چۆن وڵاتێک دەبێتە گەشتیاری؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-03-22:28:00 - کۆدی بابەت: 12054
چۆن وڵاتێک دەبێتە گەشتیاری؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن وڵاتێک دەبێتە گەشتیاری؟ (بە عەرەبی: کیف یکون دولة السیاحیاً؟، بە ئینگلیزی: How a country become tourism destination?) کەرتی گەشتوگوزار یەکێکە لە ڕەهەندە گرنگەکانی بووژاندنەوەی وڵات و ناساندنی کولتوور و فەرهەنگ و زمان و مێژووی وڵاتێک بە بیانییەکان. ئەم کەرتە پێویستی بە پڕۆگرامێکی ورد و پلانێکی ستراتیجی و درێژخایەن هەیە، تاوەکو حکوومەتی وڵاتێک بەتەنها پشت بە داهاتی گەشتیاری ببەستێت لە بری داهاتی کەرتەکانی تر. لێرەدا دەبێت ئەوە بزانرێت کە مەرج نییە هەموو وڵاتێک گەشتیاری بێت گەرچی خاوەن شوێنی گەشتیاری بێت و سەردانکەری هەبێت، بۆ ئەوەی وڵاتێک پێی بگوترێت گەشتیارییە دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکات.

١٠ گرنگترین خاڵ کەوا دەکات وڵاتێک ببێتە گەشتیاری

سیمای سەرنجڕاکێشانی سروشتی

هەموو وڵاتێک خاوەن سیمای سروشتییە، وەک بوونی تاڤگە، دارستان، شاخ و داخ، ئەشکەوت، ڕووبار، دەریاچە، ئاژەڵی کێوی کە لە ناوچەیەکی پارێزراودا بن و چەندان شوێنی تر. حکوومەتی وڵاتەکان پێویستە گرنگی بە ناساندنی ئەم شوێنانە بدەن و بە جۆرێک ڕێکی بخەن کە شیاو و گونجاو بێت بۆ سەردان کردن و سەرنجی گەشتیار و سەردانیکەران ڕابکێشێت. 

کولتوور و دابونەریت

هەموو وڵاتێک دەوڵەمەندە بە لایەنی کولتوور و دابونەریت، هەموو وڵاتێک خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژە کە تیایدا بە هاوتەریبی لەگەڵ مێژوودا، کولتوورەکەشی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بابەتە کولتوورییەکان بریتیین لە (شوێنەواری مێژوویی، مۆنیۆمێنت، مۆزەخانە، پێشەنگای هونەری، فیستیڤاڵی کولتووری، جلوبەرگ و چەندان بابەتی تر. لێرەدا دەستەی گەشتوگوزاری هەر وڵاتێک پێویستە پلانێکی بەهێز و کاریگەر دابڕێژێت بۆ ئەوەی کولتووری خۆی بە گەشتیاری بکات. کاتێک گەشتیارێک دێتە وڵاتەکەوە لە ڕێگەی گرووپی گەشتیاری یاخود خودیی بێت، هەوڵ بدرێت کە ئەو لایەنانە بە گەشتیارەکە بناسێنرێت. چونکە بەم جۆرە  کە کولتووری ئەو وڵاتە بە زیندوویی دەمێنێتەوە و لەناو ناچێت. هەروەها، شوێنەوارە مێژووییەکان پێویستە لەژێر چاودێری حکوومەت و دەستەی گەشتوگوزاردا بن بۆ ئەوەی لەلایەن کەسانی بێباک نەشێوێنرێن و لەناو نەچن.

ژێرخان و توانای دەست ڕاگەیشتن بە شوێنە گەشتیارییەکان

ئەم بابەتە خۆی لە هۆکارەکانی گواستنەوە و گەیشتن بە ناوچە گەشتیارییەکان و تابلۆکانی سەر شەقام بۆ ئاڕاستەکردنی گەشتیار و سەردانیکەران دەبینێتەوە. دەشێت لە وڵاتێکی دراوسێوە لە ڕێگەی ئۆتۆمبیلی تایبەت کەسانێک سەردان بکەن، پێویستە لەسەر بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لەسەر هەر ترافیکێک یاخود بە درێژایی شەقامەکان و بوونی یەکتر بڕەکان، تابلۆی ئاڕاستەکردن  بۆ ناسینەوەی شەقام و گەیشتن بە ناوچە گەشتیارییەکان دابنرێت. هەروەها لەسەر تابلۆکان دەبێت بە ڕەنگێکی جیاواز و بەکارهێنانی ئایکۆنێکی جیاواز کە گوزارشت بکەن لە ناوچەی گەشتیاری هێما بکرێن.

