منداڵی بێدەنگ

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-02-19-22:04:00 - کۆدی بابەت: 11993
منداڵی بێدەنگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

منداڵی بێدەنگ (بە عەرەبی: الطفل الصامت، بە ئینگلیزی: selective mutism)، منداڵی بێدەنگ بێتوانایی منداڵ دەگرێتەوە لە قسەکردن و پەیوەندیکردن لە شوێنە کۆمەڵایەتییەکان بۆ نموونە لە قوتابخانە.

منداڵی بێدەنگ چییە؟

منداڵی بێدەنگ کاتێکە کە منداڵێک ناتوانێت لە هەندێک شوێنی دیاریکراودا قسە بکات، بەڵام دەتوانێت لە هەندێک شوێنی دیکەدا بە باشی قسە بکات، بۆ نموونە، منداڵ لەوانەیە نەتوانێت لە قوتابخانە قسە بکات، بەڵام دەتوانێت لە ماڵەوە قسە بکات بەبێ هیچ کێشەیەک، بەم منداڵانە دەوترێت منداڵی بێدەنگ چونکە منداڵەکە تەنها لە بارودۆخی دیاریکراودا قسە ناکات و بێدەنگە، ئەم حاڵەتە ڕەنگە گرفت بۆ منداڵەکە دروست بکات لە قوتابخانە و بارودۆخە کۆمەڵایەتیەکان، منداڵ کە بێدەنگە لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان هەندێکجار فشاری دەروونی بۆ منداڵەکە دروست دەبێت و تووشی دڵەڕاوکێی دەکات، لەوانەیە  لە هەندێک حاڵەتدا منداڵەکە کێشەی قسەکردنی هەبێت بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکان منداڵ هیچ گرفتی قسەکردنی نییە، زۆرجار بێدەنگی لە تەمەنێکی منداڵی کەمەوە دەست پێدەکات کە تەمەنیان لە نێوان ٢ بۆ ٣ ساڵە و تا کاتی چوونە قوتابخانە قورسە دەستنیشانکردنیان.

هۆکاری منداڵی بێدەنگ چییە؟

تا ئێستا هیچ هۆکارێکی دیاریکراو نییە بۆ تووشبوونی منداڵ بە بێدەنگی بەڵام دەکرێت ئەم هۆکارانەی خوارەوە کاریگەرییان هەبێت لەسەر منداڵی بێدەنگ:

  • شێواوی دڵەڕاوکێ
  • پەیوەندی خێزانی خراپ
  • کێشە دەروونییە چارەسەرنەکراوەکان
  • ئەو منداڵانەی کە ناتوانن خۆیان بەڕێوەببەن
  • کێشە لە پڕۆسەی دەنگ
  • کێشەی قسەکردن یان زمان
  • مێژووی خێزانی
  • تووشبوونی منداڵ بە تراوما
  • دڵەڕاوکێی جیابوونەوە
  • دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی

کام منداڵانە مەترسی حاڵەتەکەیان لەسەرە؟

ئەو منداڵانەی کە خێزانەکانیان بە شێوەیەکی گشتی دڵەڕاوکێیانە زیاتر تووشی بێدەنگی دەبنەوە هەروەها ئەو منداڵانەشی کە لە ڕابردوودا تووشی ڕووداوێک بوون و کاریگەری ڕووداوەکەیان لەسەر ماوەتەوە.

نیشانەکانی منداڵی بێدەنگ چین؟

هەندێک لەو منداڵانەی کە بێدەنگیان هەیە لەوانەیە نیشانەیەک یان زیاتریان هەبێت، وەک:

  • دڵەڕاوکێ
  • خۆ دوورگرتن لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان
  • زیادەڕەوی لە شەرمکردن
  • خەمۆکی
  • دواکەوتنی گەشەکردن
  • ناڕێکی پەیوەندی

