ئیگۆر کورچاتۆڤ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-23-06:39:00 - کۆدی بابەت: 12255
ئیگۆر کورچاتۆڤ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

ئیگۆر کورچاتۆڤ (بە عەرەبی: ایجور کورتشاتوف، بە ئینگلیزی: Igor Kurchatov) زانای فیزیایی سۆڤێتییە کە بەشدار بووە لە پڕۆژەی دروستکردنی چەکی ناوکی یان ئەتۆمی و بۆمبی هایدرۆجینی لە یەکێتی سۆڤێت. خاوەنی سێ مەدالیای ڕێزلێنانە کە ئەوانیش مەدالیای لینین، مەدالیای ستالین، مەدالیای پاڵەوانی پارتی کرێکارانە.

زانیارییە گشتییەکان

ناوی تەواو ئیگۆر ڤاسیلڤێچ کورچاتۆڤ
بەروار و شوێنی لەدایکبوون ٢١-١-١٩٠٣ سیلمسکی زۆڤاد (ئێستا پێی دەوترێت سلیم) لە ڕووسیا
بەروار و شوێنی مردن ٧-٢-١٩٦٠ مۆسکۆ - سۆڤێت. 
تەمەن ٥٧ ساڵ، کاتێک کە مرد. 
ئارامگە ئارامگەی کریملین 
نەتەوه ڕووسی 
دانیشتوو یەکێتی سۆڤێت
شوێنی کارکردن پەیمانگای پۆلیتەکنیکی لینیگراد 
ناسراو بە پڕۆژەی بۆمبی ئەتۆمی سۆڤێت 
خەڵات و ڕێزلێنان مەدالیای ڕێزلێنانی لینین، مەدالیای ڕێزلێنانی ستالین، مەدالیای ڕێزلێنانی پارتی کرێکارانی سۆڤێت. 
پیشە پسپۆڕی فیزیا

لەدایکبوون و سەرەتای ژیانی

کورچاتۆڤ لە گوندێکی بچووک لەدایکبووه بەناوی سیلمسکی زۆڤاد یان زاڤۆد لە هەرێمی ئوفا. کە ئێستا پێی دەوترێت سلیم، ئیگۆر کورچاتۆڤ لە بەرواری ١٢-١-١٩٠٣ لەدایکبووە. باوکی "ڤاسێلڤێچ کورچاتۆڤ" یاریدەدەری پێشووی سەرۆکی دارستانەکانی چیای ئۆڕاڵ بوو. دایکیشی "ماریا ڤاسێلڤنا ئۆسترۆمۆڤا" کچی قەشەیەک بوو و مامۆستا بوو لە خوێندنگەی گوندەکەیان و ئیگۆر دووەم منداڵی خێزانەکەیان بوو. کە جگە لە ئیگۆر دوو منداڵی تریشیان هەبوو. 

خێزانەکەی لە ساڵی ١٩١٢ ماڵیان گواستەوە بۆ نیمچەدوورگەی کریمیا کە دەکەوێتە خوارووی ئۆکرانیا لەسەر هەردوو دەریای ئازۆڤ و دەریای ڕەشە

ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراوی ژیانی

کاتێک ئیگۆر و خێزانەکەی گەیشتنە شاری سیمفەرپول لە کریمیا، خوشکە گەورەکەی (یەکەم منداڵی خێزانەکەیان) کە ناوی ئەنتۆنینا بوو کۆچی دوایی کرد، ئەمەش کاریگەری تەواوی لەسەر منداڵی ئیگۆر هەبوو، هەر لەبەر ئەمە بۆ ئەوەی هەست بە خەم و پەژارە نەکات بەردەوام لەگەڵ برا بچووکەکەی "بۆیریس"بوو. بۆیریس و ئیگۆر لە قوتابخانەش بە یەکەوە دەیانخوێند و بەشداربوون لە خول و چالاکییەکانی قوتابخانەکەیان وەک یانەی جمناستیک، یانەی موزیک کە لە هەموو کاتێکدا بەیەکەوە بوون. 

چوونە زانکۆ و کارکردن

ئیگۆر پاش تەواو کردنی قوتابخانە ناوی تۆمار کرد لە زانکۆی کریمیا بۆ بەشی فیزیا. چونکە بەهرە و توانستی هەبوو لە بابەتە فیزیاییەکان وەک کارکردن لەسەر بزوێنەر و ئامێرەکان و بەیەک بەستنەوەی ئامێرەکان. لە زانکۆ هەر زوو ناوبانگی پەیدا کرد بەهۆی شارەزایی لە بواری میکانیک. بەهۆی ئەمەوە پێش ئەوەی خوێندنی ماستەر بخوێنێت بڕوانامەی دکتۆرای پێدرا. ئیگۆر پاش وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرا بە نێو وڵاتانی یەکێتی سۆڤێتدا گەڕا بۆ فێربوون و شارەزابوونی زیاتر و لە (پەیمانگای پۆلیتەکنیکی ئازەربەیجان) وانەی دەوتەوە. 

کورچاتۆڤ لە ساڵی ١٩٣٠ گەڕایەوە ڕووسیا و لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی لینیگراد و پەیمانگەی پۆلیتەکنیکی لینیگراد وانەی دەوتەوە. ساڵی ١٩٣٩ چوو بۆ ئەمریکا بە مەبەستی خوێندنی زیاتر و شارەزابوون لە (کارۆموگناتیسم) بەڵام دواتر ئاشکرابوو کە بۆ مەبەستی سیخوڕی کردن ئەو ماوەیە لە ئەمریکا بووە. تا زانیاری کۆبکاتەوە لە تاقیگە فیزیاییەکانی ئەمریکا. 

