چۆن بتوانین بڵێین نەخێر بۆ شتانێک کە پێی ڕازی نین؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-12-14-18:52:00 - کۆدی بابەت: 11718
چۆن بتوانین بڵێین نەخێر بۆ شتانێک کە پێی ڕازی نین؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن بتوانین بڵێین نەخێر بۆ شتانێک کە پێی ڕازی نین؟ (بە عەرەبی: كيف يمكننا أن نقول لا للأشياء التي لا نرضى، بە ئینگلیزی: ?How can we say no to things we don’t want to do)، زۆر کەس خۆیان لە وتنی "نەخێر" بەدوور دەگرن لە ترسی ئەوەی کەسانی تر بێزار یان بێتاقەت نەکەن. ڕەنگە هەندێک وتنی "نەخێر" بە خۆپەرستی بزانن، بەتایبەتی ئەگەر لە کەسێکەوە بێت کە پێداویستییەکانی خۆی لە سەرووی پێداویستییەکانی کەسانی دیکەوە دابنێت، بەڵام وتنی ئەمە کارامەییەکی کۆمەڵایەتی گرنگە، بەتایبەتی ئەگەر تۆ یەکێک بیت لەو کەسانەی کە گیرۆدەی وتنی "بەڵێ"یت، بەڵام پێویستە بزانیت چۆن بە ڕەوشتەوە ڕەتدەکەیتەوە بەبێ ئەوەی هەست بە تاوانباری بکەیت یان دڵی کەسی بەرانبەر بڕەنجێنیت.

ڕاما عەساف، ڕاوێژکار و شارەزای ئەتەکێت ئاماژەی بەوە کردووە کە وشەی "نەخێر" پەیوەندی بە توانای مرۆڤەکانەوە هەیە بۆ هاوسەنگکردنی بارودۆخ و ڕووداوەکان لە چوارچێوەی شیاوی خۆیاندا لە نێوان ئەوەی گرنگە و ئەوەی گرنگترینە لە ژیان و پەیوەندییە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکانیاندا.

لە کاتی گونجاودا بڵێ "نەخێر"

کەس حەزی لە بیستنی وشەی "نەخێر" نییە، زۆرجاریش خەڵکی دوودڵن لە وتنی ئەم وشەیە بۆ ڕەتکردنەوەی بابەتێکی دیاریکراو، چونکە ڕازیبوون باو و ستایشی زیاترە. زۆر جار خەڵکی بە مەبەستی دڵخۆشکردنی کەسانی تر، ئەرکەکە قبوڵ دەکەن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی بێزاری و هەستکردن بە تاوانباری، هەمیشە لە هەوڵی مانەوەی پەیوەندییەکان دان، بۆیە ڕاستگۆیی لە مامەڵەکردندا مرۆڤ لە دوودڵی و وتنی "نەخێر" ڕزگار دەکات و پەیوەندییەکان بە شێوەی دروستی خۆیان دەپارێزێت.

ئەتەکێتی وتنی "نەخێر"

"نەخێر" وشەیەکە کە گوزارشت لە ڕەتکردنەوە دەکات و ڕەنگە ببێتە هۆی گرژی، لێکتێنەگەیشتن و توڕەیی بە دوای خۆیدا بهێنێت، بۆیە پێویستە ئاگاداری هەندێک ئەتەکێت بین بۆ ئەوەی بە تاکتیکەوە بڵێین "نەخێر" بەبێ ئەوەی تووشی شەرمەزاری ببین، گرنگترینیان بریتین لە:

  • ئارام بگرە و پەلە مەکە لە وەڵامدانەوە.
  • هەندێک جار ڕەتکردنەوەی ڕوون و ڕاشکاوانە بەسوودە، بۆ ئەوەی سنووری پەیوەندییەکان بپارێزرێت و شتەکان لە چوارچێوەی شیاوی خۆیاندا بمێننەوە.
  • لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ بڵێیت "نەخێر" جێگرەوە و چارەسەری گونجاو بدۆزەرەوە.
  • وەڵامی هیچ داواکارییەک، پرسیارێک، تەنانەت هاوکارییەک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی مەدەرەوە و کاتی پێویست بۆ بیرکردنەوە لە وەڵامەکە تەرخان بکە بەبێ ئەوەی هیوایەک بە لایەنی بەرامبەر بدەیت، لە هەمان کاتدا پێویستە وەڵامەکە دوا نەخەیت.

