تاوەری زانیاری

له‌لایه‌ن: - هێدی إبراهیم هێدی إبراهیم - به‌روار: 2024-01-19-23:01:00 - کۆدی بابەت: 11874
تاوەری زانیاری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تاوەری زانیاری (بە ئینگلیزی: Air Traffic Control، بە عەرەبی: مراقبة جویة) تاوەری زانیاری خزمەتگوزارییەکە بەکاردێ لە بواری فڕۆکەوانیدا بۆ یارمەتیدان و ڕوونترکردنی هاتوچۆی فڕۆکەکان. ڕێگری لە پێکدادانەکانی فڕۆکە دەکات چی لە هەوا بێ یان لەسەر زەوی. هەروەها یارمەتیدەرە لە دڵنیاکردنەوەی بارودۆخی کەشوهەوا بۆ فڕینی فڕۆکەکە. شوێنی ئەم تاوەرە دەبێ لە شوێنێکی فڕۆکەخانەکەدا بێ کە بتوانێ بە ئاسانی هەموو ڕووداو و جوڵەکانی لێیەوە دیاربێ.

کارەکانی تاوەری زانیاری 

تاوەری زانیاری بەرپرسیارە لە توانا و جووڵەی سەلامەتی فڕۆکە لە ئاسماندا، کاری سەرەکی کارمەندانی ئەم تاوەرە پاراستنی دووری نێوان فڕۆکەکان و پێدانی ڕێنماییە بۆ فڕۆکەوانەکان لە ڕێگریکردن لە پێکدادان و ناکۆکی. کارمەندانی تاوەری زانیاری ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە لە ڕێکخستنەکانی فڕینی فڕۆکە لە کاتی هەستان و نیشتنەوەی فڕۆکە و تەنانەت لە ناوەڕاستی فڕینشدا. ئەوان سیستەمی ڕادار و ئامێری پەیوەندی و سیستەمی کۆمپیوتەری پێشکەوتوو بەکاردێنن لە دیاریکردنی شوێنی فڕۆکە لە ئاسمان و پێدانی مۆڵەتی ڕێڕەوی فڕۆکەکە و ڕێنمایی کردن و زانیاری پێدان بە فڕۆکەوانەکان. ئەوان دەبێ خاوەنی هۆشیارییەکی تەواو بن و بتوانن بڕیاری دروست بدەن لە ژێر پەستانی زۆردا و ئارامگر بن، هەروەها دەبێ شارەزایی تەواویان لە ڕێکارەکان و یاساکانی فڕۆکەوانی هەبێت. کارەکانیان زۆر گرنگە بۆ پاراستن و چالاکی گەشتە ئاسمانییەکان.

شوێنی دروستبوونی یەکەم تاوەری زانیاری

فڕۆکەخانەی کرۆیدن لە لەندەنی پایتەختی ئینگڵاند یەکەم فڕۆکەخانە بوو کە تاوەری زانیاری ئاشنا کرد بە جیهانی فڕۆکەوانی لە ساڵی ١٩٢٠. تاوەری فڕۆکەخانەکە لە دار دروستکرابوو کە بەرزیەکەی ١٥ پێ بوو، پەنجەرەشی لە هەر چوار لاوە هەبوو  بۆ ڕوونتر بینینی فڕۆکەکان.

جۆرەکانی کاری کارمەندانی تاوەری زانیاری

یەکەم جۆر: ئەو کەسانەن کە کۆنترۆڵی ناوچەکان دەکەن، ئەمانە ڕێگا و خەتی هێڵی فڕینی فڕۆکەکان دیاری دەکەن و باشترین و وردترین زانیاری دەدەن بە فڕۆکەوانەکان بۆ گرتنە بەری باشترین مەودا، ئەمانەیش بە بەکارهێنانی ڕادار و تەکنەلۆژیای کۆمپیوتەر، هەروەها دەتوانن شوێنی وردی فڕۆکەکان دیاری بکەن لە ئاسمان و هەروەها ڕادار بەکاردەهێنن بۆ جیاکردنەوەی هاتوچۆکان لە ئاسمان.

دووەم جۆر: ئەوانەن کە جڵەوی فڕۆکە نزیکەکانی فڕۆکەخانە دەکەن، ئەمانە ڕێنمایی بە فڕۆکەوانەکان دەدەن لە کاتی هەستان نیشتنەوە، ئەمان هێڵی فڕۆکەکان دیاری دەکەن لە نزیک فڕۆکەخانەکان و مەودای نێوان فڕۆکەکان دەپارێزن.

سێیەم جۆر: ئەوانەن کە جڵەوی فڕۆکەخانەکە دەکەن، ئەمانە بەرپرسیارن لە جوڵەی فڕۆکە لەسەر زەوی و ئەو فڕۆکانەی کە نزیکن لە فڕۆکەخانە، ئەمان هەماهەنگی دەکەن لە فڕین و نیشتنەوە و جووڵەی فڕۆکەکان لەسەر زەوی و دڵنیاکردنەوەی مەودای فڕۆکەکان و ئۆتۆمبێلەکان لە نزیک ڕێڕەوی فڕین. جڵەوکەرانی ئەم تاوەرە چاودێری کەشوهەواش دەکەن بۆ ئەوەی بزانن زیانی هەیە بۆ فڕۆکەکە یان نا.


سەرچاوەکان



245 بینین