چەمک و زاراوە ژینگەییەکان

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-01-05-16:02:00 - کۆدی بابەت: 11809
چەمک و زاراوە ژینگەییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

چەمک و زاراوە ژینگەییەکان (بە عەرەبی: المفاهيم والمصطلحات البيئية، بە ئینگلیزی: environmental concepts and termsفەرھەنگی جوگرافیای بەریتانی کە کۆمەڵێک پسپۆر دایاناوە و بە چەندین زمان بڵاوکراوەتەوە بەم جۆرە پێناسەی ژینگەیان کردووە (بریتییە لەو بارودۆخەی کە بونەوەرە زیندووەکانی تیادا دەژین و گەشە دەکەن، ھەموو ئەو بارودۆخانە و ئەو ھۆکارانەش دەگرێتەوە کە کاردەکەنە سەر گەشەکردنی ژیان و دەستنیشانی سیما و گۆڕانکارییەکانی ژیان). 

کەواتە ژینگە زاراوەیەکی فراوانە ھەموو ئەو توخم و لایەنانە دەگرێتەوە کە دەوری مرۆڤیان داوە، بۆنموونە ئەو ھەوایەی کە مرۆڤ ھەڵیدەمژێت و ئەو ئاوەی بەکاری دێنێت لە چالاکییە جۆراوجۆرەکان و ئەو خاکەی لەسەری دەژیت و ئەو خانووەی لە ناوی دەژیت و ئەو سیستمە کۆمەڵایەتییەی کە لە کۆمەڵگادا باوە و ئەو بوونەوەرانەی کە ھەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکات، کەوابوو ئەمانە ھەموویان بەشێکن لە ژینگە.

چەمک و زاراوە ژینگەییەکان

١- زانستی ژینگە (Ecology)
ئەم زاراوەییە بۆ یەکەمین جار لەلایەن زانای ئەڵمانی (ئاڕنست ھیگڵ) بەکارھێنراوە لە ساڵی ١٨٦٦، بنچینەی ئەم وشەییە بۆ زمانی یۆنانی دەگەڕێتەوە کە لە دوو بڕگەی لێکدراو پێکھاتووە (Oiks) بەواتای ماڵ یان شوێنی نیشتەجێبوون دێت، (Oges) بەواتای زانست دێت، کەواتە زانستی ژینگە بریتییە لەو زانستەی گرنگیدەدات بە لێکۆڵینەوە لە بوونەوەرە زیندووەکان لە شوێنی مانەوەی خۆیان، وێرای ئەو کارلێک پەیوەندییانەی لە نێوان پێکھاتە زیندوو و نازیندووەکاندا ھەیە.

٢- سیستمی ژینگەیی (Ecosystem)
بریتییە لە یەکەیەکی ژینگەیی تەواو کە پێکدێت لە پێکھاتە زیندوو و نازیندووەکان لە شوێنی دیاریکراو، ھەموو ئەم پێکھاتانە لە کارلێک و گۆڕانکاری بەردەوامدان بەپێی سیستمێکی ھاوسەنگ لە پێناو بەجێگەیاندنی فرمانەکانیان و مانەوەیان لە دۆخی سروشتی خۆیاندا. ئەم زاراوەییە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٣٥ لەلایەن زانایەک بەناوی (تانسڵی) بەکارھێنراوە، بەڵام تاکوو ساڵانی حەفتاکانی سەدەی بیستەم بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاونەبۆتەوە، ھۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرھەڵدانی گرفتە ژینگەییەکان بە شێوەیەکی فراوان.

٣- پەروەردەی ژینگەیی (Environment  Education)
بریتییە لە پڕۆسەی دروستکردنی چەند بەھاو چەمکێک و ئاڕاستەیەک بە ئامانجی تێگەیشتنی زیاتری مرۆڤ لەو پەیوەندیانەی لە نێوان مرۆڤ و ژینگەدا ھەن، بە مەبەستی دروستکردنی تاکێک کە ڕێز لە ژینگە بگرێت و پارێزگاری لە سەرچاوەکانی بکات لەکاتی بەکارھێنانیاندا.

٤- پلاندانانی ژینگەیی (Ecoplanning)
شێوازێکی زانستی ڕێکخراوە بۆ باشترکردنی ڕەوشی ژیان و گوزەرانی مرۆڤ، لە ناوچەیەکی دیاریکراو لە کاتێکی دیاریکراودا، بە مەرجێک کە ڕەھەندە ژینگەییەکان پلەی یەکەمیان ھەبێت لە ھەموو قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە.

٥- گەشت و گوزاری ژینگەیی (Ecotourism)
بریتییە لە گەشتکردن بەرەو ئەو ناوچانەی کە تێک نەچوونە و پیس نەبوونە، بە ئامانجێکی دیاریکراو وەکوو لێکۆڵینەوە یان چێژوەرگرتن لە سەیرکردنی دیمەنەکانی سروشت، شارەزابوون لە دیاردە ڕۆشنبیری و مێژووی و شوێنەوارییەکان. 

٦- ئاسایشی ژینگەیی (Ecosecuritu)
بریتییە لە ھەموو ئەو پلان و پڕۆسە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیانەی کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات لە ناوچەیەکی دیاریکراو، بە مەرجێک زیان بە ژینگەی ئێستا نەگەیەنێت و نەبێتەھەڕەشە لەسەر ژینگەی داھاتوو.

٧- سازانی ژینگەیی (Ecological)
بریتییە لە گونجاندنی توخمە ژینگەییەکان لەگەڵ ئەو بارودۆخانەی لە دەوروبەردا بوونیان ھەیە.

