تورکمانی عێراق

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-20-16:20:00 - کۆدی بابەت: 12165
تورکمانی عێراق

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تورکمانی عێراق یان نەتەوەی تورکمان لە عێراق یاخود تورکمانەکانی عێراق (بە عەرەبی: تركمان العراق، بە ئینگلیزی: Iraqi Turkmen، بە تورکمانی: Irak Türkmenleri) کۆمەڵە و کەمینە نەتەوەیەکن لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی عێراق نیشتەجێن، لە دوای نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی کورد نەتەوەی تورکمان بە سێیەمین گەورەترین کەمینەی وڵاتی عێراقە.

ڕەچەڵەکی تورکمان بە گشتی دەگەڕێتەوە بۆ سەر باپیرە گەورەیان ئۆغووز، بەڵام ڕەچەڵەکی تورکمانەکانی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەر عوسمانییەکان، بە تایبەتی ئەو سەرباز و فەرمانبەرە تورکانەی کە لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان کۆچی عێراقیان کرد و هاوسەرگیری و ژنخوازییان لەگەڵ عێراقییەکان ئەنجام دا. نەتەوەی تورکمان لە عێراق دانیشتووی ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستی عێراقن، بە دیاریکراوی سنووری پارێزگاکانی کەرکووک و مووسڵ و هەولێر، تورکمانەکانی عێراق خاوەن کولتوور و زمان و دابوونەریتی تایبەت بە خۆیانن.

مێژووی تورکمانەکانی عێراق و کوچکردنیان بۆ ناوچەکە

مێژووی دەرکەوتنی گەل و نەتەوە تورکەکان لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ کۆچی نەوە جیاجیاکانی تورکەکان بۆ عێراق، بە دیاریکراوی یەکەم شەپۆلی کۆچکردنیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەمی زایینی، کاتێک نزیکەی هەزار سەربازی تازە موسوڵمان لە نەتەوەی ئۆغووزە تورکەکان لە سوپای عوبەیدوڵڵای کوڕی زیاد لە عێراق و شام ناویان وەکوو سەربازی جەنگ تۆمار کرا، چونکە شارەزاییان لە هونەری جەنگ و تیرهاوێشتن و ئەسپسواری هەبوو، بۆیە بەشدارییان لە فتوحاتی ئیسلامی کرد و تێکەڵ بوون لەگەڵ نەتەوەی عەرەب لە ناوچەکە و ژنخوازی لەنێوانیان دروست دەبوو، بۆیە زۆرێک لە تورکمانەکانی عێراق ڕەچەڵەکی باوکیان دەگەڕێتەوە بۆ نەتەوەی تورک و  ڕەچەڵەکی دایکیشیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر نەتەوەی عەرەب.

دووەمین شەپۆلی کۆچکردنی نەتەوە و نەوەی تورکەکان بۆ عێراق دوای دروستبوونی دەوڵەتی سەلجووقییەکان بوو کە لە نێوان ساڵانی ١٠٣٧ بۆ ١١٩٤ زایینی بوو. سێیەم شەپۆلی کۆچکردن لە سەرەتای سەردەمی دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوو، دوای داگیرکردنی عێراق و بەغداد لەلایەن عوسمانییەکانەوە زۆرێک لە سەرباز و بازرگان و هاوڵاتی تورک نیشتەجێی ناوچەکانی عێراق بوون و کۆچیان کرد بۆ عێراق، بۆیە بەشێکی زۆری تورکمانەکانی عێراق لە نەوەی سەربازە عوسمانییەکانن. دوای ڕووخانی دەسەڵاتی عوسمانی و دامەزراندنی کۆماری تورکیا و دروستبوونی کێشەی ویلایەتی مووسڵ، تورکمانەکانی عێراق لەگەڵ بڕیاری یەکگرتنی ویلایەتی مووسڵ بوون لەگەڵ کۆماری تورکیا.

لە دوای کۆتایی دەسەڵاتی عوسمانییەکان و دامەزراندنی عێراق لە دەستووری ساڵی ١٩٢٥ لە عێراق دان بە ماف و بوونی نەتەوەی تورکمانەکان، بەڵام لە سایەی دەسەڵاتە جیاجیاکانی عێراقەوە تورکمانەکانی عێراق ڕووبەڕووی جیاکاری نەتەوەیی ڕەگەزی بوونەوە، نموونەی ڕووداوی کوشتارگەی کەرکووک کە لە ساڵی ١٩٥٩ لەلایەن سەربازانی سوپای عێراق بە سەرکردایەتی ئەفسەرێکی شیوعی کوشتارگەیەکیان لە کەرکووک دژی هاونیشتمانی سڤیلی تورکمانی ئەنجامدا و چەندان تورکمان کوژران. لە سەدەمی دەسەڵاتی حکوومەتی بەعس لە ساڵی ١٩٧٩ چەند بڕیارێک دژیان دەرکرا و جموجۆڵ و بوونیان لە ناوچەکە سنووردار کرا و بەشدارییان لە حکوومەت نەبوو و هەروەها لەو سەردەمەدا هەڵوێستی سیاسییان سست و لاواز بووە.

