کاریگەری سەرما لەسەر ئازاری گورچیلە

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-12-30-14:43:00 - کۆدی بابەت: 11790
کاریگەری سەرما لەسەر ئازاری گورچیلە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەری سەرما لەسەر ئازاری گورچیلە (بە عەرەبی: تأثير البرد على آلام الكلى، بە ئینگلیزی: The effects of cold on kidney pain)، لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەم سەرما دەستپێدەکات و تێکڕای پلەکانی گەرما  دادەبەزن، جەستەمان بە شێوەیەک وەڵامی دابەزینی پلەکانی گەرما دەداتەوە کە ڕەنگە بیرمان لێ نەکردبێتەوە، بەهۆی چۆنییەتی هەستکردنمان بەوەی لە دەرەوە دەیبینین. لە کاتێکدا جەستەمان خۆی لەگەڵ پلەی گەرمی نزمتردا دەگونجێت، هەندێک گۆرانکاری لە جەستەدا ڕوودەدەن. لە کۆئەندامی میزدا، دەبێتە هۆی زیادکردنی چالاکی میزڵدان (OAB) و هەوکردنی کۆئەندامی میز (UTIs).

هۆکارەکانی ئازاری گورچیلە لە کاتی سەرمادا

  • هەوکردنی گورچیلە: سەرما دەبێتە هۆی لاوازکردنی سیستەمی بەرگری لەشت، بەمەش بەکتریا ئاسانتر دەتوانێت گورچیلەکانت تووشی هەوکردن بکات. زۆرجار دەبێتە هۆی ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت یان لاکان.
  • هەوکردنی کۆئەندامی میز (UTI): هەمان ئەو هۆکارانەی کە بەشدارن لە زۆر چالاکبوونی میزەڵدان OAB – گەرمبوونی ئەندامەکان، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، زیادبوونی میز بەهۆی پاڵاوتنی خوێن – بنەمان بۆ زیادکردنی مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی کۆئەندامی میز UTI. هەروەها نیشانەکانی سەرمابوون وەک کۆکە، پژمین و گیرانی لووت دەتوانن ئەگەری هەرکردنی UTI زیاد بکەن. ئەم هەوکردنەش دەبێتە هۆی ئازار و ناڕەحەتی لە گورچیلەدا.
  • بەردی گورچیلە: زیادبوونی کالیسیۆم هۆکاری گەشەکردنی بەردی گورچیلەیە. ئەگەر لە ڕووی جەستەییەوە چالاکبیت، ئەوا دەتوانێت لە دروستبوونی بەرد بتپارێزێت. بەزۆری مرۆڤەکان لە وەرزی زستاندا ناچالاک دەبن و بەم شێوەیە بەردی گورچیلە زیاتر لە میزڵداندا دروست دەبێت. وشکبوونەوەی لەش لە کاتی سەرمابووندا بەهۆی تا، ئارەقکردنەوە و زیادبوونی بەرهەمهێنانی بەڵغەمەوە ڕوودەدات. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی بەردی گورچیلە و ئازارێکی توند.

میزڵدانی زۆر چالاک Overactive Bladder 

لەوانەیە تێبینی ئەوەت کردبێت کە کاتێک لە دەرەوەیت و کەشوهەوا ساردە، ناچار دەبیت زیاتر دەست بە ئاو بگەیەنیت چونکە گورچیلەکان میزی زیاتر دروست دەکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی "فێڵەکانی" تری جەستە بەهۆی کەشوهەوای ساردەوە.

فێڵی یەکەم: جەستە گەرمی دەوروبەری ئەندامەکانی ناوەوە دەپارێزێت بە کەمکردنەوەی ڕۆیشتنی خوێن بۆ پێست.

فێڵی دووەم: ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، واتە پاڵ بە بڕێکی زیاتری خوێنەوە دەنێت بە ناو جەستەدا.

فێڵی سێیەم: گورچیلەکان پاشماوەی برێکی زۆر لە خوێن دەپاڵێون، لە ئەنجامدا دەبێت میزی زیاتر بەرهەم بهێنن بۆ ئەوەی بتوانن هەمووی بپاڵێون.

فێڵی چوارەم: لە زستاندا کەمتر ئارەقە دەکەینەوە و هەربۆیە شلەی کەمتر لەدەست دەدەین، لە ئەنجامدا میزی زیاتر لە جەستەماندا کۆدەبێتەوە.

دەرئەنجام: دەبێت میزی زیاتر بکەین.

ئەو مەترسیانەی کە دەکرێت ببنە هۆی هەوکردنی کۆئەندامی میز UTI

١- ئەگەر لە زستاندا شلەی پێویست نەخۆیتەوە، ئەوا گورچیلەکان سەرچاوەی پێویستیان نابێت بۆ فرێدانی پاشماوەکان، لەنێویاندا بەکتریا.

٢- ئەگەر ئەو بەکتریایە زۆر لە ڕێڕەوی میزدا بمێنێتەوە، ئەوا دەتوانێت گەشە بکات و ببێتە هۆی هەوکردن.

٣- وشکبوونەوەی جەستە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی UTI بە درێژایی ساڵ، بەڵام لە زستاندا، لەبەر ئەوەی کەمتر ئارەقە دەکەینەوە، لەوانەیە هەست بەوە نەکەین کە پێویستمان بە شلەی زیاترە.

دەرئەنجام: تا کەمتر میز بکەین، برێکی زیاتری میز لە میزڵداندا دەنیشێت و کاتێکی زیاتری دەبێت بۆ گەشەکردنی بەکتریا.

