گرووپی خوێن

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-01-03-20:48:00 - کۆدی بابەت: 11801
گرووپی خوێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گرووپی خوێن (بە عەرەبی: فصائل الدم، بە ئینگلیزی: Blood group)، ڕێگە بە دابینکەرانی چاودێری تەندروستی دەدات بۆ دیاریکردنی گونجانی خوێنی کەسێک لەگەڵ کەسێکی تر. چوار جۆری سەرەکی خوێن هەیە (A, B, AB و O). گرووپی خوێن بەهۆی ئەو جینانە دیاری دەکرێت کە لە باوانتەوە بۆت دەمێنێتەوە. پسپۆڕانی بانکی خوێن جۆری خوێنەکە دیاری دەکەن لەسەر بنەمای بوونی دژەپەیداکەری A یان B لەسەر خڕۆکە سوورەکانی خوێن. هەروەها بەدوای پڕۆتینێکدا دەگەڕێن کە پێی دەوترێت فاکتەری Rh. ئەگەر ئەم پڕۆتینەت هەبوو ئەوا خوێنەکەت پۆزەتیڤە ئەگەر نەتبوو ئەوا نێگەتیڤە، واتە بە شێوەیەکی گشتی هەشت گرووپی خوێن هەیە.

دژەتەن و دژەپەیداکەر

خوێن لە خڕۆکەی سوور، خڕۆکەی سپی، پەڕەکانی خوێن و شلەیەک پێکدێت کە پێی دەوترێت پلازما. گرووپی خوێن بە دژەتەن و دژەپەیداکەری ناو خوێن دەناسرێنەوە.

دژەتەنەکان (Antibodies): بریتین لە پڕۆتین کە لە پلازمادا هەن، بەشێکن لە بەرگرییە سروشتییەکانی جەستە. ماددە نامۆکانی وەک میکرۆب دەناسنەوە و کۆئەندامی بەرگری لەش ئاگادار دەکەنەوە و لەناویان دەبەن.

دژەپەیداکەر  (Antigens): پڕۆتینێکە کە لەسەر ڕووی خڕۆکە سوورەکانی خوێندا هەیە.

سیستمی ABO

چوار جۆری سەرەکی گرووپی  خوێن هەن کە لەلایەن سیستمی ABO پێناسە کراون:

  • گرووپی خوێنی A – دژەپەیداکەری Aی لەسەر خڕۆکە سوورەکانیان هەیە لەگەڵ دژەتەنی B لە پلازمادا
  • گرووپی خوێنی B – دژەپەیداکەری Bی هەیە لەگەڵ دژەتەنی A لە پلازمادا
  • گرووپی خوێنی O – هیچ دژەپەیداکەرێکی نییە، بەڵام هەردوو دژەتەنی A و B لە پلازمادا هەیە
  • گرووپی خوێنی AB – هەردوو دژەپەیداکەری A و B ی هەیە، بەڵام هیچ دژەتەنێکی نییە
  • گرووپی خوێنی O باوترین گرووپی خوێنە. نزیکەی نیوەی دانیشتوانی بەریتانیا (بە نزیکەی ٤٨٪) گرووپی خوێنیان (O)ـیە.

وەرگرتنی خوێن لە کەسێک کە هەمان گرووپی خوێنی نەبێت مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکات. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک گرووپی خوێنەکەی (B) بێت خوێنی کەسێکی گرووپی (A)ـی پێبدرێت، ئەوا دژەتەنی (A)ـی وەرگر هێرش دەکەنە سەر خانەکانی گرووپی (A) بەخشەر. هەر بۆیە نابێت هەرگیز خوێنی گرووپی A بدرێت بە کەسێک کە گرووپی خوێنەکەی B بێت و بە پێچەوانەشەوە. بەو پێیەی خڕۆکە سوورەکانی گرووپی O هیچ دژەپەیداکەرێکی A یان Bـیان نییە، دەتوانرێت بە سەلامەتی بدرێت بە هەر گرووپێکی تر.

سیستمی Rh

خڕۆکە سوورەکانی خوێن هەندێک جار دژەپەیداکەرێکی تریان هەیە، کە پڕۆتینێکە بە دژەپەیداکەری RhD ناسراوە. ئەگەر کەسێک ئەم دژەپەیداکەرەی هەبێت، ئەوا گرووپی خوێنەکەی Rh پۆزەتیڤە. ئەگەر نەیبوو ئەوا گرووپی خوێنەکەی Rh نێگەتیڤە.

  • Rh-پۆزەتیڤ: ئەو کەسانەی (Rh) یان پۆزەتیڤە، دژەپەیداکەری (Rh)ـیان لەسەر ڕووی خڕۆکە سوورەکانیان هەیە. هەروەها ئەم کەسانە دەتوانن خوێن لە کەسانی (Rh) پۆزەتیڤ و (Rh) نێگەتیڤیش وەربگرن.
  •  Rh-نێگەتیڤ: ئەو کەسانەی (Rh)ـیان نێگەتیڤە، دژەپەیداکەری (Rh)ـیان لەسەر خڕۆکە سوورەکانیان هەیە. ئەم کەسانە تەنها دەتوانن خوێن لە کەسانی (Rh) نێگەتیڤ وەربگرن. هەردوو سیستمی پۆلێنکاری ABO و Rh پێکەوە جۆری تەواوی خوێنەکەت پێ دەڵێن کە دەکرێن بە هەشت گرووپەوە.