واتای ناوەکەیان

وشەی تورکمان چەند لێکدانەوە و واتایەکی بۆ دانراوە، بە گشتی وشەکە لە دوو بڕگە پێکدێت کە بریتییە لە (تورک) کە ئاماژەیە بۆ نەتەوەی تورک و (مان) یان (مانەند) کە وتای هاوشێوە یان لێکچوو دەبەخشێت و مەزەندە دەکرێت وشەکە وشەیەکی بە ڕەچەڵەک فارسی بێت، دوای بڵاوبوونەوەی ئیسلام و تێکەڵبوونی تورکەکانی ناوچەی بووخارا و سەمەرقەند لەگەڵ ئیسلام و عەرەب و بۆ جیاکزدنەوەی ئۆغووزە موسڵمانەکان وشەی تورکمان بەکاردەهات کە واتای (هاوشێوەی تورکەکان) دەبەخشێت.

هەندێک سەرچاوەیش وشەی تورکمان بە واتای (تورک) و (ئیمان) مەزەندە دەکات و واتا ئەو تورکە باوەڕدارانەی کە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ئیسلام باوەڕیان بە ئیسلام هێنا و بۆ جیاکردنەوەیان لە تورکەکان پێیان دەوترا تورکمان، واتا تورکە باوەڕدارەکان یان تورکە ئیماندارەکان.

دیمۆگرافیای نەتەوەی تورکمان لە عێراق

ژمارەی تورکمانەکانی عێراق 

بەهۆی نەبوونی داتای فەرمی تۆمارکراو ڕاجیایی و فرەبۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر داتا و ژمارەی دانیشتووان تورکمانەکانی عێراق. تاکە ژمارەی فەرمی تۆمارکراو لەسەر ژمارەی دانیشتووانی تورکمان لە عێراق بریتییە لە سەرژمێری عێراقی ساڵی ١٩٥٧ کە ژمارەیان لەو سەردەمەدا بە نزیکەی ٥٦٧ هەزار کەس خەمڵێندرا و لەو کاتەدا نزیکەی ٩٪ـی ڕێژەی دانیشتووانی عێراقیان پێکهێناوە. بەڵام لە ئێستادا هەندێک سەرچاوەی نافەرمی ژمارەیان بە سێ ملیۆن کەس دەخەمڵێنێت و نزیکەی ڕێژەی ١٣٪ـی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن، لە دوای نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی کورد بە سێیەم گەورەترین کەمینەی عێراق دادەنرێن.

شوێنی نیشتەجێبوونیان

شوێی تورکمانەکانی عێراق لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری عێراق چڕبووەتەوە، لە ناحییەکانی پارێزگای دیالەوە بوونیان چڕ دەبێتەوە لە ناحیەی قەزانییە و سەعدییە و جەلەولا لەگەڵ کفری دەستپێدەکات، پاشان شوێنەکانیان بەرەو ڕۆژهەڵات درێژدەبێتەوە بۆ ناوچەکانی سلێمان بەگ و ئامرلی و دووزخورماتوو تاکوو کەرکووک و پردێ، پاشان بەرەو باکووری ڕۆژاوا لە ناوچەی تەلەعفەری مووسڵ بوونیان کۆتایی بە شوێنەکانیان دێت، ناوچەکانی بەدرە و ئالعەزیزییەی پارێزگای کووتیش تورکمانی تێدایە. پارێزگاکانی کەرکووک و مووسڵ بە ناوەندی نیشتەجێبوونی تورکمانەکانی عێراق دادەنرێن، هاوکات چەند ناوچەیەکی بەغداد و هەولێر و تکریت و سلێمایش کەمینەیەکی دیاریکراو لە تورکمان بوونیان هەیە.

ئایین و بیروباوەڕیان

بەشێکی زۆری تورکمانەکان پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و موسوڵمانن، تورکمانەکانی  دانیشتووی ناوچەکانی کەرکووک و هەولێر و پردێ سوننەن، بەڵام تورکمانەکانی تەلەعفەر شیعەن، ڕێژەی پەیڕەوکارانی سوننه بە ٦٠٪ و ڕێژەی پەیڕەوکارانی شیعە بە ٤٠٪ لە نێو موسڵمانانی تورکمان مەزەندە کراوە. تورکمانە سوننەکان ڕەچەڵەکیان بۆ کۆچەرییە سەلجووقی و عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە، هاوکات تورکمانە شیعەکانیش ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئازەرییانەی کە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەوییەکان لە عێراق  کۆچیان بۆ وڵاتی عێراق کرد. کەمینەیەکی دیاریکراو لە تورکمانەکان پەیڕەوی ئایینی مەسیحی کاسۆلیکین.

زمانی قسەکردنیان

تورکمانەکانی عێراق بە زمانی تورکمانی قسە دەکەن و زمانی تورکمانی لقێکە لە زمانی تورکی، بەڵام تورکمانەکانی عێراق خاوەن زمانی تایبەتی و شێوەزاری خۆیانن، بە گشتی بە دیالێکت و شێوەزاری تورکی ئازەربایجانی یان بە تورکی باشووری دەدوێن و بە پێچەوانەی زمانی تورکی و تورکمانی تورکمانستان قسە دەکەن. هەر ناوچەیەک لە عێراق شێوەزاری تایبەت بە خۆی هەیە، واتا شێوەزاری تورکمانەکانی ناچەکانی کەرکووک جیاوازە لە شێوەزاری تورکمانەکانی ناوچەکانی مووسڵ. هەروەها شێوەزاری بەشێک لە ناوچەکان لە شێوەزاری زمانی دیاربەکر و ئوورفەوە نزیکە.


سەرچاوەکان



54 بینین