ئیلی بانیستەر سەون 

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-23-23:40:00 - کۆدی بابەت: 8372
ئیلی بانیستەر سەون 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیلی بانیستەر سەون (بە ئینگلیزی: Ely Bannister Soane)، ناسراوە بە مێجەرسۆن، ئەفسەری سیاسیی سوپای بەریتانیا و نووسەر و زمانناس بوو. لە ١٦\٨\١٨٨١ لە شاری کینگستۆنی وڵاتی بەریتانیا لەدایکبووە.

ژیاننامە

لە ساڵی ١٨٩٨ لە زانکۆی کامبریج خوێندنی تەواو کردووە، سیخوڕ و گەڕیدێکی بەریتانی بووە، کە جارێک وەک سیخوڕ و جارێکیش وەک دادوەرێکی بەریتانی هاتووەتە کوردستان. چونکە خولیای فێربوونی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان بووە، لە ساڵی ١٩٠٢ وەک کارمەندێکی بانک چووەتە وڵاتی ئێران و لەوێ فێری زمانی فارسی بووە. لە ساڵی ١٩٠٥ چووەتە شیراز و بە ساختە موسڵمانبوونی خۆی لەسەر مەزهەبی شیعەی زەیدی ڕاگەیاند، هەروەها کچێکی خەڵکی شیرازی مارە کردووە. لە ساڵی ١٩٠٧ چووە بۆ ئەستەنبوڵ و ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ میرزا غوڵام حوسەینی شیرزای.

گەشتەکەی بۆ باشووری کوردستان

لە ساڵی ١٩٠٩ بە شێوەی بازرگانێکی فارس و بەناوی (غولام حوسەین شیرازی)ـیەوە گەشتەکانی بۆ کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە، سەرەتا چووەتە کرماشان، بووە بە بەڕێوبەری لقی بانکی کرماشان و فێری زمانی کوردی بووە. دواتر کرماشانی جێهێشتووە و ڕووی کردووەتە باشووری کوردستان، سەرەتا چووە بۆ شاری سلێمانی و ماوەیەک لەوێ ماوەتەوە، دواتر ڕووی لە شاری هەڵەبجە کردووە، زیاتر لە شەش مانگ لە ماڵی وەسمان پاشادا نزیک لە عادیلە خانم و تاهیر بەگی جاف ماوەتەوە. دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار عادیلە خانم دەبینێت، چونکە مێجەرسۆن خۆی بە خەڵکی شیراز و ئێران ناساندووە، عادیلە خانم داوای لێکردووە کە نامەیەکی فارسی بۆ بخوێنێتەوە کە لە ئێرانەوە بەدەستی گەیشتووە، کاتێک مێجەرسۆن نامەکەی خوێندووەتەوەک عادیلە خانم بە زمانە فارسییەکەی سەرسام دەبێت، داوای لێدەکات کە هەموو ڕۆژێک بچێت بۆ دیوەخانەکەی تاکوو بە زمانی فارسی گفتوگۆ بکەن، هەروەها ئەرکی نووسینە فارسییەکانی بە مێجەرسۆن سپاردووە. چونکە بە زمانێکی پاراوی فارسی و کوردی دواوە، کەس گومانی لەوە نەکردووە کە سیخوڕێکی ئینگلیز بێت، زۆر تێکەڵی خەڵک و دیوەخانەکان و بازاڕەکانی کردووە. لە ئەو ماوەیەدا کتێبێک بە ناوی (گەشتێکی شاراوە بۆ میزۆپۆتامیا و کوردستان) دەنووسێت، کە زانیارییەکی زۆری لەسەر زمان و دابوونەریتی کوردی تێدایە. هەروەها بەباشی زمانی کوردیش فێر بووە و چەند کتێبی فێرکاریشی بۆ زمانی کوردی نووسیوە. تاهیر بەگی کوڕی عادیلە خانم زۆر مێجەرسۆنی خۆشویستووە و هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کردووە، بەڵام ڕۆژێک بۆ دایکی باسکردووە کە گومانی لە هەڵسوکەوتەکانی مێجەرسۆن هەیە، دوای ماوەیەک کاتێک تاهیر بەگ پرسیارێک لە مێجەرسۆن دەکات، مێجەرسۆن بە وشەی ئینگلیزی (No) وەڵامی دەداتەوە، بەم هۆیەوە تاهیر بەگ ناچاری دەکات دان بە ڕاستییەکاندا بنێت و دەردەکەوێت کە کورد نییە و ئینگلیزە، دوای ئەوەی کە ڕاستییەکەی دەردەکەوێت بە دزییەوە کوردستان بەجێ دەهێڵێت و ون دەبێت. دوای گەشت و گەڕانی کۆمپانیای نەوتی ئەنگلۆ - ئێرانی، لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەم (١٩١٤-١٩١٨) مێجەرسۆن کراوە بە لێپرسراوەی هەڵکەندنی بیرە نەوت لە خانەقین و لەگەڵ سوپای ئینگلیزدا گەڕاوەتەوە بۆ عێراق. لە ساڵی ١٩١٢ بووە بە بڕواپێکراوی کونسوڵخانەی بەریتانیا، ساڵی دواتریش کراوە بە جێگری کونسوڵی وڵاتەکەی لە قەسری شیرین. لە ساڵی ١٩١٦ لەگەڵ سوپادا چووەتە شاری بەسرە و ڕۆژنامەی بەسڕە تایمز بە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی چاپکردووە. لە سالی ١٩١٧ بۆ خۆنزیککردنەوە لە هۆزە کوردەکان نێردراوە بۆ خانەقین، تا لەوێوە ڕێگا بۆ هاتنی ئینگلیزەکان و دامەزراندنی دەسەڵاتیان لەو ناوچەیە خۆش بکات. لە سەرەتای ساڵی ١٩١٨ تاکوو ٢٧\١\١٩١٩ بە یارمەتیی شوکری فەزڵی توانی ٦٧ ژمارە لە ڕۆژنامەی (تێگەیشتنی ڕاستی) بڵاو بکاتەوە. لە ساڵی ١٩١٩ کە ئینگلیزەکان سلێمانییان داگیرکرد، مێجەرسۆن بوو بە دادوەری سیاسیی شاری سلێمانی، لە نێوان ساڵانی ١٩١٩ بۆ ١٩٢١ و لە کاتی شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید، ئەفسەری سیاسیی سوپای بەریتانیا لە باکووری عێراق بووە و وەک چاودێر بەسەر حکومەتەکەی شێخ مەحمودەوە کاری کردووە.