٨- ھاوسەنگی ژینگەیی (Ecology Balance)
بریتییە لە بەردەوامبوون و مانەوەی ھەموو توخمە ژینگەییەکان لە حاڵەتی سروشتی خۆیان، بەبێ ئەوەی ھیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیفات و تابەتمەندییەکانیان ڕووبدات، چ گۆڕانی چەندییەتی بێت یان گۆڕانی چۆنییەتی بێت. 

٩- بەرەنگاری ژینگەیی (Ecologycal Resistance)
بریتییە لە بەرھەڵستیکردنی سیستمی ژینگەیی بەرامبەر گۆڕانکارییەکان بە کەمترین زیان و گۆڕانکاری کە لەتوانایدا ھەبێت. ھەندێک جار ژینگە سیستمێکی بەھێزی ھەیە بۆ بەرگریکردن، نموونە سیستمی دارستانەکان توانای بەرەنگاربوونەوەیان بەھێزە لە بەرانبەر پلەی گەرمی بەرز و نزم، بەھۆی ئەو وزەیەی کە درەختەکان ھەڵیانگرتووە، بەڵام لە بارودۆخێکدا کە دارستانەکان دووچاری ئاگر کەوتنەوە دەبن ئەوکات توانای بەرەنگاربوونەوەیان نامێنێت.

١٠- چاککردنی ژینگە (Environment Conservation)
بریتییە لە بەکارھێنانی دەرامەتە ژینگەییەکان بە مەرجێک زۆرترین سوود بە مرۆڤ بگەیەنن بۆ درێژترین ماوە کە لە توانایاندابێت. کەواتە چەمکی چاککردەوە (صیانە) واتای بەکارنەھێنان ناگەیەنێت، بەڵام دەبێت بەکارھێنانەکە مەرج داربێت بەجۆرێک کە بەکارھێنانێکی نموونەیی بێت و زۆرترین سوودی بۆ مرۆڤ ھەبێت و تەمەنی ئەو دەرامەتەی بەکاردەھێنرێت درێژبکرێتەوە بۆ زۆرترین ماوە کە لەتوانای داھەبێت.

چەمکی ژینگە

١- ئەو چوارچێوەیە کە ھەموو بوونەوەرە زیندوو و نازیندووەکان دەگرێتەوە.
٢- ھەموو بوونەوەرە زیندوو و نازیندووەکان پشت بەم چوارچێوەیە دەبەستن بۆ گەشەکردن و بەردەوامبوونیان لە ژیان.
٣- بنەما سروشتییەکانی ئەم چوارچێوەیە بریتین لە (ئاو و ھەوا، خاک و ڕووەکی سروشتی و دەرامەتی ئاو و ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان).
٤- بنەما مرۆییەکانی ئەم چوارچێوەیە ھەموو ئەو دیاردانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ زیادی کردوونە بۆ ژینگە و دروستکەر و بنیاتنەریان بووە نموونە وەکوو (بارودۆخی ئابووری، سیستمی کۆمەڵایەتی، تەکنەلۆجیا و گواستنەوە و گەیاندن). 
٥- ئەم چوارچێوەیە ڕووبەرێکی دیاریکراوی نییە، ڕەنگە ئەم چوارچێوەیە بچووک بێت بە ئەندازەی ژینگەی ماڵێک یان قوتابخانەییەک، یاخود بەجۆرێک گەورە بێت کە ھەموو جیھان بگرێتەوە.

جۆرەکانی ژینگە 

ژینگەی سروشتی Physical Environment

ھەندێک جار ژینگەی سروشتی بە ژینگەی بنەڕەتییش دەناسرێت (Basic Environmentبریتییە لە ھەموو ئەو توخمە زیندوو و نازیندووانەی کە دەوری مرۆڤیانداوە، بەڵام مرۆڤ ھیچ ڕۆڵ و کاریگەری نییە لە دروستبوونیان و دابەشبوونی جوگرافیان، نموونە وەکوو (خاک، بەرزی و نزمی، دەرامەتی ئاو و ڕەگەزە ئاو و ھەواییەکان و ڕووەکی سروشتی و ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان و بەرد و کانزاکان). ھەرچەندە توخمەکانی ژینگەی سروشتی لە ڕواڵەتدا بە شێوەیەکی جیاواز دەردەکەون، بەڵام لە کاریگەری و فرمانەکانیان پەیوەندییەکی بەھێز لە نێوانیاندا ھەیە بەجۆرێک ھەر توخمێک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کاریگەری لەسەر توخمەکانی تر ھەیە.

ژینگەی مرۆیی Human Environment

ھەموو ئەو دیاردانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ ڕۆڵی ھەبووە لە دروستبوونیان و دابەشبوونی جوگرافیان، بەجۆرێک بۆ ژینگەی سروشتی زیادیکردوون، لە ئەنجامی کارلێکردن و بەکارھێنانی توخمە سروشتییەکان کە ھەموو چالاکییەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە، نموونە وەکوو (شارەکان، ڕێگا و بان، کێڵگەکان و کارگەکان و سیستمە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان). یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ژینگەی مرۆیی بریتییە لە بوونی جیاوازی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر، چونکە ئەو ژینگەییە دەگۆڕێت بە گۆڕانی پلەی پێشکەوتن و شارستنی کۆمەڵگا لەلایەک و چڕی دانیشتووان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان لەلایەکی تر.


سەرچاوەکان



343 بینین