کاریگەری هونەر لەسەر منداڵان

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-02-26-22:07:00 - کۆدی بابەت: 12033
کاریگەری هونەر لەسەر منداڵان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەری هونەر لەسەر منداڵان (بە عەرەبی: تاثير الفن علی الأطفال، بە ئینگلیزی: The effects of art on children)، هونەر دەرفەتێکە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی منداڵان، منداڵان دەتوانن لە ڕێگای هونەرەوە هەستەکانیان دەرببڕن.

گەشەپێدانی گشتی

هونەر ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشەکردن و خۆشگوزەرانی منداڵاندا، کە سوودێکی زۆری هەیە لە گەشەکردنی گشتییدا، هاندانی بەکارهێنانی هونەر و داهێنان لە منداڵاندا ڕێگایەکی باشە بۆ یارمەتیدانیان لە پەرەپێدانی کارامەییەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان و توانای دەربڕین لە خۆیان.

گەشەپێدانی لایەنی زانستی

بەشداریکردن لە چالاکییە هونەرییەکان، تواناکانی وەک چارەسەرکردنی کێشە، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و بڕیاردان بەهێز دەکات. هاندانی منداڵان بۆ لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوە و هەڵبژاردن هەموو ئەمانە لە هونەردا وا دەکات گەشەی مێشکیان بەهێز ببێت، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو منداڵانەی بەشدارن لە پەروەردەی هونەردا لە ڕووی ئەکادیمییەوە باشترن.

هاندانی هەستی

بەشداریکردن لەگەڵ بابەتە هونەرییە جۆراوجۆرەکان ئەزموونێکی هەستی پێشکەش دەکات کە هەستەکانی منداڵان هاندەدات وەک دەستلێدان و بینین و بۆن و تەنانەت تامکردنیش، بەکارهێنانی بابەتە هونەرییەکان دەکرێت ئارامکەرەوە و چارەسەر بێت بۆ منداڵان و یارمەتیدەر بێت بۆ پشوودان و کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و بەڕێوەبردنی هەستەکانیان.

گەشەی هەستی

لە ڕێگای هونەرەوە، منداڵان فێردەبن هەستەکانیان دەرببڕن، یارمەتییان دەدات لە تێگەیشتن و گەیاندنی هەستەکانیان بە شێوەیەکی کاریگەر، هونەر دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی متمانە بەخۆبوونیان، کاتێک ئەرکێکی هونەری تەواو دەکەن، هەست بە سەرکەوتن و شانازی دەکەن.

دایکان و باوکان پێویستە چی بکەن؟

  • دڵنیابە لەوەی کە هەمیشە کەرەستەی وێنەکێشان هەیە بۆ منداڵەکەت بۆ ئەوەی بچێتە ژورەوە و بەکاری بهێنێت هەرکاتێک کە ویستی لەسەر بەکارهێنانی هەبوو، ئەگەر کاتت هەیە، دانیشە و لەگەڵ منداڵەکەت وێنە بکێشە، گرنگ نییە ئەگەر توانای وێنەکێشانت نەبێت، وێنەکێشان بەیەکەوە یارمەتی منداڵ دەدات لە پەرەپێدانی شارەزاییەکانی.
  • لەگەڵ منداڵەکەت دەربارەی وێنەکێشانەکەی قسە بکە منداڵان زۆر جار حەزیان لە قسەکردنە دەربارەی ئەو وێنانەی کە کێشاویانە بەڵام گرنگە کە بتوانن بە شێوەیەک گفتوگۆ لەسەر وێنەکانیان بکەن بەبێ بڕیاردان. بۆ نموونە: ئەم وێنەیە سەرسوڕهێنەرە، دەتوانیت هەموو شتێکم پێ بڵێیت دەربارەی ئەم وێنەیە؟ دەکرێت پرسیاری کراوە دەربارەی ئەو وێنەیەی کە منداڵەکە کێشاویەتی باش بێت.
  • بەهای هونەر لە شتەکانی ڕۆژانەدا بدۆزەرەوە، کاتێک چیرۆکێک بۆ منداڵەکەت دەخوێنیتەوە سەرنجی ڕابکێشە بۆ ئەو بابەتە هونەرییانەی کە لە چیرۆکەدا هەن و باسکراون.

ڕۆڵی هونەر لە بەرەوپێشچوونی لایەنی فیزیکی  منداڵاندا

پەرەپێدانی لایەنی فیزیکی منداڵان، بڕینی کاغەز لە ڕێگای بەکارهێنانی مقەست، هەڵگرتنی فڵچەیەک و ڕەنگکردنی تابلۆیەک یارمەتی گەشەپێدانی توانای جووڵەی منداڵەکەت دەدات. لە ڕێگای هونەرەوە منداڵەکەت دەتوانێت لە ژینگەیەکی ئارامبەخشدا گەشەی جووڵەی بەرەوپێش بچێت.

بەکارهێنانی هونەر وەک چارەسەر

چارەسەری هونەری منداڵان و گەنجان هاندەدات بۆ باشتر تێگەیشتن لە بیرکردنەوە و هەست و ڕەفتارەکانیان. بە دروستکردنی وێنەکان، منداڵان و گەنجان دەتوانن هەست بکەن بە ئەو بیر و هەستانەی کە لەناوەوەیان هەیە ئەمە وادەکات کە زیاتر لە خۆیان تێبگەن و چارەسەر بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە.

سوودەکانی چارەسەری هونەری

سوودەکانی چارەسەریی بە هونەر بریتین لە:

  • هونەر یارمەتی منداڵان دەدات لە دەربڕینی بیر و هەستەکانیان.
  • باشترکردنی زمان و پەیوەندی.
  • هاندانیان بۆ گەڕان و دۆزینەوە.
  • بەهێزکردنی داهێنان.
  • بەهێزکردنی خودئاگایی و بەهێزکردنی خود.
  • هاندانی داهێنەرانە و بنیاتنەرانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.


سەرچاوەکان



142 بینین