هونەری جەنگ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-03-22:00:00 - کۆدی بابەت: 12052
هونەری جەنگ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هونەری جەنگ (بە عەرەبی: فن الحرب، بە ئینگلیزی: Art of war) کتێبێکی سەربازی ژەنەڕاڵ و بەرپرسی هەواڵگری چین (سەن زوو) لە سەدەی پێنجەمی پێش زایینیدا نووسراوە. کتێبەکە لە ٨٢ بەش پێکهاتووە بەڵام ٨٠٠٠ وشە کە دەکاتە ١٠ بەشی کتێبەکە چاپکراوە و بۆ خەڵکی گشتی بڵاوکراوتەوە کە دەکرێت بۆ گشت لایەنەکانی ژیان سوودی لێ ببینرێت.

زانیارییە گشتییەکان

ناوی کتێب هونەری جەنگ
ژانەر سەربازی
زمانی کتێب چینی
کاتی نووسین سەدەی پێنجەمی پێش زایینی

ناوەڕۆکی کتێبەکە باس لە چی دەکات؟ 

کتێبی هونەری جەنگ لە ڕواڵەتدا کتێبێکی سەربازییە، سەرکردە سەربازییەکان ئاڕاستە دەکات بەوەی چۆن براوەی جەنگەکان ببن و بەسەر دوژمندا سەرکەون، بە کەمترین زیان براوە بن. ئەم کتێبە لە ڕاستیدا دەکرێت هەموو کەسێک سوودی لێ ببینێت لە ژیانی ڕۆژانەیدا. سەن زوو دەڵێت "بە زانیاری و پلاندانان  دەتوانرێت سەرکەوتن بە دەست بهێنرێت، بەبێ ئاژاوە و خێراترین ڕێگا و کەمترین توانا" هەروەها دەڵێت "جوانترین هونەری جەنگ ئەوەیە بەبێ شەڕ سەرکەوتوو بیت. گەر ڕووشی دا دەبێت متمانەت بەخۆت هەبێت چونکە شەڕ کردن لەسەر فرتوفێڵ وەستاوە" ئەم گوتانەی سەن زوو بۆ هەر کەسێک ڕاستە کە لە بازاڕی کاردا بێت، هەمیشە بازاڕی کار وەکو گۆڕەپانی جەنگ کردن وایە، کەسانێک هەوڵ دەدەن ببنە هێزی یەکەم تیایدا، بۆ ئەوەش بە هێزەکەیان کە پارەیە ڕکابەری دەکەن و بە پێشکەشکردنی بیرۆکەی نوێ و جیاواز پێگەی خۆیان بەهێزتر دەکەن. سەن زوو لە جێگەیەکی تردا دەڵێت "سەرکردە دەبێت بە نموونە بەڕێوەبەرایەتی بکات نەوەکو نیشاندانی هێزی".

بە گشتی ئەم کتێبە دەکرێت بەدوو ئاڕاستە سەیر بکرێت و بخوێنرێتەوه و سوودی لێ ببینرێت.

  • یەکەم: ئەو کەسانەی سەربازیین، دەکرێت لە ڕوانگەی سەربازییەوە سوودی لێ ببینن.
  • دووەم: خەڵکی گشتی، دەکرێت وەکو کتێبێکی گەشەپێدانی خودی سەیری بکەن و بیخوێننەوە، چونکە سەراپای کتێبەکە پڕیەتی لە گوتە و نووسینی هاندەرانە تاوەکو هەموو کەسێک سوودی لێ ببینێت. بەو پێیەی کتێبەکە لە کۆی ٨٢ بەش تەنها ١٠ بەشی لێ چاپ کراوە سوودەکەی زیاتر بۆ خەڵکی گشتییە چونکە ئەوەی ماوەتەوە ٧٢ بەشە تەنها بۆ سەرکردە سەربازییەکانە و وڵاتی چین تا ئەم سەردەمە پارێزگاری لە ناوەڕۆکی کتێبەکە کردووە و ڕێگەی نەداوە هیچ وڵاتێک دەستی بگات بەو ٧٢ بەشەی تر و تەنها ٨٠٠٠ وشەی کتێبەکەی بە چاپ گەیاندووە کە دەکاتە ١٠ بەش. 

