.

پەیامی فەلسەفی یارییەکە

زۆر کەس دەڵێن بوڵی یارییەک نییە شایەنی تاقیکردنەوە و کات بۆ تەرخان کردن بێت، بەهۆی ئەوەی ناوەڕۆکی نەشیاو لە دیمەن ودایەلۆگ لە خۆ دەگرێت. بەڵام قووڵبوونەوە لە سیمای فەلسەفی یارییەکە شتێکی ترمان پێ دەڵێت.

قوتابخانەی Bullworth

قوتابخانەکە دەکرێت وەکو دەزگایەکی حکوومەت سەیر بکرێت کە نقوم بووە لە گەندەڵی و کاری دوور لە بەهای کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی. ئەم گەندەڵییەی دەزگاکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر جەماوەر هەیە و وای کردووە خراپی بەرپرسەکان، خوێندکارەکانیش تێک بدات. مامۆستاکان پرسیار دەفرۆشن و هەندێکیان توند و تیژی جەستەیی دژ بە کچەکان ئەنجام دەدەن. ئەمەش وێنای کاتێکمان بۆ دەکات کە هیچ بەهایەکی ڕەوشتی لە دەزگایەکدا نەبێت و هەموو ئەوانەی لە ناویدا دەژین دوور یان نزیک تووشی ڕووداوی لەو چەشنە دەبن.

جیاوازی چینایەتی لە Bullworth

ڕۆکستار زۆر جوان تیشکی خستووەتە سەر جیاوازی چینایەتی لەناو قوتابخانەکان نیشان دەدات. دەستەی پوپی کە لە خانەدانەکانی شارەکەن خۆیان جیاکردووەتەوە، لە ناو قوتابخانەکەدا جێگەیەکی تایبەتیان هەیە، تێکەڵ بوونیان لەگەڵ ئەوانی تر نییە. هەموویان نمرەی تەواو دەهێنن لەکاتێکدا لە قسەکردندا لاوازن و نازانن ژیرانە قسە بکەن، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە پرسیارەکان دەکڕن و نمرەی تاقیکردنەوەکانیان دەستکاری دەکرێت. 

ڕۆکستار ئەم وێنایە دەکات کە دەوڵەمەندەکان دەستڕۆیشتوون، گەرچی زانستێک لە هەگبەیاندا نییە بەڵام بە هۆی هێزی پارە کێشەکان یەکلا دەکەنەوە و باڵادەستی خۆیان دەسەلمێنن. تەنانەت کارگێڕی قوتابخانە دەزانێت پرسیارەکان دزەیان پێ دەکرێت بەڵام لە ترسی پێگەکەیان ناتوانن ڕێگری لێ بکەن، تا ئەو کاتەی جیمی ئاشکرای دەکات.

ئەوەی جیاواز بیربکاتەوە کاڵفامە

لە درێژەی چیرۆکی یارییەکەدا ئەوە بە ئاشکرا دەبینێت، ئەوەی جیاواز بیربکاتەوە و بیرکردنەوەی وەک کەسانی تر نەبێت کاڵفامە و شوێنیان نەخۆشخانەی چارەسەری دەروونییە. بۆ نموونە مامۆستا گالۆوەی کە لە قوتابخانەکەدا وانەی ئینگلیزی دەڵێتەوە بیرکردنەوەیەکی جیاوازی هەیە و حەزی بە ئازادی ڕەها هەیە، بەڵام مامۆستا هاتریکی وانەی بیرکاری حەزی بەم ڕەفتارە نییە دژی ئەوەیە ئازادی هەبێت، بۆیە سکاڵا لە گالۆوەی دەکات و دەبردرێتە نەخۆشخانەی چارەسەری دەروونی. 

ئەوانەی دژی گەندەڵین ڕەنگە خۆیان گەندەڵ بن!

بەڕێز هاتریک، مامۆستای وانەی بیرکاری دەڵێتەوە، زۆر دژی گەندەڵییە و دەیەوێت دەستەی کارگێڕی باشترین هەوڵبدات تاوەکو گەندەڵی بنبڕ بکات، هەر لەبەر ئەم هۆیە لیژنەیەک پێک دەهێنێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی خواردنەوە کحولییەکانی مامۆستاکان. بەڵام خۆی یەکێکە لە گەورەترین گەندەڵەکانی قوتابخانەکە پرسیارەکانی بە دەوڵەمەندەکان دەفرۆشێت و ئەوانیش بە نهێنی بە خوێندکارانی تری دەفرۆشنەوە. کەوابێ مەرج نییە ئەوەی دژی گەندەڵی چالاکی بنوێنێت ئەوە کەسە باشەکە بێت ڕەنگە خودی خۆی گەندەڵەکە بێت بۆ شاردنەوەی کارە چەپەڵەکانی خۆی ئەم کارە بکات. 

ئەنجامی هەموو خراپەیەک کەوتنی دەسەڵاتە

جیمی و گاری لە ڕکابەریدان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، لە سەرەتادا جیمی سەرکەوتوو دەبێت بەڵام وەک خەونێک وایە چۆن لە خەو ڕابوویت هەموو ئەوەی خەیاڵت کردووە تەواو دەبێت، بەم جۆرە ئەوەی جیمی بەدەستی دەهێنێت هەمووی پیلان بوو. گاری دەبێتە سەرکردەی خوێندکارەکان بەڵام دەسەڵاتی خۆی بە خراپی بەکاردەهێنێت و وەک دیکتاتۆرێک ڕەفتار دەکات، کە ئەمەش وادەکات بارودۆخی قوتابخانەکە تەواو تێک بچێت. دوابەدوای ئەم گرفتانە جیمی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی هەموو خوێندکاران بکات بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکە.

ئەم وێنایە کە ڕۆکستار دەیکات بۆ دەسەڵات هەڵقوڵاوی واقعە کە کاتێک دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر لە وڵاتێکدا، لە هەرێمێکدا، لە دەزگایەکدا بوونی هەبێت ئەنجامەکەی کەوتنە. 


سەرچاوەکان



163 بینین