هەروەها، دەکرێت خودی ئەو هۆکاری گواستنەوانە ببێنە سیمای ڕاکێشانی گەشتیار، بۆ نموونە فڕۆکەخانەکان لە خێرایی ڕایی کردنی گەشتیار و بوونی گەشتی زۆر و بەردەوام لە یەک کاتدا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زۆر وەکو بوونی فرۆشگای جلوبەرگ و بانک و خواردنگە و کافتریا لە ناو فڕۆکەخانەدا، هەروەها جێگەی پشوودان بۆ ئەو کەسانەی گەشتەکانیان ترانزێتە. 

هەروەها، بوونی هێڵی ئاسنین و بوونی پاس لە تەواوی وڵاتدا کە بەردەوام کار بکەن. جگە لەمانە ژێرخان بەواتای بوونی (هۆتێل، شەقام، هۆستێل، مۆتێل، ناوچەی گەشتیاری دەستکرد) دێت. شەقامەکان پێویستە کارئاسانی تەواویان کردبێت بۆ گەشتیاران، جگە لەوە بەجۆرێک دروستکرابن کە سەرنجی گەشتیار ڕابکێشێت. هەموو ئەم هۆکارانە سوودیان لەوەدایە کە بە ئاسانی گەشت بکرێت بە وڵاتەکەدا، ئەگەر وڵاتەکە گەورە بێت ڕەنگە ڕێگای ئاسنین یاخود فڕۆکە دوو ئاسانترین ڕێگای گەشت کردن بن لەو وڵاتەدا، بۆیە پێویستە لەسەر حکوومەتەکان گرنگی بەم لایەنانە بدەن.

میوانداریکردن و خزمەتگوزاری گەشتیاری

میوانداریکردنی گەشتیاران و خزمەتگوزارییەکانیان بریتیین لە خزمەتگوزاری بەکاربەر، ڕێبەری گەشتیاری، دانەری پاکێجی گەشتیاری، نوسینگەی گەشتیاری کە زۆر جار کۆمپانیان، ناوەندی زانیاری گەشتیاری و چەندان دەزگای تر. خزمەتگوزاری بەکاربەر بریتییە لەوەی کاتێک کەسێک شتێک دەکڕێت لە شوێنێک کارئاسانی بۆ ڕێگەی پارەدان کرابێت، زۆر جار گەشتیار لە ڕێگەی کاردی بانکییەوە پارە دەدات، دەبێت ئەو ناوەندە ئامێرێکی پارەدانی بۆ ئەم کاردانە هەبێت. جگە لەوە ATM بۆ ڕاکێشانی پارە هەبێت. 

ئاسایش و پاراستن

ئەو وڵاتانەی ڕێژەی تاوان تێیاندا کەمە و لە ڕووی ڕامیاریشەوە سەقامگیرن، ئەرکی پاراستنی گەشتیاران دەگرنە ئەستۆ لە سەرەتاوە تا کۆتایی. لە هەموو جێگەیەکی گەشتیاریدا ڕێنمایی گەشتیار کراوە تاوەکو پارێزراو بێت. بەڵام ئەو وڵاتانەی کوشتن و تاوانی تریان تێدایە وەک ڕفاندن و بازرگانی ماددەی هۆشبەر و گرووپی مافیایی و ڕێگر کەمتر دەبنە گەشتیاریی، چونکە وڵاتەکانی گەشتیارەکان ئەو ئاڵنگارییە بە ژیانی هاوڵاتیانیان ئەنجام نادەن و ڕێگە نادەن سەردان بکرێن. نموونەی بەرچاو، وڵاتی سلڤادۆر لە کیشوەری باشووری ئەمریکا، کە هیچ گرەنتی ئەوە نادرێت کە چوویتە دەرەوە بە زیندوویی بگەڕێیتەوە! بۆیە ئەم وڵاتە لە لیستی گەشتیاری دەرهێندراوە. 

بە بازاڕکردن و ساغکردنەوە

بە بازاڕکردنی کاریگەرانە، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ناساندنی جێگە گەشیارییەکان و هێنانی گەشتیار هەیە. پسپۆڕی بازاڕگەری لە ڕێگەی میتۆد و بەکارهێنانی کەناڵی جیاواز و پڕۆگرامی جیاواز هەوڵدەدات ناوچە گەشتیارییەکان بناسێنێت. کەناڵەکانیش بریتیین لە وێبسایتەکان کە تایبەتن بە زانیاری گەشتیاری، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕیکلام، بڵاوکراوەی گەشتیاری، ئەنجامدانی چالاکی گەشتیاری بەرفراوان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی هێنانی گەشتیار لە دەرەوەی وڵات.