پڕۆژە و پرۆگرامی ئەتۆمی سۆڤێت

کورچاتۆڤ زانایەکی کرداری بوو نەوەک بیردۆزی، بۆیە سەرەڕای ئەوەی فیزیازان بوو بەڵام هیچ بیردۆزێکی دانەڕشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بە باوکی پرۆگرامی ئەتۆمی سۆڤێت دادەنرێت و بە شانازییەوە باس دەکرێت چونکە ئەگەر بە شێوەی بیردۆزی سۆڤێت هەوڵی بەدەست هێنانی چەکی ئەتۆمی بدایە ئەوا چەندین ساڵ پێی نەدەگەیشتن، بەڵام کاتێک لە ١٩٤٢ تیمێک سیخوڕی سۆڤێت زانیارییەکانیان لەسەر چەکی ئەتۆم بەدەست هێنا، کورچاتۆڤ بە شێوەی کرداری لە ساڵی ١٩٤٣ دەستی کرد بە دروستکردنی چەکی ناوکی (ئەتۆمی). 

ساڵی ١٩٤٥ یەکەم ڕیئاکتەر بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە سۆڤێت کرایەوە و تاقیگەی ژمارە دووی دامەزراند لەگەڵ کۆمەڵێک پسپۆڕی تری فیزیایی لە تەواوی یەکێتی سۆڤێت بانگهێشت کرابوون. 

پڕۆگرامی RDS-1

کورچاتۆڤ بە شێوەیەک کاری دەکرد لە تاقیگەکەی و ڕیئاکتەرەکان کە وەک بڵێی خۆی دانەری بیردۆزی چەکی ناوکییە. به متمانەیەکی زۆرەوە ڕێنیشاندەری زاناکانی تری دەکرد و هەڵەکانی بۆ ڕاست دەکردنەوە. 

لە تاقیگەی ژمارە دوو، پڕۆگرامێک پەرەیپێدرا کە بە شێوەیەکی خێراتر بیانگەیەنێت بە چەکی ئەتۆم، ئەویش RDS-1 بوو کە بەخێرایی یۆرانیۆم و پلۆتۆنیۆمی لێک جیادەکردەوە. هەر ئەم پڕۆگرامە بوو بەناوی یەکەم بۆمبی ناوکی سۆڤێتی و هەر بە RDS-1 ناسرا چونکە لە تاقیگەی RDS-1 دروستکرابوو. ئەم بۆمبە لە ساڵی ١٩٤٩ بەرهەم هات و لە شێوە و پێکهاتەدا زۆر لە بۆمبی Fatmanـی ئەمریکی دەچوو. دوای ئەوەی بۆمبەکە بە سەرکەوتوویی تاقیکرایەوە دەروازەیەکی نوێ بە ڕووی فیزیای ناوکی لە سۆڤێتدا کرایەوە کە دواتر توانرا بەهێزترین بۆمبی TNT و هایدرۆجینی دروست بکرێن وەک بۆمبی قەیسەر (Tsar bomb) کە هێندە بەهێز بوو بە پەڕەشووت فڕێدرایە خوارەوە تا کاریگەری نەرێنی دروست نەکات و زیانی نەبێت. 

پاش ئەم تاقیکردنەوەیە کورچاتۆڤ لە ١٩٥٣ بە ڕۆژنامەی فەرمی و زمانحاڵی یەکێتی سۆڤێت ڕاگەیاند کەوا بەردەوام دەبێت لە پڕۆژە و پڕۆگرامی ئەتۆمی سۆڤێت هەر بەهۆی ئەم کارانەوە لەلایەن پارتی کرێکاران مەدالیای پاەوانێتی پێشکەش کرا. 

مردن

بەهۆی ئەوەی بەردەوام لە تاقیگە و ماددە تیشکاوەرییەکانی ناو ڕیئاکتەرەکان بوو بە تایبەتی لە کاتی پیتاندنی یۆرانیۆم و پۆلۆنیۆم کە لە کاتی پیتاندا تیشکی زیان بەخش دەردەدەن بووە هۆی ئەوەی زیانی پێ بگات و وردە وردە تەندروستی تێکبدات، ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٥٧ نیشانەی نەخۆشییەکی کوشندەی تێدا دەرکەوت کە پزیشکەکان نەیانتوانی چارەسەری بکەن ٧-٢-١٩٦٠ لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە ئارامگەی کریملین بەخاک سپێردرا. 

خەڵاتەکانی

لە ماوەی ژیانیدا چەندین خەڵاتی جۆر بەجۆری وەرگرتووە. ساڵی ١٩٤٣ هەڵبژێردرا بە ئەندامی ئەکادیمیای زانستی سۆڤێت.

  • سێ جار خەڵاتی پاڵەوانی سۆسیالیست و پارتی کرێکارانی وەرگرتووە ١٩٥٤٫١٩٥١٫١٩٤٩ 
  • خەڵاتی پێنج ڕاسپاردەکەی لینین 
  • خەڵاتی دوو ڕاسپاردەکەی ئاڵای سوور 
  • مەدالیای ڕێزلێنان "سەرکەوتن بەسەر ئەڵمانیا" لە بەرگری کردن لە سڤاستاپۆل 
  • چوار جار مەدالیای ڕێزلێنانی ستالینی وەرگرتووە لە ساڵەکانی ١٩٤٢ و ١٩٤٩ و ١٩٥١ و ١٩٥٤ 
  • مەدالیای ڕێزلێنانی لینین ساڵی ١٩٥٧ 


سەرچاوەکان



76 بینین