ناوەڕۆکی کتێبەکە

بەشی یەکەم: پلان دانان

سەن زوو دەڵێت: هونەری جەنگ بەرپاکردن، بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ وڵات، ئەوە شوێنی ژیان و مردنە، ڕێگای ئاسوودەییە یاخود وێران بوونە. دەبێت بە وردی لێبکۆڵدرێتەوە و نابێ پشتگوێ بخرێت. بۆ ئەوەی شرۆڤەی هەر بارودۆخێک بکەیت دەبێت ڕەچاوی هەندێک خاڵ بکەیت بێ فەرامۆش کردن. ئەوانیش پێنج هۆکارن:

  • یاسای ڕەوشت
  • کەش و هەوا
  • زەوی
  • سەرکردە
  • پەیڕەوی و دیسیپلین

کاریگەری ڕەوشت دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵک وەکو سەرۆکەکانیان بیربکەنەوە، لەوانەیە تووشی مەترسی و مردن ببن، بەڵام هەرگیز پشتی سەرۆکەکەیان بەرنادەن. کەش مەبەستی تاریک و ڕوونە، سارد و گەرمە، هەروەها سیمبولی کەش و کاتە. هەروەها زەوی بریتییە لە تۆپۆگرافیا. دیسپلینیش بریتییە لە سەرکردەی جێگەی باوەڕ، ژیری و خۆشەویستی. 

پرسیار لە خۆت بکە:

  • کام سەرکردە زیاتر توانای هەیە؟
  • کێ ئاسمان و زەوی بە دەستە؟
  • کێ یاسا پەیڕەو دەکات و کێ فەرمان دەردەکات؟
  • کام لەشکر بەهێزە؟
  • کام ئەفسەر و سەرباز مەشق پێ کراون؟
  • کێ بەخشندەیە، کێ سزا دەچەسپێنێت بە ئاشکرا؟

لە بازاڕی کاردا دەکرێت بەم جۆرە سەیر بکرێت، کەسانێک هەن بازاڕ قۆرخدەکەن بە کاڵای ناڕاستەقینە و نا کوالێتی ئەمە جۆرێکە لە گەندەڵی کە کاڵایەکی کۆپی کراو بە نرخی ئۆریجیناڵ و ڕاستەقینە دەفرۆشێتەوە بە کڕیاران. ئەمە نموونەی بازرگانێکە کە پەیڕەوی ڕەوشت ناکات و تەنها دەیەوێت قۆرخکاری ئەنجام بدات. لە ڕەوشت و یاسا ڕەوشتییەکان لا دەدات تاوەکو بگاتە ئەوپەڕی بەهێزی و هێزی خۆی لە ڕێگەی پارەوە زیاد دەکات و ڕکابەرەکانی لاواز دەکات. سەن زوو ئەم کەسانەی لە یاسای ڕەوشت لادەدەن بە مریشکی سەر لێشێواو ناودەبات. 

بەشی دووەم: جەنگ کردن

سەن زوو دەڵێت: کاتێک جەنگ دەکەیت، هەوڵی سەرکەوتنی خێرا بدە، جەنگی درێژخایەن ورە دەڕوخێنێت، چەک و ئازووقە بە فیڕۆ دەدات. هەروەها دەڵێت لە جەنگدا گرنگترین شت سەرکەوتنە نەوەکو درێژەدان بە جەنگ.

بۆ نموونە: کۆمپانیای Nokia و Blackberry بازاڕی مۆبایلیان داگیرکردبوو تا ساڵی ٢٠٠٧ نزیکەی ٩٧٪ بازاڕیان داگیرکردبوو. کاتێک ئەپڵ بیرۆکەی مۆبایلی زیرەکی وروژاند هیچ کام لەم دوو کۆمپانیایە باکیان پێی نەبوو. بەڵام ئەپڵ بە زیرەکانە و بەیەک گورزی کوشندە مایە پووچبوونی بە هەردوو کۆمپانیا کرد. ئەویش بە خستنە ڕووی مۆبایلی زیرەک کە لە ڕێگەی هەستەوەری بە خوێن و گەرمی پەنجەکان پڕۆگرامەکان دەجووڵان بێ ئەوەی کار بە دوگمە بکەیت. هەروەها بوونی کامێرا و پەیوەست بوون بە هێڵی ئینتەرنێت. 

