تایبەتمەندی خێزانی ناتەندروست

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2024-01-26-14:10:00 - کۆدی بابەت: 11890
تایبەتمەندی خێزانی ناتەندروست

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تایبەتمەندی خێزانی ناتەندروست و چارەسەرکردنی (بە ئینگلیزی: Characteristics of unhealthy family، بە عەرەبی: خصائص اسرة غير صحية)، لە خێزانە ناتەندروستەکاندا کێشەی زۆر لە پەیوەندییەکاندا بوونی هەیە و ڕەنگە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە زیان بە ئەندامێکی تری خێزانەکە بگەیەنێت. یان لەنێوان دایک و باوک و منداڵ کێشەی جیاواز هەبێت. 

کێشەکانی خێزانی ناتەندروست

لە خێزانی ناتەندروستدا کێشەی زۆر هەیە لەوانە:

  • کێشەی پەیوەندی لەنێوان ئەندامانی خێزان وەکوو شەڕ و مشتومڕ لەنێوان دایک و باوک و منداڵەکان.
  • دیدی ناتەندروست بەرانبەر پەیوەندی سۆزداری. 
  • توڕەیی و تندوتیژی بەرانبەر یەکتر، بۆ نموونە یەکێک لە ئەندامانی خێزان لە لایەنی دەروونی و جەستەییەوە ئازاری یەکێکی تر بدات.

تایبتەمەندییەکانی خێزانی ناتەندروست

١- بێ ڕێزی منداڵەکان
منداڵی خێزانێکی ناتەندروست دەکرێت بێ ڕێز بێت بەرانبەر دایک و باوکی و کەسانی گەورەتر لە خۆی. ئەگەری درۆ و دزی و کاری دژە کۆمەڵایەتی لەم منداڵانەدا زیاترە. هەروەها ڕەنگە متمانە بەخۆبوونیان نەبێت.

٢- نەبووبی کارەمەیی لە پەیوەندیدا
لە خێزانێکی ناتەندروستدا، پەیوەندییەکی لاواز و کەم هەیە لەنێوان ئەندامەکان، کێشەکان دەبنە هۆی هەڵە تێگەیشتن و هەستکردن بە نائومێدی لەنێوان ئەندامەکان. ڕەنگە ئەندامانی خێزانەکە هەستەکانی خۆیان دەرنەبڕن. چونکە ئەگەر ڕای خۆیان یان نیگەرانییەکانیان دەربارەی شتێک یان دەربارەی بارودۆخی خێزانەکە دەرببڕن، دەترسن لەوەی سزا بدرێن و زیاتر بننە هۆی کێشە.

٣- بوونی ناکۆکی
بوونی ناکۆکی لەنێوان خێزان تایبەتمەندییەکی تری خێزانی ناتەندروستە. کاتێک ئەندامەکان نەتوانن ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان چارەسەر بکەن، لەبری یارمەتیدانی یەکتر و چارەسەرکردنی کێشەکان توشی کێشمەکێشم دەبن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی هەستی تووڕەیی، نائومێدی و ناخۆشی.

٤- چاوەڕوانی نائاسایی
زۆربەی کات دایک و باوکەکە چاوەڕێی ئەوە لە منداڵەکانیان دەکەن کە بێ کەموکوڕی بن. ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی نەبوونی متمانە بەخۆبوون و خەمۆکی لە منداڵدا.

 تایبەتمەندییەکانی خێزانی ناتەندروست

١- ئەندامانی خێزانەکە کەمتر یەکتری دەبینن.
٢- ئەندامانی خێزانەکە پەیوەندییان لەگەڵ یەکتری نییە و وەکوو ڕۆبۆت لەلای یەکترییەوە ژیان دەکەن.
٣- ژینگەی گفتوگۆ و گوێگترن لەناو خێزانەکەدا نییە و ئەندامەکان بەردەوام یەکتری دەشکێننەوە و تێکەڵی کاری یەکتر دەبن.
٤- ئەندامانی خێزانەکە بێ باکن بەرانبەر کارەکانی ماڵەوە و خێزانەکە و هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن.
٥- دایک و باوک یان یەکێک لەوان بەهۆی کاری بەردەوام و زۆرەوە، زۆر کەم لەماڵەوەیە و نایبینن.
٦- گرنگی نادرێت بە پێویستی ئەندامانی خێزانەکە، بەتایبەتی پێویستییە دەروونییەکان وەکوو خۆشەویستی و ڕێزگرتن.
٧- ژن و پیاو ناڕەزایی دەردەبڕن بەرانبەر هاوسەرگیرییەکەیان و پەشیمانن.
٨- ئەندامانی خێزان نائومێدن.
٩- لەنێوان ئەندامانی خێزانەکە، شت شاردنەوە، فێڵ و هەڵخەتاندن و درۆ هەیە.
١٠- ئەندامانی خێزانەکە بەردەوام سەیری ڕابردوو دەکەن و شکستەکان گەورە دەکەن و ئومێدیان بە داهاتوو نییە.
١١- لەنێوان ئەندامانی خێزانەکە متمانە و نهێنی پارێزی نییە.
١٢- دایک و باوک، منداڵ بە ڕێگری خۆشبەختی و پێشکەوتنی خۆیان دەزانن و پەشیمانن لە بوونی منداڵ.
١٣- ئەندامانی خێزانەکە گرنگی بە خۆشی و ناخۆشییەکانی یەکتر نادەن و بێ باکن بەرانبەر شادی و خەمی یەکتر هەریەک لە دنیای خۆیدا دەژی.
١٤- لەم خێزانانەدا یەک کەس بڕیاردەرە و بڕیارەکە دەسەپێنرێت بەسەر ئەندامەکانی دیکەدا و ڕێز لە بڕیاری ئەوانی تر ناگیرێت.
١٥- بەرپرسیارێتییەکان تەنیا لە ئەستۆی دایک و باوکن و بەرپرسیارێتی نادەن بە منداڵەکان. لەئەنجامدا ئەوان تەمەڵ دەبن و بەرپرسیارێتی قبوڵ ناکەن.


سەرچاوەکان



176 بینین