ئارام تیگران

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2022-04-11-23:00:00 - کۆدی بابەت: 8216
ئارام تیگران

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئارام تیگران (بە عەرەبی: آرام تیگران، بە ئینگلیزی: Aram Tigran) هونەرمەندێکی بە ڕەچەڵەک ئەرمەنییە، کە زیاتر بەوە ناوبانگی دەرکردووە گۆرانی بە زمانی کوردی گوتووە و خزمەتی هونەری کوردی کردووە. 

زانیارییە گشتییەکان

ناوی تەواوی ئارام تیگران مەلیکان
بەرواری لە دایکبوون ١٥ـی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٣٥
بەرواری مردنی ٨ـی مانگی ئابی ساڵی ٢٠٠٩
شوێنی مردنی ئەسینا، یۆنان
شوێنی لە دایکبوون قامیشلۆ، کوردستانی ڕۆژاوا
نەتەوە  ئەرمەنی
پیشە هونەرمەند
هاوسەر سیروارت
ئەندامانی خێزانەکەی
کوڕێک و دوو کچی هەبووە. کە ناویان (هاگۆپ، ئایجەمیک، سێڤان) بووە

پێشەکی

ئارام تیگران مەلیکان لە ١٥ـی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٣٥ لە قامشلۆ لە دایکبووە. بەڕەچەڵەک ئەرمەنییە، بەڵام لە ڕێگای هونەرەکەیەوە خزمەتی زمانی و هونەری کوردی کردووە. هەر لە منداڵییەوە لەنێو کورداندا گەورە بووە بۆیە شارەزاییەکی زۆری لە کولتوور و زمانی کوردی هەبووە، ڕێگای نەداوە لەناوبچن لە ڕێگای هونەرەکەیەوە بە زیندووی هێشتنیەوە.

مێژووی بنەماڵەکەی

بنەماڵەی ئارام تیگران بە ڕەچەڵەک ئەرمەنی بوون و لە شاری دیاربەکری باکووری کوردستان ژیاون، بەڵام بەهۆی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە ئاوارە دەبن لەم ناوچە بۆ ئەو ناوچە کۆچ دەکەن لە ترسی ئەوەی لەلایەن تورکەکانە نەگیرێن. باوکی لە گوندی باعەمدی ساسۆنی سووریا لە دایکبووە. لە ساڵی ١٩٢٨ بە هاوکاری خێزانێکی کورد ڕوودەکەنە قامیشلۆی ڕۆژاوای کوردستان، بۆ ئەو شارەی ئارام تیگرانی تێدا دێتە دونیا. ئەم خێزانە کوردە زۆرجار لەلایەن تورکەکانە ڕووبەڕووی هەڕەشە و تۆمەتباری بوونەتەوە بەوەی ماڵێکی ئەرمەنیان حەشارداوە، بەڵام ئەوان هەندێک جار بە بیانووی جیا جیا تۆمەتەکانیان ڕەتدەکردەوە یان هەندێ جار ناچار دەبوون بەرتیل بە تورکەکان بدەن تاکو ڕازیان بکەن و چاو بپۆشن لەو خێزانە ئەرمەنییە کە بنەماڵەی ئارام تیگران بوون. تیگرانی باوکی ئارام لە شاری قامیشلۆ هاوسەرگیری دەکات و شەش منداڵی بووە کە یەکێک لەوان ئارام تیگران دەبێت. 

سەرەتای ژیانی

ئارام تیگران هەر لە قامیشلۆ لە دایک دەبێت و گەورە دەبێت. زۆربەی دراوسێ و هاوڕێ و دەوروبەرەکەی کورد دەبن بۆیە شارەزاییەکی زۆرباش لە کولتوور و کەلەپوور و زمانی کوردی پەیدا دەکات هەر لە منداڵییەوە ئاشنایان دەبێت. ئارام تیگران هەر لە دایک و باوکیەوە فێری زمانی کوردی دەبێت، هەرچەندە کە دایک و باوکی بە زمانی ئەرمەنیش قسەیان لەگەڵ منداڵەکانیان کردووە تا لە بیریان نەچێت. 

