شەقڵاوە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-20-16:43:00 - کۆدی بابەت: 12167
شەقڵاوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەقڵاوە یان شەقراوە (بە عەرەبی: شقلاوة، بە ئینگلیزی: Shaqlawa، بە لاتینی: Şeqlawe) ناوەندی قەزای شەقڵاوەیە و قەزایەکی سەر بە پارێزگای هەولێری سەر بە کوردستانی عێراقە، بە دووری ٥١ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوەندی هەولێرەوە دوورە و لەنێوان هەردوو چیای سەفین و چیای سۆرک هەڵکەوتووە و بەرزییەکەی لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە نزیکەی ١٠٦٦ مەترە.

چیای سۆرک لە بەشی ڕۆژهەڵات و باکووری شەقڵاوەوە هەڵکەوتووە و خۆڵی دۆڵەکانی ئەو چیایە سوورە، هاوکات چیای سەفین لە بەشی ڕۆژاوا و باشوورەوە دەوری ناوچەکەی داوە کە بە دارستان و دۆڵی چڕ چیاکە داپۆشراوە. شەقڵاوە بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەولێر دادەنرێت، لە هەردوو وەرزی هاوین و زستان گەشتیارێکی زۆر لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق سەردانی شەقڵاوە دەکەن و بە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری پارێزگای هەولێر دادەنرێت.

زانیاری گشتی

ناو شەقڵاوە، شەقراوە
شوێنی جوگرافی  دەکوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر، هەرێمی کوردستانی عێراق
بەرزیی لەسەر ئاستی ڕووی دەریا ١٠٦٦ مەترە.
ژمارەی دانیشتووان ٢٥٠٠٠ کەس

مێژووی شەقڵاوە

بە گشتی شەقڵاوە مێژووی دروستبوونی ناڕوونە و دیار نییە، بەڵام شوێنەوار و بوونی مرۆڤی دێرین لە چەند ناوچەیەکی شەقڵاوە نموونەی گرد و دۆڵەکانی چیای سەفین دۆزرانەتەوە و بەڵگە و دەرخەری ئەوەیە کە لە سەردەمە کۆنەکاندا لە شەقڵاوە ژیانکردن هەبووە، نموونەی ئەشکەوتی کۆتران و کونە پیسک و دەنگارەن. هەروەها چەند کڵێسایەک لەگەڵ چەن شوێنەوارێکی تایبەت بە ئایینی مەسیحی لە ناوچەکە بوونی هەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی زایینی. لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان شەقڵاوە کراوە بە ناحیە و یەکەم بەڕێوبەری ناحیەی بۆ هەڵبژێردراوە کە ناوی (شەفیقە فەندی) بووە، لە ساڵی ١٩٥٢ بڕیاردراوە کە شەقڵاوە بکرێت بە قەزایەکی فەرمی سەر بە پارێزگای هەولێر و قائیمقامی بۆ دیاریکراوە، یەکەم قایمقامی شەقڵاوە ناوی (شاکر فەتاح) بووە.

واتای ناوەکەی

زانایانی مێژوو و زمانناسان ڕاجیاییان هەیە لەسەر واتای ناوی شەقڵاوە، تاکوو سەدەی ١٢ـی زایینی ناوی شەقڵاوە لە هیچ سەرچاوەیەک نەهێنراوە و بوونی نەبووە. لە دوای سەدەی ١٢ـی زایینی ناوی شەقڵاوە بە چەند شێوەیەکی جیاواز لە چەند کتێب و سەرچاوەیەکی هەمەجۆر باسکراوە، لە کتێبی (معجم البلدان)ـی یاقووتی حەمەوی ناوەکە بە (شەقلاباد) هاتووە بە گوندێکی دڵگیر و سەوز و فراوان وێنای کردووە و بە جۆرێک باسی کردووە کە شوێنەکە لە هەولێرەوە نزیک بووە و خاوەن باخ و بێستان و میوەی زۆر بووە، لە سەرچاوە مەسیحییەکان و بە بوون کڵێسای (شەقلاباذ) ناسراوە. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوی شەقڵاوە لە شەقبوون وەرگیراوە کە ناوچەکە لە شەقبوونی ئەو دۆڵە دروست بووە کە لە نێوان چیای سۆرک و چیای سەفینە. سەرچاوەیەکی تریش هەیە کە دەریدەخات وشەکە لە دوو بڕگە پێکهاتووە (شەقڵا) یان (شەقرا) کە بە زمانی کۆنی ناوچەکە واتای دارە لەگەڵ (ئاوا) کە واتای ئاوەدانی دەبەخشێت.

دابەشبوونە کارگێڕییەکانی شەقڵاوە

ناحییەکانی سەر بە قەزای شەقڵاوە پێنج دانەن و نزیکەی ٢٠٠ گوندی دەروبەری شەقڵاە سەر بە قەزاکەن، ناحییەکانی شەقڵاوە بریتین لە:

  • سەڵاحەدین
  • هەریر
  • هیران
  • بالیسان
  • باسرمە

کەرتی گەشتیاری و سروشتی شەقڵاوە

بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی شوێنەکەوە و لەباری کەشوهەوای، ناوچەکە بووەتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش و دڵگیر بۆ گەشتیاران، بە تایبەتی لە وەرزی هاوین بەهۆی مامناوەندی و لەباری کەشوهەواکەی شوێنەکە لەلایەن زۆرێک لە گەشتیارانەوە بە تایبەتی گەشتیارانی نەتەوەی عەرەب لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەردانی دەکرێت. زۆرێک لە گەشتیارانی بیانی ئەگەر لە دەرەوەی عێراق سەردانی پارێزگای هەولێر و هەرێمی کوردستان بکەن سەردانی شەقڵاوە و بازاڕی شەقڵاوە دەکەن.

شەقڵاوە بە بازاڕەکەی ناسراوە و هەر کەسێک سەردانی بکات دەچێتە بازاڕەکەی کە بە بوونیبەروبوومی خۆماڵی ناودارە، چەندان چێشتخانە و شوێنی حەوانەوە و میوانخانە بۆ پێشوازی گەشتیاران دروستکراوە. گەشتیاری ئایینی و مەزارە ئایینییەکانی شەقڵاوە هۆکارێکی تری ئەوەیە کە گەشتیاران ڕووی تێدەکەن، لە شەقڵاوە ژمارەیەک پەیڕەوکاری ئایینی مەسیحی و کلدانی بوونیان هەیە، هەروەها مەزارگە و کڵێسای تایبەتی خۆیان هەیە کە لە چەند بۆنەیەکی خۆیان و جەژنەکانیان سەردانی مەزارگەکانیان دەکەن.

کەشوهەوای شەقڵاوە

کەشوهەوای شەقڵاوە بە زستان ساردە و باران و بەفرێکی زۆری لێدەبارێت، کەشی هاوینی فێنک و مامناوەندە و زۆر گەرم نییە. ڕێژەی باران بارینی ساڵانەی شەقڵاوە بەرزە، هاوکات ساڵانە ڕێژەیەکی بەرزی بەفربارین لە ناوچەکەدا تۆمار دەکرێت. هەر بەهۆی گونجاوی کەشوهەواکەی ڕێژەیەکی زۆر لە سەوزایی و بەروبوومی خۆماڵی و بێستان و دارستان لە شەقڵاوە بوونیان هەیە.


سەرچاوەکان



155 بینین