پراکتیزەکردنی گەشتیاری بەردەوام

کەرتی گەشتیاری، پێویستی بە خوێندنەوە و کارکردنی بەردەوام هەیە بە درێژایی ساڵ، پێویستە بەردەوام بیر لە هێنانی بیرۆکەی نوێی گەشتیاری و ئەنجامدانی چالاکی جیاواز بکرێتەوە تاوەکو وڵاتەکە لە کەرتی گەشتیاری دانەبڕێت. بۆ ئەمەش پێویستە سوود لە تواناکانی (چاودێری گەشتیاری) ببینرێت کە پڕۆگرامە گەشتیارییەکانی وڵاتێک دادەڕێژێت. ئەم کەسە زۆرجار توێژینەوە ئەنجام دەدات و لە ڕێگەی دەرئەنجامەکانەوە پلانی بە گەشتیاریکردن دادەڕێژێت. لەگەڵ ئەوانەشدا، گرنگترین شت پاراستنی شوێنە سروشتییەکانە کە زیانیان پێ نەگات و پاراستنی کولتوور و دابونەریتی ناوچەکانیشە. ئەم هەوڵانە وادەکات بە درێژایی ساڵ چالاکی گەشتیاری هەبێت و نوێگەری هەبێت لە کەرتەکەدا.

ئەزموونکردنی چالاکی جیاواز

پێویستە چاودێری کەرتی گەشتیاری هەر وڵاتێک لە کاتی پلاندانان، بیر لەوە بکاتەوە کە چ چلاکییەک هەیە تایبەت بێت بەو جێگەیە کە لە شوێنێکی تر ئەو چێژە نابەخشێت. بۆ نموونە لە ناوچەیەکی شاخاویدا (سەفاری) ئەنجام بدرێت بە جۆرێک بکرێت کە جیاواز بێت لەوەی لە ناوچەیەکی تردا بکرێت. یاخود بە بەلەم هاتنە خوارەوە بە تاڤگە نزمەکاندا و ئەنجامدانی سەرکێشی لەگەڵیدا. جۆرەها چالاکی هەیە کە دەکرێت تایبەت بکرێن بە جێگەیەک و وابکات ئەم جێگەیە جیاواز دەربکەوێت لە ناویاندا. یاخود بۆنە نەتەوەیی و کولتوورییەکان و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر تیایدا. بۆ نموونە لە کوردستاندا لە ڕۆژی ٢٠ ی ئاداری هەموو ساڵێک لە شارۆچکەی ئاکرێ بە شێوازێکی جیاواز یادی نەورۆز دەکرێتەوە کە تێکڕا لاوان و پێگەیشتوان، کچان و کوڕان بە هەڵگرتنی مەشخەڵێک لە ئاگر دەڕۆنە سەر لوتکەی چیا و ئاگری نەورۆز دەکەنەوە، ئەو سیمایە بۆ ئاکرێ بووەتە مایەی سەرنجڕاکێشانی گەشتیاری لە خانەی ئەنجامدانی چالاکی جیاواز کە ئەو سیمایە لە شارێکی تر و شوێنێکی تر ئەنجام بدرێت، هەمان دڵڕفێنی و جوانی ئاکرێ نادات و گەشتیار هەمان هەستی لا دروست نابێت کە لە ئاکرێ بۆی دروست دەبێت. 

پێشنیارکردنی زارەکی ئەرێنیانە

ئەم خاڵە بەشێکە لە پڕۆسەی بە بازاڕکردن و ناساندنی جێگە گەشتیارییەکان لە ڕێگەی سەردانیکەران خۆیانەوە. بەو واتایەی تۆ چ هەستێکت لا دروست بووە لە کاتی سەردانکردنی ئەو شوێنەدا بۆ هاوڕێ و دۆستەکانی باس بکەیتەوە بە جۆرێک هانیان بدەیت ئەوانیش لە داهاتوودا سەردانی ئەو شوێنە بکەنەوە. دەبێت لە شوێنە گەشتیارییەکاندا ڕەچاوی کۆمەڵێک شت بکرێت.