چۆنیەتی هاتنە ناو دونیای هونەر و دەستپێکی ژیانی هونەری

ئەو کەسەی کە وای لە ئارام کرد بێتە ناو دونیای هونەرەوە، تیگرانی باوکی بوو کە هەمیشە پاڵپشتی بووە لەو بوارە تا ببێت بە هونەرمەند. ئارام تیگران هەر لە مێرمنداڵیەوە بەهرەی دەنگخۆشی هەبووە، کاتێک تەمەنی لە نێوان ١٤ بۆ ١٥ ساڵی بووە لەگەڵ گرووپی قوتابخانەکەی گۆرانی دەگووت و هەندێک جار لە کڵێسا سروودە ئایینیەکانی گووتوەتەوە. لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا باوکی دووبارە پاڵپشتی بۆ خەونەکەی دەردەبڕێت و عوودێکی بۆ دەکڕێت. بۆ فێربوونی ژەنینی عوودەکە دەیباتە لای مامۆستایەکی نابینا کە لە ژەنینی عوود زۆر لێهاتوو و زیرەک بووە تا ئارام فێری ژەنینی عوإود بکات. ئیدی دوای دۆزینەوەی بەهرەی دەنگخۆشی خۆی و فێربوونی ژەنینی عوود دەست دەکات بە بەشداری کردن لە شەوە ئاهەنگەکان لەوێ گۆرانی دەگووت. کاتێک تەمەنی دەبێتە ١٨ ساڵ وەک دەزانرێت لەو تەمەنە مرۆڤ پیشەی ژیانی خۆی هەڵدەبژێرێت، باوکی بە ئارام دەڵێت "حەز ناکەم خۆت بە هیچ کارێکی ترەوە سەرقاڵ بکەی جگە لە هونەرەکەت". کە ئەمەش دووبارە پاڵپشتی باوکی نیشان دەدات بۆ ئارامی کوڕی تا هونەرمەندێکی سەرکەوتووی لێ دەربچێت. ئارام لە سەرەتای دەستکردن بە گۆرانی گووتن تووشی زەحمەتی زۆر بووەتەوە، چونکە لەو سەردەمە بڵندگۆ نەبوون یاخود زۆر گران بوون تا دەنگی سترانبێژ بە باشی بگات بە ئامادەبووان بۆیە بە ناچاری دەبوو دەنگیان زۆر بەرزکردبایەوە بۆیە دەبوو لە یەک کات گۆرانی بڵێن و میوزیکیش بژەنن. ئارامیش یەکێک بوو لەو هونەرمەندانە بۆیە بەردەوام تووشی قوڕگ ئێشە و ماندووبوونێکی زۆر دەبوو.

چیرۆکی هەڵبژاردنی جەنبوش لەلایەن ئارام تیگرانەوە وەک ئامێری سەرەکی خۆی

ڕۆژێک ئارام تیگران، بە میوانداری دەچێتە ماڵێک کە تیپێکی هونەری لە (ئامەد)ـی باکووری کوردستان هاتبوون بۆ سەردانی ماڵەکە. ئارام لەوێ چاوی بە ئامێری (جەنبوش) دەکەوێت، هەست بەوە دەکات کە زۆر هاوشێوەی (عوود)ـە بەڵام دەنگی لە عوود بەرزترە.

ئارام زۆر سەرسامی ئەو ئامێرە میوزیکە دەبێت و دوای ئەوەی پرسیار لە جۆری ئامێرەکە دەکات یەکسەر داوا دەکات لە (ئامەد) جەنبوشێکی تایبەتی بۆ دروست بکەن بۆی بنێرن،  دوای یەک ساڵ لە ژەنینی عوود هەر بەم شێوەیە ئامێری جەنبوش دەبێتە دڵخوازی ئارام و بۆ هەمیشە بەکاریدەهێنیت وەک ئامێری سەرەکی خۆی، چونکە پێی وابوو (عوود) دەنگی نزمە و جەنبوش دەنگی بەرزترە.