بەشێوەیەکی گشتی هەشت گرووپی خوێن هەیە 

  • Rh A پۆزەتیڤ (+A)
  • Rh A نێگەتیڤ (-A)
  • Rh B پۆزەتیڤ (+B)
  • Rh B نێگەتیڤ (-B)
  • Rh O پۆزەتیڤ (+O)
  • Rh O نێگەتیڤ (-O)
  • Rh AB پۆزەتیڤ (+AB)
  • Rh AB نێگەتیڤ (-AB)

نزیکەی ٨٥٪ـی دانیشتوانی بەریتانیا Rh پۆزەتیڤن (٣٥٪ـی دانیشتووان O+ـن کە باوترین جۆرە). لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، خوێنی Rh O نێگەتیڤ (-O) دەتوانرێت بە سەلامەتی بدرێت بە هەر کەسێک. زۆرجار لە حاڵەتە فریاگوزارییەکاندا بەکاردەهێنرێت ئەگەر دەستبەجێ جۆری خوێنەکە دیارینەکرێت یان نەزانرێت. ئەم گرووپە خوێنە بۆ زۆربەی خەڵکی سەلامەتە چونکە هیچ دژەپەیداکەرێکی A، B یان Rh لەسەر ڕووی خانەکان نییە، لەگەڵ هەموو گرووپێکی تری خوێنی ABO و Rh دەگونجێت.

پشکنینی گرووپی خوێن

بۆ دیاریکردنی گرووپی خوێن، خڕۆکە سوورەکانی خوێن لەگەڵ گیراوەی دژەتەنی جیاواز تێکەڵ دەکرێن. بۆ نموونە ئەگەر گیراوەکە دژەتەنی B لەخۆبگرێت و دژەپەیداکەری B لەسەر خانەکان هەبێت (واتە گرووپی خوێنی کەسەکە B بێت)، ئەوا پێکەوە تۆپەڵ دەبن. ئەگەر خرۆکە سوورەکانی خوێن هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر بە دژەتەنەکانی A یان B ئەوە گرووپی خوێنی کەسەکە Oـیە، دەتوانرێت زنجیرەیەک پشکنین بۆ جۆرە جیاوازەکانی دژەتەن بەکاربهێنرێت بۆ ناسینەوەی گرووپی خوێن.

دووگیانی

ئافرەتانی دووگیان هەمیشە پشکنینی گرووپی خوێنیان بۆ دەکرێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەگەر دایکەکە Rh نێگەتیڤ بێت و Rh منداڵەکە پۆزەتیڤ بێت، ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوا دەبێتە هۆی ئاڵۆزی.

بەخشینی خوێن

زۆربەی خەڵکی توانای بەخشینی خوێنیان هەیە، بەڵام خەڵکێکی زۆر کەمتر لەوەی پێویستە خوێن دەبەخشن. دەتوانیت خوێن ببەخشیت ئەگەر:

  • تەندروستیت باش بێت
  • کێشت لە نێوان ٥٠ کیلۆگرام و ١٥٨ کیلۆگرام بێت
  • تەمەنت لە نێوان ١٧ بۆ ٦٥ ساڵ بێت

لە چی کاتێکدا ناتوانین خوێن ببەخشین؟

  • ئەگەر ئەنفلۆنزا، قورگ ئێشە، سەرمابوون یان هەر هەوکردنێکی ترت هەبوو، ناتوانیت خوێن ببەخشیت.
  • ئەگەر بەم دواییە تاتۆت کردووە ناتوانیت بۆ ماوەی شەش مانگ لە بەرواری تاتۆکەوە خوێن ببەخشیت. 
  • ئەگەر سمینی جەستەت لە لایەن پسپۆڕێکی تەندروستی بۆ ئەنجامدراوە و ڕێگری لە هەر جۆرێکی هەوکردن کراوە، دەتوانیت دوای ١٢ کاتژمێر خوێن ببەخشیت.
  • ئەگەر بۆ ڕێکارێکی بچووک سەردانی پزیشکی ددانت کردووە  دەبێت بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر چاوەڕێ بکەیت پێش ئەوەی خوێن ببەخشیت؛ بۆ کاری سەرەکی مانگێک چاوەڕێ بکە.
  • نابێت خوێن ببەخشیت ئەگەر کەمترین ئاستی هیمۆگلۆبینت هەبوو. لە زۆرێک لە وڵاتان ئاستی هیمۆگلۆبینی ئافرەتان نابێت لە ١٢ گرام/دیسیلیتر کەمتر بێت، بۆ پیاوان نابێت  لە ١٣ گرام/دیسیلیتر کەمتر بێت.


سەرچاوەکان



283 بینین