سکۆپی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-12-24-14:25:00 - کۆدی بابەت: 11758
سکۆپی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سکۆپی (بە ئینگلیزی: Skopje، بە عەرەبی: إسكوبية، بە مەقدۆنی: Скопје، بە ئەلبانی: Shkup)، پایتەخت و گەورەترین شاری مەقدۆنیای باکوورە. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ٥٢٦،٥٠٢ کەس بوو لە ڕووبەری ٥٧١.٤٦ کیلۆمەتر دووجادا. سکۆپی ناوەندی سیاسی، کولتووری، ئابووری و ئەکادیمی وڵاتەکەیە و دەکەوێتە حەوزی سکۆپییەوە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٢، ژمارەی دانیشتووانی شاری سکۆپی خۆی ٤٢٨،٩٨٨ دانیشتووی لە ناوچە شارییەکانیدا و  ٥٠٦،٩٢٦ دانیشتووی لە سنوورە کارگێڕییەکان کە زۆرێک لە گوندەکان و جێگیرگەکانی دیکە دەگرێتەوە هەبوو. سکۆپیی پایتەخت نزیکەی چارەکێکی دانیشتووانی مەقدۆنیای باکوور لەخۆ دەگرێت. پێش شەڕی نەمسا-تورکیا و ئاگرە گەورەکەی ساڵی ١٦٩٨، سکۆپی یەکێک بوو لە گەورەترین شارەکانی باڵکان و ژمارەی دانیشتووانەکەی بە ٣٠ بۆ ٦٠ هەزار کەس خەمڵێنرا. دوای ئەوەی هێزەکانی سوپای نەمسا هەڵسان بە سوتاندن و وێرانکردنی ناوچەکە ژمارەی دانیشتووان بۆ تەنها ١٠ هەزار کەس دابەزی، بەڵام دوای ساڵی ١٨٥٠ ژمارەی دانیشتووانی سکۆپی دووبارە دەستی بە بەرزبوونەوە کرد و لە ساڵی ١٩٠٥ـدا گەشتە ٣٢ هەزار کەس. لە سەدەی بیستەمدا، شاری سکۆپی یەکێک بوو لە خێرا گەشەسەندوترین شارەکانی یوگۆسلاڤیا و لە ساڵی ١٩٧١ـدا ٤٤٨،٢٠٠ دانیشتووی هەبوو.

لەڕووی نەتەوەییەوە

شاری سکۆپی بە هەمان شێوەی مەقدۆنیای باکوور بە هەمەچەشنییەکی گەورەی نەتەوەیی تایبەتمەندە. شارەکە لە ناوچەیەکدایە کە خەڵکی مەقدۆنی و ئەلبانی تێیدا بەیەک دەگەن و بەدرێژایی مێژوو پێشوازی لە ڕۆمانی، تورک، جوولەکە و سڕبەکان کردووە. دانیشتووانی شارەکە بە شێوەیەکی سەرەکی تا سەدەی نۆزدەهەم موسڵمان بوون، دوای سەدەی نۆزدە ژمارەیەکی زۆر لە مەسیحییەکان ڕوویان لە ناوچەکە کرد و لێی گیرسانەوە. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢١، مەقدۆنییەکان زۆرینەی دانیشتووانی سکۆپییان پێکهێنا، کە بە ژمارە ٣٠٩،١٠٧ کەس بوون و دەکاتە ٥٨.٧١٪ـی دانیشتووانەکەی. پاشان ئەلبانییەکان و ڕۆمانییەکان دێن کە یەکەمیان ١٢٠،٢٩٣ (٢٢.٨٥٪) کەس و دووەمیان ١٨،٤٩٨ کەس (٣.٥١٪) لە پلەی دووەم و سێیەمدا بوون. گرووپە نەتەوەییەکانی سکۆپیی گەورە لە ساڵی ٢٠٢١ بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • مەقدۆنییەکان: ٥٨.٧١٪
  • ئەلبانییەکان: ٢٢.٨٥٪
  • تورکەکان: ١.٦٢٪
  • ڕۆمانییەکان: ٣.٥١٪
  • ئارۆمانی: ٠.٥٣٪
  • سیبرییەکان: ١.٨٠٪
  • بۆسنەییەکان: ١.٥٠٪
  • نەتەوەکانی تر: ١.١٩٪

ئایین

ئایینی دانیشتووانی سکۆپی بە هەمان شێوەی گرووپە نەتەوەییەکانی هەمەچەشنە، مەقدۆنیەکان، سڕبییەکان و ئارۆمانییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی ئۆرتۆدۆکسین، لە کاتێکدا بەنزیکەیی تەواوی تورکەکان و ئەلبانییەکان تا ڕادەیەکی زۆر موسڵمانن، جگە لەوەی شارەکە خاوەنی کەمینەیەکی بەرچاو دانیشتووی ئەلبانییە کە ئەندامی کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانین. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٢ـدا ٦٨.٥٪ـی دانیشتووانی شارەکە سەر بە کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات بوون، لە کاتێکدا ٢٨.٦٪ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینی ئیسلام بوون. هەروەها شارەکە کەمینەی کاسۆلیکی و پرۆتستانتی تێدا نیشتەجێیە کە یەکەمیان ٠.٥٪ـی دانیشتووان و دووەمیان ٠.٠٤٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنێت. تا جەنگی جیهانیی دووەم، سکۆپی کەمینەیەکی بەرچاو جوولەکەی لێ نیشتەجێ بوو کە ژمارەیان لە ساڵی ١٩٣٩ـدا ٢،٤٢٤ کەس بوو (نزیکەی ٣٪ـی دانیشتووان). بەڵام زۆربەیان لەلایەن نازییەکانەوە دیپۆرتکرانەوە و کوژران. دوای جەنگ زۆربەی ڕزگاربووان لە ئیسرائیل نیشتەجێ بوون. ئەمڕۆ شارەکە نزیکەی ٢٠٠ دانیشتووی جوولەکەی لێیە (نزیکەی ٠.٠٤٪ـی دانیشتووان).