بەشی سێیەم: هێرشکردن

 لە جەنگ کردندا گرنگترین شت گرتنی وڵاتێکە بەساغی، وڵاتێک وێران بکەیت باش نییە، سوپایەک بە ساغی بگری باشترینە، لەناوبردنی سوپایەک باش نییە، بە دیل گرتنی سوپایەک باشترینە. ئەگەر ١٠٠ سەرکەوتن بەدەست بهێنیت باشترین نییە سوپایەک سەرکوت بکەیت بێ جەنگ باشترینە. 

بۆ نموونە: حەشاشییەکان لە جەنگی ئازادکردنی قودسدا هاوکاری سوپای سەڵاحەدینی ئەیوبیان کرد، لە شام لەشکرێکی خاچ پارێزانیان بە دیل گرت کە ژمارەیان دەیان هەزار سەرباز بوو، ئەم سەرکەوتنە وای کرد حەشاشییەکان بە چاوێکی ئاسایی سەیر نەکرێن. جگە لەوە سەن زوو دەڵێت: ئەوەی لە پلان دانانی جەنگدا دانا بێت وڵاتێک بە ساغی دەگرێت بێ ئەوەی وێرانی بکات. هۆکار چییە نابێت وڵاتێک وێران بکرێت؟

وەڵام: ئەگەر داگیرکەر وڵاتێک وێران بکات ئەوا ڕق و کینەی خەڵکی وڵاتەکە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و لە داهاتوودا بۆ داگیرکەر دەبێتە هۆی دروستبوونی شۆڕش و چالاکی سەربازی جۆراوجۆر. هەروەکو نیکۆلۆ ماکیاڤێلی لە کتێبی میردا دەڵێت: کاتێک هێرش دەکەیتە سەر وڵاتێک سەرکوتی بکە بەڵام وێرانی مەکە.

بەشی چوارەم: بەکارهێنانی تاکتیک 

سەن زوو زۆر بایەخی بە بەکارهێنانی تاکتیک داوە، دەڵێت: تاکتیک هۆیەکی گرنگی سەرکەوتنە، ئەو کەسانەی بێ تاکتیک دەجەنگ شکستیان ئاسانە و بە زوویی لە ناودەچن. 

سەن زوو کۆمەڵێک ئامۆژگاری خستووەتە ڕوو بۆ ئەم بابەتە:

  • یەکەم: تێگەیشتن و خوێندنەوە بۆ شوێنی دوژمن لە مەیدانی جەنگدا.
  • دووەم: خوێندنەوە بۆ ستراتیجییەکانی دوژمن.
  • سێیەم: بایەخدان بە خاڵی لاوازی دوژمن، بۆ ئەوەی لەو خاڵەوە لێی بدرێت.
  • چوارەم: گرنگیدان بەکات، شەڕ کردن بە کاتێکی کەم باشترە وەک لە شەڕ کردنی درێژخایەن.
  • پێنجەم: ڕۆڵی دیسیپلین و خود بەڕێوەبەری لە ڕاهێنان کردن و سەرکردایەتی کردن بۆ دڵنیایی لە سەرکەوتن.

لە بازاڕی کاردا کۆمپانیاکان پلانی ئاسایی، پلانی درێژخایەن، پلانی ستراتیجیان هەیە، لەگەڵیدا بۆ هەر پلانێک تاکتیکێک بەکاردەهێنن بۆ مانەوەیان لە لوتکەدا. بۆ نموونە کۆمپانیاکانی بواری یاری ڤیدیۆیی ئەوانەی پێشەنگی پیشەسازییەکەن بە جۆرێک خۆیان لە لووتکە هێشتۆتەوە، ئەگەر دەسان ساڵ بێت بێ بەرهەم بن، بە خستنە ڕوو و ناسندنی بەرهەمێکی نوێ شوێن بە کۆمپانیاکانی تر چۆڵ دەکەن و بەتەنها باسی خۆیان دەکرێت لە ناو یاریکەراندا. ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی تاکتیکەوەیە کە خۆیان لە کڕیاران نزیک کردووەتەوە.

بەشی پێنجەم: بەکارهێنانی وزە

سەن زوو لەم بارەیەوە دوو گوتەی هەیە "لە جەنگدا هێزی ئاسایی بەکاربهێنە، بۆ ئەوەی دەست پێ بکەیت، لێدانی کتوپڕ بۆ بردنەوە". هەروەها دەڵێت "کاتێک باران و تۆفان بە گوڕ دێتە خوارێ دەتوانێت تاشەبەرد ببات لەگەڵ خۆیدا". لە هێرش بردندا دەبێ وەکو هەڵۆ بیت چاوەڕێی دەرفەتی گونجاو دەکات پاشان بە یەکەم هێرش لاشەی نێچیرەکەی تێکدەشکێنێت. 