ئەم ڕێوشوێنە خۆپارێزییانە یارمەتیدەرن بۆ بە دووربوون لە OAB و UTIs

  • خواردنەوەی بڕی پێویست لە شلەمەنییەکان: بەڵام ئاگاداری خواردنەوەی  کحول و کافایین بە، لە کەمترین ئاستدا بیانهێڵەرەوە، بەتایبەتی پێش خەوتن. ئەمەش دەبێتە هۆی مانەوەی لەش بە شێداری بەبێ ئەوەی پەستانێکی زۆر بخاتە سەر میزەڵدان.
  • ئەنجامدانی چالاکی: چالاکیی جەستەیی ڕۆژانە بە تەواوی سوود بە ڕێڕەوی میز دەگەیەنێت کە یارمەتیدەرە لە لابردنی پاشماوەکان بە شێوەیەکی کارا. بۆ OAB، ڕاهێنانی ڕۆژانەی (Kegel)، یان فشاری حەوز (pelvic squeezes)، دەبنە هۆی بەهێزکردنی ئەو ماسولکانەی کە پەیوەندیدارن بە دەهاویشتنی میز.
  • لە پێشەوە بۆ دواوە خۆت پاکبکەرەوە: ئەم ئامۆژگارییە ستانداردەی ڕێگریکردن لە UTI یارمەتی دوورخستنەوەی بەکتریا دەدات لە ڕێڕەوی میز.
  • دووربکەوە لە ماددە ڕووشێنەرەکان: کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سپرا و پاودەر لە دەورووبەری کۆئەندامی زاوزێ.
  • دوور بکەوەرەوە لە جگەرەکێشان: جگەرەکێشان دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە میزڵدان و  زۆر میزکردن.

لەکاتی سەرمابووندا ئازاری گورچیلە بۆ ماوەی چەنێک دەمێنێتەوە؟

ماوەی ئازاری گورچیلە لە کاتی سەرمابووندا جیاوازە بەپێی هۆکاری بنەڕەتی. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لەگەڵ باشتربوونی نیشانەکانی سەرمابوون ئازارەکە کەمتر بێتەوە. ئەگەر ئازارەکە بەردەوام بوو یان خراپتر بوو، ڕاوێژ بە پزیشک بکە.

ئایا دەتوانین ڕێگری لە ئازاری گورچیلە بکەین کە بەهۆی سەرماوە دروست بووە؟

هەرچەندە ناتوانین لە کاتی سەرمابووندا بە تەواوی ڕێگری لە ئازاری گورچیلە بکەین، بەڵام دەتوانیت مەترسییەکان کەم بکەیتەوە لەڕێگەی مانەوە بە پاکوخاوێنی و شێداری هەروەها گرنگیدان بە تەندروستی خۆت بە گشتی.

کەمکردنەوەی ئازاری گورچیلە

ئەگەر بەهۆی سەرما تووشی ئازاری گورچیلە بوویت، دەتوانیت ئەم هەنگاوانە بیگریتەبەر بۆ کەمکردنەوەی ناڕەحەتییەکە:

  • هێشتنەوەی لەش بە شێداری: خواردنەوەی شلەمەنی زۆر بۆ کردنە دەرەوەی ژەهرەکان و ڕێگریکردن لە وشکبوونەوەی جەستە، کە دەکرێت ئازاری گورچیلەکان زیاتر بکەن.
  • بەکارهێنانی گەرمی: دانانی جەوەنە لەسەر ئازارەکە یارمەتی خاوکردنەوە ماسولکەکان و کەمکردنەوەی ئازار دەدات.
  • دەرمانی ئازارشکێن کە بەبێ ڕەچەتەی پزیشک دەدرێن: دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆیدی (NSAIDs) وەک ئیبوپڕۆفین یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ئازاری گورچیلە. بەڵام پێش خواردنی هەر دەرمانێک ڕاوێژ بە کەسێکی پسپۆڕی چاودێری تەندروستی بکە.
  • پشوویەکی زۆر وەربگرە: پشوودان ڕێگە بە جەستەت دەدات چاک بێتەوە، ئەمەش توندی ئازارەکە کەمدەکاتەوە.

ئایا سەرما دەتوانێت ببێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلە؟

هەرچەندە بە دەگمەن شتی وا ڕوودەدات، بەڵام هەوکردنێکی توند یان ئاڵۆزییەکانی سەرمابوون دەتوانێت ببێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلە. پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت ئەگەر نیشانەی توندت هەبوو. ئەگەر تووشی نیشانەکانی OAB یان UTI بوویت، پێویستە بزانیت ئەمانە حاڵەتە باوەکانن کە زۆرجار بە ئاسانی چارەسەر دەکرێن. بەهۆی شەرمکردنەوە دوای مەخەو سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە. دەکرێت ئازاری گورچیلە لە کاتی سەرمابووندا  ناڕەحەت و نیگەرانکەر بێت. تێگەیشتن لە هۆکارەکان، وەک هەوکردنی گورچیلە، هەوکردنی کۆئەندامی میز و بەردی گورچیلە، دەتوانێت یارمەتیت بدات ڕێوشوێنی گونجاو بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی ناڕەحەتییەکە. بەڵام پێویستە جەستەت بە شێداری بمێنیتەوە و گەرمی بەکاربهێنە و پشوو بدە بۆ ئەوەی باشتر ببیتەوە. ئەگەر ئازارەکە بەردەوام بوو یان خراپتر بوو، گرنگە ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕی بکەیت بۆ دەستنیشانکردن و وەرگرتنی چارەسەری دروست.


سەرچاوەکان



403 بینین