کتێبی ژانی گەل

له‌لایه‌ن: - شنۆ نەوزاد شنۆ نەوزاد - به‌روار: 2023-12-29-23:56:00 - کۆدی بابەت: 11787
کتێبی ژانی گەل

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ژانی گەل (بە ئینگلیزی: The pain of people، بە عەرەبی: آلام الناس) کتێبێکە لە نووسینی کەسایەتی و سیاسەتمەدار و شاعیر و نووسەری کورد ئیبراهیم ئەحمەدە، باس لە قوربانیدان و زامی میللەتی کورد دەکات.

ناسنامەی کتێب

ناوی کتێب ژانی گەل
ناوی نووسەر ئیبراهیم ئەحمەد
پێداچوونەوە و تازەکردنەوەی بریا کاکە سوری
چاپەمەنی چاپی یەکەم ١٣٩٤ی هەتاوی
پەررازێن ئومێد موقەددەس
ئەژمار ٢٠٠٠ دانە 
ناوەندی بڵاوکردنەوە فەرهەنگ سەرای هونەر و ئەندێشە   
ژمارەی لاپەڕە ٢٣٠ لاپەڕە

پێشەکی کتێب

نووسەر لە جیهانی ئەدەبی کوردیدا کە خاوەنی "یادگار و هیوا"  و "بەرەو ڕوناکی" و "کوێرەوەری"ـییە،  ئەمجارە " ژانی گەل " پێشکەش ئەکات. نووسینی ئەم داستانە ئەگەڕێتەوە بۆ  ساڵی ١٩٥٦ بۆ ئەو کاتەی کە شۆڕشی گەلی جەزائیر دژی داگیرکەرانی فەڕەنسی لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆیی نیشتمانی دروست بوو، هێشتا دوو ساڵی بەسەردا تێنەپەڕی بوو بەڵام ڕۆژگار وای کرد کە دە ساڵ پاش سەرکەوتنی ئەو شۆڕشەی ئەم نووسینە پێشکەش کرا. ئیبراهیم ئەحمەد نوێنەرێکی پێشڕەوی ڕێبازی ڕیالیزمە لە ئەدەبی کوردیدا و یەکێکە لە پەخشان نووسە ناودارەکانی سەردەم.

ناوەڕۆک

ئەم کتێبە داستانێکی کوردییە و لە شەش بەش پێکهاتووە، کە بریتین لە:

  • ژانی گەل
  • کوێرەوەری
  • کەرەلۆتیی مەنوچەر
  • خازێ
  • تۆڵەسەندن
  • لە وڵاتی قارەمانانا

چەند وشەیەکی ئیبراهیم ئەحمەد لە ژمارە ٥ـی "ڕزگاری"ـدا (١٩٦٩/٦/٢٢ ل:١٦) لە بارەی چیرۆکەکەوە نووسییەتی:
لە نیسانی ١٩٥٦دا دەستم کرد بە نووسینی ئەم داستانە، کۆسپی هەرە گەورەی ڕێگەم ئەوە بوو چۆن وا بکەم لە چنگ ڕژێمی نۆکەری و کۆنە پەرستی "نووری سەعید" ڕزگاری بکەم و بیگەیەنمە دەست خوێنەرانی کوردی. بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم کۆسپەدا ڕێگا کۆنەکەم گرتەبەر، رێگەی شاردنەوەی زەمین و زەمانی داستانەکە و دەرنەخستنی ناو و ڕەگەز و نەتەوەی قارەمانەکانی. مەرگی شێخ مەحمودی حەفید و هەڵکوتانە نامەردانەکەی سەر میسری بەسەردا هات، لە تشرینی یەکەمی ١٩٥٦ حکوومەت ئەویانی کرد بە بەهانەی کوشتن و گرتنی خەڵکی سلێمانی و ئەمیشیانی کردە بەهانەی دامەزراندنەوەی حوکمی حورفی لە سەرانسەری عێراقدا بۆ ڕاونان و گرتن و ئازاردانی ئازادیخوازان و ڕۆشنبیران. منیش کە لە پریشکی ڕزگارم نەبوو دوای گیرانی خۆم ماڵەوە کەوتبوونە شاردنەوەی کەلوپەل و نووسین و کتێبەکانم، هەر پایەکیان لە شوێنێک شاردبۆوە، هەر باوەڵیان بۆ لایەک ڕەوانە کردبوو، کە زوڵم و زۆر ڕەوییەوە بەرەبەرە کەوتمە سەروکاری شتەکانم هەندێ نووسین و کتێبم هەر بۆ نەدۆزرایەوە، لام وایە ئەو کەسانەی لامان دانابوون ترس زۆری بۆ هێنابوون سوتاندبوویان لام وابوو ئەم داستانەش یەکێکە لەوانە زۆر هەوڵمدا سەر لە نوێ بینووسمەوە بۆم نەکرا تا پێرار لە ناکاو هاوڕێیەک باوڵێ کتێبی بۆ هێنامەوە دیم داستانە بۆرینی تیایە.


سەرچاوەکان



378 بینین