خوێندن

هاووڵاتیانی سکۆپی بە شێوەیەکی گشتی لە دانیشتووانی باقی وڵات خوێندەوارترن. ١٦٪ـی دانیشتووانی شارەکە زانکۆیان تەواو کردووە، لە کاتێکدا ١٠٪ـی دانیشتووانی مەقدۆنیای باکوور زانکۆیان تەواو کردووە. هەروەها ٨٠٪ـی هاووڵاتیانەی مەقدۆنیا کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆران لە شاری سکۆپی نیشتەجێن. لەم شارەدا ٢١ قوتابخانەی ناوەندی و ١٦ قوتابخانەی پیشەیی هەن. جگە لەوەش، شارەکە چەندین دامەزراوەی خوێندنی باڵای تێدایە، دیارترینیان زانکۆی سیریل و میثۆدیۆس، کە لە ساڵی ١٩٤٩ دامەزراوە، زانکۆکە ٢٣ بەش، ١٠ پەیمانگای توێژینەوە و ٥٠ هەزار خوێندکاری هەیە. دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵات لە ساڵی ١٩٩١ چەندین زانکۆی ناحکوومی لە ناوچەکە دامەزران.

لەڕووی جوگرافییەوە

تۆپۆگرافيا

سکۆپی کەوتوەتە بەشی باکووری مەقدۆنیای باکوور و لە ناوەڕاستی نیمچە دوورگەی بەڵکان و نیوەی ڕێگای نێوان بێلگراد و ئەتینادایە. ئەم شارە لە دۆڵی سکۆپی دروستکراوە، درێژییەکەی زیاتر لە ٣٣ کیلۆمەتر و پانییەکەی تەنها ١٠ کیلۆمەترە. شارەکە نزیکەی ٢٤٥ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و ڕووبەری ڕووەکەی تەنها ٥٧١.٤٦ کیلۆمەتر دووجایە.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری سکۆپی کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە و تێکڕای پلەی گەرمیی ساڵانە ١٣.٥ پلەی سەدیە. ڕێژەی بارانبارین تاڕادەیەک نزمە و هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سێبەری بارانی زنجیرە شاخەکانی باکووری ڕۆژئاوا، کە بە شێوەیەکی بەرچاو نزمترە لەو ڕێژەیەی کە لە کەنارەماوەکاندا دەبارێت. مانگەکانی وەرزی هاوین درێژ، گەرم، تاڕادەیەک وشک و ڕێژەی شێیان نزمە. بەزۆری پلەکانی گەرمی لە سەرووی ٣١ پلەی سەدیەوەن و هەندێک جاریش بەرز دەبنەوە بۆ سەروو ٤٠ پلەی سەدی. تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمیی شارەکە لە مانگی تەممووزدا ٣١ پلەی سەدییە. پلەی گەرمی لەم شارەدا بە تێکڕایی ساڵانە ٨٨ ڕۆژ لە سەرووی ٣٠ پلەی سەدی و ١٠.٢ ڕۆژ لە سەرووی ٣٥.٠ پلەی سەدیەوەیە. مانگەکانی وەرزی زستان کورت، تاڕادەیەک سارد و تەڕن. بارینی بەفر لە وەرزی زستاندا شتێکی باوە، بەڵام کەڵەکەبوونی بەفرێکی زۆر دەگمەنە، خۆ ئەگەر بەفرێکی زۆریش ببارێت تەنها بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک دەمێنێتەوە و پاشان دەتوێتەوە. لە زستاندا پلەی گەرمی ڕۆژ بە نزیکەیی لە نێوان ٥-١٠ پلەی سەدیدایە، بەڵام لە شەواندا زۆرجار لە خوار سفر پلەی سەدی و هەندێکجاریش بۆ خوار ١٠- پلەی سەدی دادەبەزێت. هەروەها، لە وەرزەکانی بەهار و پاییزدا پلەکانی گەرما لە نێوان ١٥ بۆ ٢٤ پلەی سەدیدا دەگۆڕێن. بە شێوەیەکی ئاسایی، پلەکانی گەرما بە درێژایی ساڵ لە نێوان ١٣- بۆ ٣٩ پلەی سەدیدان. بارانیش بەدرێژایی ساڵ و بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر ناوچە جیاوازەکانی شارەکەدا دەبارێت، بەرزترین ڕێژەی بارانبارین لە مانگی تشرینی یەکەم تا کانوونی یەکەم و لە مانگی نیسان تا حوزەیران تۆمار دەکرێت.


سەرچاوەکان



164 بینین