گۆرانییەکانی سەرەتای کاری هونەری

باوکی ئارام تیگران جیا لەوەی بلورژەن بووە، هۆزانڤانیش بووە. ئارام چەندین هۆنراوەی باوکی کردۆتە گۆرانی لەوانە: بلبلۆ، بەحەسرەتا بێریڤانێ، دچم دچم، چەندانی تر. لەو ئاهەنگانەی لە شاری قامیشلۆ دەیکرد زیاتر گۆرانی بە عەرەبی دەگووت، چونکە کە گۆرانی کوردی دەگووت ڕاستەوخۆ داوایان لێدەکرد بیبڕێ و بیگۆڕێت بۆ عەرەبی. هەر بۆیە لە سەرەتادا نەیتوانیوە بە زمانی کوردی گۆرانی بڵێت، ئەمەش ئارامی زۆر دڵتەنگ کردووە.

چوونە نێو ژیانی هاوسەرگیری و چیرۆکی بڵاوکردنەوەی یەکەم گۆرانی خۆی

لە ساڵی ١٩٥٧ لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا هاوسەگیری لەگەڵ کچێکی ئەرمەنی دەکات بە ناوی (سیروارت). سیروارت بە هەمان شێوەی ئارام ئەرمەنییەکی ئاوارەی قامشلۆی سووریا بووە. لە ساڵی ١٩٦٥ یەکەم گۆرانی خۆی بڵاودەکاتەوە بە ناوی (شەڤ چوو) کە هۆنراوەی هۆزانڤانی  کورد (جگەرخوێن)ـە. پێش بڵاوکردنەوەی سترانەکە چاوی بە جگەرخوێن دەکەوێت کە ئەویش لە (عاموودا)ـی ڕۆژاوایی سووریا بووە.

گەڕانەوە بۆ ئەرمەنستان و نیشتیمانی ڕەسەنی

دوای ئەوەی ئەرمەنستان ئازادی خۆی بەدەست هێناوە، نوێنەرانی خۆی دەنارد بۆ وڵاتانی دەوروبەر تا ئەو ئەرمەنیانەی ئاوارەبوون بگەڕێنەوە زێدی ڕەسەنی خۆیان. یەکێک لەو شوێنانەش قامیشلۆ بوو کە بنەماڵەی ئارام تیگرانی لێ بوو پێیان گووتن ئەگەر حەزدەکەن بگەڕێنەوە بۆ ئەرمینیا ئەوە یارمەتیتان دەدەین. سەرەتا بنەماڵەی ئەرمەنییەکان ڕەتیانکردەوە بگەڕێنەوە، بەڵام دواتر لە ساڵی ١٩٦٦ بڕیارەکەیان دەگۆڕن دەگەڕێنەوە بۆ ئەرمینیا. بۆ ئەم مەبەستەش ئەرمینیا کەشتییەکیان بۆ ئامادە دەکات لە سووریاوە دەیانگوازێتەوە بۆ ئەرمینیا. لە ئەرمینیا هەر یەکە و پرسیاری ئەوەی لێدەکرا کە لە چی کارێکدا شارەزایە تا بە پێی ئەو کارەی کە لێی دەزانن دابەش بکرێن بەسەر شارەکانی وڵاتەکە. ئارام و بنەماڵەکەی لە شارۆچکەیەک دادەنێن کە ٤٠ کیلۆمەتر لە شاری (یەریڤان)ـەوە دوورە. 

