کیت کات

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-07-08:48:00 - کۆدی بابەت: 12463
کیت کات

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

شۆکۆلاتەی کیت کات (بە عەرەبی: كيت كات، بە ئینگلیزی: KitKat) قاڵبە شۆکۆلاتەیەکی شیرینە و لە جۆری پسکویتی وێڤەر دروست کراوە و بە شۆکۆلاتەی قاوە داپۆشراوە. شێوەکەی چوار پسکیتی باریکی درێژە لە جۆری پسکیتی وەیڤ و بە شۆکۆلاتەی قاوە داپۆشراوە و لۆگۆ و هێمای کیت کات بە زمانی ئینگلیزی لەسەر قاوەکە نەخشێنراوە.

مێژووی کیت کات

بۆ یەکەم جار لە کارگەیەکی بچووک بە ناوی کارگەی ڕاونتر (Rowntree) لە ناوچەیمیۆرک لە ئینگلتەرا بەرهەم هێنرا، لە ساڵی ١٩٣٥ یەکەم بەرهەمی کیت کات خرایە بازاڕەکانی ئینگلتەراوە و لەنێو خەڵکیدا ڕەواجی زۆری هەبوو. شوکۆلاتەکە هەر بە ناوی کارگەکەوە دانرا و (Rowntree’s Chocolate Crisp) بەو ناوە ناسرا، دوای دوو ساڵ ناوەکە کرا بە (Kit Kat Chocolate Crisp). دواتر بەرهەمەکە لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە و بەرهەمی کیت‌ کات لە ساڵی ١٩٨٨ فرۆشرایە کۆمپانیای نێسڵێیە و لە هەموو جیهاندا لەلایەن کۆمپانیای نێسڵێیەوە بەرهەم هێنرا و بڵاوبووەوە، جگە لە وڵاتی ئەمریکا کە لەلایەن کۆمپانیای هێرشی بەرهەم دەهێنرێت. واتای ناوی کیت کات لە پارتێکی سیاسی ئینگلیزی وەرگیراوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٠٠، دوای بڵاوبوونەوەی کیت کات لە سەرەتادا بە چەند ناوێک بڵاوکرایەوە بەڵام لە کۆتاییدا لەسەر ناوی کیت کات جێگیر بوون.

شێوە و تامەکانی کیت کات

شۆکۆلاتە تامی سەرەکی شۆکۆلاتەی کیت کاتە، لە ساڵی ١٩٩٦ یەکەم تامی جیاواز لە شۆکۆلاتە لە شۆکۆلاتەی کیت کات بەرهەم هێنرا و بە تامی میوەی پرتەقاڵ خرایە بازاڕەکانەوە و تامەکە لەلای کڕیاران زۆر پەسەند بوو. وڵاتی ژاپۆن بە تامی هەمەجۆر و جیاوازی شۆکۆلاتەی کیت کات ناسراوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ـەوە بەرهەمەکە گەیشتووەتە وڵاتی ژاپۆن، واتای ناوەکەی بە زمانی ژاپۆنی واتای دڵخۆشی یان خۆشبەختی یاخود بردنەوە دەبەخشێت، بۆیە لە وڵاتی ژاپۆن گرنگییەکی زۆر بە بەرهەمهێنانی کیت کات دەدرێت و نزیکەی ٢٠٠ جۆر تامی جیاواز لە کیت کات لە وڵاتی ژاپۆن بەردەستە، نموونەی تامی زەنجەبیل، تامی چای سەوز، تامی میوەکان، تامی سۆسی سۆیا، تامی پیتزا، تامی بەرگر و چەندان تامی هەمەجۆر و جیاوازی تر.


سەرچاوەکان



73 بینین