  • بوونی خواردنگە و کافتریا.
  • بوونی WC و دەست شۆر.
  • بوونی پەرستگا وەک مزگەوت و کڵێسا بە گوێرەی وڵاتەکە بۆ ئەنجامدانی پەرستش.
  • بوونی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو یاخود بوونی بانک.
  • هەبوونی فرۆشگا وەکو مارکێت و فرۆشگای جلوبەرگ بە پێی شوێنەکە.
  • ئەو جێگایانەی مێژوویین، کارئاسانی بۆ ئەوەی گەشتیاران شارەزای ناوچەکە بن لە ڕێگەی دایبنکردنی ڕێبەری گەشتیاری زیرەک، کە ئامێرێکە دەکرێتە گوێ و لە کاتی نزیکبوونەوە لەو جێگەیە بۆت باس دەکات. یاخود دانانی QR code کە لە ڕێگەی مۆبایلەوە سکان بکرێت و زانیاری بدات.
  • ئەو شوێنانەی دوورن لە شارەکان، دابینکردنی هێڵی ئینتەرنێت و وەرگرتنی پەیوەندی بۆ ئەوەی گەر کەسێک بیەوێت لەگەڵ دۆست و ناسیاوەکانی لە ڕێگەی کردنەوەی پەخشی ڕاستەوخۆ دیمەنەکان نیشان بدات، گرفتی بۆ دروست نەبێت و بە ئاسانی پەیوەندی بکات. 
  • هەندێک جێگە ڕەنگە وا بخوازێت گەشتیار شەو بمێنێتەوە، دابینکردنی هۆتێل و هۆستێل و مۆتێل یاخود کابینەی گەشتیاری بە هەموو خزمەتگوزارییەکانی گەرمکەرەوە و فێنککەرەوه و ئاوی سارد و گەرم.

هەموو ئەم جۆرە خزمەتگوزارییانە لە جێگە گەشتیارییەکاندا وا دەکات گەشتیار بە باشە وەسفی بکات لە بری ئەوەی خراپ وەسفی بکات. ئەمەش دەبێتە هاندان بۆ کەسانی تر سەردانی ئەو شوێنە بکەن. جگە لەوە ئاستی مامەڵەکردنی خەڵکانی ئەو جێگەیەش هۆکارە بۆ هاتنی گەشتیار، گەر کەسانی باش و میوان دۆست بن تێڕوانینی گەشتیار دەگۆڕێت بۆ ئەو دەنگۆیانەی بیستبێتی کە ئەو وڵاتە ناکۆمەڵایەتین و ڕقیان لە بێگانە بێت.

پشتگیری و سیاسەتی حکوومەت بۆ کەرتی گەشتیاری

هیچ وڵاتێک بەبێ حکوومەت بەڕێوەناچێت، چونکە یاساکان و سیاسەتەکان لە حکوومەتەوە بە مەبەستی کارئاسانی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان دەردەچن. سەبارەت بە کەرتی گەشتیاری، حکوومەت لە ڕێگەی تۆڕێکی پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیاری و خواردنگەکان و هۆتێلەکان و ناوچە گەشتیارییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆدایە تاوەکو بە باشترین شێوە میوانداری گەشتیار بکرێت. بۆ نموونە لە زستاندا ناوچە شاخاوییەکان هۆکاری ڕاکێشانی گەشتیارن چونکە بەفر دەبارێت و گەشتیاران بۆ بینینی بەفر و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر ڕووی تێدەکەن. لێرەدا شەقامەکان لە کاتی بەفرباریندا دادەخرێن و ئاستەنگی دروست دەبێت، حکوومەت پێویستە تیمێکی ٢٤ کاتژمێری بۆ ئەو ڕێگایانە دابنێت کە ڕێگاکە پاک بکەنەوە و خوێی بکەن بە سەردا تاوەکو ئاستەنگی دروست نەبێت. هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و نەخۆشخانەکان تیمی تەندروستی و فریاگوزاری گەڕۆک دابین بکرێن بۆ جێگە گەشتیارییەکان تاوەکو لە ڕووداوی نەخوازراودا بە هانای گەشتیارانەوە بچن. 

جگە لەوە حکوومەت دەتوانێت پلانی درێژخایەن دابنێت بۆ هێنانی گەشتیار بە درێژایی ساڵ، بۆ ئەمەش ئەرکی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیە تۆڕێکی پەیوەندی بەهێز دروست بکات لەگەڵ دەزگاکاندا تاوەکو گەشتیار بهێنن و بە باشترین شێوە میوانداری بکرێن.


سەرچاوەکان



126 بینین