هەندێک لە باشترین ئامۆژگاری و ستراتیژییەکان بۆ وتنی “نەخێر”:

١- هۆکاری ڕەتکردنەوەکەت دیاری بکە

کاتێک دەتەوێت بڵێیت نەخێر، بیرت بێت بۆچی ئەو کارە دەکەیت. سەرنجت لەسەر ئەو شتە ئەرێنییانە بێت کە بەهۆی ئەم ڕەتکردنەوەیە بە دەستی دەهێنی، بۆ نموونە: کاتێکی زیاتر لەگەڵ خێزانەکەت بەسەر دەبەیت، کاتێکی زیاترت دەبێت بۆ نووسین،  تەنانەت ئارامگرتن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی فشارەکانت. لەبیرت بێت کە پێویستە بۆ هەندێک شت بڵێیت نەخێر بۆ بۆ ئەوەی بتوانیت بڵێیت بەڵێ بۆ ئەو شتانەی کە لە ژیانتدا دەتەوێت، هەروەها ئەوەندە کات و وزەی پێویستت نییە بۆ ئەوەی ئەو کارانە بکەیت کە سوودی بۆ تۆ نییە.

ئەم پاڵنەرە ئەرێنییانە یارمەتیت دەدەن لە بڕیارەکەت بەرەو پێشەوە بچیت، تەنانەت ئەگەر قورسیش بێت. یەکێک لە ڕێگا سادەکان ئەوەیە سەرنجت لەسەر ئەو شتە بەنرخانە بێت کە لە ژیانتدان، لە خۆت بپرسە کەی پێویستە بڵێیت نەخێر: "سێ-پێنج لە گرنگترین شتەکانی ژیانم چین؟". دەتوانیت کاتێکی زیاتر لەگەڵ خێزانەکەت بەسەر ببەریت، خۆت فێری بەهرەیەکی نوێ بکەیت و… چەندانی تر. بزانە چیت بۆ گرنگە هەموویان لە یاداشتێکدا ڕێکبخە، یان وەک بیرخستنەوەی ڕۆژانە لە مۆبایلەکەتدا تۆماریان بکە. ئەمەش وا دەکات سەرنجت لەسەر ئەو شتانە بێت کە گرنگن بۆت.

٢- بە ڕێزەوە ڕەتیان بکەرەوە

خەڵکی ئاسانتر ڕەتکردنەوەت قبوڵ دەکەن ئەگەر  بە ڕێزەوە ڕەتیان بکەیتەوە. دەتوانیت ئەمە بکەیت، بۆ نموونە، بە وتنی ئەوەی کە هەست بە دڵخۆشی دەکەیت و پێشنیارە جوانەکەیان بەرز دەنرخێنیت، ڕاستگۆ بە لە هەموو شتێک کە دەیڵێیت پاشان دەتوانیت ئەوەش زیاد بکەیت کە کاتی تەواوت نییە بۆ قبوڵکردنی ئەوەی دەیانەێت.

٣- پێیان بڵێ کە هەستت چۆنە لەو بارەیەوە

ڕەنگە هەندێک کەس لە ڕادەبەدەر پێداگری بکەن بۆ زاڵبوون بەسەر ناڕەزایەتییەکانت، ڕەنگە شتێکتان پێشکەش بکەن یان بە هەر ڕێگایەک بێت ڕازیتان بکەن تەنانەت ئەگەر لە سەرەتادا بە هۆکارێکی شیاویشەوە ڕەتی بکەنەوە. ئەمە تاقی بکەرەوە و پێی بڵێ کە هەستت چۆنە کاتێک کەسی بەرانبەر ڕەتکردنەوەکەت قبوڵ نەکات. بۆ نموونە: بڵێ  هەست ناکەم ئەم ئۆفەرە لەگەڵ ڕۆتینی ئێستام بگونجێت، هەست بە ماندووبوون دەکەم، یان کاتی بەتاڵم نییە، هەر بۆیە ناتوانیت داواکارییەکەیان جێبەجێ بکەیت.

