پارکی سامی عەبدولڕەحمان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-21-21:18:00 - کۆدی بابەت: 12193
پارکی سامی عەبدولڕەحمان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پارکی سامی عەبدولڕەحمان (بە عەرەبی: منتزه سامي عبد الرحمن، بە ئینگلیزی: Sami Abdulrahman Park) پانتاییەکی فراوانی سەوزاییە و بە گەورەترین پارکی پارێزگای هەولێر دادەنرێت لەڕووی ڕووبەرەوە کە ڕووبەرەکەی نزیکەی ٨٠٠ دۆنمە (٢٠٠ هێکتار نزیکەی دوو کیلۆمەتر) و بە سێیەم گەورەترین پارک دادەنرێت لە عێراق، چوونەژوورەوە بۆ پارکەکە بە خۆڕاییە و شوێنەکەی دەکەوێتە ڕۆژاوای پارێزگای هەولێر لەسەر شەقامی شەستی بەرانبەر پەرلەمانی کوردستانە، بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەولێر دادەنرێت و سەردانیکەری زۆری هەیە.

مێژووی دروستکردنی

لە سەرەتای نەوەدەکان و دوای ڕاپەڕینی کوردستان شوێنەکە سەربازگەی حیزبی بەعس بووە، بەڵام لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ٨٠٠ دۆنمی دابین کرد و کردی بە باخی گشتی، بە دوو قۆناغ پارکەکە دروست کرا، قۆناغی یەکەم لە ساڵی ١٩٩٨ کۆتایی هات و قۆناغی دووەم لە ساڵی ٢٠٠٠ کۆتایی هات و لە ١٤ـی ئازاری هەمان ساڵ بە ناوی باخی گشتی پارکەکە بەڕووی هاوڵاتیان کرایەوە. لە ساڵی ٢٠٠٤ ناوی پارکەکە گۆڕا بە ناوی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سامی عەبدولڕحمانەوە ناونراوە کە لە تەقینەوەکەی یەکی شوباتی جەژنی قوربانی ساڵی ٢٠٠٤ کوژرا، خودی خۆی چاودێری پرۆسەی دروستکردنی پارکەکەی کردووە و پاڵپشتی لێکردووە بۆیە وەکوو ڕێزلێنانێک بە ناوی ئەوەوە ناونراوە.

پێکهاتەی پارکەکە

پارکی سامی عەبدولڕەحمان بە گەورەترین پارکی هەولێر دادەنرێت، نزیکەی ٤٠٠ هەزار داری تێدا نێژراو و بۆیە زۆر لە دارستان دەچێت. ١٨ باخچەی سەرەکی و ٤ دارستانی هەیە، چەند نافوورەیەکی ئاو، خواردنگە، کافێ، شوێنی پشوودان و دەریاچەی دەستکردی تێدایە. هاوکات شوێنی یاریکردنی منداڵا و ڕێڕەوی تایبەت بە وەرزشکردنیش لەخۆدەگرێت. بەشێکی پارکەکە هۆڵێکی گەورەی تێدایە ساڵانە بۆ ئەنجامدانی چالاکی هەمەجۆر و پێشانگای نێودەوڵەتی بەکاردەهێنرێت نموونەی پێشانگای کتێب و پیشانگای هونەری لەگەڵ پێشانگای بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازی هەمەجۆر.

لە بەشێکی پارکەکە پەیکەر بۆ چەند کەسایەتییەکی ناوداری کورد دروستکراوە نموونەی مەستوورەی ئەردەڵان، هەروەها تابلۆ و مۆنۆمێنتێکی ڕەش لە پارکەکە بوونی هەیە کە ناوی شەهیدەکانی تەقینەوەکەی یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ـی تێدا نووسراوەتەوە. ساڵانە لە پارکەکە چالاکی ورزشی ئەنجام دەدرێت نموونەی وەرزشی پاسکیلسواری و پیادەڕەوی. هەروەها بەهۆی شوێنی دڵگیر و لەباری پارکەکەوە شوێنەکە وەکوو شوێنی وێنەگرتن و گێڕانی ئاهەنگ و بۆنەکانیش بەکاردەهێنرێت.


سەرچاوەکان



77 بینین