منداڵی بێدەنگ چۆن دەستنیشان دەکرێت؟

پرسیاری مێژووی خێزان کە ئایا ئەم حاڵەتە پێشووتر لە ناو خێزانەکەدا هەبووە، خوشک و برا بێت یاخود دایک و باوک خۆی، هەروەها پرسیارکردن دەربارەی زمان و ئاخاوتنی منداڵەکەت، چاودێری تەندروستی منداڵەکەت لەوانەیە بیەوێت چاودێری منداڵەکەت بکات لە ماڵەوە و لە قوتابخانە، لەوانەیە داوات لێ بکرێت کە ڤیدیۆی منداڵەکەت تۆمار بکەیت لە ماڵەوە یان لە قوتابخانە، هەروەها منداڵەکەت لەوانەیە پێویستی بە تاقیکردنەوەی بیستن هەبێت بۆ ئەوەی بزانرێت کە گرفتی بیستنی نییە چونکە گرفتی بیستن کاریگەری دەخاتە سەر قسەکردنی منداڵەکە یاخود بوونی گرفتی دەماری.

چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵی بێدەنگدا بکەین؟

زۆر گرنگە کە لەگەڵ منداڵەکەتدا ئارام بیت، لەبیرت بێت منداڵەکەت بڕیار نادات قسە بکات، منداڵەکەت زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بتوانێت قسە بکات، بۆ ئەوەی دەرئەنجامێکی باشت دەست بکەوێت، لە نزیکەوە بەشداربە لە چارەسەری منداڵەکەت، دەتوانیت ڕێگایەک بدۆزیتەوە بۆ دروستکردنی بارودۆخەکان لە دەرەوەی ماڵەوە کە دەتوانێت پەیوەندی منداڵەکەت زیاد بکات لەگەڵ دەورووبەر.

ئەو گرفتانەی کە بۆ منداڵی بێدەنگ دروست دەبێت؟

  • کێشەی کۆمەڵایەتی، تەنیایی یان دابڕان.
  • نیشانەکانی تری پەیوەندیدار بە دڵەڕاوکێ.
  • کاریگەری لەسەر سەرکەوتنی ئەکادیمی یان ئەنجامدانی کار.

منداڵی بێدەنگ چۆن چارەسەر دەکرێت؟

بە چارەسەردەکرێت توندی و ڕێژەی نیشانەکان کەم بکەینەوە لەگەڵ دەستنیشانکردنی پێشوەختە باوترین چارەسەرەکان بریتین لە:

١. چارەسەری دەروونی ئەگەری ئەوەی هەیە کە یارمەتی بدات لە باشترکردنی حاڵەتەکە، هەروەها چارەسەری ڕەفتاری یارمەتیت دەدات بۆ تێگەیشتن و مامەڵەکردن لەگەڵ دڵەڕاوکێ و هەستە ناخۆشەکانی تر کە دەبنە هۆی زیادکردنی نیشانەکانی بێدەنگی منداڵ، هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە گۆڕینی توڕەیی یان هەڵسوکەوتە تێکدەرەکانی تر کە دەکرێت لەگەڵ  بێدەنگی منداڵدا ڕووبدات. بۆ منداڵان ئەم جۆرە چارەسەرانە دەبێت لەلایەن ئەو کەسانەوە پێشەکەشبکرێت کە سەرپەرشتی منداڵ دەکەن و کەسی یەکەمی منداڵەکەن، چونکە کەسانی نزیکی منداڵ و سەرپەرشتیاری منداڵەکە دەتوانن بەشدار بن لە چارەسەرە دەروونییەکانی منداڵی بێدەنگ.

٢. هەندێک لەو منداڵانی کە بێدەنگن، گرفتی قسەکردنیان هەیە و ناتوانن قسە بکەن، بۆ یەکێک لە چارەسەرەکان، چارەسەری قسەکردنە، کە لەلایەن پسپۆڕی تایبەت بە زمان و ئاخاوتنەوە پێشەکەش دەکرێت.

٣. چارەسەر بە دەرمان، ئەگەر چارەسەری قسەکردن و چارەسەری دەروونی سوودی نەبوو، ئەو کات دەرمان وەکو بژاردەی سێیەم بەکاردێت لە چارەسەرکردنی منداڵی بێدەنگدا، ئەم ڕێگا چارەسەریەش لە ژێر ڕێنماییەکانی دکتۆری پسپۆڕدا پێشەکەش دەکرێت.


سەرچاوەکان



297 بینین