سۆن و‌ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و ڕۆشنبيری

سۆن دژمن و داگيرکار و سيخوڕ بووە، هەر لە ئەو ڕۆژەوەی‌ کە لە‌ فڕۆکەکەی دابەزی و تەوقەی لەگەڵ شێخ مەحمووددا نەکردووە، تا ئەو ساتەی لەبەر نەخۆشی سيل سلێمانی بەجێهێشت، دژی‌ دەسەڵات و حکوومەتی مەليکی کوردان بوو‌، ئەگەر لەڕووی نەيار و دژەکانيیەوە ئەمە پێناسەی مێجەرسۆن بێت، ئەوا لە ڕووی ڕۆشنبيريی و کارگێڕييەوە هێندە خزمەتی کردووە کە دەکرێت لە ڕيزی‌ دۆست و خزمەتگوزارێکدا دابنرێت، چونکە یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە عێراقدا بە ناوی (تێگەیشتنی ڕاستی) و دووەمی لە سلێمانی بە ناوی (پێشکەوتن)  دەرکرد،  لە ڕۆژنامەی پێشکەوتندا خەڵاتی بۆ ئەو نووسينانە دابینکرد کە بە کوردی پەتی دەیاننووسی، خوێندن و خوێندەواری کرد بە کوردی و (قوتابخانەی نموونەيی سەعادەت)ی کردەوە و ماوەيەکيش وانەی تێدا وتەوە‌، فەرهەنگی (ئينگليزی – کوردی) دانا. دوو بەرهەمی لەسەر ڕێزمان و بنچينەکانی ڕێزمانی کوردی نووسی، هاوکاری گۆڕينی ناوی سلەيمانيەی کرد بۆ سلێمانی، پشتگيری چاپکردنی يەکەم ديوانی چاپکراوی کورد (ديوانی مەحوی) کرد.
ڕێگا سەرەکييەکانی دەرەوەی سلێمانی بۆ کەرکووک و هەڵەبجەی کردەوە. يەکەمين ئۆتۆمبێليش هەر ئەو هێناوێتييە شارەکەوە و خولی فێربوونی ئۆتۆمبيليشی بۆ هاوڵاتيانی شارەکە کردووەتەوە، پارەی داوە بە هەر کەسێک بەشداری خولەکە بکات. پردی تانجەڕۆی دروستکرد، (مەجليسی شار)ی دامەزراند کە‌ بە ڕاوێژ و گفتوگۆ بڕياری تێدا دەدرا، بووە بە بەشێک لەو بونيادەی کە هۆکارن بۆ ئەوەی سلێمانی بە پايتەختی ڕۆشنبيريی بناسرێت.

کۆچی دوایی 

لە ساڵی ١٩٢٣ گەڕایەوە بۆ بەریتانیا بۆ چارسەری نەخۆشییەکەی، بەڵام پێش ئەوەی بگات لە ڕێگادا لە ٢٤ی شوباتی ١٩٢٣ بە ھۆی نەخۆشیی سیلەوە کۆچی دوایی کرد. ئەو ماڵەی کە لە سلێمانیدا تیایدا ژیاوە کراوە بە مۆزەخانە.


سەرچاوەکان



1179 بینین