یان بڵێ کە هەست دەکەیت بەڕاستی دەبێت هەموو سەرنجت لەسەر پڕۆژە سەرەکییەکەت بێت، لە ئێستادا ناتوانیت خۆت بە ئەنجامدانی کاری تر سەرقاڵ بکەیت. مەبەست لە وتنی ئەوەی کە هەست چۆنە تەنها لەبەر ئەوە نییە کە کەسی بەرانبەر باشتر لە کێشەکەت تێبگات، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە زۆر قورسە کەسێک مشتومڕت لەگەڵ بکات لەسەر چۆنیەتی هەستکردنت، چۆنیەتی هەستکردنت پەیوەندی بە خۆتەوە هەیە، کەس بۆی نییە بیانوی گونجاو بهێنێتەوە دژی ڕازی نەبوونت.

٤- ئەگەر بۆتکرا کەمێک هاوکاری بکە

کاتێک دەتەوێت کۆتایی بە گفتوگۆکە بهێنیت لەکاتێکدا بە ڕێزەوە دەڵێیت نەخێر، بیربکەرەوە ئایا دەتوانیت کەمێک هاوکاری بکەیت؟ پێشنیاری کەسێک بکە کە پێت وایە گونجاوترە ڕەنگە بتوانێت لە تۆ باشتر یارمەتی ئەو کەسە بدات.

٥- ئاساییە ئەگەر کەمێک هەست بە تاوان بکەیت

لەوانەیە کەمێک هەست بە تاوان بکەیت، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە لەسەر بنەمای ئەو هەستانە کار بکەیت، تەنها هەستی پێبکە بەبێ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە کار بکەیت. کاتێک لەگەڵ ئەم هەستانەدایت و بە سادەیی ڕێگەیان پێدەدەیت تێپەڕن، دوای ماوەیەکی کورت، ئەم هەستەت نامێنێت و ئاسایی دەبیتەوە، بەم شێوەیە دەتوانیت بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێیت.

٦- ئاگاداری ئەوە بە کە ڕازیکردنی خەڵکی ئامانجێکی بەدەستنەهاتووە

هەندێک کەس هەن کە هەرگیز ناتوانیت ڕازییان بکەیت، هەرچییەکیان بۆ بکەی دڵخۆش نابن، چونکە کێشەکە لە تۆ نییە، بەڵکو لە خۆیانە. ڕەنگە لە ژیانی هاوسەرگیری ناخۆشدابن، کێشەی داراییان هەبێت، کەسێکیان نەخۆشە، لە کارەکەیان بێزار بوون، یان پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ تۆدا نییە. هەستکردن و زانینی ئەوەی کە ناتوانیت هەمووان لە خۆت ڕازی بکەیت، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە هەموو جارێک دەڵێیت "بەڵێ"، دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە کۆتایی هێنان بە داواکارییەکانی کەسانی دەوروبەر و زیاتر سەرنج بدەیت و لە قووڵایی دڵتەوە بیڵێیت، بەڵێ یان نەخێر.

٧- بەهای خۆت بەرز بنرخێنە

ئەگەر بەهای خۆت نەزانیت، ئەوا بەهای کاتیش نازانیت. بەهێزترین شت جگە لەوەی کە سەرنجت لەسەر ئەوەبێت کە بەڕاستی بۆت گرنگە بۆ ئەوەی ئاسانتر بڵێت نەخێر دانانی بەهایە بۆ خۆت. لەگەڵ زانینی بەهای خۆت، ئەو کات و وزەیەی کە هەتە بەنرختر دەبێت لەلات و ناتەوێت بەفیڕۆی بدەی. هەروەها هەستکردن بەوەی کە شایەنی لەوە باشتری، هەرگیز ڕازی مەبە بە شێوازە نەرێنییەکانی ڕازیکردن لەلایەن کەسانی ترەوە، وەک: هەستکردن بە تاوانباری، یان ئەوەی مرۆڤێک لە ڕادەبەدەر بە جۆش و خرۆشە و هەوڵدەدات سوودم لێ وەربگرێت.

