دیبلۆماتکار

له‌لایه‌ن: - ژیوار صلاح ژیوار صلاح - به‌روار: 2024-01-08-22:36:00 - کۆدی بابەت: 11830
دیبلۆماتکار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دیبلۆماتکار یان دبلۆماتکار (بە عەرەبی: الدبلوماسي، بە ئینگلیزی: diplomat). بریتیە لەو کەسەی کە دیاری دەکرێت بە گوێرەی بەڵگەنامەی دامەزراندن لەلایەن دەوڵەتێک بۆ نوێنەرایەتیکردنی لە دەرەوەی سنوور لە ڕێگەی جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و بەدیهێنانی ئامانجەکانی.

ئەرکەکانی دیبلۆماتکار چییە؟

١- نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەی، لە ڕێگەی گەیاندنی هەڵوێست و دیدگا و بڕیارەکانی وڵاتەکەی بە شێوەی زارەکی یان نووسراو بۆ دەوڵەتی بەرانبەر، هەروەها بەشداریکردنی کۆڕ و کۆبوونەوە فەرمییەکان و سەردانیکردنی لایەنە فەرمی و هاوتا دبلۆماسیە بیانییەکان.

٢- یەکێک لەو ئەرکە سەرەکیانەی کە بە نێردەی دبلۆماسی سپێردراوە بریتییە لە: دانووستان، دیبلۆماتکار بە ناوی وڵاتەکەیەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکوومەتی وڵاتی میوانداردا دانووستان دەکات، هەروەها بەشداری ئەو دانووستانانە دەکات کە پەیوەندی بە وڵاتەکەیەوە هەیە بۆ ڕێکەوتن چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان کە ڕەنگە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا سەرهەڵبدات، هەروەها بۆچوونی وڵاتەکەی دەردەبڕێت و بەرگری لێدەکات.

٣- لە چوارچێوەی ئەو سنوورانەی کە یاسا نێودەوڵەتیەکان دیارییان کردووە دیبلۆماتکار سەرپەرشتی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی دەکات لە دەرەوەی وڵات. کاردەکات بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و بەدەستهێنانی مافەکانیان.

٤- دیبلۆماتکاران لە نزیکەوە چاودێری هەموو گۆڕانکاری و ڕووداوە سیاسی و ئابووریانە دەکەن کە ڕوودەدەن لەو دەوڵەتەی کاری تێدا دەکەن و دەیگوازێتەوە بۆ وڵاتەکەی.

٥- کارکردن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانە لە بواری ئابووری و ڕۆشنبیری.

ئیمتیازات و پارێزبەندی دیبلۆماتکاران چین؟

١- دیبلۆماتکاران مافی ئەوەیان هەیە بە ئازادی بەبێ سنووردارکردن لە خاکی ئە وڵاتەی کە کاری تێدا دەکەن هاتوچۆ بکەن، جگە لەو شوێنانەی کە بەهۆی ئاسایشی نیشتیمانییەوە هاتوچۆی تێدا سنووردار یاخود قەدەغەیە.

٢- دیبلۆماتکاران و ئەندامانی خێزانەکانیان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە وڵاتی سێیەم دا بۆ پاراستنی سەلامەتییان پارێزبەندی و ئیمتیازاتیان هەیە.

٣- دیبلۆماتکار و ئەندامانی خێزانەکەی کە لەگەڵیدا دەژین (بە مەرجێک هاوڵاتی یان نیشتەجێی هەمیشەیی دەوڵەتی میواندار نەبن) لە پشکنینی جانتا و کەلوپەلی کەسی دەبەخشرێن، تەنها بۆ هۆکاری پێویست نەبێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو کەلوپەلانە ئەو مادانە لەخۆناگرێت کە نایاساین یاخود مەترسین بۆ سەر ئاسایشی وڵات.

٤- دیبلۆماتکار و ئەندامانی خێزانەکەی لەگەڵیدا دەژین (بە مەرجێک هاوڵاتی یان نیشتەجێی هەمیشەی دەوڵەتی میواندار نەبن) دەبەخشرێن لە هەموو باجێک لەسەر موڵکی  نەجووڵاو، هەموو باجەکانی حکومی، ناوچەی،  ناوخۆیی، جگە لەم حاڵەتانە:

  • باجی ناڕاستەوخۆ کە بە زۆری لەسەر نرخی کاڵاو خزمەتگوزارییەکان دادەنرێت.
  • باج و ڕسومات لەسەر موڵکە تایبەتە نەجووڵاوەکان کە دەکەوێتە سەر زەوی وڵاتی میواندار، جگە لەو حاڵەتەی کە بەڕێوەبردنی ئەو موڵکانە بە ناوی  باری میواندارییەوە بێت بۆ ئەنجامدانی کارە فەرمییەکان.
  • باجی میرات کە لەلایەن وڵاتی میواندارەوە سەپێنراوە.
  • باج و ڕسومات لەسەر داهاتی کەسی بەدەست هاتوو لە وڵاتی میواندار.

٥- دیبلۆماتکار و ئەندامانی  خێزانەکەی پارێزبەندیان هەیە لە بەرپرسیارێتی مەدەنی و کارگێڕی بەپێی یاساکانی وڵاتی میواندار (بە مەرجێک ئەندامانی خێزانەکەی هاوڵاتی ئەو وڵاتە نەبن کە دیبلۆماتکارەکە تێیدا کار دەکات یان نیشتەجێی هەمیشەی نەبن)، بەڵام ئەم پارێزبەندییە کۆمەڵێ حاڵەت ناگرێتەوە کە بریتین لە:

  • ئەو یاسایەی پەیوەستە بە موڵکی نەجوڵاو، موڵکی تایبەت لە وڵاتی میواندار.
  • حاڵەتەکانی پەیوەست بە میراتەوە کە تیایدا دیبلۆماتکار ڕۆڵی جێبەجێکار، دابەشکار، میراتگر دەبینێت بە شێوەیەکی کەسی  نەک بە ناوی ئەو دەوڵەتەی کە نوێنەرایەتی دەکات.
  • هەر چالاکیەکی پیشەیی یان بازرگانی کە لە وڵاتی میواندار ئەنجام دەدرێت لە دەرەوەی کارە ڕاستەقینەکەی ئەم سنووردارکردنانە هاوسەر و ئەندامانی خێزانی دیبلۆماتکارەکەش دەگرێتەوە.

٦- دەبێت وڵاتی میواندار ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی دیبلۆماتکار، بارەگای کار و شوێنی تایبەتی نیشتەجێبوونی لە هەر هێرشێک یان سوکایەتی پێکردنێک کە ڕەنگە ئاڕاستەی بکرێت لە خاکی وڵاتی میواندار.

٧- دیبلۆماتکاران پارێزبەندی دادوەریان هەیە، واتا دیبلۆماتکاران بەخشراون لەشایەتی دان لە بەردەم دادگا مەدەنی و تاوانکارییەکانی وڵاتی میواندار، دادوەری لێکۆڵینەوە مافی ئەوەی نییە بانگێشتی دیبلۆماتکار بکات بۆ شایەتیدان، تەنها بە ڕەزامەندی فەرمی نێراوە دبلۆماسیەکە نەبێت.


سەرچاوەکان



155 بینین