گەر سەرنجی فیلم و دراما جەنگییەکان بکرێت کاتێک دوو سوپا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە هەنگاو بە هەنگاو هێرش دەکەن. بۆ نموونە لە جەنگی واترلۆ ١٨١٥ کاتێک فەڕەنسا و بەڕیتانیا ڕووبەڕووی یەک بوونەوە، فەڕەنسا زاڵتر بوو تا ئەو کاتەی هەموو هێزەکەی هێنایە گۆڕەپانی جەنگ ئیتر بەڕیتانیاییەکان بە دروستکردنی چوارگۆشە توانیان زەبرێکی کوشندە لە یەکەی ئەسپسواری فەڕەنسا بدەن و هەموویان بکوژن. پاشان بەڕیتانیا هێرشی کرد و سوپای فەڕەنسا پاشەکشەی کرد بەم هۆیەوە ناپۆلیۆن بۆناپارت تەختی دەسەڵاتی لە دەستدا. بێ ئەوەی بەڕیتانیا جەنگ بباتە کۆڵانەکانی فەڕەنسا شکستی بە ئیمپڕاتۆریەتی ١٥ ساڵەی فەڕەنسا هێنا. ئەمەش دیارترین نموونەیە بۆ بەکارهێنانی وزە لە جەنگدا. 

بەشی شەشەم: لاوازی و بەهێزی

لە بواری بازاڕگەریدا شەش ڕێسای گشتی هێرش و بەرگری هەیە، کە هەر شەش هێرشەکە لەسەر ئەوە کۆکن کە هێرشکار دەبێت لە خاڵی لاواز بدات نەوەکو هێرش بکاتە سەر لایەنی بەهێز، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی لاوازبوونی خۆت. سەن زوو پێنج ئامۆژگاری دەخاتە ڕوو کە هاوتای ئەو بابەتەیە:

  • ئەگەر دوژمن ئاسودەیە هیلاکیان بکە.
  • ئەگەر تێرن برسیان بکە.
  • ئەگەر جێگیرن بیان جووڵێنە.
  • بڕۆ شوێنێک دوژمن بە پڕتاو بۆی بێت.
  • شوێنێک بگرە بەهزر و خەیاڵدا نەیەت.

هەروەها دەڵێت: ئەگەر دەتەوێت بە هیلاک نەچیت بە ڕێگەیەکدا بڕۆ دوژمن بۆی نەیەت. ئەوانەی زیرەکن لە هێرشکردندا، باش نیین لە بەرگری کردندا و نازانن کوێ بپارێزن، ئەوانەی زیرەکن لە بەرگری کردندا، باش نیین لە هێرشکردندا و نازانن چۆن هێرش بکەن، ئەوەی ئارام و لەسەرخۆیە خۆی سەرداری خۆیەتی. 

دیارترین نموونە بۆ ئەم سەردەمە جەنگی ئیسڕائیل و بزوتنەوەی حەماسە لە کەرتی غەززە. ئیسڕائیل هەمیشە باڵادەست بووە لە جەنگەکاندا بەڵام لەم جەنگەدا تەواو بە هیلاک چووە، چونکە چەکدارانی حەماس ڕێگەیەکیان گرتووەتە بەر سوپای ئیسڕائیل پێیدا ناڕوات ئەویش تونێل و ڕێگەی نهێنییە کە لە ژێر زەوییەوە دێنە دەرەوە و زەبرێکی کوشندەیان لێدەدەن و دووبارە دەچنەوە تونێلەکان. ئەم ڕێگایە چەندین جار لە مێژوودا بەکارهاتووە وەکو جەنگی جیهانیی دووەم لەلایەن یابانییەکان و جەنگی ئەمریکا - ڤێتنام، لەلایەن ڤێتنامییەکان. 