٨ـ خەڵکی ڕابهێنە لەسەر ڕەفتارەکانت

ئەمە یەکێکە لەو هۆکارە بەهێزانەی بۆ وتنی "نەخێر" لەو کاتەی کە پێویستە وابڵێیت؛ چونکە ئەگەر تۆ پێداگر بیت لەسەر ئەوەی کە ناتەوێت و بڵێیت "نەخێر"، خەڵک ئاسانتر قبوڵی دەکەن. بە تێپەڕبوونی کات، کەمتر تووشی ئەم حاڵەتانە دەبیت و خەڵکی بڕیارەکەت قبوڵ دەکەن. ئەمەش ژیان و پەیوەندییەکان سادەتر و ڕێزدارتر دەکات، هەروەها بەهای خۆت باشتر دەکەیت.

٩- ئەوە بزانە کە ئەمە کۆتایی ژیان نییە

لەبیرت بێت وتنی نەخێر بە واتای وەستانی ژیان نایەت، ئەوان کەسێکی تر دەدۆزنەوە کە بتوانێت پێداویستییەکەیان بۆ جێبەجێ بکات، ژیان بۆ هەمووتان بەردەوام دەبێت. بۆیە ڕێگە مەدە کە هەستی "ناتوانم دەستبەردارت ببم" یان وشەی تر کاریگەریت لەسەر دروست بکات و بڵێیت "بەڵێ" لە کاتێکدا ناتەوێت ئەو کارە بکەیت. ئەمەش وایکردووە زۆر کەس دوای ڕازی بوونیان هەست ناڕەزایی و توڕەیی بکەن.

چۆن بە تاکتیکەوە دەڵێی "نەخێر"؟

دەتوانیت بە ڕێزەوە داوای یارمەتی کەسێک ڕەت بکەیتەوە یان بڵێیت "نەخێر"، ناتوانم یارمەتی بدەم بەبێ ئەوەی کەسەکە شەرمەزار بکەیت، لەوانە:

  • سوپاسی یارمەتیخوازەکە بکە بۆ متمانەکردنەکەی: وتنی "سوپاس بۆ متمانەکردنت بە من" یارمەتیت دەدات بەڕێز دەربکەویت، گفتوگۆکە بە دۆستانە دەهێڵیتەوە تەنانەت ئەگەر کەسی بەرانبەر هەست بە نائومێدی بکات لە وەڵامی "نەخێر".
  • پێشنیاری کەسێکی تری بۆ بکە: لەوانەیە نەتوانیت یارمەتی ئەو کەسە بدەیت کە داوای کارێکی لێکردوویت، بەڵام ڕەنگە بتوانیت کەسێکی تری بۆ پێشنیار بکەیت کە بتوانێت یارمەتیت بدات.
  • نیشانی یارمەتیخوازەکەی بدە کە سەرقاڵیت: ڕەتکردنەوەی یارمەتی بە پاساوی ئەوەی کە کاتی پێویستت نییە دەکرێت بیانوویەکی لۆژیکی و قبوڵکراو بێت.
  •  بەو ئەندازەیە هاوکاری بکە کە لە تواناتدایە: ئەگەر دەتەوێت یارمەتی کەسێک بدەیت بەڵام ناتوانیت بە تەواوی ئەو جۆرە یارمەتییە پێشکەش بکەیت کە ئەو دەیەوێت دەتوانیت ڕوونی بکەیتەوە کە دەتوانیت چی بکەیت و چی نەکەیت.
  • پێی بڵێ من کەسە گونجاوەکە نیم: زۆربەی خەڵکی حەزناکەن مشتومڕ لەگەڵ کەسێکدا بکەن کە پێویستی بە هاوکارییە و دڵی بشکێنن، بۆیە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکە بە پاساوی ئەوەی کە تۆ کەسێکی گونجاو نیت تاکتیکێکی کاریگەرە.


سەرچاوەکان



235 بینین