BeReal چییە؟

له‌لایه‌ن: - مەئوا ئیدریس مەئوا ئیدریس - به‌روار: 2024-03-21-22:24:00 - کۆدی بابەت: 12198
BeReal چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بی ڕییەڵ (بە ئینگلیزی: BeReal،  بە عەرەبی: بي ريال) تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە.  BeReal هانی بەکارهێنەران دەدات کە خۆیان بە شێوەیەکی زۆر ڕەسەن وێنا بکەن، دەستبەرداری ئەو پێشکەشکردنە بە فلتەر و دەستکاریکردنەی وێنە و پۆستەکانیان بن کە تایبەتمەندی هەندێک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەن. لە بەرانبەردا ساتەکانیان بە شێوەیەکی "ڕاستەقینە" هاوبەشی پێ بکەن لەگەڵ هاوڕێیانیاندا.

بیرۆکەی دروستبوونی BeReal

ئەلێکسیس باریات و کیڤن پێرۆ پەرەپێدەرانی بی ڕییەڵن، کە ساڵی ٢٠٢٠ لە فەڕەنساوە بڵاویانکردەوە. ٢ ساڵ دواتر ناوبانگی پەیدا کرد و بەکارهێنەرانی بە ڕێژەی بەرچاو زیادیان کرد. ئەوان ئەپەکەیان بەردەست خست بەو ئامانجەی کە خەڵک بە هەمان مەبەستی سەرەتای دروستبوونی ئەپەکانی تۆە کۆمەڵایەتییەکان بەکاری بهێنن، کە مەبەستەکەش پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکەت بوو بەبێ ئەوەی خەمی ژمارەی شوێنکەوتووان و لایک و فلتەرەکان بخۆیت. کەواتە بیرۆکەکە سادە بوو: وێنەیەک بگرە و خودی ڕاستەقینەی خۆت بە.

BeReal چۆن کار دەکات؟

ئەپەکە ڕۆژانە ئاگادارکردنەوەیەک دەنێرێت و داوا لە بەکارهێنەران دەکات لە ماوەی دوو خولەکدا وێنەیەک بڵاوبکەنەوە کە هەر کارێک لە ئێستادا دەیکەن نیشان بدات. کاتی ئاگادارکردنەوەکە هەمیشە بە شێوەیەکی هەڕەمەکییە و بەکارهێنەر دەتوانێت وێنەیەکی خێرا بەبێ هیچ دەستکاریکردنێک هاوبەشی پێ بکات. بەکارهێنەران دەتوانن دوای تەواوبوونی دوو خولەکەکەش پۆست بکەن، بەڵام کەسانی دیکە ئاگادار دەکرێنەوە کە دوای وادەی دیاریکراو بووە. (بۆ نموونە، دەقێک لە ژێر وێنەیەکی هاوبەش کراودا لەوانەیە بنووسرێت "7 کاتژمێر دواکەوتن.")

هەروەها گرتنی وێنە لەگەڵ BeReal سادەیە: تەنها پێویستی بە کردنەوەی ئەپەکە و گرتنی سێڵفییە بە کامێرای پێشەوەی مۆبایلەکەت لەگەڵ وێنەیەکی کامێرای پشتەوە کە دیمەنەکە بە ئاراستەی تر دەگرێت، و پاشان ئەنجامەکە بڵاودەکەیتەوە. واتە هەردوو وێنەی بەشی کامێرای پێشەوە و پشتەوەش تۆماردەکات لە هەمان کاتدا. لە ماوەی ئەو دوو خولەکەدا، بەکارهێنەر دەتوانێت چەند جارێک وێنەکانی بگرێتەوە، بەڵام ناتوانرێت دەستکاری یان فلتەری وێنەی کۆتایی کە بڵاودەبێتەوە بکرێت. هەر وێنەیەک تەنها بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بۆ پەیوەندییەکانی بەکارهێنەرێک دەبینرێت. (لە ئەرشیفدا هەڵدەگیرێت بەڵام چیتر بۆ کەسانی تر دەرناکەوێت.)

بە پێچەوانەی ئینستاگرام، تویتەر یان تیک تۆک، بی ڕییەڵ زاراوەی "هاوڕێ" بەکاردەهێنێت لەبری "شوێنکەوتوو" و تەنها ئەو کەسانەی کە تۆ زیادیان دەکەیت دەتوانن پۆستەکانت ببینن. ئەپەکە ئیمۆجی هەیە و بەکارهێنەران دەتوانن وەڵامی وێنەکانی یەکتر بدەنەوە و سەرنجیان لەسەر بنوسن. تایبەتمەندییەکی دیکەی BeReal ئەوەیە کە تۆ ناتوانی بڵاوکراوەی هاوڕێکانت ببینیت هەتا خۆت وێنەی رۆژەکەت هاوبەشی پێنەکردبێت.


سەرچاوەکان



56 بینین