چیرۆکی بوون بە فەرمانبەری ڕادیۆی (یەریڤان) و دۆزینەوەی خاڵی وەرچەرخانی ژیانی هونەری

باوکی دووبارە پاڵپشتی ئارام دەکات و داوای لێدەکات پێکەوە سەردانی ڕادیۆی (یەریڤان) بکەن و پێی وا بووە لەوێ ئارام دەتوانێت کارێکی دەست بکەوێت، چونکە هونەرمەندە. کاتێک دەچنە نێو باڵەخانەی ڕادیۆکەوە چەندین بەشی لێ بووە کە بریتیی بوون لە (کوردی و ئەرمەنی و ڕووسی و ئازەری و چەندین بەشی تر). ئارام تیگران سەرەتا دەچێتە بەشی (ئەرمەنی) لەوێ پێی دەڵێن (تۆ بەتوانای، بەڵام مەرجی سەرەکی ئێمە ئەوەیە کە بەلایەنی کەمەوە بڕوانامەی دبلۆمت هەبێت). ئارام زۆر دڵتەنگ دەبێت و ژووری ئەرمەنی جێدەهێڵن لەگەڵ باوکی. باوکی داوای لێدەکات سەردانی بەشی کوردی ڕادیۆکە بکەن. لە بەشی کوردی ئەو کەسانەی لەوێ دەبن زۆر سەرسام دەبن بەو ئامێرەی ئارام بەکاریدەهێنێت، چونکە یەکەم جار بوو بیبینن. یەکەم پرسیار کە لێی دەکەن ئەوە دەبێت کە ئەمە چییە بە دەستیەوە؟ ئارامیش وەڵامیان دەداتەوە کە ئەمە جەنبوشە. ئارام  گۆرانی (شەڤ چوو)  کە هۆنراوەی جگەر خوێن بوو دەڵێت بۆیان کە ژمارەی ئەو کەسانەی لەوێ بوون ٧ کەس بوون. بەرپرسی بەشی کوردی ڕادیۆکە کە ناوی (خەلیل مورادۆڤ) بووە بەڕێوبەری ڕادیۆیەکە ڕازی دەکات کە ئارام لە ڕادیۆ وەرگرن.

ڕادیۆیەکە ١٣ کەسی لێ بووە کە زۆربەیان ئێزیدی بوون، بەهۆی ئەوەی سیستمی ڕادیۆیەکە وا بووە کە دەبوو هەموو گۆرانییەک بە نۆتە بنووسرێت وای کرد گۆرانییەکانی ئارام زۆر پیشەگەرانە تر بێت لە جاران. بەرپرسی چاند و هونەری ڕادیۆیکە کە ناوی (جەمیلە جاسم) بووە کە پیانۆژەن و نووسەری نۆتەکان بووە یارمەتی  ئارامی داوە لە دانانی ئاوازەکانی. ڕادیۆی یەریڤان سوودێکی زۆر بە ئارام دەگەیەنێت، ئەو شوێنە بۆ ئارام  وەک قوتابخانەیەک وا بووە، جگە لەوەش هەر لەم ڕادیۆیە هونەرەکەی دەردەکەوێت و دەناسرێت و بەناوبانگ دەبێت. ئارام لەسەر ڕادیۆکە خۆی لە دیمانەیەک دەڵێت "لە ڕادیۆ کەسانی زۆر بەتوانا هەبوون لەوانە دەنگبێژ، پیانۆژەن و چەندان هونەرمەندی تر، بۆیە لە ڕادیۆ زۆر پێشکەوتم". لە ماوەی ساڵانی ١٩٦٦ تا ١٩٨٥ لە ڕادیۆی (یەریڤان) کاری کردووە.

چیرۆکی نووسینی گۆرانی پەنابەر:  لە ساڵی ١٩٩٠ یەکێک لە هاوڕێکانی لە سووریاوە دێتە لای ئەو هاوڕێیەی باسی سەختی و ئازاری ژیانی خۆی بۆ دەکات وەک پەنابەرێک و داوای لێدەکات کە ئەم خەم و ئازارەی بکات بە گۆرانییەک. ئارام تیگران داوای هاوڕێکەی پەسند دەکات و گۆرانی پەنابەر بۆ خاتری هاوڕێکەی دەنووسێت. کە لەم سەردەمەش دوای تێپەڕبوونی ٣٣ ساڵ لە نووسینی گۆرانییەکە لە نێو کوردان دا بە زیندووی ماوەتەوە.