بەشی حەوتەم: مانوڤەرکردن

گەر ئاوڕ لە مێژوو بدرێتەوە ئیمپڕاتۆریەتی بەڕیتانیا سوودی لە ڕێگایەک بینیوە کە ئەستەمە بە خەیاڵی هەر کەسێکدا بێت. ئینگلیز نەچۆتە وڵاتێکەوە ئەگەر شارەزایی لە تۆپۆگرافیای ئەو وڵاتەدا پەیدا نەکردبێت، بۆ نموونە کاتێک ویستی هندستان داگیربکات لە سەرەتادا گەڕیدە و گەشتیاری ئینگلیزی ناردە هندستان تاوەکو نەخشەی تۆپۆگرافیای ئەو وڵاتە بهێننەوە بۆ ئینگلتەرا. بە چەند دەیەیەک بەر لە داگیرکارییەکە توانی بەرچاو ڕوونی تەواو بداتە هێزەکانی، بۆیە کاتێک هێرشی کرد توانی تا دوو سەدە حووکمی هندستان بکات. بۆ داگیرکردنی عێراقیش هەمان ستراتیجی بەکارهێنایەوە لە ڕێگەی ناردنی گەڕیدە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کوردستان و عێراق و نووسینی کتێب لەسەر مێژووی کورد و عەرەب لە ناوچەکەدا. پاشان کە هێرشی کرد توانی وڵاتەکە داگیربکات و پێگەی خۆی تێیدا بەهێز بکات. سەن زوو لەم کتێبەدا سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت: سوود لە خەڵکی ناوچەکە ببینە بۆ ناسینی سوپا و دوژمنەکەت تاوەکو چاوکراوە بیت و بتوانیت سەرکەویت. 

بەشی هەشتەم: شێوازەکانی تاکتیک

  • ڕێگا هەیە کە نابێت دوای بکەوین.
  • سوپا هەیە کە نابێت هێرشی بۆ بەریت.
  • شار هەیە کە نابێت گەمارۆی بدەیت.
  • خاک هەیە کە نابێت داگیری بکەیت.
  • فەرمان هەیە نابێت بە گوێی بکەیت.

لە بواری سەربازیدا ئەم بابەتە زیاتر واتای هەیە وەک لە بازاڕی کاردا. سەن زوو دەڵێت: لە جەنگدا بەرزایی بگرە بۆ ئەوەی دوورترین مەودا ببینیت. ناوچەیەکی بەهێز بگرە وەکو چیا تۆکمە بێت. 

بەشی نۆیەم: ڕۆیشتن

کاتێک دوژمن بەرزایی گرتبوو هێرش مەکە، چونکە ناتوانیت لە خاڵە لاوازەکانی بدەیت. بۆ نموونە گەلی کورد زۆربەی سەرکەوتنە چەکدارییەکانی لە شاخەوە بووە وەک لە ناوچە تەختاییەکان. کاتێک بەرزایی گرتووە دوژمن نەیتوانیوە سەرکەوتن بەسەریاندا بەدەست بهنێت. هەرگیز بە هاندانی دوژمن تێمەکەوە کە هانت بدات تۆ هێرش بکەیت چاوەڕێ بکە، خاڵی لاواز بدۆزەرەوە ئینجا بڕیاری هێرش بدە. 

بەشی دەیەم: ناوچە

گرنگترین بابەتی سەربازی، شارەزایی ناوچەییە، لە بازاڕی کاریشدا گۆڕەپانی کێبڕکێ گرنگترین کردارە ئەنجام بدرێت. پێویستە لەسەر هێرشکار خوێندنەوەی تۆپۆگرافی بکات، پێویستە شارەزای ڕێگە جیاوازەکان بێت، چەندین جۆر تۆپۆگرافیا هەیە وەک (بەرزی و نزمی، فراوانی و تەسکی، وشکانیی و ڕووبەری ئاوی) بۆیە وەکو دەبینرێت سەرکردەکان کاتێک پلانی هێرش دادەنێن لەسەر نەخشەی تۆپۆگرافی کە هەموو ڕەهەندەکانی لەسەر دیاریکراوە پلان بۆ هێرشەکەیان دادەنێن. زۆربەی زۆری پلاندانەرە سەربازییەکان لەگەڵ ئەو گوتەی سەن زوو کۆکن کە دەڵێت گرتنی بەرزایی بکە بە کلیلی بردنەوەکانت. چونکە دوژمن ناتوانێت لە نزماییەوە باڵادەستی خۆی نیشان بدات و دڵی سوپای بەرگریکار بشکێنێت.


سەرچاوەکان



134 بینین