ڕیهام یەعقوب

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-27-19:59:00 - کۆدی بابەت: 12337
ڕیهام یەعقوب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و ژیاننامەی

ڕیهام یەعقووب یان ریهام شاکر یەعقوب (بە عەرەبی: رهام يعقوب، بە ئینگلیزی: Reham Yacoub) خانمە چالاکوان و ڕاهێنەری وەرزشی خانمان بوو لە شاری بەسڕە لە عێراق. چالاکوانی دیار و بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٨ بوو لە بەسڕە، ڕاستەوخۆ داواکاری لەکارلابردنی سیاسییەکانی شاری بەسڕەی دەکرد.

ڕیهام کچێکی چالاکی زیرەک و بوێر بووە و هاوکاری ژنانی بەسڕەی کردووە کە وەرزش بکەن، دکتۆرای لە بواری خۆراک و وەرزش بەدەستهێناوە و لە بوارەکەی خۆی زیرەک بووە و یارمەتی و خولی وارزشی بۆ ژنان کردوونەتەوە. لە بەسڕە خاوەن هۆڵێک بووە بۆ ڕاهێنانی وەرزشی خانمان. لە ١٩ـی ئابی ساڵی ٢٠٢٠ کاتێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەی بوو لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللـە.

زانیاری گشتی

ناو  ڕیهام شاکر یەعقووب
پیشە   چالاکوان، ڕاهێنەری وەرزشی، پزیشکی خۆراک
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون  ساڵی ١٩٨٧، بەسڕە، عێراق
کۆچی دوایی  ١٩ـی ئابی ساڵی ٢٠٢٠، بەسڕە عێراق
هۆکاری مردن تیرۆرکردن

تیرۆرکردنی

لە ڕۆژی ١٩ـی ئابی ساڵی ٢٠٢٠ ڕیهام یەعقوب  کاتێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بوو لە شاری بەسڕە، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و ڕاستەوخۆ گیانی لەدەستدا.

پێش تیرۆرکردنی چەند جارێک هەڕەشەی لێکرابوو پاشان بە ماوەیەک بەر لە تیرۆرکردنی، ڕیهام تووشی هەڵمەتێکی ڕێکخراوی هێرشی ئەلیکترۆنی بووەوە کە لەلایەن پەیج دیارەکانی عێراق کە لایەنگری ئێران بوون بەڕێوەدەبران و بانگەشەیان دژی ڕیهام دەکرد، هاوکات لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی (میهری) ئێرانییەوە تووشی هاندانی کووشتن و هێرشی میدیایی بووەوە. 

ئاژانسی میهری ئێرانی لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨ وێنەی چەند چالاکوانێکی بەسڕەی بڵاوکردەوە کە لە خوانێکی سادەی باڵوێزخانەی ئەمریکا بەشدار ببوون، ڕیهامیان بەوە تۆمەتبار کرد کە بەکرێگیراوی ئەمریکایە و دژی عێراق بەکاردەهێنرێت.

لە ڕۆژی ١٢ـی ئایاری ساڵی ٢٠١٩ لە شەودا لەلایەن دوو دەمامکدارەوە هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلەکەی و شووشەی ئۆتۆمبێلەکەیان شکاند و هەڕەشەی لێکرا، هەروەها لە ڕێگەی مۆبایلەکەیەوە نامەی هەڕەشەی بۆ هاتبوو و هەڕەشەی مەرگی لێکرا بوو و بۆی نووسرا بوو کە "ڕۆژی مەرگی بەمزوانە نزیکە"، ڕیهام دوای ئەم ڕووداوە ڕاستەوخۆ لە ناوەندی پۆلیسی شاری بەسڕە سکاڵای تۆمارکردووە و پۆلیسی لە ڕووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام پۆلیسی بەسڕە وەڵامیان داوەتەوە کە ئەم ژمارەیە نەناسراوە و تۆمار نەکراوە و نەیانتوانیوە هاوکاری بکەن.

هاوکات چالاکوانان هۆکاری تیرۆرکردنەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨ باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئێوارەخوانێکی سادە بەشداری کردبوو، واگریمانە کرا کە ئاژانسی میهر هۆکاری سەرەکی بوو بۆ ئەوەی ڕیهام تیرۆربکرێت، ڕووداوی تیرۆرکردنی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و هاوکات ڕوودوەکە ئەو کاتە بوو کە لە شاری بەسڕە چالاکوانان دەکرانە ئامانج و تیرۆر دەکران.


سەرچاوەکان



73 بینین