چوون بۆ وڵاتانی تری ئەورووپا

کاکشار ئۆرەمار، کە هاوڕێیەکی نزیکی ئارام تیگران بووە دەڵێت لە ساڵی ١٩٩٠ خۆی و ئارام سەردانی وڵاتی هۆڵەندا دەکەن و ماوەیەک دەمێننەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی مافی پەنابەرێتی ناچار دەبن بگەڕێنەوە ئەرمینیا. ساڵی ١٩٩٥ لە ڕێگای (پارتی سۆشیالیستی کوردستان) ڤیزای یۆنان وەردەگرێت بە یەکجاری لەگەڵ خێزانەکەی ئەرمینیا بە جێدەهێڵن و ڕوودەکەنە ئەم وڵاتە، دواتر بەلجیکا بۆ ژیانکردن هەڵدەبژێرن. 

ئەلبووم و گۆرانییەکانی

ئارام تیگران نزیکەی ١٥ ئەلبوومی گۆرانی هەیە، کە هەموویان ناوەکانیان کوردین، جگە لەمەش لە سەردەمی ڕادیۆی (یەریڤان) چەند کاسێتێکی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی زیاتر لە ٢٣٠ گۆرانی کوردی هەبووە و نزیکەی ١٥٠ گۆرانی تریشی بە زمانی ئەرمەنی هەبووە، جگە لەوەش چەند گۆرانییەکی بە عەرەبی و سرییانی و یۆنانی بڵاوکردووەتەوە. 

  • چیایێ گەبارێ، ٢٠٠٤. 
  • زیلان، ٢٠٠٤
  • سەرخوەبوون خۆشە، ٢٠٠٤
  • کوردستان، ٢٠٠٤
  • زانی دیسا زاربووما
  • ڕابن
  • ئەڤینا فەقێ تەیران
  • کەچێ دینێ
  • ئەی وڵاتۆ ئەم هەلیان
  • ئای دڵبەرێ
  • دایێ من بەردە
  • دیاربەکر
  • ئای دڵ
  • ئەم هاتن
  • هەڤاڵ فەرات

نەخۆشکەوتن و مردنی

ئارام تیگران نەخۆشی دڵی هەبووە، بۆیە بەم مەبەستە لە ئامەد لەلایەن پزیشکەکانەوە نەشتەرکاری بۆ ئەنجام دەدرێت و پێی دەڵێن دەبێت ئاگای لە تەندروستی خۆی بێت و گرنگییەکی زۆرباش بە خواردنی دەرمانەکانی بدات، بەڵام ئارام دوای ئەوەی دەچێتە یۆنان دەرمانەکانی خۆی دەگۆڕێت بەمەش خوێنی شل دەبێتەوە، لە ئەنجامدا لە لە بەرواری ٨ـی ئابی ساڵی ٢٠٠٩ دڵی دەوەستێت و لە نەخۆشخانەی (ئێڤان گلیسۆکۆ)ی ئەسینای پایتەختی یۆنان کۆچی دوایی دەکات. ئارام سەرەتا داوای کردبوو کە ئەگەر مرد لە شوێنی لە دایکبوونی لە (قامیشلۆ) بنێژرێ. دواتر دوای ئەوەی سەردانی (ئامەد) دەکات و  خەلکێکی یەکجار زۆر پێشوازی لێدەکەن و خۆشەویستی خۆی بۆ دەردەبڕن. ئارام داواکەی دەگۆڕێت و دەڵێت ئەگەر مردم لە (ئامەد) بمنێژن. حکوومەتی تورکیا بە بیانووی ئەوەی هاوڵاتی تورکیا نییە، ڕێگای نەدا لە ئامەد بنێژرێ، حکوومەتی سووریاش بە هەمان بەهانە ڕێگای نەدا لە قامیشلۆ بنێژرێت، ناچار لە وڵاتی بەلجیکا و لە گۆڕستانی شارۆچکەی (ژێتەی) نزیک برۆکسل بە خاک سپێردرا. هاوسەرەکەی (سیروارت) هەر لە هەمان گۆڕستان پاش مردنی ئارام بە خاک سپێردرا.


سەرچاوەکان



1570 بینین